بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


شۆڤێنیزم چاوی بە ئازادیدا هەڵنایەت!

Saturday, 12/01/2013, 12:00


تیرۆری سیاسی ٣ ژنه‌ ‌چالاکوانی سیاسی به‌ناوه‌کانی، ساکینه‌ جانسز، فیدان دۆغان و له‌یلا سۆیله‌مه‌ز له‌ئه‌ندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە نێو دڵی پاریسدا و لەڕۆژی ٩/١١/٢٠١٣دا،تاوانێکی تری خودی ئایدۆلۆژیایی ڕەگەزپەرستی شۆڤێنیزمی تورکیە. شۆڤێنیزمێک هەردەم لە پلانی گڵاوی خۆیدایە بۆئەوەی کەسانی بەرهەڵستکاری ئازایخواز تۆو بڕ بکات، تائەوەی ئەو نەهجە دڕندایەتیە ڕەگەز پەرستیەی هەیەتی درێژە پێبدات.

مێژوی تیرۆری کەسانی سیاسی و ئازادیخواز، هێندەی مێژوی جیهانبینی کۆمەڵگای چینایەتی قوڵ و درێژە. تەواوی مێژوی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و دژە ئازادیخوازەکان، پڕیەتی لەو کارە نامرۆڤانە ترسنۆکانەیە. ئەوە خودی ئەو کایە ڕەگەز پەرستیەیە- هیچ کات توانای ئەوەی نیە خۆی لەبەردەم هەقانیەت و واقعیەتی ئەو بزوتنەوە جەماوەریە ئازادیخوازانەدا ڕاوەستە بکات و بتوانێت دان بەو واقعیەتەدا بنێت کە خەباتی ئەو بەرە ئازادیخوازیە خەباتێکی دروستە و بۆ کۆی کۆمەڵگایە، بە پێچەوانەوە ئەو ئایدۆلۆژیا شۆڤێنیە تەنها چەکی دەستی، خودی ئەو بچوک بونیەیەتی کە دەست بردنی بۆ کاری دزێوی و حیزە فێڵی درێژە پێ بدات. لەم ڕێگایە بەولاوە، هیچ ڕێگا چارەیەکی واقعیانەی نیە کە بتوانێت درێژە بە تەمەنی شکستخواردویی خۆی بدات. تیرۆر کردنی ئەو سێ مرۆڤە بەتواناو بە ئیرادەیە، لای بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگا لەدەست چونێکی مەزنە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خودی ئەو بزوتنەوە مەزنەی پارتی کرێکارانی کوردستان بەڕێی خستوە، لە توانایدایە سەدان هەزار لە مرۆڤی وا بە ئیرادە بەرهەم بهێنێت و هیچ گرۆپ و دەوڵەتێکی شۆڤێنی و ناعەدالەت خواز نەتوانێت شکستی پێ بهێنیت. ئەوە ڕاوەستاوی و بتەوی ئەو پارتەیە، لە دروسی بونیەوە تا ئێستا، لە کۆی سیستەمی سەرمایەداری و کۆی ئەو گەلەکۆمە زەبەلاحەی لەلایەن زلهێزانی جیهانەوە دەکرێتە سەر ئەو پارتە، نەیان توانیوە شکست بەو بەرە ئازادیخوازە مەزنە بهێنن، هۆکارەکەشی تەنها بۆ ئەو ئیرادە مەزنە دەگەڕێتەوە کە ئەو پارتە لەسەر بنچینیەکی تەواو واقعیانە و ئازادیخوازانە و دوور لە کۆی بیروباوەڕی باوی دەسەڵاتگەرێتی کامەیەتیەک دامەزراوە، بۆیە هەمیشە لە مەزن بونیدایە و وای لێهاتوە، بەرەی دژی بەرانبەری، گەر ڕاستەوخۆش نەبێت، ئەوا بەناڕاستەوخۆیی شکستی خۆی ڕاگەیاندوە.

دەوڵەتی فاشیزمی تورکیا بە پشت ئەستوری بە کۆمەکی زلهێزی جیهان و بەرەی ناتۆ، تەواوی چەکە مرۆڤ کوژەکانی خۆیان تاقی کردۆتەوە دژی ئەو پارتە، خودی دەوڵەتی تورکیا چی کاری دڕندانەو نامرۆڤانە هەیە دژی خەڵکی کورد زمان و ئەو پارتە کردویەتی و، هەر خودی دەوڵەتی تورکیاشە لەو پلانەدا بوە کە وا لە کۆمەڵانی خەڵکی تورک زمان بکات کە ئەو پارتە بە بەرەیەکی تیرۆریست بناسن و بتوانن ببن بە دوژمنی بیروباوەڕی ئازادیخوازی ئەو پارتە. پارتی کرێکارانی کوردستان، هیچ کات پارتێکی نەتەوەیی ڕەگەز پەرست نیە، هێندەی پارتێکی خاوەن ئایدۆلۆژیایی ئازادیخوازیە بۆکۆی دانیشتوانی زەحمەتکێشی تورکیاو، خەباتی لەو پێناوەدایە کە کۆمەڵگا ڕازگار بکات لە چنگی ئەو کەمایەتیە دڕندەیەی کە قازانجیان لە بەرو پێش بردنی جیهان بینی بەدڕەوشتی ناسیۆنالیستی و ڕەگەز پەرستیدایە. ئەوە ئامانجی بەرزی ئەو پارتە ئازادیخوازەیە.
کەسایەتی بەڕێز ئۆج ئالان، گەر خاوەن ئەو توانا مەزنە ئازادیخوازیە نەبوایە، نەخۆی و نە پارتەکەش نەیدەتوانی لە بەرانبەر ئەو هێزە زەبەلاحە نێونەتەوەیەدا بوەستێتەوە و درێژە بەخەباتی خۆی بدات. لە کامە ساتیشدا بووبێت کە هەلومەرجێک هاتبێتە پێشەوە بۆ ئەوەی چارەسەریەکی دروست و گونجاو بۆ ئەو ڕەوشە بدۆزرێتەوە و جیهان بینی کوشتار و جەنگی بەردەوام کۆتایی پێبێت، بەرەی شۆڤێنێستی دەستیان داوەتە کاری تیرۆر کردن، بۆ ئەوەی بەرەی ئازادیخواز نەتوانێت هەوڵەکانی بەسەرکەوتن بگات و کۆمەڵگا ڕزگاری ببێت لەو چەوساندنەوە مێژویەی بەسەریانەوەیە.
دەوڵەتی ئەردۆگان، ڕاستەوخۆ خودی گروپی ناو پارتی کرێکارانی کوردستانی تاوان بار کرد لەو کارە چەپەڵەدا و ئیدانەی ئەو کارەشی کرد(وەک ئەوەی بڵێت ئێمە ئاشتیخواز و ئازادیخوازین و بەرەی بەرانبەر بۆخۆیان بەڕاستی تیرۆریستین و دژی چارەسەری کێشە سیاسیەکانن لە تورکیادا!)، بەڵام دەبێت بپرسین، گەر گروپی واش لە ناو خودی ئەو پارتەدا هەبێت، ئاخۆ ڕاستەوخۆ ئەو گروپە پەیوەست نین بەو بەرە شۆڤێنیەی کە دەوڵەتی تورکیا داڕێژەرەکەیەتی؟ ئاخۆ دەشێئت لە نێو کادران و کەسانی سیاسی و خاوەن ئیرادەی ئازادیخوازی، نیەتێکی وا نامرۆڤانە هەبێت کە دەست ببات بۆ تیرۆرکردنی هەڤاڵ و هاوڕێی دێرینی خۆی؟ ئاخۆ پێگەیاندنی کەسانی چالاک وان و کادری سیاسی بەئەمەک و بەتوانا، هەروا کارێکی ئاسانە لەلایەن خودی ئەو پارتەوە دەست بە کۆتا هێنانیان ببات؟ ئاخۆ ئەو پارتە وەک پارتەکەی ستالینە ئامادە بێت هەرچی کەسی بەتواناو شۆڕشگێڕی دامەزرێنەری پارتەکە هەیە، بێت لە ناویان بدات، بۆئەوەی خودی سەرۆک بەئارەزوی خۆی کەسانی گرێدراوی تایبەت بەمەرامەکانی خۆی بخاتە جێگایان؟ ئاخۆ گەر ئۆج ئاڵان، کەسایەتیەکی خودپەرست و دیکتاتۆر بوایە دەیتوانی سۆزی ملیۆنان لە مرۆڤی چەوساوە و ئازادیخواز بۆلای بیروباوەڕەکەی خۆی ڕابکێشێت لە کۆی نەتەوە جیاوازەکانی ئەم سەرزەمینە؟ بۆ هەرمرۆڤێک خۆی بەئازادیخواز بزانێت و ئامادە بێت فەرهەنگ و ڕۆشنبیری ئەم سیستەمە چەوسێنەرە سەرمایەداریە ڕەت بکاتەوە، خوێندنەوەی نوسینەکانی بەڕێز ئۆج ئالان پێویستیەکی تایبەتە. ئەوە فەرهەنگی قێزەونی ئەو کامەیەتیە چەوسێنەرەیە کە دەستیان گرتوە بەسەر کۆی ئابوری کۆمەڵگاو بە خودی ئەو ئیمکانیاتە مادیە، سوپاو و گوروپی تەسفیەکردنی نهێنی و چەکی قڕ کردنی مرۆڤایەتی دروست دەکەن، لە گۆڕنانی ئەم سیستەمە چەوسێنەرە بەشێکە لە خودی خەباتی پارتی کرێکارانی کوردستان.
تیرۆر کردنی ئەو سێ مرۆڤە بە ئیرادەیە، پێش هەر لایەک، خودی دەوڵەتی فەرنسا لێی بەرپرسیارە، هەروەک ئەو پیلانە نامرۆڤانەیەی کە دەوڵەتی ئەمریکاو ئیسرائیل و تورکیا، کردیان لە فڕاندنی بەڕێز ئۆج ئالاندا، ئەم پیلانە نامرۆڤانەیەش هەر بەو شێوەیە. بەم چەند دێڕەی بەڕێز ئۆج ئالان کۆتایی بەم نووسینەم دێنم.
بەڕێز ئۆج ئالان، لە پەرتوکی (مۆدێرنێتەی دیموکراتی و کێشەکانی تێپەڕاندنی مۆدێرنێتەی سەرمایەداریدا، بەرگی یەکەم، لاپەڕەی ٣٠٤دا، بەم شێوەیە باس لە خودی سیستەمی خاوەندارێتی سەرمایەداری دەکات)؛
(شرۆڤە کردنی کۆمەڵگای شارستانی لە ڕێگای سێ قۆناخەوە، دەشێت فێرکەر و ئەزموون بەخش بێت؛ ئەویش وەکو سەرەتا، ناوین و کۆتایی. بەڵام دەبێت باش بزانرێت کە کۆمەڵگای شارستانی یەکپارچەیە، بەڵام ئەم جۆرە دابەش کردنانە بۆ شیکارکردن ئاسانکاری دەکەن، لە ڕووی بەرجەستەییشەوە یەکپارچەیی و ئاڵۆزی "درێژ ماوە" دەپارێزێت.
تایبەتمەندییەکانی لە جۆری بەڕێزی، ناسکی، جوامێری، گوێڕایەڵی ڕێساکان، بە پێوان، بە پلان، بە ئەقڵ، گرێدراوی مافەکان و ئاشتیخوازی کە بە کۆمەڵگای شارستانیەوە لکێنراون ڕوو کەشین و تەنها بەهایەکی پڕوپاگەندەییان هەیە، ڕووی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای شارستانی لەگەڵ سروشتی ژیان ناکۆکە و پڕە لە چەواشەکاری و نەخۆشی کۆمەڵایەتی وەک توندوتیژی، درۆزنی، خەڵەتاندن، قەبەیی، تەڵەکەبازی، شەڕ، تاڵان، دیلی، لەناوبردن، بەندایەتی، بێ وەفایی، زەوتکردن، بێ ویژدانی، پێشێلکاری حقوق، پەرستنی پرەنسیپی هێز، شێواندنی پیرۆزی و ئیلاهیەت و بەکارهێنانی لە پێناو کەمینەیەکی سوود پەرستدا، دەست درێژی، ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی، خنکاندنی لایەنێک لە نێو ماڵ و موڵک و ساماندا و مردنی لایەکەی دیکە لە برسیەتی و نەهامەتیدا، گردبوونەوەی ئاپۆڕای کۆیلەکان، لادێیە پەرتەوازەو کارگەرە بێکارەکان، لە میانەی هێزی پڕوپاگەندە و هەڵوێستێکی میتافیزیکی خراپ و ساختەوە بۆ شاردنەوەی ڕووی ڕاستەقینەی خۆی بەردەوام لە نێو هەوڵێکی ڕێکخراو دایە). ئەم چەند دێڕە لە تێگەیشتنی بەڕێز ئۆج ئالان نیشانەی ئەوەیە ئەم مرۆڤە بە چ ئەندازەیەک توانیویەتی لە کۆی سیستەمە چینایەتیەکان و دزێویەکانی ئەو سیستەمانە تێبگات و چ ئامانجێکی بەرزیشی هەیە لەوەی خەباتی خۆی و بزوتنەوەکەش لە پێناو سەرنوگن کردنی ئەم فەرهەنگە دژە ئازادیەدایە بۆیە هەردەم کۆی سیستەمی باو دەیەوێت ئەو بزوتنەوە سیاسیە شکست پێبدات و بە بزوتنەوەیەکی هاوشێوەی ئەلقاعیدە و تاڵیبان بیناسێتنێت بە کۆی کۆمەڵگای ئەم سەورزەمینە، بەڵام ئاخۆ بەرەی چەوسێنەری حاکم دەتوانن سەرکەون بەسەر ئەو بیروباوەڕە ئازادیخوازیەی پارتی کرێکارانی کوردستاندا کە ملیۆنان لە مرۆڤی لە دەوری خۆی کۆکردۆتەوە؟
تاهیر حاجی حەسەن
١١/١/٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە