مستەفای حەسەنە گەورە

مستەفای حەسەنە گەورە ئەندامی ستافی کوردستانپۆست و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری بەرەی خەڵک، رۆژی (07 / 05 / 2020) لە وڵاتی دانیمارک بەهۆی نەخۆشی کۆڕاناوە کۆچی دوایی کرد.

https://www.facebook.com/profile.php?id=100063475880088


ئەمجارە عەلى حەمەساڵح عەربەتى ئەیگۆڕێت

Sunday, 31/03/2019, 0:36

10226 بینراوە


ئەم دەربڕینە هی خۆم نییە: (نانى گەوادى غیرەت کوژە) ڕۆمانى کەلیدەر کتێبى چوارەم لاپەڕە ١٢٥٥
-----------------------
ئەگەر زەرگەتەشاد نەوشیروان مستەفا زیندوو ببوایەتەوە، ئەو کتێبەى کە دەینوسی بەم ناونیشانە دەبوو: (ئیتر پەنجەکان یەکترى ناشکینن)، چونکە ئەو پەنجانەى بەرامبەر بنەماڵەى بارزانى ڕادەوەشێنرا، هەر ئەو پەنجانەیە کە ئەمڕۆ دەستی بارزانیی پێدەگوشرێت و پێشتر دەیانگوت سیستەمى سیاسیی پێدەگۆڕین. هەر ئەو پەنجانەیە کە دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەریمیان پێدەکرد بە تەشریفاتى، هەر ئەو پەنجانەیە کە دەستا و دەستى دەسەڵاتى سیاسییان پێدەکرد، ئیستا هەرێم لە دەستێکى ئەمیندایە، ئەو دەستە لە نێو دەستى ئومێد خۆشناودایە، ئێستا لە سەرشانی هێمن هەورامییە، خەڵکی بە هەڵەدا چووبوون، کە وایان دەزانی، پەنجەکان یەکتری دەشکێنن، لێ دەرکەوت ئەو دەستە لە ناو گیرفانی دۆلار و بەرژەوەندییەکاندا شاردرابوویەوە، بۆیە کەس نەیدەبینی، وایان دەزانی شکاوە! ئەوەتا پارتى و پەرلەمانەکەى سەید عومەرى گردى زەرگەتەیان سەرپشک کردووە، کە  کاک عەلى حەمەساڵح بکات بە عەلى حەمە خۆشناو، یان بە عەلى گوربز هەورامى، چونکە هێمن لە پشیلەی گوربز دەچێت، هەڵبەت دواى تاوتوێى پرسەکە و جەختکردنە سەر هەموو لایەنەکان، هەروەها بەکۆى دەنگ جڤاتى گۆران بڕیاریدا عەلی حەمە ساڵح بکرێت بە عەلى خۆشناو، چونکە ئەتواری ئەو دوانە زۆر لە یەکتر دەچن، هەردووکیان لیکن و جرپن، کاتێک دەکەونە ماستاوکردن و زۆربڵێی هەر لە خۆیان دێت، سەبارەت بەو خزمەتەش، کە ئەمڕۆ عەلی خۆشناو بۆ بنەماڵەى سەرى رەشى دەکات و بەو پاساوە جۆراو جۆر و هەمە ڕەنگانەی کە بۆ رەواندنەوەى خەمى گۆرانخوازانى دەهێنیتەوە، نمونەی نییە، کە پارتیی هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد، عەلی ئەوەندە لێهاتووبێت لە خۆفرۆشی و سەرشۆڕی و ماستاوکردن.
ئەگەر ڕەوانشادی زەرگەتە زیندوو ببێتەوە ئەو جارە کتێبى (لەکەنارى دانوبەوە بۆ خرى ناوزەنگ) نانووسێت، بەڵکو (لەگردى زەرگەتەوە بۆ پیرمام) دەنووسێت، چونکە قوتابییەکانی گۆڕان سەرێکى قەبەىان هەیە و هەواریان لەلاى هاوینە هەوارى پیرمام هەڵداوە، وەکو هێسترى چەموش و هێستری قاچاخچییە چاونەترسەکان، ئەگەر چاویشیان ببەستیتەوە ڕێگە وون ناکەن، چونکە رێگاکە شارەزان و لێیان تێک ناچێت.
جاران حیزبى بەعس کە لە عێراقدا فەرمانڕەوا بوو هەر کەسێک لە حیزبەکانى ترەوە وەکو شیوعى و پارتى بچوایەتە ڕیزى ئەو حیزبە، بە قودرەتی قادر  لە بەعسى بەعستریان لێدەردەچوو، بەتایبەت ئەوانەى کە تەماحى پلە و پۆستیان بکەوتایەتە سەر، بە پشتاوپشت لە حزوری سەددامدا دەگەڕانە دواوە، ئیستا عەلی حەمە خۆشناو، حاسیبەکەی فڕێداوە، چونکە پێویستی پێ نەماوە، کە دەچێتە حزوری ئەندامێکی بنەماڵەی بارزانی، پاشەوپاش دەگەڕێتەوە، بە ئانقەست خشەی پێلاوەکانی دێنێت، تا بارزانی گوێێ لێبێت کە چەند بجوک و شەرمەزارە، حەز دەکات وەکو زللە و شەقەکانی پەڕلەمان ئەمجارە بارزانی تێی هەڵبدات، ئێستاش هەمان ریتمی سەردەمی سەدام  دووبارە ئەبێتەوە، دوای ئەوەی کە بزوتنەوەى گۆڕان چوونە ناو حکومەتەکەى پارتى، نازناوى حکومەتى بنکە فراوانیان بە باڵاییدا بڕی، ئیتر پارتى دەستێکى تەڕی پیداهێنان و شڵپەی لێهەساندن، کەوتە کڕینى وەزیر و گزیر و ئەندامى جڤات و مەکۆ و ...هتد، هەرچی خرپن و گوپنی گۆڕان بوو، هەموویان ماشییەوە، ئیستا سەرەی لاتکەوتووەکانی دەرەوەی مەتبەخەکەی بنەماڵەیە، ئەمانیش دەیانەوێت لیکاوی بەردەمی مەسرور هەڵبلوشن و خرت و قەڵەو ببن، وا عەلی حەمە خۆشناو، هەموو جارێک دەگەڕێتەوە، گەراى زەردى پارتیی پێیە و لەگردى زەرگەتە دایدەنێت و ئەوەی موتوربە کراوە وا گۆپکەی کردووە لەگەڵ ئەوانەی رابردوودا ئێستا زۆریان تروکاون خەریکە بەرهەمیان ئەبیت، 
ئەوەتا یارییەکى زۆر مەترسیدار دەست پێدەکەنەوە و سەرۆکى هەرێم زیندوو دەکەنەوە بەهەموو دەسەڵاتەکانییەوە و بەو بودجە زەبەلاحەوە، کە هەیەتى، عەلى کۆنە گۆڕانخواز ئەڵێت:
بەشێک لەو رێککەوتنە سیاسییەی لەنێوان پارتی و گۆڕان کراوە، خاڵێکی بە دەق هاتووە کە سەرۆکایەتی هەرێم کارا دەکرێتەوە، تا نووسینەوەی دەستور و رێککەوتن لەسەر دەسەڵاتەکانی و سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمانی کوردستانەوە هەڵدەبژێردرێ.
عەلى حەمە خۆشناو هەر لەم پەڕلەمانەى کە ئێستا حیزبەکەى و پارتى بەتاق کەوتونەتەوە و کەوتونەتە بەر نەفرەت و قینى خەڵکى کوردستان لە سۆشیال میدیادا گەردیلەیەک شەرەفیان بۆ نەهێشتونەتەوە، بەڵام ئەمان شەرم ناکەن، چونکە خۆشیان دەزانن، ئەوەی نیانە بۆچی خەمی لە دەستدانی بخۆن!؟ چونکە عەلێ حەمە خۆشناو هەر لەو پەرلەمانەدا بەر مزرە شەقیاندا، ئێستا عەلى و بزوتنەوەکەى ئەو شەقەیان ناو ناوە شەقى نەسیحەت و خۆشى، چونکە وەکو فازیل میرانی پێی وتن ئیستا عاقڵ بوون و ئەو شەق و زللەیە خۆشى بەدواى خۆیدا هێناوە، خۆشی و بەرەکەتی هێناوە بە کۆڵێک پارە و پلە و پۆستەوە، دوور نییە (گۆرانى ئینزیبات)یش کە چووە پەرلەمانەوە دەنگی زوڵاڵ و خۆشتر بێت، دوور نییە مەسعود بارزانی بۆ کاک عومەری سەید عەلی کە لە بنەماڵەی شێخە دوعا و شەفاعەتی بۆیان نەکات و چاکی بکەنەوە و گۆچانەکەی فڕێ بدات، هەموو شتێک رێی تێدەچێت، دیسان بە دوایدا گۆرانی ئینزیباتیش ئاوازێک بۆ سەرۆکى هەرێم ئەڵێت و بە تێکەڵاوکردنى هونەرى میللى و کارى پەڕلەمان و بەمەش پارتیی و بارزانی، گۆڕان و زەرگەتە دەستخۆشی ئەو کارەیان لێدەکەن، بۆیە ئێمە گلەیی لە کاک مەسعودیش ناکەین ئەم شەپۆلى باران و لافاوە نەیهێشت ئەم بەهارە حکومەتێکیتر، یان ڕیفراندۆمێکیتر لە چەشنی ریقنەدۆمێک وەکو خێروبەرەکەت بەسەر ئەو خەڵکەکدا بکات و  ڕایبگەیەنێت کە دەوڵەتی کوردی بە دەهۆڵەوە رادەگەنێت، خۆبەڕێزیان مەرجەعە و سەر پشکە چیبکات، موعجزەشی هەیە، هەم وەک شێخ و هەم وەکو سەرۆک و هەموو شتێک.
 ئیتر دنیا ئاوەهایە نان و پلە و پۆستى پارتى غیرەتکوژە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە