پرۆسەى ئاشتى لە توركیاو ڕووداوەكانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست

Monday, 16/09/2013, 12:00

1778 بینراوە






یەكەم : توركیا دەیەوێ پرسی كورد بەكوێ بگات .؟
لەماوەى (25) ساڵدا ،توركیا (24) هێرشی كردە سەرخاكى عێراق و گشت سنورە قانونى و نێودەوڵەتیەكانى بەزاند،بۆ لێدانى پەكەكە،فڕۆكەى بێفڕۆكەوان و هێرشی زەمینى و ئیحتیواى ئیقلیمى تاقى كردەوە،خزاندنیە لیستى تیرۆرەوە .ڕێگەى ئیختراقكردنى پەكەكەى لەلایەن پارتە كوردییەكانى باشورى كوردستانەوە گرتە بەر.نەك هەر نەیتوانى بنستێك خاكیان لێوەربگرێتەوە.بەڵكو بە پێش چاوى هەموو جیهانەوە،خاوەنى (17)یەمین ئابوریی جیهانەو لەماوەیەكى قیاسی دا (موعجیزەى ئابوریی) خوڵقاندووەو و (4) هێزى زەمینى و، (2) مین هێز لەناتۆ و،خاوەنى باشترین پێگەى جیۆ-ستراتیژیی لە ئاسیاى ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتى ناوین،چۆكى بۆ سەركردەیەكى كورد لەزیندانێكى ناشایستە،دادا،كە (ئۆجەلان) ە.
دواى (14) ساڵ زیندانى،پرسیارەكە ئەوەیە،چارەنوسی ئۆجەلان چی یە لەچوارچێوەى پرۆسەى ئاشتى دا ؟.هەر تاڵەبانى و نێچیرەڤان بارزانى نەبوون،بەنهێنى قەناعەتیان بە ئەردۆغان كرد،كە "چارەسەر لەئیمراڵیە".ئەمە هەر دروشمى گەریلاكانى شاخ و پەرلەمانتارەكانى شار نەبوو،بەڵكو بەدەیان هەزار كەسایەتى و ڕۆژنامەنووس و هاوڵاتى كورد،كە ماندەگرن،بەرامبەر بەئیعازێكى ئۆجەلان دەیشكێنن،چوار ملیۆن كوردى زمانبڕاو لەسەر شەقام ، بەپێش چاوى گشت جیهانەوە،پرسیار دەخاتە سەر دیموكراسییەتى توركیا،بە لێدوانێكى ئۆجەلان دەچنەوە ماڵەكانى خۆیان،تائەم چركەساتە دەیان سەرۆكى شارەوانى كورد لەزیندانەكانى توركیادان،گەریلاكان كشاونەتەوە، (3)جار سەردانى ئیمراڵى كراوە.نزیكەى (2000) گەریلا لەخاكى توركیا،وەك یەكەمین مەرجى پرۆسەى ئاشتى لەژێر چاودێرییەكى ئەمنى توندوتۆڵدا كشاونەتەوە. ئاك پارتى هیچ هەنگاوێكى دڵخۆشكەرى نەناوە،تەنانەت خودى پەكەكەو پەیەدەش هەر لەسەرەتاوە بە گومانەوە لەم پرسە دەڕوانن .لەگەڵ ئەوەى گویلەنییەكان و مەهەپەو جەهەپە و خەڵكە ڕەگەز پەرستەكان .لەڕێگەى ڕاگەیاندن و بارى كرداریشەوە،دەیانەوێ ئەم پرۆسەیە تێك بچێت .دوو خاڵى گرنگ و نوێ لە پرۆسەكەدا هاتۆتە ئاراوە :
ئەلف : گۆڕانكارییە نێوخۆییەكانى پارتى كرێكارانى كوردستان،بەتایبەت دواى هاتنى (جەمیل بایك) وەك یەكەسی یەكەم ،چاوەڕێدەكرێت زۆر شتى دیكە ڕووبدات،كەسێتى ئەم سیاسییە عەمەلییە،زۆر حەددییە،سەدان یاری و پاشقولى سیاسیی و ئەزمونى سەختى بینیووە،نەك هەر هەڵوێستەكانى بەرامبەر توركیا،بەڵكو بەرامبەر پارتى دیموكراتى كوردستانیش توندە .
با ْ : لەماوەى (3) ساڵدا .دەیان كۆبۆنەوەى نهێنى لەنێوان نوێنەرى پەكەكەو میتى تورك و ئۆجەلاندا، كراوە.بۆ ئامادەكاریی پرۆسەى ئاشتى،بەردەوام ئاك پارتى و ئەردۆغان،لەگەڵ چارەسەرى گرفتەكە بون بەڵام داواى كاتیان كردووە، لەترسی كودەتاى سوپاو ئاژاوەگێریی نێۆخۆیی لەتوركیا.ئێستا بەیاسا پارتى دادو گەشەپێدان (پارتەكەى ئەردۆغان) توانیتى سەركەوتووبێت لەوەى كارەكانى سوپا دیارى بكات،لەڕێگەى پەرلەمانەوە،تا بەهیچ شێوەیەك دەستوەر نەدەنە كاروبارى ناوخۆ وە .وە لەڕووى پلانى ستراتیژیی نوێی توركیاو،كتێبە نوێیەكەى "پرۆفیسۆر ئەحمەد داود ئۆغلۆ" وەزیرى دەرەوەى توركیا (عمق استراتیجی) لە (650) لاپەڕەدا،ئەمە باشی ڕوون دەكاتەوە،ئەم كتێبە (39) جار لەتوركیا لەچاپدراوە،مەڵبەندەكانى دیراساتى خەلیجى وەریانگێراوەتە عەرەبی،كراوە بەئینگلیزیی و یۆنانى، كەچى كورد نییەتى و وەرى نەگێڕاوە !.تیایدا بەڕوونى باس لە عوسمانیەتى نوێ پرۆژەى (نیۆ-عوسمانى) دەكات،لەمەڕ گۆڕاو و نەگۆڕەكانى سیاسەتى دەرەوەو گەڕِانەوە بۆ هێزى ناوخۆیی دەوڵەت.كە پەكەكە ساڵانێكە(استنزاف) ووزەى لێبریون ،بەسیفەتى خەباتى پارتیزانى .بۆیە لەم دیدەوە دەكرێت وادابنەین كە حكومەتى ئێستاى توركیا مەیلى چارەسەرى پرسەكەى هەیە.لەبەر (2) هۆكار :
ئەلف : توركیا تەنها لەباسوخواسی ئاشتى دا،بۆ ئەمساڵەكە لە (2) مانگدا (16) ملیار دۆلار قازانجى كردووە.
با ْ : كورد عەیامێكە لەباكور خەبات و بەرخودان دەكات،تەنها داواى " دیموكراسیی " دەكات،داواى ئەوە ئەكات، وەك بەشەرێكى ساڵەح لەسەر ئەو خاكە بژین،كورد ئەمە بەدەست دەهێنى ،بەڵام ئایا توركیا و بەرامبەرەكەمان چى دەست دەكەوێت ؟. بەدڵنیاییەوە،دەبێتە ئیمپراتۆرێكى گەورەى جیهانى وەك بەریتانیا، وەك فەڕەنسا .

دووەم : پارتى دیموكراتى كوردستان ئەیەوێ پەیەدە فێرى دیموكراسیی بكات !.
هەندێك لەكەناڵە ئەهلیەكانى كوردستان و تەنانەت ئۆپۆزسیۆن لەباشورى كوردستان،چوونەتە وەهمێكەوە، بە پەیەدە دەڵێن : تاكڕەو ..پارتیش دەڵێت: ئەوە دیموكراسیی نییەو تاكڕەوییە و پەیەدە حزبی حاكمەو یارمەتى لەدەرەوە وەردەگرێت و...هتد .
گوایە،پارتى لەپەیەدە دیموكراسیی ترە، لەوان ناسیۆنالیسترە،جارێ كەس نازانێت ئایدۆلۆژیاى پارتى لەباشورى كوردستان پشت بە چ قوتابخانەیەك دەبەستێت ،ئیسلامى ؟ لیبراڵى ؟ سوشیال دیموكرات ؟ شیوعى ؟..پارتى چى یە ؟.
ئێستا،هێزێكى ڕێكخراو و بەباوەڕ لە ڕۆژئاواى كوردستان هەیە،چ پێویست دەكات پارتى هێز بنێرێت بۆ ڕۆژئاوا، ئەگەر مەسەلەكە شەڕى ناوخى كورد بەكورد نییە لە خاكى كوردان،ئەگەر بۆگواستنەوەى ڤایرۆسەكە نییە بۆ ئەوى ؟.پارتى (22) ساڵە ڕێگەى بە چ پارتێكى كوردیی داوە لە هەولێرو بادینان چالاكى بكات ؟.كێ فێرى دیموكراسیی ئەكات .
لەگەڵ ئەوەى یەكێتى و پارتى،دەروازەو مەنفەسێك بونە بۆ پەكەكە بۆ هاتوچۆ و بۆ چارەسەركردن و زۆرشتى تر.بەڵام لێدوانە توندەكانى "جەمیل بایك" لەمدواییە بابەتێكى سەپێیی نەبو دژى پارتى ،بۆیە لەئائندەیەكدا ئەم گرفتەى نێوان پەكەكەو پارتى زەقتر دەبێتەوە لەسەر كۆنگرەى نەتەوەیی، چونكە پەكەكە،یەكێتى نییە پاشكۆیەتى قبوڵ بكات،پەكەكە خوازیارە سەرۆكایەتى كۆنگرە،دەورى بێت وەك یەكێتى ئەوروپا،پارتیش خوازیارە وەك جامیعەى عەرەبی بۆ (4) ساڵ جارێك بێت .
سێهەم : ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئارامى نابینێت .
ئەمریكا دیموكراسییەتى خۆى گەیاندە ژاپۆن،گەیاندى بە ئیتاڵیاو ئەڵمانیا .بەڵام لە شەرقدا ئەمە ناكات .؟.تیۆرەكەى " فواد عەجمى" لێكۆڵەرى بەڕەگەز لوبنانى،لەشەستەكانەوە لەئەمریكا دەژى،قەناعەتى بە "بۆشى كوڕ" كرد.لەڕێگەى هێزەوە،دیموكراسییەت دەچەسپێ،بەڵام ئەم تیۆرە هەرەسی هێنا لەئەمریكا، (80%) ئەمریكاییەكان پێیانوایە شەڕبۆ داگیركردنى عێراق هەڵە بوو .!.ئێمە خۆمان بەوەوە خەریك ناكەین،دەتوانن دیموكراسیی و مافى مرۆڤ بچەسپێنن یان نا.چونكە هەم توێژینەوەى قووڵى گەرەكە،هەمیش ئەوان خۆیان شەرقیان لەدواى جەنگى جیهانى یەكەمەوە دروستكردۆتەوە،باشترى لێ دەزانن .
ئێستا،لەمیسر شەڕە،توركیاش خۆى بەخاوەن و تەرەف دەزانێت، لەسوریا شەڕەو (ئەمریكاو ڕووسیا لەڕێككەوتنى ژێر بەژێردان) وە ئەمریكا دەیەوێ لەئەسەد بدات،بەڵام لەخاڵێكدا كەمێك لاوازترى كردبێت .
لەلوبنان،دابەشبونى تەرابلوس و بەیروت و نەمان و كشانى سنورى دەوڵەت بەئاشكرا دەبینیرێت و شەڕە،لەیەمەن قەتماغەى گرتووەو نەگرتووە،لەبەحرەین بەحرێك كێشە هەیە،قەتەر ئەیەوێ هەیمەنەى خۆى لەناوچەكەدا زیاد بكات،سعوددیە بەكۆڵێك گرفتى ناوخۆیی و (10) ملیۆن كەسی برسییەوە،هاوكارى ئەم و ئەو ئەكات بۆ جەنگ .لەعێراق هەموو شتێك پارێزراوە،كەرامەتى مرۆڤ نەبێت .لەئێران وێڕاى ستراتیژێكى ئابوریی خۆڕاگرانە،نائارامییەكى تەواو گڕووى پێگرتون .
توبڵیی ئارامى كوردستان بۆچى بگەڕێتەوە ؟ هیچ كاتێك بەرپرسە كوردەكانى یەكێتى و پارتى هۆكارى ئەم ئاسایشە نەبون،بەڵكو ئەوان هەڕەشە گەورەكەن لەسەر ئاسایشى تاك و كۆى هەرێمى باشورى كوردستان،لەواقیعدا ئەوە قاعیدەو میت و ئیتڵاعات و مۆساد و سی ئاى ئەى و حكومەتى مەركەزیی عێراقن، حەز بە تێك نەچون و ئیسقرارى ئەم (3) پارێزگایە دەكەن، چونكە ئەوان لێرەوە پلانەكانى خۆیان ڕەنگ ڕێژ دەكەن و ئینتڵاق دەكەن بۆ ناوچەكانى تر .لێرە باشتریان بۆ نالوێ .هەر لەم پاڵەشەوە چاودێریی كۆنگرەى نەتەوەیی كورد و پرۆسەى ئاشتى لەتوركیا دەكەن ،ڕەنگە چاودێریشى نەوێ ،تۆ بڵێی لە (650) ئەندامى كۆنگرەى نەتەوەیی،پیاوێكى باشی بۆ بێگانە تیا نەبێت !.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە