گەلی کورد، وەکو نەتەوەیەکی ژێردەستەی (تورک و فارس و عەرەب)، هەروەها بندەستی ئەو پارتانەی کە بە ناوی کوردەوە، بەشێکی بچوک لە نیشتیمانەکەی بەڕیوەدەبەن. مافی مرۆڤبوونی لێسەندراوەتەوە، زەحمەتە بتوانێت لەبەرامبەر ئەو هەموو کێشە و گرفتە ئاڵۆزانەدا وەکو کۆمەڵگایەکی ئەوروپیی کە خاوەنی کەسایەتیی و ئازادی خۆیانن، کوردیش وەکو ئەوان بتوانێت بەرەو رووی مەسەلەی هاوڕەگەزبازیی و جێندەر بێتەوە. کۆمەڵگای کوردیی کۆمەڵگایەکی ناوشیاری عەشایریی و ئاینیی دواکەوتووە، کەسەکان ئازاد نیین، ناتوانرێت لە نێو ئەو ژێردەستەییەدا ئازادییان بۆ یەکتر لیداوابکرێت، کە سەرچاوەکەی فیکر و هزر و وشیارییە، کورد وەکو مرۆڤ هەموو شتێکی لێسەندراوەتەوە، ئەوەی هەیەتی ئازادییەکی کەمە لەناو ماڵ و خێزانی خۆیدا، کە بەشی ئەو ئازادییە گەورەیە ناکات، کە وەکو ئەوروپییەک لە مەسەلەی جێندەر و هاوڕەگەزبازی بگات، نەزانین مێشکی تاک بەتاکی خێزانیشی گرتۆتەوە، وەکو ئەوروپییەک لە روویەکی زانستیانەوە لە مەسەلەی هاوڕەگەزبازیی و جێندەر تێناگات. ئەم راستییە نەک بۆ تەنیا کورد بەڵکو بۆ ئەو وڵاتە ئیسلامیانەی ناوچەکەش تا رادەیەک هەر وایە.
سەرە رای ئەو ئەو هەموو هەستە جنسیی و رۆمانسیانەی کە لە سەرەوە ناومان هێناون، بڕوام بە شێوەیەکی سروشتی ئەندامەکانی نێو خێزانی هەر کۆمەڵگایەک بریتییە لە رەگەزی (نێر و مێ و ئەو منداڵانەی) کە پێکەوە دەیخەنەوە، ئەرکی ئەو نێر و مێیە، بە پێی حالەتە سروشتییەکە سێکسکردنە بە مەبەستی چێژوەرگرتن لەیەکتر و دووەم خستنەوەی وەچە لە دوای خۆیان. ئەوانەی پێچەوانەی ئەمە لێکدانەوەیان بۆ سیستەمی خێزان هەیە، وەک هاوڕەگەزخوازەکان، من دژیان نییم و دەبێت مافی سروشتی خۆیان پێبدرێت و سوکایەتییان پێ نەکرێت، بە مەرجێک دەستێکی دەرەکی کەیسەکەیان بە سیاسەت نەکات و گاریگەری نەبێت بۆ تێکدانی سەرجەمی خێزان و کۆمەڵگای کوردی. کێشەی هاوڕەگەزخوازان و جێندەر، کێشەیەکی ناوخۆی هەموو میللەتێکە، نابێت بە مەبەستێکی سیاسیی و گوماناوی دەستی دەرەکی خۆی لە کێشەکەدا هەڵبقورتێنێت، گومانی لێکترازان و هەڵوەشاندنەوەی پیرۆزییەکانی کۆمەڵگای تێدا نەمێنێت.
ئەو دیاردەیەی کە من ئەمڕۆ لە باشووردا بەدەست پارتەکانی دەسەڵاتەوە دەیبینم، بە ناسروشتی دەزانم، ئەوان کێشەی هاوڕەگەزبایی و جێندەریان بە سیاسەت کردووە، تا لەو رێگایەوە کۆمەڵگای کوردی پێ هەڵدەوەشێنن.
زیاتر لە پێنج ملیۆن کورد لەو بەشە لەتکراوەی باشووردا کە ناوی هەرێمە، تێیدا دەژی، هەر رۆژەی بەرەو رووی دەیان کارەسات و کێشە و تەنگەشە دەکرێتەوە، بوونی رێکخراوێکی وەک (ڕێکخراوی جەندر و گەشەپێدان)، کە دەستی یارمەتی وڵاتانی ئەوروپیی بۆ درێژ کراوە، زیاتر بڕوای من لە قسەکانی پوتین سەرۆکی ڕوسیا نزیک دەکاتەوە، کە پێی وایە "لیبرالیزمی ڕۆژئاوایی" هانی بەرەوپێشبردنی مافەکانی هاوڕەگەزخوازان و ڕەگەزگۆڕاوەکان دەدەن، تا لە "بەها رەوانییەکان و نەریتە مێژووییەکانی کۆمەڵگا بدەن، ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی و کولتوورییان خستۆتە نێو هەموو کۆمەڵگاکانەوە. هەموو ئەمانە دوورن لە ئازادی مافەکانی هاوڕەگەزخوازان.
لای منیش جێگای گومانە، کە بۆچی هێندە بایەخ بەو جێندەر و هاوڕەگەزخوازانەی کورد دەدرێت و یارمەتی ئەو رێکخراوانە دەدەن لە کاتێکدا ئازادیی بۆ گەلێکی ژێردەستە، کە هەموو رۆژێک داگیرکەرێکی ناوچەکە زۆرلەوە خراپتر و نامرۆڤانەتر بە کورد دەکەن، ئەوان بێدەنگن، بەڵام بە ناوی ئازادییەوە بۆ هاوڕەگەزخوازان پشتگیری مادییان دەکەن و بۆ ئازادی نەتەوەیەکی ژێر دەستە بێدەنگن؟
کەمال جەمال موختار