نەفەقى مەتاهات! ئیشکالییەتى عەقڵ و (ئافەتى) فەتوا

Monday, 09.07.2009, 12:00

2742 بینراوە


ئەگەر شوێن هەقیقەت بکەویت ئەوە، تا ماوی لەهەر کوێیەک بیت نامۆیی دەستی لەیەخەت نابێتەوە، لێرەوە حەزرەتی نالی فەرموویەتی:
 دائیم لە حەزەردا سەفەری بە، لە وەتەندا
 غوربەت کەش و عاجز بە، گەر ئەهلی تەریقی
 هەر ئەو نامۆییەشە، وای لەکەسایەتییەکى گەورەى وەک کۆنستانتین گۆرگیۆ کردووە، ناچار بێت بڵێت: ((مرۆڤ تەنیا جارێک جێ ی خۆیەتی پیرۆزبایی لێ بکرێت، ئەویش ئەوکاتەیە کە دەمرێت، جێ ی داخە ئەو تاقە جارەش بۆی نالوێت گوێ ی لەو پیرۆزباییە بێت)). ڕۆمانی (کاتژمێری 25).
 
 خەریکی نووسینی چەند وتارێکم، لەسەر بابەتمەندییەتی توراسی مسوڵمانان و تێکگیرانیان لەگەڵ پرەنسیپ و بنەما گشتییەکانی قورئان و تیشک خستنە سەر هەندێک لەو بیروباوەڕە خوڕافیانەی کە شەقامی کوردیان پێ گیرۆدەبووە، وەک مەسسی جنۆکەو، کاریگەری جادوو، چاووزارو، شیکردنەوەی توخمەکانی ئەم بابەتانەو، چەندان باس و خواسی دیکەى گرینگى دینى، عەقائیدى، فیکرى، کە نەک تەنها قەیران و ئیشکالییەتێکی گەورەی مەعریفی، لەسەر ئاستی کۆمەڵگە بەرهەمهێناوە، بەڵکو لەسەر ئاستی نوخبەکانیش کەڵەکەیەکی مۆتەکانەى فەراهەمهێناوە! تەنانەت لایەنە پەیوەندیدارو، ڕۆشنبیرەکانیشیان، بەڕێژەیەکی بەرفراوان لەعیشوەى پاشماوەی ئەم کەڵکەڵە کەڵەکەبووە لێوان لێو لە خورافاتە مەلى فیکرو پەنجەکانیان دەجولێنن!
 ورووژاندنی گەنگەشەکانی زنجیرە درامای یوسفی ڕاستگۆ بەم دواییانە، بۆ من وەک بەرنامەی (دژە ڕەوتی) کەناڵی جەزیرە وابوو، کە بووە هۆی نانەوەی مشتومڕێکی زۆرى نێو خەڵک. هەر لەفەتوادان و، لکاندنی دراماکە بەبابەتی حەلال و حەرامەوە، تا قسەکردن لەسەر چۆنیەتى دەرکەوتنى پێغەمبەران لەکارە دراماییەکان؟
 ئەم مشتومڕە لەسەر تەمسیل دەرهێنان و نواندنى ڕۆلى پێغەمبەران و دەرکەوتنیان لە نێوەندە هونەرییەکان، وا دیارە ئاڵۆزییەکی نامۆو، گەنگەشەیەکی بێهودەی دوای خۆی جێهێشت؟ لەسەر ئاستی فیکری و ڕۆشنبیرییەتی دینی، تا جاڕى فەتواى قەدەغەکردنى دراماکەو، تەنانەت یاساغ بوونی سەیرکردنیشى ڕاگەیاندرا!! ئاخر باش تێنەگەیشتن لە قورئان و، توندڕەوی لە فەرموودە و، مونغەلیق بوون لە عەقڵ و فیکر، ئافەتێکە لە خۆى، (ناى) ژەنینە لە نەفەقى مەتاهات و دەجەلدا!! 
 پەیامە پیرۆزەکان، تێکستی گران بەهان، بروسکەی دەقەکانیان ئاراستەی واقیعە نەک بازنەیەکی بۆش و بەتاڵ؟ چونکە زانینی واقیع و هەڵسەنگاندنی بە چەند پێوەرێک کە دیارترینیان ئیلاهییە، دەستپێکی ڕوانین و (اجتهاد)کردنە کەدواتر هەمان ئەو زانین و تەقویمە دەبێتەوە بە مەحەکی تەنزیل بۆ تەوزیفکردنی ڕۆلى دەقەکان. بەڵام تۆ هەر بێیت دەقە ئیلاهییەکان، بخوێنیتەوە وەک ئاوازی بەبەغا، بیانڵێیتەوە، ئەوە تا ڕۆژی دوایی هیچ لەواقیعەکە ناگۆڕێت!!
 من دەمەوێت لەوەوە دەست پێبکەم، کە ڕۆلی پیاوانی خودا، ڕزگارکردنی گەنج و، کۆمەڵگەکانیانە لەنامۆیی و تەسلیمبوون. لەزەنزانەی سۆزەوە، بەرەو فەیزی ئیلاهی. ئەرکی ئەوان، وەبەرهێنان و داهێنانە، نەک خۆبەستنەوە بەتەقلیدو، خولانەوە لەناو بازنەکانى مێژوو؟؟ دەبێت لەڕوونبینین و موتارەحات، دادمەندو، موتەزین بن دوور لەزێدەڕۆیی و، دیکتاتۆرییەتی، چونکە دیکتاتۆرییەتی ــ ناڵێم ئیسلام، لەبەر ئەوەى خودی ئیسلام پەیامێکی ئاسمانى مرۆڤایەتیە ــ مسوڵمانان دیوێکی دیکەی دیکتاتۆریەتی عەلمانیەتە! هیچ جیاوازیەک لەنێوانیان دانابینم لەزۆر ڕووەوە. بۆیە دەبێت هەردوولا، خوێندن و قەڵەم بکەن بە(نان)!، تا هەموو لایەکمان لێی بەهرەمەندبین، بێ نواندن لە خاڵ و پیتەکان! ئێمە، تا دان بەوە نەنێین کەبەزیوین، لەناوەوە ڕوخاوین، لە تەڵزگەی پیلانگێڕییەتی ڕزگارمان نابێت هەرگیز.
 داخەکەم، کە تێکشکان و، پاشەکشێ و شکستەکانمان، لەسەر ئاستی سیاسی، سەقافی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، شارستانییەتی، بەبیرۆکەی پیلان و سەقافەی پیلانگێڕی، پاساو دەدەین کە ئەمەش یەکێکە لەنەکبەتییە هەرە گەورەکانمان.
 ئێستا لەزەمەنێکدا، ژیان دەگوزەرێنین، کە بەداخەوە زەمەنی فەتواو، سەقافەی پاڵکەوتن و دەست بەخۆ داشۆڕکردنەوەیە، بێ کارۆکتیڤی عەقڵ و، ملکەچى بۆ مەنتیق.
 فەتواکان، جوولەی عەقڵی خەڵکیان ئیفلیجکردووە! جوانی پەیام و ڕەونەقی ئینسانیەتییان، ووردو خاش کردووە. بۆیە ئێمە، پێویستمان بەچەند دەستگەیەکی مەعریفی و، ڕۆشنبیری، هەیە کەعەقڵییاتی ستراتیجی بەڕێوەی ببات نەک فەتوائی؟! وامان لێهاتووە بۆ چوونەسەر دەستشۆییەک یاخود گوێگرتن لەمۆسیقا، یان سواربوونی ئۆتۆمبیل، یاخود تەماشاکردنی دراماو، نازانم چی و چی پێویستمان بەفەتوا بێت؟؟ ئاخر ئەم باس و شتانە، کەی دین قسەی لەسەر کردووەو، ئارگومێنتی لەسەر هەبووە؟ کەى دین، ڕێ نوێنى داوە بۆ چوونە سەر دەستشۆیى و، شێوەى نانخواردن و، چۆنیەتى پاڵکەوتن و، هێشتنەوە یان تاشینى ڕیش و شەکلى قژو، پۆشینى جل و بەرگ و، گوزەرانى زیندەگیمان؟؟!! هەرگیز تەوجیهاتى بۆ ئەم تایبەتمەندییانە نەداوەو، دیاری نەکردووە بۆ مرۆڤەکان شێوەو ڕەوشى ئەم شتانە. ئەمەى جێهێشتوە بۆ ئەعراف و زەوق و ئازادى تاکەکەسى. دوورو نزیک هیچ پەیوەندیەکى بەئایینەوە نییە. بەدیاردە ئیسلامییەکانیش ناژمێردرێت وەک زۆربە واى لێ حاڵیبوون و، تێگەیشتوون؟؟ بەڵکو ئەمە فەقرى فیکرو، عەقڵە، تۆ بێیت ئیقحامى دین بکەیت لە ووردو درشتى ژیان. ئینجا وەک هەڵسەنگاندنێکیش بۆ کارە هونەرییەکان بەکارى بەیت!! بە بڕواى من، یەکێ لەتاییبەتمەندییە هەرە بنەڕەتییەکانى ئیسلام، سنوردانانە بۆ کاروبارەکانى ژیان، بەملکەچکردن بۆ تەجرەبەو، ئەزموونى مرۆڤەکان بۆ بەڕێوەبردنى ڕەوش و هەڵسوراندنى کاروبارەکانیان. ئەم تایبەتمەندییەش لە ڕووداوى متربەکردنى دارخورماکانى مەدینە سەرچاوەى گرتووە. ڕووداوێکى بەناوبانگە وەک لەتوراس داهاتووە. ئەگینا لەگەڵ یەکەم کۆنتاکتى عەقڵ و کتێبدا، دەورەکان دابەشکران و، وشەى بخوێنەو، بەدوویا چوون، بوو بەدیارى بۆ گشت مرۆڤەکان.
 کەواتە ئەم دیاردانە، تەدەیونى ڕووالەتى تاکەکەسین، پێویستە مسوڵمان تەرەفوع بکات لەسەر ئەم دیاردانە. چونکە پەیامی دین، جوانی و، خۆشەویستییە بەمانا فراوانە کەونییەکەی. هیدایەت و ڕەحمەت و ڕێنوماییە، بەرەو مەزنی و تەعالیبوون. بەرەو بەخشندەیى و تەجەللای خودایی و، بەحرى عیرفان.
 خەفەتى پڕ تراژیدیا ئەوەیە، تێزی دکتۆرا لەسەر ئادابی دەستشۆیی و ئەحکامی چوونە حەمام یان ئەحکامى حەشەرات بنووسرێت؟! بێ هودە، ئەم هەموو تاقاتە جوانە بەهەدەر بڕوات؟ ئەم شریخەو هەڵەشەو، خووە نەپساوەی کە پێ ی گرفتارو ئالودەن، بۆ ئەو جەنگە بەناهەق ڕاگەیەنراوە دەگەڕێتەوە، کە لەنێوان خوداو عەقڵ، فەراهەم هاتووەو، هەمیشە، ڕێکلامی بۆ دەکرێت!! هەروەها بۆ ئەو قودسییەتە ناتەندروستەی دراوەتە پاڵ مێژووی مسوڵمانان و، توراسەکەیان، لە فیکرو، مەزهەب و، ڕێبازە جیاجیاکان دەگەڕێتەوە. ئەو توراسەى، سەرەراى ئیجابیاتەکانى، لە سەلبیات و، نابارى و، خوارى و خورافاتیش کە بەدەر نییە! جا گەر شەرم بمانگرێت لە بەیان و باسکردنى سەلبییاتەکان، نەعامە ئاسا ـ کاتێ ملى ژێر لم دەخا ـ هەڵسوکەوتیان لەتەک دابکەین، ئەوە ناتوانین فیکرى بەرهەمدارو، عەقڵییەتى موستەنیر فەراهەم بێنین.
 فاکتەری بنەڕەتی و، هۆکاری هەرە سەرەکی پارچە پارچە بوونی ئیسلام و، دابەشبوونی مسوڵمانان، بەسەر چەند تیرەو تاقم و گروپ و ئایدیاو، مەزهەبێک، بۆ ئیسلامی تەقلیدی، ئیسلامی توراسی، ئیسلامی تاریخی، (ئیسلامی سیاسی)، ئیسلامی شیعى، سوننی، سۆفى، سەلەفى، بە پەراوێز خستنی ئیسلامی عەقلانى، قورئانى و، قووڵنەبوونەوە لە چەمک و، ڕوداوو، ڕاستییە ونبووەکانى ناوى دەگەڕێتەوە. وەک ئازادی ڕەها لە بیرو باوەڕِو، دواخستنی دادگای کەسەکان، بۆ بڕیاری یەکلاکەرەوە لە مەحکەمەی دادگای ئیلاهی لەسەر ئایدیاکانیان.
 دداننان بەڕووگەکانی دیکە، یەکێکی دیکەیە لە حەقیقەتە ونبووەکانی ناو قورئان ((ولئِنْ أَتیْتَ الژِینَ اُوتُوا الْکِتَابَ بِکُلِ ێیەٍ مَا تَبِعُوا قِبْلتَکَ ومَا أنْتَ بِتَابِعٍ قِبْلتَهُمْ ومَا بَعْچُهُمْ بِتَابِعٍ قِبْلە بَعْچ)) ئەمە ئیقراری قیبلەکانەو، ڕەتکردنەوەی قەولەبەو، سنوردانانە بۆ بزوتنەوە ئیکڕاهییەکان لەسەر ئازادى بیروڕا. ئینجا بۆ ڕێگرتن لە گوتاری من لەسەر حەقم! من حەقم! حەق تەنها لای منە، دروشمی ((وإِنَا أوْ إِیَاکُمْ لعَلى هُدىً أوْ فِی چلالٍ مُبِینٍ))مان هەیە، کە بەربەستە لە بەردەم رێکلام کردن بۆ تەکامول و عەدالەتی موتڵەق!
 هەروەها بۆ ڕاهێنانی فیکرو، پرۆگرامکردنى سلوکییات ئایەتى ((کژلِکَ زَیّنَا لِکُلِ اُمَەٍ عَمَلهُمْ)) وەسیەتە، کە تەربیەتێکی رۆحانی یەکانگیرو تۆلێرانسێکی گشتگیرە بۆ تۆخکردنەوەی ئاوازی ((فَاسْتبِقوا الخَیْرَات)) بەناخەکان، کە ئەمەشیان مەرجی فرە ڕەنگی و، پێکەوە ژیان و، بەرپاکردنی دادگەرییە بەهەموو پێوەرەکان.
 لێرەوە، هەزم کردنی ڕوانین و، خوێندنەوەی تێرمە فیکریەکان، دەبێتە ئەرکی رۆشنبیران و، ئەقڵمەندان.
 بەڵام بوون بە(ئامانج!) لەسەر ئەو ڕاوبۆچوونانە، کە بەرهەم و ئەزموونی تەمەنێکى پڕ لە شەونخونى خوێندنەوەیە، بۆ کەسێ بیەوێت دروشمی چاکسازی، ریفۆرمی ئایینی، بکاتە بەرنامەو نەخشەى ژیان، سەیرە! لەسەرى بکەن بە هات و هاوار! ئێمە، پێویستمان بە جیاکردنەوەی دین، بژارکردنی سرووش، لە توراسی مسوڵمانان و مێژووی ئەو توراسە هەیە.
 ئەو مێژووەى، وەک هەر مێژووێکی دیکەی گەلان، قابیلی گۆڕان و ڕەخنە لێگرتن و هەڵکشان و داکشان و عەوامیلە بیئیەکانە.
 بە بیرمە لە ڕابردوودا، کەسایەتییە سیاسییەکان، شەقامی کوردیان بە ڕاو سەرنجە سەرسوڕهێنەرەکان دەورووژاند، بەدەرچوون لەعورفی مەئلوف! لەسەر ئاستی فیکری، سیاسی، سەقافی. بەڵام، ئیمڕۆ شێخ و مەلاکانمان لەگەڵ ڕێزو تەقدیرم بۆ هەر هەموویان بوونەتە ئەستێرەی ساحەکەو، شەقامی کوردیان بە(گەردەلوول)ی فەتواکان ورووژاندووە! لەسەر مینبەرو کەناڵە ئاسمانییەکان، فەتوای ئامادەکراو، لەسەر سیاسەت، ئابوری، (ئیعجاز)ی عیلمی، ئینجازاتی پزیشکی!، ڕاگەیاندن تد... پەخشدەکەن، سەدان و هەزاران (حلول)یان بۆ ووردو درشتی ژیانمان پێیە!! کۆمەڵگەی ئێمەش، زیڕی فەتواو، خووگرتووی پاڵکەوتن و گیرۆدەی ئەم دەردە کوشندەیەن. لەوێوە پێناسەو ڕاڤەی دین وەردەگرێت. هەر لەوێوەش فۆڕمی فەتوا، بەرگێگی موقەدەس بەبەرخۆی دادەکات. کە ئاشکرایە ئەم فۆرمە و تێگەیشتنانە مەفهومی موقەدەس نین، تا بەرگی قودسییەت بوونی بەبەردا بکرێت؟؟ ئەوە دەقەکانن، سازو گونجاو، کە زۆربەمان ئیمڕۆ پێچەوانەکەی هەڵسوکەوت دەکەین هەر لە ئیمان و، عەقیدەوە، ڕابگرە، تا شەریعەت و سلوکییات.
 بۆ مەسەلەى تەقدیسبوونى توراس و، ئاکامەکانى و، ڕەخنەگرتن لە بیرو بۆچوونە مێژووییەکان، لە جەهل پیشەییدا، دا بەکورتى تیشکمان خستۆتە سەر ئەم مەسەلەیە. لە ئایندەدا گەر تەمەن بوارى داین بەتێرو تەسەل بۆى دەگەڕێینەوە.
 گوتمان، ئێستا موفتییەکان بوونەتە ئەستێرەی ساحەکە! بۆ وێنە گەر سەرنجى شێخ موحەمەد حوسێن ئەلفەللاحی، زاناى عێڕاق، بدەین کە بەم دواییانە فەتوای حەڕامکردنی حەج و، عەمرەو، (پێکەنینی!) دەرکرد ئەویش بۆ ماوەیەکی کاتی لەبەر چەند هۆکارو، هەبوونی ڕووداوگەلێک، کە دیارترینیان داگیرکردنی خاکی عێڕاقەو، دەست بەسەرکردنی خەڵکەکەیەتى لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا. کەبووەتە هۆی ئەوەی خەڵکەکە خوێنیان بەهەدەر بڕواو، ناموس و شەڕەفیشیان ئەتک بکرێت؟! سەربەسەر نێت دابگرە، لەوێدا وێنەى بەرگى پەرتووکێک بەناوى (موعادەلە سفرییە) تێبینى دەکەیت، کە فەتواکەى لە خۆگرتووە. ئەم فەتوایە بووەتە مایەی ڕەخنەو ناڕەزاییەکى زۆرى شەقامی عێڕاقى، بەتایبەت (زانکۆی ئەزهەر)، کە داخى گرانم، پۆلێک لە شێخ و زاناکانى ئەم زانکۆیەش، ئالودەى ئەم ئافەتەن و بەتوندى گیرۆدەین، بەدەرکردنی چەندان فەتاوای سەیرو سەرسوڕهێنەر لەبوارە جیاجیاکان، کە مرۆڤ قێز لەسەرد و باسکردنیان دەکا. بۆیە بەنمونەش ئارەزووی گێڕانەوەیان ناکەم. ئاخر ئەم فەتوایەو، نمونەی چەندان فەتاوای دیکە کە زاناو شێخەکان، لە تەواوی جیهانی ئیسلامی (بەتایبەت مەملەکەتى ئال سعود!) گیرۆدەی خوڕافاتین، جگە لەجمودی فیکرو، قووڵنەبوونەوە لە دەق و بەکارنەهێنانی عەقڵ و، ئالییەتەکانی دەستەبەرنەکردنی بەرژەوەندیەکان، چیتری لێ دەخوێندرێتەوە؟! ئێمە خۆمان کردۆتە نوێنەری خودا لەسەر زەوی، لەجیاتى ئەو بڕیار دەدەین. بەفەتوا هەڕەمەکییەکان ووردو درشتى ژیانمان دەپێوین. حەڵاڵ و حەرام کە مافی ڕەهای خودایە، موفتییەکان (نوێنەران)، ئەو مافەیان زەوت کردووەو، مۆنۆپۆلیان کردووە.
 ئەم قەهرە قووڵە! وای لەکەسایەتییەکی بەتوانای وەک تورکی ئەلحەمەد کردووە، لەیەکێ لە ڕۆمانەکانیدا ئەوە بدرکێنێت: ((مسکین أنت یا الله! دائماً نحملک ما نقوم به من أخگاو)) بەڵێ، ئەلحەمەد موعاناتى هەیە کاتێ دەڵێت: (لات و مەلول، لێقەوماو خودا! ئەو هەڵانەی دەیکەین بەردەوام ئەیخەینە ئەستۆت)؟؟
 گوتم، دەبێت فەرزی دین بکرێت لەئەزموونی مێژوو، توراس و، بەرهەمە فیکریەکان. چونکە بەرهەمەکان، بە فەرموودەکانیشەوە، پلاتفۆرمى دەقە باڵاکان و، مۆتیڤى سلوک و، هەوێنى حاشییەى نەگۆرو، هامیشە بەپیرۆز زانراوەکانن! جا ئەم حاڵەتە بەرلەوەی تەعەسوبى مەزهەبى، فیکرى، یان حیزبى، فەراهەمبێنێت، کە فەراهەم هاتووە وەک ڕوون و دیارە. دەبێت سەرجەم بەرهەمە فیکریەکان لە بێژینگى تێکستى مەزن بدرێن. حەواشییەکان، یەکانگیر بن لەگەڵ بنەما گشتییەکانى. تاکە دیسپلینیش بۆ لە قالبدانی هەڵسوکەوتى پێغەمبەرو یارو یاوەرانی و شوێنکەوتووانی (کە کۆی تاریخ و سەرجەم توراسی مسوڵمانان پێک دێنێت) تەعالیمەکانی ئەو کتێبەن. بۆ پراکتیککردنی دروشم و تەعالیمەکانیش، هەڵسوکەوتی پێغەمبەر، نمونەی بەرجەستەکراوی سرووتەکانى ئەم کتێبە پیرۆزەن.
 کارکردن بۆ ریفۆرمی ئایینی و، تێخوێندنەوەی نوێ بۆ فۆرمە بەسەرچووەکان، پێویستی بەچەند دەستگەیەکی مەعریفی و، ئەکادیمی هەیە، کە ئێستا قەیرانیبوونی وەها دەستگەیەک، خۆى بووەتە خەمێک، خەمێکی گەورە، لەسەر ئاستى مەعریفى، فەلسەفى، دینى. دەستگەیەک کە بیرمەندو، عەقڵییاتی ستراتیجی، بەڕێوەى ببات. نەک عەقڵییاتی سەتحى فەتوائی، وەک مەلۆتکەى مردوو بۆ عەقڵێکى هولامى کە خورافەت خواردبێتى وایە؟! ئەم عەقڵییەتە، (ناى) ناو دەیجوورەکانە، کە لەنەفەقى دەجەلدا دەژەنرێت. ئەمەش هەنگاونانە بەرەو دوواوە. بەرەو مەتاهات! کە خۆى لە ئیفلیجبوونى عەقڵ و بەندکردنى فیکر دەبینێتەوە.
 ئێمە پێویستمان بەوان بیرمەندانەیە، کە لەڕخنەگرتن سڵ ناکەنەوە. بوێرانە شەن و کەوی (ئایکۆنە) بایکۆت کراوەکان دەکەن. با ئەم قابلیەت و جورئەتە (رۆحییەتی ڕەخنەگرتنە)، بکەینە هەوێنی دیدی نوێی دونیا بینیمان. ڕێگە نەدەین (دین) لەکایەی خۆی دەرچێت. چونکە هەرکاتێک (دین) لەکایەی خۆی دەرچوو، تێکەڵ بەفەزایەکی ناتەندروست دەبێت. ڕەنگدار دەبێت بەعورف و عادات و تەقالید. ئەمەش زوڵمە لەخودی دین. بۆیە دەبێت زادەی بیرو، دیدگای تێڕوانینەکانمان، نەکەینە مەحەک بۆ لەقالبدانی خەڵک و بەخشینی فۆڕمی گران، کێ بۆ بەهەشت و کێ بۆ دۆڕان؟! ئەمە هاویبوونە! بۆیە دەبینین ئاین، ئەوەندەی بەدونیای مێژوو، دابونەریت و، دەرهاوێشتەکانی تەنراوە، چارەگی ئەوەندە بە سرووش، نەتەنراوە؟
 جمودی فیکری فەتواکان، لەکۆپی کردنەوەى بەردەوام دان! پڕ ناسۆرترین مەینەتی فەتواکانیش ئەوەیە، کە هێشتا بەرگوێمان نەکەوتووەو، گوێمان لێی نەبووە، کە مووی سەر (سپی) دەکات! گەر قەدەر ڕێگەى دا، پێیان ئاشنا دەبین، جا یان هۆن هۆن ئەسرین دەڕێژین، یان بەحەسرەتەوە دەکەنین!! تۆ کە لەسەر چەند بابەتێکی کۆن و، چەقبەستوو، تێخوێندنەوەکانت بنیاتناوە، سەرچاوەی ئیجتیهادو، ئیلهامی بەسیڕەت و، تێڕوانینەکانت لەوێ، لەقسەی پێشینان و تەفسیراتی بەسەرچوو، ئەحکامە شەرعیەکان، لە تێکستە مێژووییەکان (سیرەو فیقە) وەردەگریت، بەرهەمەکەی هەر ئەوە دەبێت کە دەیبیسین و، دەیبینین و، دەیخوێنینەوە لەفەتوا سەرسورهێنەرەکان!! بەبڕوای من، تا گوتاری دەستگە ئاینییەکان مەحەک بێت، ئەبجەدییاتی گوتار، کامە حەق و، کامەیە باتڵ، ئەوان دیاریی بکەن، پێناسەیەک لەم نێوەندەدا بۆ چەمکی حەق نامێنێتەوە؟ چونکە مافناس و حەقناس، هەر خۆیانن. هەر بەوانیش حەق دەناسرێت. کەواتە حەق مەحەک نییە بۆ ناسینى ئەوان و، هەڵبژاردنیان؟؟
 بەسە ئیتر، باچیتر ئیسلام، لەگۆشە نیگایەک و قالبێکی دیاریکراو، مەلاس نەدەین. چونکە مەقاسیدەکانى ئیسلام، لەوە گەورەترن کە لەبارەیانەوە دوان دەکەین. ئیسلام، خۆی لەدادگەری و کەڕەم و، دلسۆزی و، سدق و، وەفاو، سەماحەت (تۆلێَرانس) و، ئاشتى دەبینێتەوە، کە گشتیان بەهای بەرزو پیرۆزن. بەڵام زنجیرە هەڵەیەک کۆمەڵە هەڵەیەک بەدوای خۆی دادەهێنێت. تاوانیش تاوانى ئەو کەسە نییە کە لەکۆندا شتێکى گوتووە. بەڵکو تاوان، تاوانى ئەو کەسەیە کە تەبەننى ئەمان فەتواو بۆچوونە دیاریکراوانە دەکات، کە لەزروفێکى دیاریکراو، مێژووێکى دیاریکراودا، فەراهەم هاتوون!!، گەنگەشەى ڕا کۆنەکانى فوقەهاو، فەتواى موفتییە نوێکان و، ڕەخنەلێگرتنیان، دەرچوون نییە لە دین. یاخود ڕەخنەگرتن بێت لە خودى دین! یان کێماسیکردن بێت بەرامبەریان هەرگیز. چونکە شرۆڤەو ڕایە کۆنەکان، بەتێخوێندنەوە نوێکانیشەوە، زادەی بیرن، موقەدەس نین، تا ڕەخنەیان لێ نەگیرێت، بەڵکو قابیلی گۆڕان و، قسە لەسەرکردنن.
 ئێمە دەبێت تیشک بخەینە سەر ڕاو، برینەکان، بێ گوێدان بەهات و هاوار!! حەقائیقەکان وەک خۆیان چۆنە ئاوا ڕایبگەیەنین، تا نەوەکانمان بەهەڵە پەروەردەو، چەواشە نەکرێن بەناوی دینەوە. ئێمە لەمێژە موبتەلاین، بەسەرپێچیکردن لەوان تەعالیم و ڕەهەندە خوداییانە. کە باجێکى فیکرى قورسە! بۆ نەوە داهاتووەکانمان.
 زەروورە بۆ ئێمە بەوپەڕی ئازادی و دادپەروەرى، باسی سەلبیاتەکانی ناو ئەو مێژووە بکەین. بۆ گەنج و لاوەکان، دیاری بکەین، تا بەرگی قودسییەت ڕاماڵین لەناو دڵ و مێشکیان، بەرامبەر بەهەڵسوکەوتی تاکەکەسى. پێیان بڵێین، ئەوانیش مرۆڤن، هەڵە دەکەن و، پیرۆز نین. باسی هۆکارەکانی لادانی سیاسی و، فیکریان بۆ بکەین، بەوپەڕی سەربەستی و، دادگەری، تا بزانن، چۆن مامەڵە لەگەڵ چمک و، فۆرمی پێناسەکان و، فایلە بایکۆت کراوەکان دابکەن.
 پێیان ڕابگەیەنین، بتێک!، کە لەسەدەى سێیەمى هیجرییەوە، دروستكراوه، ئێستا لەناو مێشکی مسوڵماناندا قودسییەتى وەرگرتووە. دەبێت بایکۆت بکرێت و، نابوت. لە پاشان تێکبشکێنرێت بەرلەوەی لەناو کەللەی نەوە داهاتووەکانماندا سازبکرێتەوە!!! 
 ئەو بتەى، کە بووە بە وەیل و، تەوق و، بەڵا بۆ گەردنى ئەوان و، ئێستاش گەردنى ئێمەو، داهاتووش گەردنى نەوەکان!! 
 زۆربەی هەرە زۆرى گیرو گرفتی ئەم باس و خواسانە، کێشەى پرسیارە زۆر بەربڵاوو، وەڵامە حازر مێژووەکان، کە لەناو تونێلی توراس و، مێژووی سەر بەدونیای بەسەرچوو دەستەپاچە! لەسەر ئەوەیە، کە کێشەو، پرسیارەکان، ورووژاندنى زۆربەى مەسەلەکان، لەبرى بەکەیاسەت کردن، ملکەچی پرۆسەی بەسیاسیکردن کراون.
 ئیدى بتڤان و بت گەلى ناو کایەکان بەردەوام لەسازکردنەوەدان بەناوى جۆراو جۆرەوە دەبێت وەستایانە، ئیبراهیم ئاسا، تێک و پێک بشکێندرێن تاکو لەپەیژەکانى پەرەنما خێراییەکان شۆک دانەمێنین و، لەوە زیاتر نەبینە گەپکەرو گاڵتەجارو دەمەتەقێ ی جیهان!!