ئایا توركیا بەراست دەیەوێ كێشەى كوردچارەسەر بكا؟

Tuesday, 22/09/2009, 12:00

2386 بینراوە


بۆچى توركیا لەم ماوەیەدا بە گەرمى هاتۆتە پێشەوەو سیناریۆ لە دواى سیناریۆ دەخاتە روو بۆ چارەسەركردنى كێشەى كورد ؟ مەبەستى توركیا لەو سیناریۆیانە چیە؟ ئایا بەراست دەیەوێت چارەسەرى كێشەى كورد بكات لە توركیا ؟
بەر لە هەمووشتێك پێویستە دەرك بەوە بكەین كە ناوبردنى كێشەكە لە توركیا بە كێشەى كورد ، ناوبردنێكى راست نییەو دەستەواژەیەكە دوژمنانى كورد دایانڕشتوە بۆ پەردەپۆش كردنى مەسەلەكە ، ئەگینا لە بنەرەِتدا كێشەكە كێشەى دەوڵەتى توركیایە ، كێشەى سیستەمى سیاسیە لە توركیا كە ناتوانێت یەكسانى و هاوڵاتى بوون بۆ هەموو ئەندامانى گەلەكەى مسۆگەر بكات . كورد گەلێكە هەزاران ساڵە لەو دەڤەرەدا ژیایەو دەژى ، هەموو ئاواتەكانى ئەوەیە، رێگەى لێنەگیرێ مرۆڤ بوونى خۆى پیادە بكات ، وەكو هەر بوونەوەرێكى تر بە ئازادى ئەو ماوە كورتەى تەمەنى لەو شوێنەدا بەسەر بەرێ كە چاوى تیا هەڵهێناوە ، ئەوە توركیایە دەیان ساڵ نەخشەو پلان بۆ تواندنەوەو پەرتەوازەكردنى كورد دادەڕێژێ نەك كورد ! بۆیە لە بنەڕەتدا كێشەكە كێشەى توركیایە بەرامبەر بەكورد ... نەك بە پێچەوانەوە!
بابێنە سەر پرسیارەكان و هەوڵبدەین بە شێنەیى شرۆڤەیان بكەین و وەڵامیان بدەینەوە ، دیارە كە وا توركیاى نوێ ، بە درێژایى تەمەنى خۆى ، سیاسەتى تواندنەوەو پەرتەوازەكردن و پاكتاوى رەگەزى بەرامبەر كورد پیادە كردوە ، نەك هەربیرى نەكردۆتەوە چارەسەریەكى ئەو كێشەیە بكا ، بەڵكو دانى بەوە نەناوە كە نەتەوەیەك هەیە لەو دەڤەرەو ناوى كوردە ، هەمیشە لە ئەدەبیاتى خۆیدا بە توركە كێویەكان ، یاخود توركە شاخ نشینەكان ناوزەدى كردوون ، خەونى دامەزراندنى تورانى گەورە بە درێژایى زیاتر لە حەفتا ساڵ خەونى توركەكانى كردە خەونى لە ناوبردن و رووخاندنى ئەو دیوارە مرۆییە گەورەیى كە سنوورەكانى باكورى رۆژهەڵاتى لە وڵاتە تورك نشینەكان جوێ دەكردەوە ، لە پێناو ئەو خەونەشدا بە درێژایى ئەو ماوەیە ، هەموو تواناو هەموو جۆرە چەكێكى بەكارهێنا . بەڵام درێژایى ئەو ماوەیەش سەلماندى ، كە ئەو سیاسەتەى توركیا شكستى هێناو نەیتوانى سەركەوتن بەدەست بێنێ . لەپاڵ ئەمەشدا شۆڕشى راگەیاندن و هاتنە ئارایى جیهان گەرایى ، ئەوەى سەلماند كە چیتر توركیا ناتوانى ئەو سیاسەتە پیادە بكات ، چونكە میدیاكان بوونە چاوى جیهان و بە شێوەیەكى راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ ئەو وێنە نهێنیانەیان بۆ بەرچاوى هەموو جیهان دەگواستەوە ، كە پێشتر لە ژێرەوەو كەس نەدیتە بەرامبەر بە كورد ئەنجام دەدرا ، جگە لەمەش ئەو شەڕە درێژخایەنە بوە هۆى داڕمانى ئابورى توركیا ، كە خۆى لە بنەڕەتدا خاوەنى ئابوریەكى لاوازە، ئەمە سەربارى فشارى بەردەوامى دەوڵەتە رۆژئاواییەكان بۆ چاك كردنى دۆسیەى مافەكانى مرۆڤ لە توركیا ، بە تایبەتیش بۆ وەرگیرانى لە یەكێتى ئەوروپا .لەگەڵ ئەمانەشدا ، لە سەردەمى جیهانگەرایشدا توركیا توانیویەتى بە شێوەیەك لە شێوەكان تا ئێستا درێژە بەو سیاسەتەى خۆى بدا.
سەرهەڵدانى گۆڕانى گەورەى نەخشەى سیاسى لە ناوچەكە دواى لێدانى عیراق لە ساڵى 1990 و بەرپابوونى راپەڕین لە باشورى كوردستان ، توركیاى راستەوخۆ خستە بەردەم هەڕەشەى پارچە بوونەوە ، راپەڕینى كورد لە یاشوور ئەو سنورە دەستكردانەى شكاند كە زیاتر لە حەفتا ساڵ بوو كارى پێدەكرا ، ئاوارەبوونى كوردەكانى باشوور بۆ توركیاو ئێران ، خەریك بوو بروسكەى راپەڕینەكە بگوازێتەوە ناو ئەو دەوڵەتانەش ، ئەمەش واتاى گیان وەبەركردنەوەیەكى تر بوو بۆ بزاڤى رزگاریخوازى كورد لەو پارچەیەدا . بۆیە لەسەردەمى (تۆرگۆت ئۆزالدا) توركیا سیناریۆیەكى بۆ چارەسەركردنى كێشەى كوردى خستە روو ، كە ئەگەرچى ئەمە شتێكى نوێ بوو لە سیاسەتى توركیا ، وەلێ لە بوارى پراكتیزەكردندا هیچى لێ نەكەوتەوە ، دواى ئەو هەوڵە لە ساڵى 2003 وە ، واتە لە دواى لێدان و روخاندنى رژێمى سەدام لە عیراق ، توركیا هەمدیس كەوتە ئەوەى كە وا نیشان بدا گەرەكیەتى كێشەى كورد چارەسەر بكاَ ! لەرێگاى ئەنجامدانى ، یاخود بەڵێندان بە ئەنجامدانى چەند چاكسازیەكى ئابورى و كەلتورى لە كوردستان ، ئەم هەنگاوانەش هەنگاوى كیسەڵیانە بوون و مەبەست تیایاندا تەنها وەدەست هیێنانى كات بوو! بەڵام لە ناوەڕاستى ئەمساڵەوە (2009) سەرۆكى توركیا راشكاوانە ئاماژەى بەوە كرد كە پێویستە كێشەى كورد لە وڵاتەكەیدا چارەسەربكرێت . كە بڕیار وایە تا كۆتایى ئەمساڵ پڕۆژەیەك بۆ چارەسەركردنى كێشەى كورد بخاتە روو كەوەك ئاماژەى پێدەكەن لە سێ قۆناغ پێكدێت . لێرەدا پرسیارێك دێتە ئارا ، بۆچى توركیا لەم كاتەدا ئەم پڕۆژەیە دەخاتە روو ؟
راستیەك هەیە ، كە پێشتریش ئاماژەمان پێكرد ، توركیا بۆى دەركەوت كە ئەو سیاسەتى تواندنەوەو داننەنان نەك بە بوونى كیێشەیەك ، تەنانەت بە بوونى نەتەوەیەك بە ناوى كورد ، جگە لە زیان هیچ دەرئەنجامێكى پۆزەتیفانەى بۆ توركیا لێ نەكەوتەوە ، كەواتە دەبێت خاڵێك هەبێت تیایدا بوەستێت ، ئەو گۆڕانانەى كە لە ناوچەكەو تەنانەت لە ناوخودى توركیاش روویاندا ، ئەو بوارەیان بۆ فەراهەم كرد بەسیاسەتەكەى خۆیدا بچێتەوە ، بە بێئەوەى زۆر گرانى لەسەر بوەستێت . سەركەوتنى هیزى ئیسلامى لە توركیا ، بیرى عوسمانچیەتى هینایەوە ناو توركیا ، ئەو بیرەى كە بە درێژایى تەمەنى نوێى توركیا شەڕى لەگەڵ كرا ، كەواتە ئەگەر بۆ زیاتر لە حەوت دەیەك نەتونرا نەتەوەیەك بتوێنرێتەوە ، بە زاۆاوەیەكى سیاسى هێزێك بتوێنرێتەوە ، باشتر وایە هەوڵ بدرێ سوود لەو هێزە وەربگیرێ و لە پێناو هەمان مەبەستە فراوانخوازیەكانى توركیا بەكاربهێنرێت ، ئەمەش رێك نوێكردنەوەى سیاسەتى عوسمانیەكانە ، بەرامبەر ئەو نەتەوانەى پیادە دەكردكە لەگەڵیدا دەژیان! توركیا ئێستا لە هەموو كاتێك لە مێژووى هاوچەرخیدا، زیاتر هەوڵدەدا بەرەو سنورەكانى باكورو باكورى رۆژهەڵاتى هەڵكشێ ، واتە بۆ ئەو ناوچانەى كە سنورى سروشتى دەوڵەتى عوسمانى دەزانى ، بۆ ناوچەى كافكاسیاو ناوچەى باڵتیك ، هاوكات بەرەو كۆمارە تورك نشینەكانى سۆڤیەتى پێشو لە داغستان و ئۆزبەكستان و تاجیكستان وتوركمانستان وقیرگزستان .. نزیك بێتەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا پێگەیەكى بەهێز لە ئاسیاى ناوەڕاستدا پەیدا بكات، كە هەموو پێوەرەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە لەو چەند ساڵە دادێ ململانێكان لەو ناوچەیەدا چڕ دەبنەوە ، بۆیە سنوورەكانى باكورى كوردستان ، كە تا سەر سنوورەكانى سۆڤیەت درێژ دەبنەوە ، دیوارێكن لەبەردەم ئەو تەشەنەكردنەى نفوزى توركەكان ، هەر بۆیەش هەوڵدەدرا كورد بەتورك بكرێت ، بەڵام كە ئەم سیاسەتەیان سەرنەكەوت ، ئێستا كورد لە جیاتى هەوڵدان بۆ لە ناوبردنیان بوونەتە هۆكارێكى لە بار بۆ ئەوەى سوودیان لێوەربگیرێت ، لە هێنانەدى ئەو خەونە گەورانەى توركیا ، كەوابێ لە جیاتى ئەوەى توركیا هێزێكى گەورە بەكاربهێتێ بۆ لێدانى كورد ، باشتر وایە نەك بە تەنها ئەو هێزە گل بداتەوە ، بەڵكو خودى كوردیش وەكو هێزێك بەكاربهێنى لە پێناو پراكتیزەكردنى ئەو سیاسەتەى !!!
ئەمە سەربارى ئەوەى هەموو گۆڕانكاریەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ناوچەكانى رۆژهەڵات بەگشتى و ناوچەكانى رۆژهەڵاتى توركیا ، بە پانتاییە جوگرافیەكەیەوە كە ئێرانیش دەگرێتەوە ، بەرەو گۆڕانێكى بنەڕەتى دەڕۆن نەخشەى سیاسى ناوچەكە پێویستى بەسەر لە نوێ داڕشتنەوە هەیە ، نەخشەیەك كە لەگەڵ دنیاى ئەمڕۆدا بگونجێ . بە تایبەتى پێشكەوتنە خێراكانیش لە پڕۆژەى ئەتۆمى ئێران ، هاتنى ئەو گۆڕانكاریانە خێراتر دەكەن ، چونكە مەحاڵە رێگا بدرێت كە هێزێكى ترى ئەتۆمى لە ناوچەكە دروست بێت ، كە سەرلەبەرى هاوسەنگى هێز لە ناوچەكە بگۆڕێ ، بۆیە زلهێزەكان ئامادەن كە رێگا لەو كارە بگرن ، ئەگەر ناوچەكە بەرەو شەڕێكى ترسناكى تریش بێتەوە . بۆیە دەبێت ئەو پڕۆژەیە بوەستێنرێت ، چ بە بەكارهێنانى هێزى سەربازى بێت یاخود لە رێگاى دیالۆگ و رێكەوتنامەوە بێت ، لە هەردوو حاڵەتەكەشدا هاوسەنگى هێز لە ناوچەكە گۆڕانى بەسەردادێ ئەو بۆشاییە دروست دەبێت كە رێگا بۆ گۆڕینى نەخشەى سیاسى ناوچەكە ئاسان دەكا، دیارە لە یەكەم گۆڕانیش لە ئێران ، سەربارى مەسەلەى نەتەوەكانى ترى ئێران مەسەلەى كورد دێتە پێشەوە ، بوونى هەرێمێكى سەربەخۆى لە سەر سنوورەكانى ئێران رێگا بۆ دروستكردنى هەرێمێكى ترى نیمچە سەر بەخۆ لە ئێران ئاسان دەكا ، هاوكات دەبێتە هۆى بەهێزبوونى پێگەى باشورى كوردستان لە هاوكێشە سیاسیەكان لە رۆژهەڵاتى ناویندا ، ئەمەش بە شێوەیەكى راستەوخۆ هەڕەشە لەسەر مانەوەى توركیا دەكا ، وەك ئەو قەوارە سیاسیەى كە ئێستا لە ئارادایە.
جا ئەگەر بێتوو ئەو گۆڕانانە لەرێگەى شەڕو بەكارهێنانى هێزەوە ئەنجام بدرێن ، ئەوا بارەكە سەختتر دەبێ ، چونكە ئەگەرى ئەوەى لێدەكەوێتەوە كە كۆڕەوێكى تر لە رۆژهەڵاتەوە بۆ باكور سەرهەڵبدا ، كە درێژترین پارچە لە سنوورەكانى رۆژهەڵاتى توركیا دەگرێتەوە ، ئەمەش كاریگەریەكى ترسناكى بەسەر چارەنوسى توركیا دەبێت !
سیاسەتمەدارانى توركیا ، پێبینى ئەو رووداوانە دەكەن ، دڵیاشن لەوەى كەوا بزاڤى كورد رۆژ بە رۆژ بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێ وگۆڕانكاریە جیهانیەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن ، كە داهاتووى كوردستان باشتر دەبێت لە رابردوەكەى ، بۆیە دەیانەێ بەشێوەیەكى زیرەكانە مامەڵەى لەگەڵدا بكەن ، واتە ئەگەر نەشتوانن پێشى بگرن ، بەلایەنى كەم بتوانن ئەگەر بۆ ماوەیەكیش بێت بەنجى بكەن هەنگاوەكانى سست بكەن ، تا ئەگەر لە دوا رۆژدا گۆڕانەكان بە پێچەوانەى بەرژەوەندیەكانى كورد وەرچەرخایەوە، ئەوان بگەڕێنەوە سەرهەمان سیاسەتەكەى خۆیان ، بەڵام بە شێوازێكى نوێ تر ، واتە بە شێوەیەك لە شێوەكان هەمان سیاسەتى دواى سیڤەر پیادە بكەن كە توانیان بۆ ماوەى سێ ساڵ ، بە هاریكارى بەریتانیەكان ، بزاڤى كورد بەنج بكەن تا ئەو كاتەى لۆزان جێگاى گرتەوە ...
بۆیە پێشكەشكردنى ئەو پڕۆژانە ، كە هەر هەموویان پێویستیان بە كاتێكى زۆرو نادیار هەیە ، تەنها(شەڕێ كاتەو) توركیا بەرامبەر كورد پیادەى دەكات ، بۆ ئەوەى ئەو دەرفەتە مێژوویە لەبار بەرێ كە ئێستا هاتۆتە پێشەوە ، ئەگەر لەمەشدا سەركەوتنى بەدەست نەهێنا ، ئەوا رێگا چارەكەى ترى لەبەردەمە ، ئەویش بە كەمێك دەسكەوتى كەم و رووكەشانە ، هەمدیس كورد بكاتە هێزیك و لە پێناو مەبەستە ستراتیژیەكانى خۆى بەكاریبهێنى ، واتە هەمان سیاسەت بەكاربهێنێ كە عوسمانیەكان بۆ زیاتر لە پێنج سەدە بەكاریان هێنا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە