خەڵكی جەبارەو قەرەتەپەو كەلارو خانەقین لەكفری ئاهەنگیان گێڕاو تاڵەبان-یش ئامادە بوو

Wednesday, 15/07/2009, 12:00

2056 بینراوە


ئەمڕۆ 14/7/2009 لەكفری ئاهەنگێك سازكراو خەڵكێكی زۆرى ناحیەو شارەكانى كەلارو خانەقین و جەبارەو جەلەولاو قەرەتەپە ئامادە بوون، هاوكات تاڵەبان-یش بەشدارى لەو ئاهەنگەدا كرد، تاڵەبانی لەو ئاهەنگەدا بەخێرهاتنی میوانەكانی كردو دواى لێكردن دەنگ بدەن بە قارەمانەكەى دەڤەرى بارزان (مەسعود بارزانى) و لیستی كوردستانی.
ئەوەى راستی بێت بۆ هەموو گەلی كورد دەڵێم سوێندم بە هەموو شتێكی پیرۆز لەخەڵكی شارەكە 100 كەس نەرۆشتبوون بۆ لاى تاڵەبانی، بەڵكو هەموو ئەو خەڵكە لەجەبارەو قەرەتەپەو خانەقین و جەلەولاو كەلارو باوەنوورەوە هێنرابوون، هەر تاڵەبانی رۆشت سەدان ئۆتۆمبیل و پاس بەرەو شارو شوێنەكانی خۆیان دەڕۆشتنەوە، خۆزگە كامێرایەكی ڤیدیۆییم پێ دەبوو هەموو ئەو رێگایانەم وێنە دگرت كە ئەوەى بیبینایە دەیوت دیارە لەكفری ئاڵتوون دابەشكراوە، جگە لەوەى كفری پڕ كرابوو لەسەربازو پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ كە ئەو شارە هێندەى لەسەربازگەیەك دەچوو لەشار نەدەچوو، خەڵكی شارەكەیان هەموو بێزار كردبوو بەوەى زۆربەى شەقام و كۆڵانەكانیان داخستبوو هەر لەبەر ئەوەى جەنابی پادشا تەشریفی هێناوە.
بەڕاستی ئەو شار هەرگیز ئەوەندە قەرەباڵغی بەخۆوە نەبینیبوو، پڕ كرابوو لەعەرەب و توركمان و خەڵكی بێگانەى دەرەوەى كفری، ئەمەش هەر لەبەر ئەوەى لەكەناڵە راستگۆكانیانەوە نیشانی خەڵكی بدەن و بڵێن ئەها خەڵكێكی زۆری شارەكان دەچنە پیری تاڵەبانییەوە، بەڵام خۆشبەختانە خەڵكی هەموو شارەكانی كوردستان دەزانن خەڵكی ئەم شار دەبەن بۆ ئەو شار.
ئەرێ بەڕاست ئایا خودی تاڵەبانی دەزانێت مەڵبەندو كۆمیتەو لقەكان بەزۆر خەڵكی بۆ كۆ دەكەنەوەو دەیهێننە بەردەمی یان بێ ئاگایە لەم كارە.
ئەم نوسینەى من ماناى ئەوە نییە كە دژی لیستی كوردستانیم و لیستێكی دیكەم خۆشدەوێ، بڕوا بكەن تاوەكوو ئێستا كەسێكی بێ لاین و سەربەخۆم و خۆم یەكلایی نەكردووەتەوە دەنگ بە كێ دەدەم، بەڵام ئەوەى لەم نوسینەدا ئاماژەم پێكردووە راستییەكی حاشاهەڵنەگرەوە لەمەكتەب سیاسییەكی یەكێتییەوە تاوەكوو پۆلیسێك دەزانێت كە خەڵك لەدەرەوەى كفرییەوە هێنراوە، تەنها بە مەبەستی قەرەباڵەغی دروستكردن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە