ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ لە ژێر سێبەری بێ مافیدا

Sunday, 11/12/2016, 10:47

3422 بینراوە


لە کاتێکدا پێ شێل کردنی بنەڕەت و بنەماکانی مافی مرۆڤ، لە دەڤەرە جۆراووجۆرەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە وڵاتانی تورکیا ، ئێران ، عێراق و سۆریا بەر دەوامە و لە کاتێکدا زۆربەی دەڤەرەکانی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان بە هۆی شەڕەوە کاول و وێران کراون و گەلانی دانیشتووی ئەم ناووچانە لە نالەبارترین دۆخی مرۆیی و ئابوری و تەندرووستیدا بە سەر دەبەن و لە کاتێکدا کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەنوکەیش بە شێوازێکی بەردەوام و ڕۆژانە شارۆمەندانی ئەو ووڵاتە و بە تایبەت شاڕۆمەندانی کورد لە ژێر ناوگەلی وەک قاچاق و دژایەتی لە گەڵ خودا (محاربه) و یا هەوڵدان دژی بەرژەوەندی نەتەوەیی و دژایەتی دەسەڵاتی کۆماری ئایینی و…، دەباتە پای سێدارە و هەڵیان دەواسێت، ساڵێکی دیکە لە تەمەنی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ تێدەپەڕێت.

ڕۆژی ۱۰ی دسامبری ساڵی ۱۹٤۸ی زایینی کۆمەڵی گشتی (مجمع عمومی) نەتەوە یەک گرتوەکان، جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤی پەسەند کرد. پاش دوو ساڵ داواکرا لە ووڵاتانی ئەندام لەم سازمانەدا کە بە واژۆ کردنی ئەم جاڕنامەیە، بچنە ڕیزی ئەو ووڵاتانەی کە جاڕنامەیان واژوە کردبوو. دەوڵەتانی ئێران، تۆرکیا، سوریا لە ڕیزی یەکەمین ووڵاتانێک بوون کە جاڕنامەکەیان پەسەند و واژۆیان کرد.

ئیستا پاش تێپەڕ بوونی ٦۹ ساڵ لە پەسەند کردنی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، پێشێل کاری بنچینە و بنەماکانی مافی مرۆڤ، لە سەراسەری جیهان و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە لایەن دەوڵەتانی تورکیا، سوریا و ئێرانەوە بەردەوامە.

کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لە گەورە دەسەڵاتەکانی پێ شێلکاری مافی مرۆڤ و بەیداخ هەڵگری (پرچم دار) ئاپاڕتاید، نا دادوەری، دەستبەسەری خۆسەرانە، بەند کردن و ئەشکەنجە و لە سێدارەدانی دژبەران و ڕەخنەگەرانیەتی، هەمو ساڵێک پلەی یەکەمی لەم بوارەدا بۆ خۆی تەرخان کردوە. ئەگەر چی پاش ڕێکەوتنی ناوکی لە نێوان ئێران و ووڵاتانی ڕۆژاوایی، هندێک وا دەفکران کە ڕەنگە حکومەتی ئێران، بار و دۆخی مافی مرۆڤ لەم ووڵاتەدا بەرەو باش بوون ببات؛ بەڵام بە تێپەڕ بوونی ماوەیەک لەم ڕێکەوتنە، دەر کەوت کە ئەم جۆرە پێش بینی و چاوەڕووانیە، زۆر دوور لە ڕاستی بووە. کۆماری ئیسلامی ئێران جگە لەوەی هیچ گۆڕانکاریەکی لە هەڵسوەکەوتی خۆیدا درووس نەکردوە، بەڵکۆ بە پێچەوانەوە ڕۆژانە پەرە بە تۆندوو تیژی خۆی لە هەمبەر شارۆمەندان دەدات. بار و دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار کە زۆربەی خەڵک بە تایبەت گەلانی ژێر دەست کورد، ئازەری، عەرەب، بەلووچ و هەروەها کەمینە ئایینیەکان، پتر لە جاران هەوڵی دەرباز بوون و هەڵهاتن بۆ ووڵاتانی دیکە دەدەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە وینەی ناوەندێکی پێشکەوتوو و بەیداخ هەڵگری پاراستنی مافی مرۆڤی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا، بە بەرز ڕاگرتنی ساڵڕۆژی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و ووێڕای پیرۆزبایی کردنی ئەم ڕۆژە لە چالاکانی ئەم بوارە و هەموو بەندکراوانی سیاسی و قوربانیانی پاشێل کاری مافی مرۆڤ و بنەماڵەکانیان، جارێکی دیکە لەم ڕۆژەدا سازمانەکان و ناوەندە نێودەووڵەتیەکانی پاڕێزی مافی مرۆڤ و لە هەموو ووڵاتاتێک کە دێمۆکراسی بنەمای سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی ئەو ووڵاتانەیە داوا دەکات کە دەووڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پتر لە پیش تەنگاوو بکەن و گۆشاری خۆیان زیاتر بکەن بۆ ئەوەی جاڕنامە و دەستکەوتە گرنگەکانی شارستانێتی مرۆڤایەتی بەرز ڕابگیریەت و پێش چاوو گرتنی بنچینە و بنەمای، ماڤی مرۆیی هەمو گەلان و ئایینەکان و هەمو خەڵکانی ئێران بەڕێزەوە دەستەبەر ببێت و خاڵەکانی بەڕێوە ببرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە