زمانی دایک یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی هەر منداڵێکە، هیچ هێزێک و دەسەڵات و بنەماڵەیەک ناتوانن ئەم مافە بنەڕەتییە لە منداڵ بستێننەوە، بەوەی کە زمانێکی تری بەسەردا بسەپێنن، یان پێشنیازی زمانێکی تری بۆ بکەن.
زمانی دایک، تەنیا ئامڕازێکی پەیوەندی کردن نییە، کە کەسانێک بەلایانەوە ئاسان بێت، یا پێیان باشتر بێت، منداڵەکەیان بەم زمانە یا ئەو زمانە ( فێر) بێت.
زمانی دایک بنەڕەتی دامەزراندنی کەسایەتی ئایندەی منداڵێکە، چوونکە ئێمە زمانی دایکمان تەنیا بۆ پەیوەندی کردن بەکار ناهێنین، بەڵکو لەناو زمانی دایکدا، کەسایەتی کۆمەڵایەتی، سەلیقە و چێژ، جیهانبینی و مرۆڤ بینی و ڕوانینی سیاسی و ئاینی و فەلسەفیمان دەخەمڵێت و بنیات دەنێین و سازگارترین ژینگەیە کە دەتوانین بە وردترین و باشترین شێوە خۆمان دەرببڕین.
دەتوانم بڵێم، زمانی دایک، ئامڕازی خۆ ڕوونکردنەوەیە سەبارەت بەو ڕوانینانەی سەرەوە کە باسم کردن، هەم ئامرازی هێرشکردن و هەم ئامڕازی بەرگریکردن و نامڕازی دەربڕین و لەگەڵدا بوون و سەرپێچی و یاخیبوون و هەڵمەتبردن ولەهەمان کاتدا خۆشویستن و نەفرەت و عیشقیشە.
لەناو زمانی دایکدا شانازییەکی سروشتی هەیە کە هەموو مرۆڤێک لە قۆناغێکی ژیانیدا هەست بەم شانازییە دەکات و پێی دەگێڕێتەوە، ئەگەر ئایدۆلۆژیا، ئاین، بیرکردنەوەی باوان، پەروەردەی سەقەت، ڕەگەزپەرستی و کۆلۆنیالیزم و داگیرکردن، سروشتە خودادادییەکی منداڵی نە شیواندبێ!!.