بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە پارتەکان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


چیان له‌ شه‌نگال ده‌وێت

Sunday, 08/05/2022, 20:07


ناشرینترین و نا ئاكاریترین شه‌ڕ ، شه‌ڕی نابه‌رانبه‌ره‌، شه‌ڕی هێزێكی سته‌مكارو خاوه‌ن چه‌ك و چۆڵی مۆدێرن له‌ گه‌ڵ هێزێكی قوربانی و تا راده‌یه‌كی زۆر خاوه‌ن چه‌كی هاكه‌زای ، له‌وه‌ش ناشرینترو نا ئاكاریتر ئه‌وه‌یه‌ شه‌ڕه‌كه‌ بخرێته‌ رۆژانێكه‌وه‌ گوایه‌ رۆژانی جه‌ژن و پیرۆزن و ناكرێت تێیدا ئازاری مرۆڤ بدرێت ، په‌لاماری هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی شه‌نگال هه‌ردوو ئه‌م ناشیرنیانه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ ، مسه‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیری حكومه‌تی عیراقی له‌ بری له‌ داگیر كاری تورك بكۆڵێته‌وه‌ ، له‌ بری پرسیاری ئه‌وه‌ بكات بۆ به‌ قوڵایی سه‌ت كیلۆمه‌تر پتر باره‌گای سوپای دڕنده‌ی تورك هه‌بێت ، په‌لاماری شاری شه‌نگال و ده‌ورو به‌ری ئه‌دات ، ئه‌و شوێنه‌ی له‌ 2014به‌ گورگان خوارد دراو دواتر له‌ سه‌ر ده‌ستی شه‌ڕوانانی كوردو شۆڕشگێڕانی شه‌نگال ئازاد كراو هه‌رخۆیشیان ده‌ستیانكرده‌وه‌ به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ی .
چه‌ند رۆژ پێش ئه‌م په‌لاماره‌ دوو به‌رپرسی باڵای كورد كه‌ هه‌ردوكیان پارتین به‌ ئاشكرا له‌ به‌غداوه‌ كاوای په‌لامار دانی شه‌نگالیان ده‌كرد ، له‌ 2014ه‌و دوای شكستی داعشیشه‌وه‌ باوكی شه‌رعی داعش كه‌ ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغانن مانگ نیه‌ به‌ درۆن و فڕۆكه‌ شه‌نگال و ده‌ورو به‌ری بۆردومان نه‌كه‌ن ،  توركیا هه‌موو خه‌ونی ئه‌وه‌یه‌ شه‌نگال به‌ ده‌ردی عه‌فرین به‌رێت ، سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ له‌ بری حكومه‌تی عیراقی داوای سه‌روه‌ری بكات و شه‌ڕ بۆ ده‌ركردنی سوپای داگیركه‌ری تورك بكات ، ده‌یه‌وێت خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌نگال  نه‌مێنێت ، شه‌ڕ فرۆشتنی توركیاو كازمه‌ و هه‌روه‌ها پارتیش بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئێزدیه‌ رابوه‌كان ده‌سته‌مۆو كه‌وی بكرێنه‌وه‌ ، ده‌نا هیچ بیانویه‌كی تر نیه‌بۆ ئه‌وه‌ی به‌و جۆره‌ په‌لاماری شه‌نگالیه‌كان بدرێت .
له‌ ماوه‌ی رابردودا به‌رده‌وام شه‌نگالیه‌كان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه‌ بارو دۆخی  خۆیان و ئه‌و هه‌موو سته‌م  و نادادیه‌ی ده‌رهه‌قیان كراوه‌ به‌ سه‌رانی حكومه‌تی عیراقی و به‌تایبه‌ت مسته‌فا كازمی بگه‌یه‌نن، زۆر جار به‌ڵێنی ئه‌وه‌شیان وه‌رگرتوه‌كه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ ژیانیان ناكرێت ، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ خودی مسته‌فا كازمیان بینیووه‌ ، به‌ڵام رێی تێده‌چێت مسته‌فا كازمی بۆ ئه‌م هێرشه‌ له‌ ژێر فشاری توركیاو لایه‌نگه‌ری دیكه‌دا بێت ، له‌ ماوه‌ی رابردودا له‌ گه‌ڵ وه‌فدێكی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ردانی شه‌نگالمان كرد ، له‌وێ‌ چین و توێژی جیاجیامان له‌ خانه‌سورو سنونێ‌ و شه‌نگال و ئۆردوگای سه‌رده‌شت و چیای شه‌نگال بینی ، ئه‌وان به‌ ئاشكرا ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر لێمانبگه‌ڕێن خۆمان خۆمان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ین ، بۆ ئه‌وه‌ش سه‌دان قوربانیان دابوو، كه‌چی ئه‌وان نه‌ك لێیان ناگه‌ڕێن ، ده‌یانه‌وێت جینۆسایدیان بكه‌نه‌وه‌ .
شه‌نگال و ده‌ورو به‌ری هێشتا له‌ نێو ته‌پ و تۆزی شه‌ڕو وێرانیدا ده‌ناڵێنن ، خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ پێكه‌وه‌ خه‌ریكی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌و راستكردنه‌وه‌ی ژیانه‌ شكاوه‌كه‌ی ده‌ستی داعش و تورك و رۆژگارن ، عیراق له‌ بری ده‌ستی ئاوه‌دانی و دروستكردنه‌وه‌و خوێندنگه‌و نه‌خۆشخانه‌ روخاوه‌كان تانك و زریپۆش ده‌نێرێته‌ سه‌ریان و كوردێكی وه‌ك هۆشیار زێباریش له‌ بری داوای ئاوه‌دانی داوای تێك و پێكدانی شه‌نگال ده‌كات ، تویته‌كه‌ی زێباری جگه‌ له‌ خواستێكی ئه‌ردۆغانی هیچی تر نه‌بوو ، ئه‌وه‌ی مایه‌ی خه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق له‌ بری ته‌رخانكردنی بودجه‌ بۆ لێقه‌ومان و شه‌هید و قوربانیانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ سوپا ده‌نێرێته‌ سه‌ریان .
بێده‌نگی ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانان له‌و سته‌مه‌ ،جۆرێكه‌ له‌ به‌شداری كردن وه‌ك چۆن كاتی خۆی روسیاو ئه‌مه‌ركاو فه‌ڕه‌نساوهه‌موو ئه‌وانی تر چاوپۆشیان له‌ دڕنده‌كانی تورك و نۆكه‌رانی كرد عه‌فرین داگیر بكه‌ن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە