بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


هەوراز ئيسماعيل: سەربەخۆيى كوردستان و سنوورى خوێناوى رالف بيترز.. بەشى دووەم

Saturday, 09/05/2015, 20:09


شەڕى ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دوو مەرامى هەيە؛ يەكەم دەست بەسەرداگرتنى بيرە نەوتەكان كە زۆربەيان لەژێر كۆنترۆليانە ئيستا لە پرۆسەكەيان سەركەوتوو بوون، عيراق و كوردستان و ليبيا و بيرە نەوتەكانى ژير دەستى سوپا تايبەتيەكەيان بە ناو داعيش و، وڵاتانى كەنداويش دەيان ساڵە گەرەنتىيە بۆيان وە هەتا هەتاييش!؟ مەرامەكەى تريان پاراستنى ئاسايشى ئيسرائيل و بە هێزكردنى لەبەرامبەر هەموو دەوڵەت و دەوڵەتۆكەكانى كە دڕوست دەكرێن لە دوا ڕۆژێكى زۆر زۆر نزيكدا! ئەو بەشەش  وا جێ بەجێ دەكرێ ئەگەر ئاستەنگيان لێ نەيەتە پێشەوە لەلايەن هەندێك نەياردا، لەو نێوەندە تا ئيستا ئەوانەى ياخين  روسيا و ئێران و  سوريا و حيزب الله لوبنانى و  چينيش بەشەرمەوە چەكوشەكەى بڵند ئەكات.  
لێرە ئەوەى بۆ ئێمە گڕنكە كوردستان و سەربەخۆيەكەيەتى، كە ئامانجى گشتى هەموو كوردێكە لە هەر چوار پارچەى كوردستان. بەڵام ببين بە داردەستى ڕۆژئاوايى! كە بۆ مەرامى خۆيان دايك و باوكيشيان بە قوڕبانى خۆيان ئەكەن كارێكى ژيرانە نىيە! كوجاى ئەوەى لەو نێوەندە جەنگەڵستانەدا بەناو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەمووى بووەتە دوژمنى يەكتر! كەس متمانەى بە كەس نەماوە! ئەوانيش ديانەوێت لەو ساتانەدا بۆ بەرژەوەندى خۆيان دەوڵەتى كوردستانى سەربەخۆ كە كورد چاوەڕوانييەتى، بيكەن بە پاشكۆى سياسەتە چەوتەكانيان و پاڵپشت بێت بۆ  ئەمريكا و ڕۆژئاوايى بە گشتى. ئەو جووتەى باو باپيرانمان لەسەر سياسەتى چەوتى ئەوان بە كوشت دران و ئەنفال كران و سەدان جار خاك و شاريان وێرانكرا، ئەوانيش بۆ ماوەى سەد ساڵ كەڕو لار بوون! كە كاتيشى هات بگەين بە ئامانج ئەيانەوى ببين بە باخى دواوەى ماڵەكەيان!!  باسێكتان بۆ ئەكەم؛ لە سمينارێكدا لە خوێندنى دكتۆراكەم لەياسا، لە زانكۆيەكى بەريتانى باسى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و  بنج و بنەماى ديموكراتى بوو،  پڕۆفيسۆرەكە زۆر بە فيزەوە ووتى: "ئێمەى ڕۆژئاوايى جێگاى شانازيە كە باشترين شارستانيمان دروستكردووە، زۆر تۆكمەيە لەسەر بنەماى ياسا سەروەرى و دادوەرى كۆمەڵايەتى و ديموكراسى پێشكەوتنى زانستى، كە دەبێ هەموو ميللەتان چاومان لێبكەن!" منيش پەست بووم ووتم: ئەى سياسەتى دابەشكردنى ڕۆژهەڵات و دابەشكردنى كورد بەسەر چوار وڵات كە ئێستا زياد لە 35 مليۆنە وڵاتى نىيە و هەموو مافيشى خوراوە؟! بەڵام  كوويت و قەتەرو ئيمارات لەبەر نەوتيان كە ژمارەى دانيشتوانيان ئەو كاتيش لە چەند سەد هەزار تێ نەپەڕيوە كردوتانە دەوڵەت؟! ئەوە ئەخلاقى سياسيە ئەوە عەدالەتە؟!! ..تۆزيك بێ دەنگ  بوو ووتى:" ڕاست دەكەيت! ئەوە مۆڕالى تيا نەبوو لەو نێوەندە ئاوا بەجێ بهێلدرێن هەڵەيەكى زۆر گەورە بوو بەڵكو چاكبكرێتەوە!!."
با بێينەوە بۆ لاى رالف كە لەو بارەوە دەڵێت: "وڵاتە يەكگرتووەكانى ئەمريكاو هاوپەيمانەكانيان چانسێكى گەورەيان لە دەستدا بۆ چاكردنەوەى ئەو زۆردارىيەى كە لەسەر كورد بوو لە عيراقدا.. لە پاش ڕووخانى بەغدا،.. لەمە سەركەوتوو نەبوين ئەويش لەبەر ترسنۆكيمان و كەموكورتى لە بۆچونماندا! بۆيە زۆرمان لە كورد كرد كە پاڵپشتى حكومەتى عيراقى نوێ بكات، ئەوانيش زۆر بە دڵتەنگيەوە بەگوێى ويستەكانى ئێمەيان كرد وەك پاداشتێك بۆ چاكەمان! .. كوردستانى ئازاد كە دريژكراو بێت لە دياربەكر تا تەبريز دەبێتە گەورەترين دەوڵەتێك پاڵپشت بۆ سياسەتەكانى ڕۆژئاوا لە بەشى نێوان بولغاريا تا يابان". دەبينن خوێنەرى ئازيز هەست و سۆزو ئامانجى كورد هيچ بەهايەكەى نىيە لە لايان، ئەوەتا ئێمە تەنيا وەرقەيەكى گرنگين بۆيان، ئەوەى دەيانەوى بەسەرماندا دەيچەسپێنين! بەڵكو منەتى ئەوەمان لەسەر ئەكەن فەزڵيان هەيە بەسەر كورد! بەڵام كە كاتى بێت ئەيانەوێ داردەستى ئەوان بين بۆ جێ بەجێكردنى مەراميان، نەوتيشمان حەلاڵ و زەلالى ئەوان بێ؛ ئەوەيە رۆژئاوايى! بەبێ شەرميش دەڵێ فێرى ديموكراتيتان ئەكەين بەرەو خۆشگوزەرانيتان ئەبەين! رۆژئاوايى بۆ غەيرى خۆى ئەوەى نەيزانێ ديموكراتيەتىيە، تەنيا بەزبرى تۆپ و تانك و ئابڵوقەى ئابوورى بەرامبەر راپێچ ئەكات..
 باوكى مەعنەوى رالف كە (برنارد لويس) ە (ڕۆژهەڵات ناسێك و ياساناسێكى جولەكەيە، بە ئەسڵ بەريتانىيە لە ئەمريكا نيشتەجى بوو) خاوەنى پرۆژەيەكى گەورەيە بۆ هەڵيگرساندنى شەڕو دروستكردنى سنورى نوێى ڕۆژهەڵاتى ناوەراست، وە پێشكەشى كرد بۆ بريجنسكى ڕاويژكارى ئەمنى قەومى ئەمريكا لەسەردەمى سەرۆك جيمى كارتر، كۆنگرێسى ئەمريكى لەساڵى 1983 بريارى لەسەر داوە بەشێكە لە ستراتيجيەتى دوارۆژ و دريژخايەنى وڵاتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا كە هەمووى لە خزمەت و مەرامەكانى زايونيزم و  ئەمريكايە. لەو كاتەوە بۆ ئەو مەبەستە شەڕى كەنداوى دووەم هەڵگيرسا، وە دوايين شەڕيان بەناو بەهارى عەرەبى لە تونس و ليبيا و ميسرو سورياو يەمەن ئەوە چەندەها ساڵيشە بەردەوامەو لە گەرم بووندايە، ئەو پروفيسۆرە  لەكاتى كۆنگرەى ئەنابوليس  بۆ ئاشتى لە 2007  لەرۆژنامەى وال ستريت دەڵێ :" نابێ سەيرى ئەو كۆنگرەو دەرئەنجامەكانى بكەين، تەنها وەك تاكتيكێكى كاتى نەبێ؟! ئامانج لەوە بەهێز كردنى هاوپەيمانىيە دژ بە ترسى ئيران! وە رێخۆشكردنى دابەشبوونى وڵاتانى عەرەبى و ئيسلامىو پاڵنانى تورك و كورد و عەرەب و فەلەستنيەكان و ئيرانيەكان بۆ ئەوەى شەڕ لەگەڵ يەكترى بكەن هەروەك  ئەمريكا كردى پيشتر لەگەڵ هينديە سورەكان " .
بەڕاستى عەقڵيەتێكى داگيركەرو خوێنرێژى سەيرە.. ئەمانەن ئيدعاى ديموكراتى و ئاشتى دەكەن، ئەوەش پلانەكانيانە بۆمان! بۆ ئێمەى كورد دەوڵەتى سەربەخۆ گرنگە بەڵێ زۆريش گرنگە! بەڵام ئێمە داواى حەقێكى ئاسايى خۆمان ئەكەين، خاكى كەسيشمان ناوێت، تەنيا خاكى باب و باپيرانمان ئەوێتەوە، بەڵام دابەشكردنى وڵاتى عەرەبى و ئيسلامى بە ئێمە چى؟! حەقە نە پێمان خۆش بێ و نە لەگەڵيشى بين، بۆ ئەبى ئێمە بە ئەوان ببەسترێنەوەو شەڕيان بكەين، ئەگەر شەڕمان پێنەفرۆشن ئێمە شەڕ ناكەين، بەڵكو باپرسين؛ مەبەستى چىيە لە بەشڕدانى كورد لەگەڵ تورك و عەرەب و ئيرانى؟!! مەگەر تەنيا لەخۆى بپرسرێ ئەو فەرخە ئيبليسە.  ئەم باسە قسەيەكى (موحەمەد حەسەنەين هەيكل)م بير دێنێتەوە لەكۆتايى ديسمبەرى 2014 كە ووتى" مەسعود بارزانى دەبێت ئاگاى لەخۆ بێت شەرى كورد و عەرەب لە ڕێگايەو سەپێندراوە" تەبيعى مەبەستى شيعە و سونەيە فەرقى نىيە هەردووكيان عەرەبن، قسەكانيشى زانياريەى و هەڕەشەشە، چونكە ئەو كەڵە پياوە بيرمەندە ميسريە دۆستيكى نزيكى كيسنجرە ( هنرى كيسنجر لە هەرەمى حوكمى ئەو 13 كەسەيە كە جيهان بەرێوەئەبەن) تا ئێستاش پەيوەندى لەگەڵى زۆر پتەوە، راوێژكارى ناسرو سادات و ئێستاى سەرۆكى ميسرە، جا تێبگەن گەلى كورد! 
ئەو نێوەندە لەبەردەم شەڕى گەورەدايە ديارە دوژمنى گەلێك زۆرە!! بەبێ ئەوەى بچينە ناو بابەتى كێ لەسەر هەقە و كێ ناهەقە، ئێمە لەسەر كولپەيەكى ئاگر دانيشتووين دەوريشمان بە ئاگر دراوە، لەگەڵ ئەوەش هێشتا بنج و بنەماى ناوخۆيمان بەهێز نىيە دووبەركى و سەنگەر گرتن لە يەكترى تا ئيستا لە باشوورى كوردستان لە تۆپكى كارى هەموو لايەكە، دەسەڵاتدارى سەرەكى پارتىيە زۆر پاوانخوازە گوێگرتنى زۆر كەمە بۆ  تەڕەفى بەرامبەر، بەداخەوە پاڵپشتى حكومەتى كوردستان و ئابووريەكەى بە تەواوى بە سوڵتانى ئەنقەرە لەكێندراوە، يەكێتى و گۆرانيش ديارە لە تەكێكەى ئێرانن، ئيسلامى كوردستانيش سفرى پاش فاريزەن، كەسيش گەندەڵى پێ چار ناكرى هەر شەو ڕۆژ بە خەلك ئەكەنەوە!   پلانى برنارد و رالفيش بەمجۆرەيە كە باسمان كرد!
ئەمريكا و ئەوروپا و  توركيا نەوتى تاڵانكراوى خەڵك بەخۆراى ئەبەن، بەرميلى نەوت لە ليبيا بە 10-15 دولار ئەكڕن ئەوە بۆ چەندەها ساڵە، نەوتى ژێر دەستى داعيشيش بە هەمان نرخە! چونكە لەلاى ڕۆژئاوايى هەرچى ڕۆژهەڵاتيە بە عەرەب و موسڵمان ئێمەى كورديش ئەگرێتەوە هيچ قيمەتێكمان نىيە لە پارسەنگى ئەوان! بۆيە بە ئاشكرا ئەيڵێن؛ داگيريان بكەن و بيانكوژن و نەوتيان تاڵان كەن چونكە هەمجەن! ئەوە ووتەى برنارد لويسە كاتێ ڕاوێژكارى كۆشكى سپى بوو بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەسەردەمى جۆرج بوشى دووەم دەڵێ: " عەرەب و موسڵمان ميللەتى تيكدەرو ئاژاوەچين، هەرگيز بە مەدەنى ناكرێن، ئەگەر بێتو لێيان گەرێيت بۆ خۆيان ئەوا لەناكاو وڵاتانى پيشكەوتوو توشى كۆمەڵى تيرۆرستان ئەكەن، شارستانيەتمان تێك ئەدەن!؟ كۆمەڵگەكانمان سەروبن ئەكەن! باشترين چارەسەر بۆيان داگيركردنەوەيان و كولونياليزمكردنيانە، وە تێكشكانى كەلتورى ئاينيان و بنەماى كۆمەڵايەتيانە؟!! تۆ سەرنجى ئەو هەموو رق و قينەو بوغزەى هەيانە بەرامبەرمان، ئەو تيروانە نزمەى هەيانە بۆ ڕۆژهەڵاتى، هەرچى هەشە لە شارستانى ڕۆژئاوا بە بنەماى شارستانيەتەكان و سامانى ڕۆژهەڵات دامەزراوە؟!! لەوانەيە يەكێك بلى خۆ تورك و عەرەب و فارس باشتر نين؟! منيش دەڵێم نەخێر لەگەڵتانم ئەوانيش هەروەك ئەوانن! بۆيە پشت بە تورك و عەرەب فارس نابەسترێت، نابێ كورد ببێت بە پاسەوانى ئەمنى قەومى عەرەب و تورك و فارس، بەڵام ئەگەر ئەمنى قەومى كورد لەگەڵ عەرەب و تورك فارس هاوتەريب دەبێت لەهەندێك بوار هەقى خۆمانە بەو قەدەرە پەيوەندى ببەستين و سەربەيەك بنێين نە زياد نە كەم . 
بۆيە هەروەك ووتم ڕۆژئاوايى زۆر بى شەرمن هيچ باكيان نىيە لە باسكردنى پلانەكانيان چونكە لە نەزرەيان بەربەرين، بۆيە رالف وەسفمان ئەكات  ئەڵێ" ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەگەڵ ئەو زياد لە حەدەى تيرۆرست هاوردە ئەكات وە لەگەڵ كەمى ووزە، ئەوا بارێكى شپڕزەى هەيە بوارى ناوچەكە خراپ تر ئەبێت بەبێ ئەوەى چاك بێت!! لە ناوچەيەك كە خراپترين هەستى نەتەوايەتى لەخۆوە گرتووە، هەروەها خراپترين هەستى ئايينى بێ  بنەماو تێ ڕێچوو لە خراپى، بەشيوەيەك هەڕەشەيە لەسەر باوەڕە بەزەيى هاتوەكەى!! ئەوا ئەمريكا و هاوپەمانەكانى و هێزە چەكدارەكانيان، ژمارەيەكى زۆر لە ئەزەماتى بێ كۆتايى چاوەڕوانيانە"
بەڕاستى سەيرە لەلايەك وەك داگير كەر وڵات دەڕوخينن شەڕ دروست ئەكەن و سامان و نەوتت ئەبەن و دزو چەتە زياد ئەكەن، هەموو تايەفەو ميللەتە جياوازەكان ئەكەن بە دوژمنى يەكترى، دوايش بەوە ناوزەڕيان ئەبەن كە تيرۆرست بەرهەم دێنن و هەمجن و ترسن لەسەر شارستانيەتى ڕۆژئاوا، گومانيشيان نىيە كە قەت چاك نابێت واتا دەست شۆراوە لە ئێمە؟!! . تاكى كورد وە بەتايبەت گەنج و نەوەى نوێ، ئەبێ بزانێ كى دوژمنى سەرەكىيەتى؟ كێ پلانى بۆ دائەنێ؟ چاوەڕوان نەكەن ئەگەر سەربەخۆيش هات بە ئاسودەيى دائەنيشين! بۆيە ڕێگامان دڕێژە، دەبێ وريا بين! خەريكى خۆ بنياتنان و رۆشنبيركردن بين، كەلتوورمان لەدەست نەدەين، بە فيك و كلك و داردەستەى ڕۆژئاوايەكان كە لەنێوماندا ئەژين هەڵنەخەڵەتێن، هەردەم موكڕ بين لەسەر خاك و ماف و سامانى گشيمان كە دەبێ بۆ هەمووان بێت لەدەستى مەشخۆرەكان بسەندرێتەوە، لەهەمان كاتيش ئەوەندە ژير بين نەكوينە ژير باڵ و خيتابى مەلاى خەتێ و  سوڵتانى عوسمانى و عەمامە رەشەكان.
چاوەڕوانی بەشی سێیەم بن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە