لەم تاوانەش خۆشنابین

Monday, 27/06/2011, 12:00

1352 بینراوە


شەوی ڕابردوو 26/6/2011 كاتژمێر (11) لەكاتێكدا كاروان كەمالی پارێزەری دۆسێی برینداران وشەهیدانی 17ی شوبات و ڕۆژانی دواتر و ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی كاتی مەیدانی ئازادی خەریكی بەڕێكردنی ژیانی ئاسایی خۆی بوو لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا، پاش هاتنەدەرەوەی لە ڕیستۆرانتێك لە گەڕەكی سەرچنار دەدرێتە بەر گولەو بریندار دەكرێ و لەگەلێدا دوو هاوڕێى و گەنجێكی كاسبكار بەردەكەوێ.
لەكاتێكدا كە دەستەڵاتدارانى ئەم هەرێمە بانگەشەی ئاشتى و ئارامی و هێوركردنەوەی بارودۆخى هەرێم دەكەن و خەڵكیان بە "كۆبونەوەى پێنج قۆڵیەوە" سەرقاڵكردوە، یەكێك لە پارێزەرە هەڵسوڕاوەكانى قوربانیان دەدرێتە بەر دەسڕێژی گوللەو خەڵتانی خوێن دەكرێ. ئەم هەنگاوە ترسنۆكانەیەى دەسەڵات ئەو ڕاستیە مەترسیدارە دەسەلمێنێ كە ئەوەی لەڕابردوودا جێی نیگەرانیمان بوو لەهەوڵدانى دەسەڵات بۆ ئەشكەنجەدانی بەرنامە بۆ داڕێژراوی لیستێك لەهەڵسوڕاوو كەسایەتیە دیارەكانی خۆپیشاندان، ئەمڕۆ دەبێت بەكردار، بۆیە دەسەڵات ئاگادار دەكەینەوە لەوەی تەقەكردن لە كاروان كەمال تەقەكردنە لەهەموومان و كولاندنەوەی سەرلەنوێی زامی ساڕێژنەبووی كەسوكاری شەهیدانی 17ی شوبات ڕۆژانی دوایترەو جارێكی تر بریندار كردنەوەی بریندارەكانی خۆپیشاندانەكانە. ئەم هەوڵە مەترسیدارە بەهەڕەشە دەزانین بۆ سەر ژیانی هەموو ئینسانێكی ئازادیخواز و ناڕازى ئەم هەرێمە، ڕێگەگرتن لە تاوانى لەم جۆرەو دۆزینەوە و داداگایی كردنی ئەنجامدەرانی ئەركی سەرەكی دەزگا ئەمنی و پەیوەندیدارەكانی دەسەڵاتە لەم وڵاتەدا و هیچ پاساوێك نیە بۆ ئەستۆپاكى دەستەڵاتداران تا ئەو كاتەى سنورێك بۆ ئەم ترس و تۆقاندنە "پێشتر بەرنامە بۆ داڕێژراوانە" دانەنرێت. سەرەڕای گەیاندنی ئەم كردەوە مەترسیدارە نامرۆڤانە بەدونیای دەرەوە، لەناوخۆشدا بێدەنگ نابین لەم تاوانە و بەردەوام دەبین لەخەباتی مەدەنیانە بۆ بەرگرتن لەبێحورمەتى نواندنى بەردەوام بە ئینسانی كورد، ئەم تاوانەش دەخەینە سەر دۆسیەی ئەو هەموو تاوانانەی پێشوو كەدەرهەق بەخۆپیشاندەران لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدراون.
هیوای چاكبوونەوە بۆ كاروان كەمال وهاوڕێكانى دەخوازین و وەك هەمیشەو بەردەوام ئەم كارە مەترسیدارانە سەركۆنە دەكەین كە بەرامبەر دەنگی ئازاد ئەنجام دەدرێ و داواكارین لە هەموو ئازادیخوازان لەناوەوەو دەرەوەى وڵات بەڕوونى هەڵوێستى خۆیان بەرامبەر بەم سیاسەتى ترس و تۆقاندنە رابگەیەنن.

كەسایەتى و كەسوكارى قوربانیانى خۆپیشاندانەكانى كوردستان
هەڵسوڕاوانى خۆپیشاندانەكانى كوردستان
هاوڕێیانى پارێزەر كاروان كمال
ژمارەیەك لە مامۆستایانى زانكۆى سلێمانى

27/06/2011






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە