تەیری گوول

Monday, 17/06/2019, 21:09

38613 بینراوە


هەریەکە لە (سەلاح ڕەشید)و(پەیمان عزەدین) سەروو ووتارێکیان لە ماڵپەرە(ئەهلیە) سێبەرەکانی یەکێتی و پارتی دابەزاندوە سەبارەت بەوەی باشوور پێی ناوەتە قۆناغ و وویستگەی بنەماڵەیی سیاسی، وەیان ڕوونتر بێژین؛ ئەم سەردەمە چیتر جگە لە بنەماڵەکان کەسی تر فەرمانڕەوایی ناتوانن بگرنە دەست. ئەم دیاردەیە بە گفتی ئەوان مەترسیە بۆ سەر ئایندەی ئەم هەرێمە.
ئەڵبەت هەر یەکەیان بە جیا هۆکاری ئەم جۆرە سیستمە ئەخەنە سەر شانی کەسانی تر و خۆیانیان لێ ئەدزنەوە. سەلاح ڕەشید کە لەم دواییانەدا هەستا بە بڵاوکردنەوەی پەرتوکێك لەسەر تاڵەبانی و وەك خۆی ئەڵێ؛٤٠ ساڵێکە یاوەری بوە و لە نزیکەوە و هەندێ جاریش تاڵەبانی ڕاوێژی پێکردوە، لێمان نەبیست لەو ماوە دوور و درێژەدا بۆ تەنها جارێکیش هیچ جۆرە کنە و ڕەخنەیەك لە تاڵەبانی و بنەماڵەکەی بگرێ کە چۆن لەوەتی هەیە و سکرتێرە و ئێستاش لەسەر بێ ، هەر وایە و کەس بۆی نیە باس لە سکرتێر و شتی وابکاتەوە، وەیان نەمان بیست لانی کەم شتێك بە تاڵەبانی بڵێ کەوا بۆ کوردستان جێئەهێڵێ و بۆ ئەوەی بنەماڵەی بارزانی هەمووی بۆ خۆیان قۆرخ بکەن و وەك خاوەن ماڵ تەماشای هەرێم بکەن و ئەوانی تر وەك کرێچی. کەچی تازە بە تازە هاتوە و پێمان ئەڵێ بنەماڵەی بارزانی حوکمی بنەماڵەیان چەسپاندوە و مەترسی لەسەر ئاییندە هەیە؟!
لەم لاشەوە پەیمانی عزەدین ڕەسوڵی کۆنە شیوعی و تازە پارتی ئەو هەموو ساڵە نوتقی لەخۆی بڕیبوو لەمەڕ ئەو هەموو سیاسەتانەی پەیڕەو ئەکران بۆ زیاتر چەسپاندنی حکومی بنەماڵەیی و لە هیچ شوێنێك گوبیستی ئەوە نەبووین پەیمان خان تیرێکی ڕەخناوی ئاڕاستەی هیچ کام لەم بنەماڵانە نەکرد کەوا باڵیان کێشاوە بەسەر داهاتووی هەرێمدا. پەیمان خان بەم جۆرە ووتارانە ئەیەوێ چیمان پێبڵێ؛ مەگەر هەر تۆ و باوك ئەندامانی خێزانەکەت نەبوون لەو ٢٥٠٠ دۆلاربیرانەی کاتی خۆی واژووتان کۆکردوە بۆ ئەوەی مەسعود بارزگانی ماوەی سەرۆکایەتی درێژتر بکەنەوە و ئەوتان لەهەموو کەسێکی تر بە شیاوتر زانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، نەك ئەوەش ڕۆژێك ڕەخنەتان لە نێچێرو مەسرو و قوباد و چیاو کێی و کێ نەگرت کەوا چۆن ئەبێ بەو شێوەیە دەسەڵاتدار بن.
لەڕاستیدا ئەوەی ئەم ڕۆژەی دروست کرد و دەستی بنەماڵەی بارزانی ئاوا واڵا کرد و بوون بە کەڵەگای ئەم وێرانەیە، ئەوە ئێوەی نوخبە و ڕۆشنبیرو مێژوونووس و پەرلەمانتارو شاعیرو ماعرن ئەم وەزعەتان دروست کرد، ئەوە ئێوەی کۆیلەن ڕازی بوون بە حوکمی بنەماڵە.ئەوە ئێوەی کاسەلێس و چاوشۆڕ و زمان لووس بوون مەسعود و نێچیرو مەسروورتان لێ کردووین بە مەرجەع و سەرۆك و فریادڕەش،، دەی ڕاستە ئەڵێن تەیری گوول عاشق بە داری ژەقنەبووتە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە