ئیتر بەهەموو ئەو هۆیانەوە کە گشتتان دەزانن، دوو بنەماڵە و چەند وردە بنەماڵە، بەهۆی شۆڕشی کورد، خێڵ، حیزب، وشیارنەبوونی خەڵک و لەهەموویان گرنگتر (خیانەت کردن) کە جەرگ و دڵ و دەروون و پیاوی خۆی دەوێ کە بیان کات، باڵیان بەسەر تەواوی بزووتنەوەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کلتووری نەتەوەکەدا گرتووە و ئەرگومێنتەکەشیان کورد و کوردستان بووە، ئەوە بۆ حەفتا ساڵ دەچێت ئەم شانۆگەرییە هەزار بارە بوویەوە و هێشتا تامی خۆی هەر ماوە و لە نەوەتەکان بەدواوە سیما و بەرگ و لەنجەلارێکی تر فێربووە و زۆر ڕەفتار و ڕێ و ڕەسمی گۆڕیی و پێچەوانەکردەوە و قەبوڵێش کرا.
هۆکە ئەوەیە کە کوردستان داگیرکراوە و نەتەوەکەش ئازاد نییە، ئەم دوو هۆییە هەمیشە نەتەوەکەی دەسخەڕۆکردووە و وەک چۆن کەسێکی لە حاڵی خنکاندا دەست بۆ چڵە گیاکێش دەبات بۆ ڕزگار بوون، نەتەوەی کوردیش لەو زەریای لێ قەومان و خنکانەدا، دەستی بۆ ئەم سەرکردەیەتییەی حیزبەکان بردووە و هەر بە ئامانجی ئەوەی ئێستا نا بەیانی دێنەوە هۆش خۆیان و غیرەت دەیانگرێ!!.
جا وەک مامۆستا مەسعوود دەڵێت:" سیاسەت پیشەیەکی گڵاوە لە کاری مەیموون دەکات" – بەتایبەتی مەبەستی سیاسەتی کوردییە/ ک.ق، ئەوها ئەو مەیموونانەی سیاسەتی کوردی، میللەتەکەیان بەو ناوی ( کورد و کوردستان)ەوە هەڕاج کرد و زەوییەکەیان فرۆشت و قوتەکەیان دزی و دایان بە کۆشک و تەلار و ژنی سلیکۆنی و تا ناو دڵی نەتەوەکەش دەستی داگیرکەرانیان گرت و بە کوردایەتیش بە خەڵکیان فرۆشتەوە!!.
بڕێک لە خەڵکەکەش کە خەرمانیان بەر بای سەرکردەیەتی ئەو حیزب و بنەماڵە و شێخ و مەلایانە داوە و ئاشیان بەئاوی ئەوان دەگەڕێ، هەتا ئێستاش تا ڕادەی خۆ بە قوربانی کردن ملیان لێناوە و براو خوشکی کوردی خۆیانیان بۆ سەردەبڕن و قەڵەمیان پێدەفرۆشن و بۆ ڕێبازی باپیرانی ئەوان لە سنگی خۆشیان دەدەن.
چۆن ڕێ دەگرین لە خلۆربوونەوەیان جارێکی تر بۆ لوتکەی هەرەمەکە؟!
1-ببینەوە بە مرۆڤێکی ئازاد.
2-واز لە کلتووری حیزبی بێنین.
3-دوورخستنەوەی ئەفسانەی فڵانە کەس و فلانە ڕیباز لە بیرکردنەوەی خۆمان.
10-مە چنە کۆڕ و کۆبوونەوە و ئاهەنگ و سمینار و جرت و فرتیانەوە، شەرمەزارییە. هەر کوردێک شەرمەزار نەبێت لەوەی کە گوێ بۆ فازیل مەتنی و سەعدی پیرە و عەبدول لەتیفەکان بگرێت، دەبێ گومان لە ئاوەز و ناخی خۆی بکات و تا دەرفەت ماوە خۆی دروست بکاتەوە.
11-ڕزگاریی نەتەوەکە کاری بەردەوام، خۆبەخش، خۆ پەروەردەکردن و جدی دەوێت.
12-لە دەرەوەی ئەڵقەی داڕزاوی سەرکردەیەتی حیزبەکان خۆتان ڕێک بخەن و هەوڵ بۆ گەشەپێدانی یەکێتی نەتەوەیی و هاوکاری و پشتیوانی یەکتر بدەن.
13-بایکۆتی هەموو کاڵا هاوردەکانی کۆمپانیاکانیان بکەن و لییان مەکڕن و کاڵای ناوخۆ و بەرهەمی جوتیار و زەحمەتکێشی کورد مەسرەف بکەن، تەماتەی کورد بخۆن، نەک هی بەندەر عەباسەکان، ئەوەی قوتویە ئاوی تەماتەی ( زێڕ) ی تورکی دەکڕێت، دەبێ بزانێت، کە باربۆی کڕینی فیشەکێکی بۆ سپای فاشستی تورک کردووە و پشتیوانی دارایی ئەو لەشکرە داگیرکەرەیە بۆ شەهید کردنی خوشک و براکانتان، تنۆک تنۆک ئاو بەردی ڕەق کون دەکات.
14-دەنگدان بۆ درێژەدان بە فەساد و گەندەڵی و پۆخڵەواتە کۆمەڵایەتییەکان نزیکە. ئێوە بڕوانن چۆن بەر لە دەنگدان خەریکی چەواشەکاریی و سازدانی زەمینەی ڕاوکردنی سۆزی خەڵکەکەن و بە سەدان گرفتارییان بۆ دروست کردوون، تا لە ڕۆژی دەنگداندا، ڕاوی سۆزی پاکی کوردستانپەروەریی و دڵسۆزیی نەتەوەیتان بکەن و دەیان دوژمنیان بۆ قوت کردونەتەوە، تا ئەو وەهمە لە زەینتاندا، بنەخشێنن کە ناچاربن دەنگیان پێبدەن و بیان کەنەوە بە کەڵگا و بڵێن: ئێمە خەڵک دەنگی پێداوین. لە (ئەلف)ەوە تا (ێ) ی سەرکردەیەتی حیزبەکان، بێ جیاوازی لەبەرەی دوژمنی نەتەوەدان و سەدان داوی دەیان ساڵەیی بە دەزگا سیخوڕییەکانی نەتەوە سەردەستەکانەوە لە کوردستاندا بەستراونەتەوە و هەر بە تەنیا لەم سی ساڵەی فەرمانڕانییان بڕوانن و ئەوە بکەن بە تەرازوو بۆ کێشانی ڕەفتارەکانیان، دەگەنە زۆر ڕاستی کە حاشایان لێ ناکرێت.
15-مەسەلەی ئێمە لە مووچە و مووچەخوازیی زۆر مەزنترە، ئازادیی هەموو تاکێکی کورد ڕۆژانە ورد دەکرێت و کەرامەتی کورد بوونی دەشکێنرێت و مرۆڤبوونی دەخرێتە ژێر پیڵاوی کوڕ و کچ و ژنیانەوە.
16-دەستەو ئەنجومەنەکانی پشتیوانی لە تێکۆشانی کوردستانی خوشک و براکانتان پێک بێنن و لێک نزیک بننەوە و بە ئەو پەڕی ڕیزەوە یەکتر بدوێنن و گوێگرێکی باش و وشیار بن لە یەکتری و ڕەفتاری سەڵتەنەتی و سەرۆک خێڵی و ئەو نموونانەی ئەوان لە تێڤێکانیانەوە پیشانتان دەدەن، کە بریتین لە ژنانی سلیکۆنی، نەفرەت بکەن و گوێ بۆ بەرنامەکانیان مەگرن و کاتی خۆتان کە زۆر بەنرخە و چارەنووسساز، بە تەماشا و گوێگرتن لە بەرنامەکانی ئەوان بەفیڕۆمەدەن، ئەوان لە ڕیگای کەناڵەکانیانەوە، جەنگی دەروونتان دەکەن و گومڕاتان دەکەن و ناشرینتان لا جوان و خراپتان وەک چاک بۆ لێکدەدەنەوە، دەبێت هەمیشە ئەوەتان لە یاد بێت کە: هەرچی ئەوان دەیڵین و دەیکەن، پێچەوانەکەی دروست و ڕاستە، ئەمەش هەر ڕینمایی و دەستووری مامۆستا مەسعوود محەمەدە.
ئەمە وانەی یەکەمی ئەو تێکۆشانە کوردستانییە ڕەوا و شەرافەتمەندانەیە، کە ڕێگر دەبێت لەوەی کە میری سەربڕی کورد، بەناو و دەنگی ئێوەوە، بۆ چەند ساڵی تریش خۆی و خێزانیان بەرەو لوتکەی هەرەمەکە خلۆر بکەنەوە. وانەکان بەردەوامن و لێکۆڵینەوەکان درێژەیان هەیە.
خوڵقێنەرانی ئەو خوارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی بە ئامۆژگاری و داواکردن و لێبووردن لێیان و تەنانەت چاوپۆشی کردن لێیان، کە هەموویان هەڵە بوون، نەیەنە رەدا، ئەوا بێگومانم کە ئێوە ئامێر و ئامڕازەکانی بەرەنگاری زوڵم و زەووتکردنی ئازادیتان، لە سەردەمی ڕژێمی سەددامدا، ئەزمواندووە و کە کار بگاتە ناچار بوون، ئەزمواندنەوەی کارێکی ئەستەم نابێت لەلاتان، بەهیوای یەکیتی نەتەوەییمان و پشتیوانی مەسەلە ڕەواکەمان، تێکۆشانی کوردستانیی نەتەوەکەمان قۆناغ بە قۆناغ لەگەشە و خەمڵاندن دایە و تاکی کورد دەیەوێت ببێتە بەشێکی زیندوو لە ویژدانیی نەتەوەیی و دادگای میللەتێکی تامەزرۆی ئازادی، کە ئەمەش کاری بەردەوام و دڵسۆزیی و ڕاستگۆیی و لێزانی دەوێت.