قۆریە شکاو

Wednesday, 20/03/2019, 21:12

5591 بینراوە


شارا؛ دایە ئەم تەماتەیە بۆ ئەڵێی تەپەدۆرە و هیچ تامێکی نیە.
نازەنین؛ بەخوا چاك ڕزگارمان بوو لە مێشوولە و مەگەز،خۆ هەر خەریك بوو ئێرەمان پێ چۆڵکەن و سەری خۆمان هەڵگرین.
دایە گەورە؛ ئێی ڕۆڵەکان چیتان بۆ باس کەم و لەکوێوە دەست پێبکەم،خۆ بەخوا کچ و ژن و خانمان ئێستا ئەوەی بەلایانەوە هیچ نیە باغ و سەوزایی و دار ودرختە، دەنا ئەو تەماتەیەی شارا گیان پێی ئەڵێ تەپەدۆر دوور لە ڕزقەکەی هەر هی ئەوەیە بیدەیتەوە بەسەرو چاوی ئەو جوتیارەی چاندویەتی. بەخوا شارا گیان ڕاست ئەکا !ئەمە بەسەر سەرو شکڵی لە تەماتە ئەچێ،دەنا هیچ تام و چێژی تەماتەی نیە.
شارا؛نەنە گیان ئەم تەماتەیە خۆماڵیە؟.
نازەنین؛کچە جوانەکەم کوا شتی خۆماڵی ماوە ،ئەوەی لە بازارەکە هەیە و خەڵکی تێی ووروکاوە یان ئێرانیە وەیان تورکیە.
شارا؛ ئەوە بۆ؟
دایە گەورە؛ شارا گیان زوو ماڵمان لە قۆریە شکاو بوو ئەو کاتە هەر کەسێ خانووی دروست ئەکرد لانی کەم بەشی ئەوەندەی زەوی ئەهێشتەوە بۆ سەوزایی و چیمەن . هەر لەو شوێنەدا بەشی خۆی لە تەماتە و خەیار و کەرەووز وکەوەر و چەند دارێکی بەرداری وەك هەنجیر و سێو و هەرمێ و هەنار ،ئەچاند. ئەمە نەریتی ئەم شارە بوو. ماڵ نەبوو چیمەن و سەوزایی نەبوایە و بۆ دەماقاڵیی دەمە و عەسر بەدەم چاو کولیچە خواردن ودوایش زۆربەی ماڵەکان لەژێر ساباتی دارە ترێ لە هاویناندا لێی ئەخەوتن و گەر میوانیش ڕووی تێبکردنایە، ئەوا هەر لەوێ قاڵیان بۆ ئامادە ئەکرد و هەر لەهەمان شوێن، پێخەفیان بۆ ڕائەخست و ڕۆژی دوایی نان و چای بایەنیان لێ ئەخوارد.
شارا ؛ئەی بۆ ئێستا ئەمە نەماوە؟
دایە گەورە؛ ڕۆڵە ڕووح سوکەکەم دوای ئەوەی هاتینە ئەم خانوە تازەیە و باوكت هەر وەك هەموو خەڵکی تر هات هەرچی دار و سەوزایی هەبوو لەم خانوە نەیهێشت و هەر هەمووی کرد بە کۆنکریت. ئەمە بۆ، وەڵا دایکت تاقەتی گسکدانی نەماوە و حەوسەڵەی ئەو هەموو گەڵایە ڕزیوە و زۆرەی نیە و لەوەش خراپتر مێشوولە نایەڵێ کەس لەوێ شەو بکاتەوە.
نازەنین؛ ئەرێ ئەوە چیە دایە هەر ئەتەوێ گۆزەکە لەسەری منا بشکێنی! ئەوە ئێستا بۆتە باو و هەموو ماڵەکان هەروا ئەکەن. ئی منیش خۆ لەو خەڵکە کەمتر و زیاتر نیم(ئێ خۆت سلێمانی نازانی چۆنە، هەر هەمووی چاو لێ کەریە). کێ تاقەتی حەوشە و تەپ و تۆز و مێش و مەگەزی ماوە، ئەمە چیە دار هەنجیرەکە ساڵی دوو تەقلە ئەگرێ یا نایگرێ و یا ئەو هەتیوەی دراوسێمان لێ ئەکاتەوە و قوزە قورتی ئەکا وەیان چۆلەکە هەڵی ئەکۆڵێ و ناوەکەی ئەخوا و توێکڵەکەی بەووشکی بەجێ ئەهێڵێ.
دایە گەورە؛ شارا جوانەکەم، کاتی خۆی کابرایەك هەبوو لەو قۆریە شکاوە هەر بە ئاوی ئەو کانیەی لەوێ بوو هەرچی خوا پێی خۆشبوایە لای دەست ئەکەوت. کاکە  برامان پێ ئەووت وا بزانم  خۆی ناوی مام کەریم بوو(سلێمانی وابوو کەس بەناوی خۆیەوە بانگ نەئەکرا، هەر یەکە و ناوێکی تریان بۆ دائەنا). پیرێکی لەش سووك و قسە خۆش شەوو و ڕۆژ بەدیار ئەم باخەوە بوو هەر کاتێ سەوزەمان بوویستایە حەمە گیانم ئەنارد و هەر یەك و دوو وەك فیشەك ئەچوو بۆی ئەکڕین. جا ئەوەندە شەیتان بوو پێش ئەوەی بچوایە بۆ لای کاکە برا خێرا ئەچوە لای دەرو دراوسێی و پێیانی ئەوت ئەوە من ئەچم بۆ لای کاکە برا ئەرێ ئێوە هیچتان ناوێ بۆتان بکڕم؟ ئەوانیش ئەیانزانی حەمە گیان داوای چی ئەکا و کە ئەهاتەوە و شتەکانی بۆ ئەکڕین، ئەوانیش یان پاقلاوە وەیان شتێکی شیرینیان دەرخوارد ئەیا. جا ڕۆڵە تام و چێژ و بەلەزەتی ئەو شتانەی ئەو کاتە هەر لەدەمدا ماوە و کێ ئەوسا نەخۆش ئەکەوت و ئەم هەموو نەخۆشیەی ئێستا هەیە ئەوکات هەر خەڵک نەیبیستبوو.
دایە گەورە بەدەم ئاهوو نزوولە هەڵکێشانەوە دوعای لەم دەسەڵاتە چەپەڵە کرد و هەرچی خوا پێی ناخۆشە بەدەمیا هات، شارا ووتی جا بە ئەم دەسەڵاتە خراپ بێ، ئەی خەڵك خۆی بۆ چارەسەری خۆی ناکا و پشت بەخۆی ببەستی. بۆ قابیلە نەختێ سەوزایی و نەختێ ڕواندن و چاندنی سەوزەی ڕۆژانە ئەوەندە قورس بێ تا خەڵك هەر دوعا لەدەسەڵات بکا. بۆ پشت هەر بە ئێران و تورکیا ببەستین و ئەوانیش هەرچی خواردنی خراپ و ئیکسپایەرە بۆمانی بنێرن؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە