بوونی هێزێکی کوردستانی کە فەلسەفەیەکی کوردیی لە پشتە و تاکێکی کوردیی خۆبەخش و وشیاری پەروەردەکردووە، ئەو ئامانجە دێرینە و ئەو خواستە دەروونییەی نەتەوەکەی خەمڵاندووە و کۆی کردۆتەوە و بەرەو ئامانجە سەرەکییەکە کە ئازادییە، ڕێنمایی دەکات. لە خەسڵەتەکانی ئەم هێزە کوردستانییە ئەوەیە:
١- خۆی بەخشیووە بە بزووتنەوە کوردستانییەکە.
٢- کوردستان بەیەک وڵات دەناسێت و بەو بڕوایەوە هەنگاو دەنێت و بەرخۆدان دەکات.
٣- دامودەزگای خۆشگوزەرانی و دروستکردنی خێزان و بنیاتنانی ماڵ وخستنەوەی منداڵی تا ئازادیی نیشتمان لە فەرنگی بیرکردنەوەی خۆیدا سڕیوەتەوە، ئەمانە تا ئازادیی نەبێت، باری تێکۆشان قورس و قوربانییەکان زێدەتر دەکەن.
٤-هەموو خوشکێکی کورد و هەموو برایەکی کورد، خوشک و برای ئەوەن و ئەو توانایەی هەیە، کە بوونی ئەوان و بۆنی ئەوان، بە ڕۆح هەست پێ بکات و لە پێناوی پەروەردە و مانەوە و گەشەپێدانی کوردستانی بیری ئەواندا، تێکۆشانی سەخت بکات.
هەر چۆن ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە باشووردا، شەبەیخون بوو بۆ دەستەو تاقمەکانی باشوور، بەهەمان شێوە و زۆر زیاتریش ڕاپەڕینی کوردستانیی ڕۆژهەڵات، شەبەیخوونی لە تاقم و دەستەکانی ڕۆژهەڵات کرد و واقیان وڕما و شلەژاندنی، بۆیە بەهەموو هێزیانەوە هەوڵیاندا، سەرهەڵدان و سەرەتای شۆڕشە کوردستانییەکەی ڕۆژهەڵات، بەو شێوەیە ڕێنمایی بکەن، کە وای نیشان بدەن ئەوان پێشەنگ و نوێنەرایەتی دەکەن، هەموو دەزگا میدیایی و کەسانی سەر بەخۆیان خستە گەڕ سەرەتا بۆ لێدانی ئەو هێزە کوردستانییەی کە ئەوان باش دەزانن، ڕەگ و ڕیشەی بە ڕۆحی هەموو تاکێکی کوردستانی شەرافەتمەند لە ڕۆژهەڵاتدا ڕۆچووە، بۆیە هەر زوو ڕۆژنامەنووسی سەر بە خۆیان هاندا، کە لەپاڵ وتنەوەی چەند دروشمی سواوی کوردایەتی حیزبەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتدا، پەلاماری سپای ڕزگاریی کوردستان بدەن و خەڵک چەواشە بکەن، تەنانەت دەزگای سیخوڕیی ڕژێمی ئاخوندەکان بۆ وەستاندی گەشەی کوردستانی شۆڕشەکە و زەقکردنەوەی لایەن و تاقمی لەکارکەوتوو، هاوئاهەنگی دەکات و بە جۆرێک زەقیان دەکاتەوە کە ئەوان هۆی ئەو شۆڕشە کوردستانییەی ڕۆژهەڵاتن. بەڵام وەک ئاماژەم پێدا، ئەمە خواستی دەروونی تاکی کوردە و تەمەنی زۆر لەم حیزب و لەو تاقمە درێژتر و بەکوڵترە.