تێگەیشتنى هەڵە لەسیكۆلاریزاسیۆن

Tuesday, 31/08/2010, 12:00

3624 بینراوە


(سیكۆلاریزاسیۆن،سیكۆلاریزم،یان سێكۆلار) لەبنەچەدا زاراوەیەكى لاتینییە.ئەم چەمكە لەزمانى عەربیدا بە(عەلمەنەت یان عەلمانیەت) وەرگێڕدراوە. لەزمانى كوردیشدا بە(دونیایی یان دونیاگەرایى)ناودەبرێت،كەبریتییە لەوڕێبازوتێڕوانینە سیاسییەى،كەخوازیاروكۆششكارەبۆجیاكردنەوەى دامودەزگا سیاسییەكان لەدامەزراوە ئاینییەكان،هەروەها بریتییەلە بێلایەنبوونى دەوڵەت ودامەزراوە گشتییەكان لە كاروبارە تایبەتییەكانداو فەراهەمكردنی ئازادى بۆهەموو ئاینێك بەجۆرێك لەوەها حاڵەتێكدا دەوڵەت جیاوازى ناكات لەنێوان هیچ ئاینێك،واتا نە هیچ ئاینێك فەرامۆش دەكات نەلایەنگریش لەئاینێكى دیاریكراو دەكات.ئەم جیاكردنەوەیەى كایەی(ئاین و سیاسەت)یش ,سەرەتا لەئەوڕوپادا بەربنەماى ڕەوتێكى مێژوویی ولەئەنجامى خەباتێكى دوورودرێژو سەخت وەدیهاتووە بەلایەنى كەمەوە پێنج سەدەى خایاندووە تا كۆمەڵگاكانى ڕۆژئاوا بەوئاستە پێشكەوتووە بگەن. فەیلەسوفانى وەك(هۆبزو لۆك وسپینۆزاو ڕۆسۆو كانت وهیگل وماركس) لەسەردەم و قۆناغی جیاجیادا تیۆریزەیان كردووە،تا ئەو فۆڕمەى ئێستاى وەرگرتووە.پشوودرێژى وخەبات وململانێوبگرە شەڕوكێشەیشى تێكەوتووە تاسەقامگیربووە.بۆیە تێگەیشتن لەم چەمكە بەبێ خوێندنەوەى مێژووى فكرى ئەوڕوپا بەبۆچونى من كارێكی ئەستەمە.. ئەم چەمكە (عەلمانیەت) لەواقیعی سیاسی و كۆمەلایەتى ئێمەدا كەمترین گفتوگۆی جدی ودیالۆگى عەقلانى و زۆرترین چەواشەكاریی بەرامبەركراوە. بەشێوەیەك ڕەنگە نەتوانین زاراوەیەكى دیكە لەفەرهەنگى سیاسیی و كۆمەلایەتیدا بدۆزینەوە بەقەد (سیكۆلاریزم)شێوێنرابێت، ئەم شێواندنەش هەندێ جاربە ئەنقەست كراوە، هەندێ جاریش لە نەزانین وبێئاگایی بەرامبەر بەم چەمكە سەرچاوەى گرتوە.ئاخڕنەخوێندەوارى بەرامبەر بەم زاراوەیە تا ئەو ڕادەیە ڕۆیشتووە گەمژە پیاوێك بڵێ (عەلمانیەت دەیەوێ جیاوازیەكانى نێوان ژن و پیاو بسڕێتەوە) ئایا خاوەنى ئەم تێڕوانینەو هاوبیرانى شیاوى بەزەیى پیا هاتنەوەنین؟بەڕای من ئەم قسەیە وەكچۆن تڕاژیدیایەو ئاواش كۆمیدیترین قسەیە تائێستا سەبارەت بەم چەمكە خرابێتەڕوو لەمێژوودا.پارتەئیسلامیەكان پشكى شێریان بەردەكەوێت لەوەى،كەوێنەیەكى ناشرین بە عەلمانییەت ببەخشن وچى پۆخلی ودزێوى هەیە بیخەنە پاڵ ئەم چەمكە.لەم ڕووەشەوە تاڕادەیەكى زۆرتوانیوویانە بۆمەرامى سیاسی خۆیان،خەڵكە نەخوێندەوارەكە واتێبگەیەنن،كەعەلمانییەت دژى ئاینە.بەكورتى ئەم چەمكەیان بێزراندووە،بەلام لەڕاستیدا ئەمە هەڵەیە،چونكە عەلمانییەت دژى ئاین نیە، دژە مەزهەب نییە. ئیمانێكى نوێ نیە تاجێگای ئاین بگرێتەوە وەك حیزبە ئیسلامیەكان دەیانەوێ وایدەرخەن و واشنییە!!جیاكردنەوەى ئاین لەدەوڵەت بەهیچ جۆرێك ماناى وەلانانى ئاین نیە لەژیانى كۆمەلایەتیدا.عەلمانییەت ئاین لەهیچ تاكێك زەوت ناكات،چونكە ئەمە ڕەتكردنەوەى عەلمانیەتە بەرلە هەرشتێك، لەڕووانگەى عەلمانیەتەوە ئاین باوەڕێكە وەك هەموو باوەڕەكانى دیكە تەحەممول دەكرێت ودامودەزگا ئاینییەكانیش پەسەند دەكرێن و ڕێزیان لێدەگیرێت.بۆنمونە هیچ وڵاتێكى ئەوڕوپی نادۆزینەوە ڕێگربێ لەوەى تاكەكانی لەژیانى تایبەتییاندا پەیڕەوى لەڕێوڕەسم وسروتە ئاینیەكاندا بكەن.عەلمانیەت ئایدۆلۆژیانییە،پیرۆز نییە،بەلكو دژى ئەوەیە پیرۆزییەكان وەك دواهەمین حەقیقەت لەلایەن گروپێكى دیاری كراوەوە بقۆزرێنەوە. واتا دژى حەقیقەتى ڕەهایە. هەرلەبەر ئەمەیە دەوڵەتى عەلمانی هیچ ئاینێك بەتەنها بەفەڕمى ناناسێنێ،بەلًََكو هەموو ئاینەكان وەكیەك سەیردەكات.ئازادى بۆهەوادارانى هەموو ئاینەكان بەبێ جیاوازى دابیندەكات.بەمەش لەگەڵ دیموكراسیەتدا یەكدەگرێتەوە،هەرچەندە دەكرێت عەلمانیەت بەبێ دیموكراسیەت بونى هەبێت،بەڵام بەهیچ جۆرێك دیموكراسیەت بەبێ عەلمانیەت نەهەبووە ونەهەیە و نەدەبێ.یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی سیكۆلاریزم پلۆرالیزمە،پلۆرالیزمیش یەكێكە لەسیماكانی سستەمى دیموكراسی،لێرەشدا بەناچاری سیكۆلاریزم دەبێتەیەكێك لەسیماكانی هەمان سستەم.هەرلەم ڕوانگەیەشەوە دژایەتى كردنی عەلمانیەت بەتەنها دژایەتى كردنى عەلمانیەت نیە،بەڵكو پێش هەموو شتێك دژایەتى كردنی دیموكراسیەتیشە .ئەمەش مەترسیەكى گەورەیە بەتایبەتى بۆنەتەوەیەكى وەك كورد،كەخەباتێكى دوورو درێژی لەپێناوى دیموكراسیەتداكردووە..عەلمانیەت ئەلتەرناتیڤى ئاین نییە. ئامانج لەعەلمانیەت گێرانەوەى ڕێزە بۆ ئاین، گیرانەوەى ئاینە بۆشوێنى شیاوى خۆی.ڕێگرى كردنە لەوەى ئاین ببێتە چەكى دەستى ئەم هێزو ئەو هێز بۆمەرامى تایبەت.ئامانج لەعەلمانیەت هێنانەئارای پێكەوە ژیانى ئاشتییانەى نێوان ئاینەكانە.ئەوە عەلمانیەتە وایكردووە لەوڵاتێكى وەك بەریتانیا ئیسلامێك و مەسیحییەك و یەهوودییەك و بوزاییەك وكۆنفۆشیۆسییەك پێكەوە بژین و هیچیشیان مەترسی نەبن بۆسەر یەكترى.ئەوە عەلمانیەتە وایكردووە ژنێكى نیمچە ڕووتى ئەوروپى و پەچە بەسەرێكى ئێرانى لەولاتانى ئەسكەندەنافیا پێكەوە بژین وبەیەكەوە هەڵبكەن ،بەڵێ.. ئەوە عەلمانیەتە وایكردووە لەولاتێكى وەك فەڕەنسا وەكچۆن كلێسا رێگاى پێدراوە،ئاواش مزگەوت هەیەوخەڵكى موسلمانى فەرەِنسانشین مومارەسەى ئازادى ئاینى خۆیان دەكەن،بەلام لەبەرامبەردا ئەوەتێكەڵكردنى ئاین وسیاسەتە وایكردووە شیعەو سونەیەك یەكترى قبوول نەكەن وبەدرێژای سەدان ساڵە خوێن لەبەریان دەڕوا.مێژوو پێماندەڵێت،كەتێكەڵكردنى ئاین وسیاسەت، هەم زیان بەئاین وهەم بەسیاسەت دەگەینێ.سنوورى ئازادى هەردووكیشیان بەرتەسك دەكاتەوە،جگە لەمەش سەرچاوەى كوشت وبڕو نەهامەتى وخوێنڕشتن ویەكترسڕینەوەش بووە لەڕابردوودا.لەكۆتایدا دەڵَێین ئەمەیە كڕۆك و ناوەڕۆكى عەلمانیەت. ئایا بەڕاست عەلمانیەت دژى ئاینە؟ یان ئەوەى هەیە هەڵە تێگەیشتنە لەسیكۆلاریزم؟بەڕایی من بە هەڵەتێگەیشتنە!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە