بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


یەكێتى وپارتى دوو حزبی ناوچەیی

Saturday, 01/05/2010, 12:00


یەكێتى وپارتى، كە خۆیان بە دوو حزبی نیشتمانى، نەتەوەیی دەزانن،بەڵام لە واقیعدا هەر یەكەیان نوێنەرایەتى دەڤەریەكى دیارى كراو دەكات. لەوەتەى پارتى لەساڵى (1946) دروست بووە، لە دەڤەرى سلێمانى و گەرمیان و كەركوك و...ئامادەگى نەبووە، تەنانەت لە كاتى شۆڕشی ئەیلول، بەسەرۆكایەتى مەلا مەستەفا، كەتاكە حزبێكى سەرتاسەرى كوردستانى بووە، بەڵام هەر نەیوانیوە دەسەڵاتى تەواوى بەسەر ئەو دەڤەرانەدا هەبێت كە ئاماژەى پێكرا. هەر چەندە شۆڕشی ئەیلول قوربانى زۆریدا لە پێناو كەركوكدا، بەڵام دەرەنجامەكانى هەڵبژاردنى 7/3 سەلماندنى بۆ پارتى كە كەركوك دڵی كوردستان نییە.
یەكێتیش بەهەمان شێوەى پارتى، لەوەتەى لەساڵى (1976)ەوە دامەزراوە، لەدەڤەرەكانى دهۆك وئاكرێ وبادینان و بارزان و بەشێكى موسڵ و...ئامادەگى نەبووەو بێ نفوس بووە.
شارى هەولێریش لە نێوان هەردووكیاندا دابەشبووە، هەر چەندە هەندێكجار دابەشبوونەكە ناهاوسەنگ بووەو لایەكیان بەسەر لایەكەى تریاندا باڵادەستتربووە. واتە ململانێ تووندەكە لە شارى هەولێرە.
ئەم دابەشبوونەى جوگرافیاى سیاسی لە نێوان یەكێتى و پارتیدا، بووەتە هۆی دابڕانى كولتوور ى و سایكۆلۆژی و ئابوورى و زمانى...هاوبەش لە ناو چین وتوێژەكانى كوردستاندا، ئەمەش كاریگەرى خراپی لەسەر ئاییندەى نەتەوەى كورد دەبێت و دەرەنجامى خراپی لێدەكەوێتەوە.
حزب هەمیشە هەوڵدەدات زۆرترین كەس و دەڤەر بۆخۆی كۆنترۆڵ بكات و كولتوورى حزبی خۆی باڵادەست بكات، بەڵام دوواجار ئەوە تاكەكانن (هاوڵاتیانن) كەخۆیان بەسەر ئەو دوو حزبەدا دابەش كردووەو ئەو دوو حزبەیان بەسەر ئەو ناوچانەدا فەرز كردووە. كەواتە بەشێكى ئەم دابەشبوونەى جوگرافیاى سیاسی، پێوەندى بە ئاستى وشیارى و هەڵبژاردن و ئینتماى هاوڵاتیانەوە هەیە بۆ حزبەكان.
هاوڵاتى (شەماڵ تەها) لە شارى سلێمانى، پێی وایە بژێوى ژیان و لایەنە ئابوورییەكە واى كردووە، كە زۆرینەى خەڵكى كوردستان بەسەر ئەم دوو حزبەدا دابەش ببەن "لەو دەڤەرانەى كە یەكێتى باڵادەستتە، ژیان ومووچەى هاوڵاتیانى ئەو دەڤەرەى بەدەستتەوەیەو دەیانژێنێت، بۆیە خەڵكیش بەناچارى لە كاتى پێویست و دەنگداندا هەر یەكێتى هەڵدەبژێرنەوە، بۆ ئەوەى نان و بژێویان نەبڕێت، بۆ پارتیش بەهەمان شێوە". ناوبراو ئەمە بە مەترسییەكى گەورە دەزانێت ودەڵێت "حزب لەرێگەى نان ومووچەوە هەموو خەڵكى كوردستانى بەحزبی كردووە، ئەمەش مەترسییەكى گەورەیە بۆ ئاییندە، چونكە ئینتماى نیشتمانى لە رووحییەتى تاكەكاندا دەكوژێت وئینتماى حزبی و كولتوورى حزبی پەرەسەنێت ، ئەوكات خەڵكى ئینتمایان بۆ حزب دەبێت نەك نیشتمان، بەرژەوەندى حزب لەپێش بەرژەوەندى گشتییەوە دەبێت".
شاڵاو ئەحمەد پێی وایە ئەم دابەشبوونە هەر یەكێتى وپارتى نەگرتووەتەوە، بەڵكو زۆربەى حزبەكانى كوردستان بەمجۆرەن. ئەوەشی وت كە "مێژووى دابەشبوونى جوگرافی سیاسی مێژووەیەكى كۆنى هەیە، هەروەها هەتا ئێستا هیچ حزبێكى كوردى، یان هیچ بزووتنەوەو شۆڕشێكى كوردى نەیتوانیوە سەرتاسەرى و نیشتمانى بێت، بەڵكو هزرى عەشیرەتگەرى ودەڤەرگەرى بەسەریدا زاڵبووەو سەركردەكانى سەر بەدەڤەرێكى دیاریكراو، یان بنەماڵەیی بوونە". پێشی وابوو كە بەشێك لە هۆكارەكەى دەگەرێتەوە بۆخوودى یەكێتى و پارتى "رەنگە ئەمە سیاسەت یان رێكەوتنى نێوان ئەو دوو حزبەبێت، چونكە هەر لەئینشیقاقەكەى ساڵى (1964)ەوە كوردستان بەسەر دوو سەركردە یان دوو حزبی سۆرانى و بادینى (تاڵەبانى وبارزانى)دا دابەشبووە، واتە پارتى سلێمانى ویەكێتى دهۆكى فەرامۆش كردووەو ئەو دەڤەرانەیان رادەستى یەكتر كردووە". نابراو جەختى لەسەر ئەوەش كردەوە كە بەشەكەى تریان پێوەندى بەوشیارى تاكەكانەوە هەیە "هەتا ئێستا تاكى كوردى وشیارییەكى راستەقینەو خوودیانەى نییە، چونكە حزب لە وڵاتى ئێمەدا بووەتە ئامانج نەك ئامراز، بەپێچەوانەى ئەورووپاوە كە حزب ئامڕازە بۆ گەییشتن بەئامانج. واتە راهاتووە لەسەر ئەوەى كە خەڵكى تر لەجیاتى بڕیار بدات. تێڕوانینى خەڵكى بۆ ئەم دووحزبە واى كردووە كە بەو جۆرە بن. واتە لەكاتى دەنگداندا هەر ئەو حزبە هەڵدەبژێرنەوەو بەچاكەو خراپەوە قبوڵێتى، ئەمەش تێڕوانینێكى خراپە. رەنگە ئەم خۆدابەشكردنەش ناچارانەبێت نەك ئارەزوومەندانە".
ئەوین حەمەئەمین، پێیی وایە تاكەكانى ئێمە خێڵایەتى وناچەگەرێتى دەكەن نەك حزبایەتى بەمانا سیاسی وزانستەكەى "تاكەكانى ئێمە خێڵێكین وخراپەكەى خۆی نادات بە باشى خەڵكی. ئەگەرتاكێك وشیار بێت، نابێت خەڵكى ئێرە هەر دەنگ بدات بە یەكێتى و خەڵكى دهۆكیش بەپارتى، بەڵكو دەبێ دەنگ بدەین بەو كەس و حزبەى كە خزمەتمان دەكات. لێرە وەكو كارەكتەرێكى سیاسی و زانستى سەیرى حزب ناكرێت، بەڵكو هەر وەكو خێڵ و عەشیرەتگەرى سەیرى حزب دەكرێت. هەتا خەڵكیش خۆی دیموكراتخواز نەبێت حزبیش ناتوانێ دیموكراتخواز بێت". ئەوەشی وت "ئەم دابەشبوونە تارادەیەكى زۆر كاریگەرى لەسەر زمان وكولتوور وسایكۆلۆژی هاوبەشی تاكەكانى كوردستان دەبێت و دەرهاویشتەى خراپیشی لێدەكەوێتەوە".
هەر لەم بارەیەوە، جەمال حاجى، هاوڵاتى لە شارى دهۆك، دەڵێت "لەبەر ئەوەى دەسەڵاتى پارتى بادینى بوونە، دەڤەرى بادینان هەموویان پارتین، بۆیە پارتى زۆرینەیە". ناوبراو رەتیدەكاتەوە ئەم دیاریدەیە پێوەندى بە تاكڕەوى حزبەكانەوە هەبێت "لەدهۆك هیچ فشارى سیاسی نەبووە كەزۆرى لەخەڵك بكرێت دەنگ بداتە پارتى یان هەر حزبێكى تر. بەڵكو خەڵكى ئارەزوومەندانە كاندیدەكانیان هەڵبژاردووە".
سەلام عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقى (4)ى پارتى دیموكراتى كوردستان لە سلێمانى، بەشێك لە هۆكارەكەى گەڕاندەوە بۆ نسكۆو ئینشیقاقەكەى ساڵى (1964) كە لەناو پارتیدا دروست بوو "ئینشیقاقەكەى ساڵى (1964) كە لەناو پارتیدا روویدا، پارتى كردە دوو بەرەوە، خەڵكانێك لەدەڤەرى سلێمانى لایەنگرى مەكتەبی سیاسی بوون و دەڤەرى بادینانیش لایەنگرى مەلا مستەفاى رەحمەتیان دەكرد. هەروەها ئەو نسكۆیەى كە لەساڵى (1957) بەسەر شۆڕشدا هات، پێشمەرگەكان لەدەڤەرى سلێمانى كشانەوە، دوا بەدوى ئەوەش یەكێتى دروست بوو كە زیاتر سەنگیان لە سلێمانى بوو، پارتیش زیاتر سەنگى لەدهۆك بوو، لێرەوە دابەشبوونى جوگرافى سیاسی لە نێوان یەكێتى وپارتیدا هاتەئاراوە".
ناوبراو بەمجۆرە پاساوى بۆ ئاسایی نەبوونەوەى دۆخەكە هێنایەوە كە لە ساڵى (1975)ەوە دروست بووە "هۆكارەكەى دوور بوونى حزبەكانە. ئێمە وەكو پارتى دوور بووینە لەم دەڤەرانە، بەڵكو زیاتر لەژێر كۆنترۆڵى یەكێتى دابووە، بادینانیش لەژێر كۆنترۆڵى پارتى. ئێستا واقیعێك دروست بووە كە بارودۆخەكە بەو شێوەیە بێت، بەڵام بەو جۆر نییە كە ئەو دەڤەرانە لەسەر لایەنێك تاپۆ كرابێت، ئێمە لەسلێمانى ویەكێتیش لە دهۆك بوونیان هەیە".
بەرپرسەكەى پارتى رەتیدەكاتەوە كە ئەم دابەشبوونە پێوەندى بە لەهجەى سەركردەى حزبەكانەوە هەبێت كە سەركردەى پارتى، بادینى و هى یەكێتى، سۆرانیییە "بڕواناكەم پێوەندى بە ئەوەوە هەبێت، چونكە حزب كەخەبات دەكات حیساب بۆ لەهجە ناكات، بەڵكو حزبایەتى بریتییە لەئایدۆلۆژیا، بڕواناكەم لەهجە كاریگەرى هەبێت".
بەرپرسی لقى چوارى پارتى پێی وایە ئەگەر پانتایی ئازادى سیاسی بەرفراوان بێت و بۆ هەمووان دەستەبەر بكرێت ئەوا دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوەو هاوكێشەكە دەگۆڕێت "ئەگەر دەرفەتى ئازادى رادەربڕین و ئازادى سیاسی بۆ هەمووان وەك یەك بێت، بڕوام وایە ئەم هاوكێشەیە دەگۆڕدرێت. ئێمە قەناعەتمان وایە لایەنگرانێكى زۆرمان لەسلێمانى هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەى دەرنەكرێن یان لەوەزیفەكەیان نەگوازرێنەوە، نەیانوێرا وەكو پارتى خۆیان دەربخەن. هەر كاتێك بارودۆخەكە ئاسایی بێتەوە ئەوكاتە چی لەسلێمانى یان لەدهۆك یان لەهەر دەڤەرێكى تر، هاوكێشەكەدەگۆڕێت".
ئەم بابەتە لەژمارە (7)ى گۆڤارى (راڤە)دا بڵاو بووەتەوە.

هەولێر
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە