لە ڕۆژان و ھەفتە و مانگەکانی ڕاپەڕین و شۆڕشی ژینادا لە دەڤەری ڕۆژھەڵاتی کوردستانی کۆلۆنیکراودا، بزووتنەوەکە ھێدی ھێدی سەبارەت بە خۆیی و نەتەوەی کۆڵۆنیالیست و نوێنەرەکەی کە حوکومەتی پەت وسێدارەیە، مەرامی تێکۆشان و پەیامی خەباتەکەی زوڵاڵ و ڕوون دەربڕی و ھێڵەکانی خۆی دیاری کرد.
سەبارەت بە خۆی ڕوون و ئاشکرا، ھێڵە سوورە نەتەوەییەکانی دەستنیشان کرد و وەک پێوانەیەک بەکاری ھێنا بۆھەڵسەنگاندنی کۆڕ و کۆبوونەوە و ھاوپەیمانێتی حیزبە کلاسیکییەکانی لەگەڵ بەرەکانی بە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئەورووپانشیندا و سەرەنجام، ڕێگای حیزبەکان لە ڕێگای بزووتنەوە نەتەوەییەکە جودا بۆوە و لەسەردووڕیانی دەسەڵات - مافی دیاری کردنی چارەنووسدا، ھەر کەس لەسەر مەرامەکانی خۆیان بەردەوام بوون. ئەمە خۆی سەرەتایەکی باش بوو کە بزووتنەوەی نەتەوەکەی تا ڕادەیەک لە سەرگەردانی پاراست.
من ھەمیشە و بەر لە شۆڕشی ژینا بە چەند مانگ، باسم لە مەترسییەکانی سەر ڕێگای خەباتی نەتەوەیی ڕۆژھەڵات کرد، بڕواننە وتاری ( ئەم فاکت)انە https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=89761&authorid=13913 ، ئێمە بەپێی ئەزموونی درێژخایانی بە ئازارمان لەگەڵ سەرکردەیەتی حیزبی کوردیدا، دەبێ وشیاریی و ژیریمان ھەمیشە ڕووی لە سەرکردەیەتی حیزبی کوردی بێت. داغدار و بریندار و ئەنگاوتەی ئەو ڕووداوە پڕ لە کەسەرانەین کە سیاسەتی مەیمونبازیی سەرکردەیەتی حیزب بوونەھۆ و زەمینەسازیان، بۆیە ھێندە لەسەر ھەستین و ناچارین چاودێر بین و پێویست بکات، دەبێ ڕەقیبی سەرکردەیەتی حیزبی کوردیی بین، تا بۆ دەیان جار دەستمان بە زاخدا نەکەنەوە !!.
وەک لە سەرەوە باسم کرد، ئێدی دوژمنی دەرەوەی خۆمان، پێویستی بە ناسین نییە و ئەوانی تر ئاشکران ومەرامیان ڕوونە و نەتەوەکە دەیان ناسێت و لە پێناسەکردنیان بۆتەوە، ڕۆژانە ئاوێزانی سیاسەتی جینۆسایدیی کلتووری، پەلاماری لەشکری و چالاکی سیخوڕخانەکانی ئەوانین.
بەڵام خۆییەکان، کە ئەوانەی باشووریان، ئێدی پێناسە و شیکردنەوەیان ناوێت و ئەو بەشە لە نەتەوەکە لێیان وەتەنگھاتووە و قێزەوون و ناشرین و مافیا ڕەفتار و گەندەڵ خەسڵەت و تا سەر ئیسقان خیانەتمەند و ستەمکار وڕوخێنەر و دژ بە مەرام و خواستی ئازادبوونی گەلی باشوورن، دەروەستی ماف و خەم و کڵۆڵییەکانی گەلەکەمان نین و حسابیان لە دادگای گەلدا دەبێت و لە وێدا، بە بەڵگەوە مافی خۆیان پێدەرێتەوە و مافی خەڵکیان لێدەستێنرێتەوە.
ھەروەک چۆن چەندین جار ھاوار و داد و ڕوونکردنەوەمان داوە و ئەو بەشە لە نەتەوەکەمان لە دەڤەری ڕۆژھەڵات، ئاگادارکردۆتەوە کە نەکەونە داوی دروشمی بە باقوبریقی سەرکردەیەتی باشوورە و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی وسەربخۆیخوازیی خۆیان بە کلتووری سەرکردەیەتی حیزبی باشوورەوە گرێنەدەن و چارەنووسی بزووتنەوەکە بەوان نەسپێرن، نە بۆ چارەسەری گرفتێکی بچووک و نە گەورەیەک، ئەوان نەکەنە ڕۆگە و ڕینما و ڕێ نیشاندەر، ئەگەر تەنانەت بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤارێکیش بووبێت!!.