کورد و تەڵەی داگیرکەران

Tuesday, 24/10/2017, 22:41

3437 بینراوە


بە درێژایی مێژوو کورد ، نە بە خۆیدا چۆتەوە و نە  سودیشی  لە هەڵە و شکستەکانی رابوردوی  وەرگرتووە ،  بەردەوامیش  لە لایەن داگیرکەرانەوە تەڵە و تەپکەی بۆ نراوەتەوە و بە ئاسانی  تەفرە دراوە .  بۆ نزیکەی شەست ساڵدەچێت  سەرکردەکانمان  بە هەموو عەقڵیانەوە  ویستویانە  نۆکەری  بۆ  داگیرکەرێک بکەن ،  تا بتوانن  بەسەر داگیرکەرێکی تردا سەربکەون ،  بێ ئاگا لەوەی بە درێژایی مێژوو ئامانجی هەموو  داگیرکەرەکان بەرامبەر بە نەتەوەکەمان  یەک ئامانجی نەگۆڕ بووە .  لە دوای ڕاپەڕینەوە بارزانی وەک خاوە و سەرانەیەک دەرگای  تاڵانکردنی سامانی  وڵاتەکەمانی بۆ تورکیا خستۆتە سەر گازی پشت .  وا خۆی نیشانداوە ، کە هەر ئەو دەتوانی ئەو سودە زۆرانە بە تورکیا بگەیەنێت ،  کار گەیشتۆتە رادەیەک سوپای تورکیا بۆ  پشتگیری لە کورسییەکەی و پارێزگاری لە  بەرژەوەندییەکانی بهێنێتە ناو هەرێمەوە .  بەمەش بارزانی هاوکێشەکەی لیێ تێکچووە و  تورکیای بـە پشت و پــەنای خــۆی زانیوە  .  بێگومان لەگەڵ تورکیادا باسی ئامانجی ڕاستەقینەی ریفراندۆمی کردووە  ، کە سەربەخۆیی نەبووە .  ئۆردوگانیش ، کە بە ڕاستی بۆ بەرژەوەندی وڵاتی خۆی کاردەکات  ،  پلانێکی بە وردی بۆ بارزانی داڕشتووە ،  کە بریتی بووە لە دوو  ئاڕاستە  .  ئاڕاستەیەکیان  بە سەرزارەکی  پشتیوانی خۆیان بۆ ریفراندۆم  نیشانداوە ، بەڵگەش بۆ ئەمە لە سەرەتای بانگاشەی ریفراندۆمەکەدا و  لە ناو جەرگەی تورکیادا و بە بەرچاوی ئۆردوگانەوە ، سەدان کەس  بە ئاڵای کوردستانەوە پشتگیرییان لە ریفراندۆم  کردووە  ،  بە بێ ئەوەی ڕێگرییان لیێ بکرێت .  ئەمەش نیشانەیە ، کە تورکیا بە سەرزاری  لەگەڵ بارزانی دا لەسەر ریفراندۆم   پێکهاتووە و  پەیمانی کۆمەک  و  پشتگیریی ماددی و سەربازیشی پێداوە ،  هەر ئەم پەیمانە درۆیەش  بووە وای  لە بارزانی کردووە ،  خۆی لیێ بگۆڕێت و گویێ لە دەنگی ناوەوە و دەرەو نەگرێت و سوربێ لە سەر ریفراندۆم .  لە هەمان کاتدا تورکیا بۆ شاردنەوەی مەرامە ڕاستەقینەکەی خۆی و بۆ لە خشتەبردنی ئێران و عیراق سەرزەنشتی ئەو پڕۆسەیەی کردووە .  بەڵام لە ڕاستیدا خواستە ڕاستەقینەکەی تورکیا تەڵە نانەوە بووە  بۆ بارزانی و بەکارهێنانی دۆزی کورد بووە  بۆ دەسکەوتی زیاتر لە عیراقدا  .  ئەوەتا  کاتێک بارزانی تەفرە دەدات و دەیکات  بە تەڵەوە و ڕێگای دەرچوون و پاشگەز بوونەوەی  بۆ ناهێڵێتەوە ، ئنجا ڕووی ڕاستەقینەی  خۆی دەردەخات  و دەکەوێتە  هێرش و سوکایەتی کردن بە  بارزانی ..  بێگومان ئامانجی پیلانەکەی  تورکیا بریتیین لەم خاڵانەی لای خوارەوە :
١ –   دوورخستنەوەی کورد لە شاری کەرکوک ، کە بە شارێکی تورکمانی و بەشێکی  تورکیای  دەزانێت و لەباربردنی  بیرۆکەی سەربەخۆیی ، کە مەترسییە بۆ سەر وڵاتەکەی خۆی و  پچوککردنەوەی ڕۆڵی کورد لە عیراقدا  و گۆڕینی ناوی هەرێمی کوردستان بۆ باکوری عیراقی جاران . 
٢ –  فشار خستنە سەر عیراق تا ڕازی بێت بە هەموو  گرێبەستەکانی نێوان خۆی و حکومەتی  هەرێم  ، بە تایبەتی گرێبەستە پەنجا ساڵییەکەی .
٣ –  رێکەوتن لەگەڵ عیراقدا بۆ هاوبەشیکردنی کۆمپانیاکانی تورکیا لە ئاوەدانکردنەوەی شاری موسڵ و ناوچەکانی تری عیراقدا . 
٤ –  ڕۆیشتنی نەوت و غازی عیراق بە ناو خاکی تورکیادا و ڕێگا نەدان بە گۆڕینی ئاڕاستەی ئەو بۆرییانە  .
٥ –  رێکەوتن بۆ هاوبەشیکردنی عەبادی لە  بەرەنگاربوونەوەی هێزە   قارەمانەکەی پەکەکەدا .  
٦ –  داخستنی سنوری نێوان هەرێم و کوردستانی ڕۆژئاوا  لە لایەن سوپای عیراقەوە . 
ئەوەی شایانی باسە  ئەمڕۆ تورکیا باسی سەروەت و سامانی بارزانی لە ناو بانکەکانی تورکیادا دەکات  و ڕووناکی دەخاتە سەر نهێنییەکانیان ،  لە مەشدا مەبەستی  ئەوەیە ، کە بە ئاشکرا بە عیراق بڵێت :  ئەگەر بەو خاڵانەی  سەرەوە قایل بیت ، ئەوا ئەو ٧٥ ملیار دۆلارەی بارزانیتان بۆ دەگەڕێنینەوە و  هەموو ڕێگایەکیش بە ڕووی  خەونی سەربەخۆی کورددا دادەخەین و  بارزانیشتان لە کۆڵدەکەینەوە  .  سەرباری ئەمانەش  رێکەوتنی تورکیا و عیراق دەرگایەکی فراوانتر لە رووی بەرژەوەندییەکانی تورکیادا دەکاتەوە  . چونکە  لە جیاتی ئەوەی بازرگانی لەگەڵ هەرێمێکی پچکۆلەی  پێنج  ملیۆنیدا بکات ،  ئەوا ئەو کاتە لەگەڵ ( ٣٥ )  ملیۆن خەڵکی هەموو عیراقدا دەکات و لەمەشدا بارزانی بە هەڵەدا چووە .                     ئەوەی جێگای داخە هەرچۆن تورکیا بارزانی تەفرەدا ،  ئێرانیش توانی زۆر بە باشی فێڵ لە باڵی بنەماڵەی تالەبانی بکات  و  وایان لیێ بکات خەنجەرێکی ژەهراوی  لە پشتی  بارزانی بدەن  و هەقی ٣١ ی  ئابی لێ بکەنەوە و  تووشی ئەو شکستە  کوشندەیەی بکەن ، لە هەمان کاتیشدا بە تەواوی  یەکێتیش  بخاتە ژێر دەستی بنەماڵەی تالەبانییەوە .  بەڵام بە داخەوە هەردوو لایان  بەبێ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی میللەتەکەمان لە  بەرچاوبگرن ،  سوپای عیراقیان هێنایەوە بۆ سەرخاکی پیرۆزی نیشتمانەکەمان ،  ئەمە سەرباری شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگە و ماڵوێرانی هەزاران  خێزانی بێ پشت و پەنای بێ دەرەتان و شکاندنی شکۆی پێشمەرگە و ڕۆژی کوردیشیان گەیاندە ئەم  ڕۆژە ناخۆشەی  ئەمڕۆ ، کە بە گران لەسەرمان دەکەوێتەوە .
هەڵبەت  هەموو سەرکردەیەکی هوشیار ،  سیاسەت بۆ بەرژەوەندی میللەت و وڵاتی خۆیدەکات ،  بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆ سەرکردەکانی کورد ، هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی ژیانیان تەنها بەرژەوەندی خۆیان بووە و  بیریان  لە دواڕۆژی ئەو میللەتە کڵۆلە نەکردۆتەوە .  ئەوەندی حەزیان لە کلکایەتی داگیرکەران و دنیای دەرەوە بووە  ، نیو ئەوەندە لە خەمی میللەتی خۆیاندا نـەبوون  .  بۆ ( ٢٧ )  ساڵ دەچێت نەیانتوانیوە پایەکانی دەوڵەت دابمەزرێنن و  تواناکانی خۆیان یەکبخەن  ، بە هەموو قسە و تەفرەیەکی دۆست و دوژمن باوەڕیانکردووە  .  ئەمەش نیشانەیە ، کە ئەم سەرکردانە لە هونەری سیاسەتیان نە زانیوە ،  ئەوەتا لە کاتێکدا ئەمڕۆ بۆ یارمەتیدانی کورد باسی کۆمەکی  جوولەکە دەکرێت  ، هەموو بە جارێک باوەڕدەکەین ،  بەڵام بە چاوی خۆمان بینیمان سوپای عیراق دەستی بە سەر زیاتر لە  نیوەی ڕووبەری کوردستاندا گرت ، نەمانبینی جولەکەیەک  بە هانامانەوە بێت .  ئەو جموجۆڵەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش ، کە گوایە دەیەوێت روسیا و وڵاتانی ئەمەریکا و ئەوروپا  قایل بکات ،  تا  بە  هانای کوردەوە بێن  ،  خۆی لە خۆیدا تەنها بەکارهێنانی دۆزی کوردە  بۆ بەرژەوەندی تایبەتی  وڵاتی ئیسرائیلە .  سەرۆک وەزیرانەکەیان  زیرەکانە  دەیەوێت  بەو جموجۆلانە فشار بخاتە سەر ئیران ، تا  وای لێبکات یارمەتییەکانی بۆ حیزبوڵڵای لبنان ڕابگرێت ،  بەمەش  ئیسرائیل لە مەترسییەکانی ئەو حیزبە بپارێزێت .  بەڵام بە داخەوە چونکە ئێمە لە سیاسەت نەگەیشتوون و دووربین نین ،  ئەوەتا کوێرانە و سۆزەکی  چەپڵە و دەهۆڵیان بۆ دەکوتین و ئاڵاکەیان بەرزدەکەینەوە و خۆشمان بە تەنها  لە ناو کۆمەڵگایەکی ناتەبای بێ بژێوی و  دواڕۆژێکی نادیاردا ،  بە خەم و ئازاری شکستە یەک لە دوای یەکەکانمانەوە دەتلێینەوە .  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە