ھەر ڕۆشنکار و ھونەرکارێک*، ڕۆشبیرییەکەیی و ھونەرەکەی ئازادیی بەرھەم نەھێنا، دەبێتە کاسبکارێکی دەستبڕ.
بۆ من زۆر ئاسانترە، لەگەڵ جوتیارێک و کرێکارێک و سواڵکەرێکی ( تورک، فارس و عەرەب)، ببمە ھاوڕێ، تا ئەوەی بێ لێکدانەوە و بێ ئاگایی و بێ شەن و کەوکردن، نووسینێک و تابلۆیەک و گۆرانییەک لە ھونەرکارێکی ئەو میللەتانەوە، لە زەینمدا جێ بکەمەوە و بیقەبڵێنم کە مرۆڤێکی ڕاستگۆیە.
جوتیارەکە، کرێکارەکە و سواڵکەرەکە، فرە سادە و بێغەل و غەش، دڵی خۆیانم بۆ واڵا دەکەن و ئاوێتەی ئازارە ئینسانییەکانیی خۆیانم دەکەن، چون قسەی زمانیان، بڕوای دڵیانە و ڕەفتاریان ئاوێنەی بڕوا سادەکەیانە.
کۆمەڵگاکانی ڕۆژھەڵات، خەریکە بە ھۆی ڕۆشنکارانێک و ھونەرکارانێک و بانگخوازانێک و سیاسەتبازەکانییەوە کە چاو لە حەق دەنووقێنن و مێژوو ئاوەژوو دەنووسنەوە و سۆز و ژانە ئینسانییەکانی، جوتیارەکە و کرێکارەکە و سواڵکەرەکە، چاپ دەکەن و دەفرۆشنەوە و لە بڵندگۆی مزگەوتانەوە ھاواردەکەن بۆ ڕەواجدانیی و لە کۆبوونەوەی حیزبایەتیاندا ئاڕایشتی دەکەن، ئەوان ئەو کۆمەڵگایانە بەرەو ڕەگەزپەرستی و تاوانکاریی و دوو ڕوویی و ( ستەمکارپەسەند!!) و داڕزان دەبەن.
ھونەر کار( بە نووسینیشەوە، چوونکە نووسینیش ھونەرە)، بە ڕۆشنگەریی و قەڵم و لاپتۆپ و ئایفۆنیشییەوە، بە گۆگڵ و تێسلا و زانکۆ و فەلسەفە و دەفیشییەوە، بە گیتار و ڕووبابە و چەکوش و داس و بە تفەنگ و سیاسەت و زانینیشییەوە، ئەرکێکی کۆمەڵایەتی لەئەستۆدایە، کە ڕێبەرایەتی ھەموو ئەرکە مرۆییەکانی تری دەکات ئەویش:
ئەگەر لە کتێبان و چەھچەھەی گۆرانیی و قسەی قەبەی سمینار و پشتی میکرۆفۆنی ھونەرکار و سیاسی و وتاربێژ و بانگخوازاندا بۆی بگەڕێین، بێگومان گومڕا و سەرلێشێویا و کە ھاتینە دەرەوە، یا لەداخان وەک بێکەس گووتی، دەڵێین:
- تف لە عیلم و سەنعەت و سەد کارەبا
مەرحەبا ئەی جەھل و وەحشەت مەرحەبا
یا، ئێمەیش، دەبینە یەکێک لەو ھەزاران ھەزارەی مێگەل ئاسا، بەدوای شوانێک و قارەمانێک و ئایدیاڵێک و فەرماندەیەک و سیاسییەک و ئیمامێک و مەزھەبێک و فەلسەفەیەک و ..و...و...و ....دا وێڵ دەبین، تا خۆ بە کوشت دەدەین، ئەگەر بەختیش یارمان بوو نەکوژراین، ئەوا دەبینە بورغویەکی مەکینەی ھەڵھێنانی ستەم و ڕەواجدەری درۆ.