ترسناکیەکى زۆر گەورە بۆ سەر ژینگەى کوردستان..

Friday, 13/07/2012, 12:00

1185 بینراوە





بە بیابان بوون هەڕەشە لە کوردستان دەکات.

رۆژانە بە بەردەوامى گوێمان لە وڵاتانى تر دەبیت کە چۆن هەندێکیان بەر لافاو کەوتوون و هەندێکیان گڕکان و هەندێکیان بوومە لەرزە و هەندێکیان کەم ئاوى و ............ هتد. بەڵام بە تەواوى ژینگەى کوردستانمان پشتگوێ خستووە و لەگوێ ى گایا نوستووین.
بەڕاى من کاتى ئەوە هاتووە کە لەو خەوە قووڵە هەڵسین و بە تەواوى ئاگادارى ترسناکیەکانى گۆڕانى کەش و هەواى دەوروبەرمان بین.
من ئەم لێکۆڵینەوەم تەنها لەسەر هەولێر و دەوروبەرى کردووە. وە ناشزانم ئایا شارەکانى ترى کوردستان چۆن رووبەرووى ئەو کارەساتە بوونەتەوە. بۆیە بە کورتیەک باسى ترسناکیەکانى هەڕەشەى ژینگەیى سەر شارى هەولێر دەکەم.
ئەگەر گەورەکانمان بیریان بێت لەکۆنەوە دەشتى قەراج کە سەر بە شارۆچکەى مەخموورە ساڵانە باشترین دانەوێڵەى دەهات و زۆریش بە ناوبانگ بوو. بەڵام ئەوەتە ئێستا ووشک بووە و لەکۆى نزیکەى ملیۆنێک دۆنم زەوى تەنها 26 هەزارى گەنم و جۆى لێ چاندراوە ئەویش بەهۆى بیرى ئیرتیوازى و ئەوانەى لە رووبار نزیکن. ئەگەرنا ئەویتر ماوەى هەشت ساڵە یەک دنکى لێ شین نەبووە. بەڵکو دەشتێکى بیابانى رەق و رووت ماوەتەوە.
ئەمە تا چیاى قەرەچووغ. با لەو چیایە بپەڕینەوە و بزانین دەشتى کەندیناوە چۆنە.
کەندێناوە دواى قەراج باشترین گەنمى هەبوو و بەردەوام بارانى لێ دەبارى. بەڵام ئەوەتا ئەویش دواى ووشکبوونى قەراج دەستى بە نەمانى باران و ووشکبوونى زەویەکەى کردووە و بە تەواوى زەویەکانى لەناوچوون تا دەگاتە زوورگە زراو. ئەویش ئەمساڵ تەنها نزیکەى 20 هەزار دۆنم گەنم و جۆى هەبووە.
کەوایە ئەویش لەدواى قەراج ووشکبوو. دواتر و ئێستا دەبینین دەشتەکانى شەمامک و هەولێر پیت و بەرەکەتى نەماوە و زۆربەى ووشک بووە. ئەگەر بیرى ئیرتیوازى نەبێت ئەوا ئەویش ناتوانێت پشت بە باران ببەستێت و بە کەڵکى چاندن نەماون.
ئێستا تا ئێرە ووشکەساڵیمان زانى. باشە بابزانین باکورى هەولێر چى بەسەر هاتووە؟
جاران سەیرانگاکانى درۆپە و هەنارە و بنارى سەفین و شێخ توراب و دوین و ئەمانە هەمووى پڕ لە کانى و ئاو بوون و خەڵک بەهاران و تەنانەت هاوینانیش بۆى دەچوون بەمەبەستى حەسانەوە. بەڵام بەهارى ئەم ساڵ و چەند ساڵانى رابردوو بەچاوى خۆمان بینیمان کەچۆن هەر لەسەرتاى بەهار ووشک دەبوون و ئاویان نەدەما.
سەیرانگاى درۆپە کە پێشتر ئاوى لەبەر دەڕۆیى. ئێستا هیچ ئاوێکى نەماوە و وشک بووە. هەروەها هەنارەش بەهەمان شێوە. وەهیچ کانیەکیش ئێستا لە بنارى سەفین نابینرێ. بیگومان ئەمانەش دواى دەشتى هەولێر گۆڕانکاریان بەسەرهات و ووشک بوونە. بەڵام دواى ئەویش وشکبوونى زەوى بەردەوامە و ئەوەتا دەبینین دەشتەکانى هەریر و شەقڵاوە و ئەو ناوچەیەى نێوان چیاى سەفین و چیاى سپیلک بە تەواوى ووشک بوون و ئاوەکانیان کەمى کردووە.
ئەمانە هەمووى ئاماژەى ترسناکن بۆ داهاتووى هەولێر. وە ئەگەر سەیرێکى باسەکانى سەرەوە بکەین سەرەتا دەبینین کە ئەم وشکە ساڵیە لە مخموورەوە دەست پێ دەکات و بەرەبەرە نزیک دەبێتەوە لە هەولێر و دواتریش دەپەڕێتەوە بۆ باکوور و هەرچى هاتۆتە پێشیشى ووشکى کردووە و خاکەکەى کردۆتە بیابان.
زۆر ترسناکە کە ئێمە بەم شێوەیە نووستبین و تا ئێستا دەسەوەستان بین. چونکە ئەمانە هەمووى ئاماژەن بۆ بەبیابان بوونى خاکى کوردستان.
لەمەش ترسناکتر سەرچاوەى ئاوى هەولێرە. کە سەرچاوەکەى لەسەر رووبارى گەورەیە (کەلەک). ئەگەر ئێمە سەیرێکى ووشکە ساڵیەکە بکەین دەبینین کە لە باشوورەوە بەرەو باکوور هەڵدەکشێ. بێگومان ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەى کە لە داهاتوودا دەگاتە سەرچاوەى ئاوى زێ ى گەورەو بەرەو کەمبوونەوە یان ووشکبوونى دەبات. بۆیە بەڕاى من دەبێت هەرچى زووە بەنداوێک لەسەر ئەو رووبارە درووست بکرێت و ساڵانە ئەم هەموو ئاوەى بەبێ سوود نەڕوات. چونکە ئەگەر وابڕوات لەماوەى پانزە بۆ شانزە ساڵى تر ئەو ئاوە بەرەو کەمبوونەوەیەکى یەکجار زۆر دەروات و دوورنیە وشکیش بێت. ئەوکات کارەساتێکى مرۆیى گەورە یەخەى هەولێر دەگرێت.
هەروەها ئەگەر سەیر بکەین ئاوى ژێر زەوى هەولێریش لە کەمبوونەوەیەکى یەکجار زۆر دایە و چەندان بیر وشکیان کردووە. ئەمەش دووبارە ئاماژەیەکى ترسناکە بۆ هەولێر.
ئەمانە و چەندین نیشانەى تر پێمان دەڵێن کە ئێمە رووبەڕووى کارەساتى مرۆیى سەخت دەبینەوە. بۆیە پێویستە هەر ئێستا بەئاگا بێینەوە و چارەسەر و بەدیل دابنێین بەر لەوەى هیچ شتێک ڕووبدات. بەو هیوایەم بەرپرسان بیرێک لە ژینگە بکەنەوە و هەنگاو بەرەو چارەسەرى بنێن


بەدواداجوون
ژیار نانەکەلى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە