بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


هەڵبژاردنەوەی" مەسعود بارزانی" بۆ سەرۆک و بێدەنگی شەقام

Friday, 13/03/2015, 11:24


نیشتمانێک پڕ بووە لە ڕووداو، خۆکوژی و هەڵاتنی سەربازەکانی لەبەرەی شەڕ، بێدەنگی خەڵک، پەروەردەکردن و سەرمایەی سیاسەتیی چەند ساڵەی ئەم دەسەڵاتەیە. لەم نیشتیمانە جێگەیەکە هەموو شتێک بێ دەنگی پێیدا گوزەر دەکات. بێدەنگی خەریکە هەموومان لەناو دەبات. کچێک لەسلێمانی خۆی خنکاند، نەقیبێکی پۆلیسی قەڵادزێ لەهەوڵێر خۆی کوشت، ڕووداوی هاتوچۆ خێزانێکی نارد بۆ گۆڕستانە تەنگەکەی سەیوان، شوفێرە کچەکە پشتی شکا و هەموو تەمەنی ناتوانێ بە پێوەبێت. کارەبا پیاوێکی کوشت. نەخوێندەوارێک چاوپێکەوتن لەگەڵ مەلاکرێکاردا دەکات، مەلایەک دەڵێ شەهید نوێژ نەکات بەشەهید حساب ناکرێت، لە بێموچەیدا پێشمەرگەیەک لەبەرەی جەنگەوە هێلکەی کوڵاو و پاکەتی جگەرە لەبەر هەژاری دەفرۆشێت، بەر لە هێرش پێشمەرگەکان زەنگ بۆ ناسیاوەکانیان لێدەدەن و ئاگاداریان دەکەنەوە کە ئەم شەو یان سبەی شەو هێرش دەکەنە سەر داعش. نۆکاوفرۆشێک ئەمڕۆ ووتی من دەمەوێت ١٥٠ ساڵ بژیم، بۆئەوەی بزانم تاکەی ئەولادەکانی ماڵی مەلامستەفا حوکممان دەکەن، چاخۆرێک لەچاخەنەکەکەی شەعب ووتی ئەم شەو هەواڵی کوژرانی یەکێک لەبەرپرسەکان، بەتایبەتی مەسعود دەبیستم. عەلی باپیر لە بیری گێڕانەوەی خەوێکدایە، فریشتەکان پەیامیان داوەتێ کە ئەمجارەش "مەسعود بارزانی" دەبێتەوە بە سەرۆک.
لەبەرەکانی جەنگەوە هەر بەرپرسە و قسەیەک دەکات، ووتارێکی یەکگرتوو بۆ قسەکردن لەسەر شەڕ نییە. ئێرە نیشتمانێکە لەبەر یەک هەڵوەشاوە. شەڕ بەرگی "قوات خاسەکانی" کردە بەری منداڵەکانمان منداڵەکان هەموویان سەرو یەک دوو ئەستێرە بەشانیانەوەیە، جیاوازی لە نێوان بەرگی" تەڵایع "و ئەم بەرگی سەربازی تەنها ڕەنگەکەیەتی، تەڵایعەکان ڕەنگی شین بوو، ئەمەی ئێستا دەفرۆشرێت سەوزی بەڵەکاوییە. ئەمڕۆ کچانی ووڵات لەقوتابخانەکان بەرگی کوردیان پۆشبوو یەکێک لەبەڕێوبەرەکان پێشنیاری کراسی ڕەشی کردبوو، لێرە جلی کوردی وا بە پەند چووە کەس سیمای ڕاستی ناناسێتەوە. مانگی ئازارە و ڕووداوەکان لەم مانگەدا خۆیان مۆڵ کردوە. یادی ڕاپەڕین ١١ی ئازار نەورۆز، کۆچ و ڕەو، شکست ئاشبەتاڵ. هەموو ئەم یادانە و بێموچەیش لەناو ئەم یادانەدا خۆی قوتکردۆتەوە.
ئەدهەم بارزانی دەڵێ : بارزانی ببێتەوە بەسەرۆک نایاساییە، ئایا ئەمە کۆمێدیا نییە. ئاخر ئەدهەم دەڵێ من پۆست و پلەو پایەم نییە و ئەندامی پارتیش نیم. ئەی خێرە پەیجە کۆمەڵایەتییەکان و مێدیاکان ئەم قسە پوچەی ئەم پیاوە سەر سۆرە بڵاو دەکەنەوە؟
ئێرە نیشتمانێکە ئەم دەسەڵاتە نەوەیەکیان بەرهەم هێناوە پڕە لە خۆپەرستی و ترسنۆکی. پیرەکان قسە دەبزرکێنن. مەحمود عوسمان سۆرانی لەوەتەی هەیە سیاسەت دەکات و پشویەک نادات لەدوا لێدوانیدا دەڵێت : بوونەوەی بارزانی بەسەرۆک زەرەر لەخۆی دەدات، من لە منداڵیمەوە، کە سواری چەرک و فەلەک دەبووم ناوی مەحمود سۆرانییم بیستووە پڕ بە دەم هاوارمان دەکرد: "کێ بوو هات بۆسلێمانی، دکتۆر مەحمود سۆرانی" ئیستا ئەو خەوی ئەوەیە هەڵی بژێرن بەسەرۆک بەڵام بەداخەوە، سەرۆکی وەک سێبەرە و هەرگیز پێی ناگات. فازیل میرانی دەڵێ : "سەرکەوتنی کوبانی دەگەڕێتەوە بۆسیاسەتی حەکیمانەی بارزانی" کابرایەک دەڵێت ئەگەر فازیل لە بەر دەستمدا بووایە، خۆم دەمزانی سەرم دەخستە کوێوە! من نازانم پێبکەنم یان بگریم ؟ دوێنێ ئەفسەرێکم دی کە یەکێتییە و لەکوبانی گەڕاوەتەوە، زۆر وێنە و کورتە فلیمی لەمۆبایلەکەیدا پیشان دام، پاشان باسی ئەو پێشمەرگە پارتییەی کرد کە خۆی کوشتوە و ئەوان کردویانە بەقارەمان، کە دەمانچەی لەدەست دەرچوە و ناوێتی بەسنگی خۆیەوە، ئەو پێشمەرگەیە بۆی باس کردین کە چۆن تەنها پەیەدە و پەیەژە و یەکێتی شەڕیان کردوە.
زیاتر لە ٣١ ملیۆن دۆلاری شیرینی نەوت دیار نییە. هیچ شەکرێک گەر لە کوبانیشەوە بێت ناتوانێ تاڵی ئەم هەواڵەمان بیر بباتەوە، ئێرە مەملەکەتی قەدەرە مەسیحیە خۆبەخشەکان لەو وڵاتانەوە دێن لەکوردستانەوە بەرگری لە دینەکەیان دەکەن، مەسیحێکانی ئێرەش بەنیازن ڕاکەن و دوو بەرد لەدوای خۆیان فڕێدەن و تفێک ڕۆکەن. داعش ئاسەوارەکانی ئاشورییان تەقانەوە، ئەمڕۆ لەچایخانەیەک کابرایەکی پیر ووتی ئەوە درۆیەکی شاخدارە من بینیم دوو کەس باسی نرخی ئاساری موسڵیان بۆ یەکتری باس دەکرد. ئێرە مەملەکەتی قەدەرە تاکو ئێشتا سەرۆک کۆماری نوێ فوئاد مەعسوم وێنەی بۆ هەڵواسین نەگیراوە، بۆ خۆی شەرمی لێدێت وێنەی گوپە سورەکانی هەڵبواسرێت، تاکو ئێستا وێنەی "مەسعود و تاڵەبانی" لەهەموو جێگەکان هەڵواسراوە. فواد مەعسوم هەر وێنەیەکی دەگرن پەمەیی دەر دەچێت و کچەکانی پێان ناخۆشە بڵاوببێتەوە. خۆشی دەڵێت من ئارەزوومە هەر تاڵەبانی سەرۆک کۆمار بێت و هەر وێنەی ئەو بەدیوارەکانەوە بێت.
لەهەمووی کۆمێدتر ئەوەیە کە شێخ جه‌عفر و مه‌حمود سه‌نگاوى و سامان گه‌رميانى و عه‌دنانی حمه‌ى مينا و مسته‌فا چاوڕه‌ش و هەندێک لە سەرە بۆیاخکراوەکانی ناو یەکێتی داواى چاكسازى ئه‌كه‌ن، کۆسرەت ڕەسوڵیش باس لە سەرکەوتنی پێشمەرگە دەکات. ئێرە نیشتمانی قەدەرە لە بەرەکانی شەڕەوە هەواڵمان پێدەگات کە داعشەکان هەشت گەنجی کورد سەر دەبڕن، مەلای مزگەوتەکان لێرە نزا بۆ گەنجە عەرەبە داعشەکان دەکەن کە لە زوڵمی شیعە ڕایان کردوە، لەمزگەوتی "نزا " لە قڕگەو، مزگەوتی "بەهەشت" لە سەلیم بەگ کە ناویان ناوە برایم ئەحمەد بەچکەی داعش پێدەگەیەنن و ئاسایشیش لەم شارە بەر قەرارە. داعشێک لەسوریا کوژرا کە خەڵکی سابونکەران بوو باوکی پرسەی بۆ دانەنا بەلام هەمیشە زەنگ بۆ برا ئیسلامییەکانی لە بەرەکانی شەڕ لێدەدات. ئێرە نیشتمانی قەدەرە و سەرۆک دەڵێ من دەزانم خەڵک هەڵم دەبژێرن و منیش دڵی ئەوانم پێناشکێ. ئاخر نەوشیروان مستەفا لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا بە مەسعودی ووتبوو کاک مەسعود هیچ خەمت نەبێت، من برادەرانی لای خۆمت بۆ ڕازی دەکەم کە دەنگ نەکەن بۆ ئەوەی تۆ ببیتەوە بەسەرۆک، ئەویش ووتبووی گەلەک سوپاس مێژوو دەبێ غەدر نەکات من دەبێت مێژوو بنوسمەوە و مێژوو ئێستا خەریکی نووسینەوەیە.
بەکورتی یەکێتییەکان هەموو دەنگی خۆیان داوە بە درێژبونەوەی ماوەی سەرۆک، بەڵام لێرە و لەوێ وەک ئەدهەم بارزانی قسەی بێ مانا دەکەن، دەیانەوێت سۆزی خەڵک بەلای خۆیاندا ڕاکێشن، لێرە پیاوێکیان تێدا نییە خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکی هەرێم، ئیتر کە پیاو نەبوو خۆژنیش نییە، قابیلە مهاباد قەرەداخی و سۆزانی خاڵەشەهاب و نەرمین عوسمان کە تازە لە دەموچاو تەجمیدکردن هاتۆنەتەوە خۆیان کاندید بکەن ؟ ئێرە مەملەکەتی قەدەرە دووگۆرانی بڵێ، دووجار پڕۆگرامی سەقەت پەخش بکە لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا تۆزێک لەشەقامەکان نەڕە نەڕ بکە، لە ڕادیۆکاندا قسەبکە بەبەرچاوی کامێرای تێڤێکانەوە دار بچێنە تۆ دەبیتە ئەندام پەرلەمان. ئەی خێرە ئەندام پەرلەمانەکان قسە ناکەن بۆ ماوەی درێژبونەوەی سەرۆکە نازدارەکەیان، ئەی خەڵک چی دەڵێت ؟ پیاوێکی ترسنۆک و دووڕوو درۆزن جارێکی دیکە دەکەنەوە بەسەرۆکی خۆیان؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە