لەوساوە و تا هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی عێراق و نەمانی حیزبی بەعس، ئیتر هیچ راپرسییەکی لەو شێوەیە نەکرا تا رەوا و شەرعیەت بە پێوەلکاندنی ئەو بەشەی کوردستان بە دەوڵەتی عێراقەوە بدات.
ئەوەی لێرەدا لەم باسە کورتەدا مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم، ئەوەیانە، کە دوای راپەڕین و لە ماوەی ئەم 30 ساڵەدا، مەسعود و جەلال توانیان پێچەوانەکەی ئەنجام بدەن، ئەوەی ئینگلیز لەو سەردەمەدا ویستی ئەمان بە کردار پیادەی بکەن، کە هیچ خائینێک لە مێژووی مرۆڤایەتییدا بەرامبەر بە گەلی خۆی کاری وای نەکردووە. فریودان و فێل لە گەلی خۆیان بکەن بۆ بەرژەوەندی دوژمن و داگیرکەرەکەی. گەیاندنی دەنگی کورد بە رازیبوون، کە باشووری کوردستان بەشێکە لە عێراق و لە نیشتیمانی عەرەبی، ئەوان ئەو کارەیان لەسەر ئەوە کرد. دەنگدان و ریفراندۆمیان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە برد. لەو هەموو ئەو دەنگدان و راپرسییانە و دوو ریفراندۆمەی کە ئەنجامیان دا، ئەو بڕیارە کۆنەی ئینگلیزیان چەسپاند کە باشووری کوردستان بەشێکە لە عێراق و لە نیشتیمانی عەرەب.