متمانەمان پێبدەن، چاڤیلاند دێنینە ماڵەکانتان و بلیتی جولانێتان پێدەدەین

Friday, 19/08/2022, 17:20

4025 بینراوە


ئاشکرایە بزوتنەی گۆڕان لەساڵی (٢٠١٣)دا، بەدروشمی (بۆ دژایەتی گەندەڵی دەچینە حکومەتەوە) بەشداری هەڵبژاردنی کرد و توانی (٢٤) کورسی بەدەست بهێنێت، بەڵام لەبەشداری کردنیان لەحکومەتدا موەفەق نەبوون، لەئاست ئومێد و چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا نەبوون، نەیانتوانی ئەو بەڵێنانەی کە بەخەڵکیان دابوو جێبەجێی بکەن. بۆیە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەو جەماوەرەی دەنگی پێدابوون، هەڵدەوەرین. ئەم جەماوەرە هەڵوەریوە لەهەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٨)ی پەرلەمانی کوردستاندا، بەدوای حیزبێک یان بزوتنەوەیەکی سیاسییەوە بوون کە تاقی نەکرابێتەوە، بۆئەوەی دەنگی پێبدەن.  بۆیە هاوکات شاسوار عەبدول واحێد دەرکەوت و بەناوی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە بەشداری هەڵبژاردنەکەی کرد و هەشت کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا.
ئەوکات ئەم جوڵانەوە سیاسییە  ناڕوون بوو، هەروەها زادەی سایکۆلۆژیا و خولیای کەسیی سەرمایەدار و ملیۆنێرێکی ناڕوونیش بوو. بەڵام لەدوای ڕووداو و پێشهاتەکان، هەروەها لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی شارەزایان و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و ووردە ووردە جەستە سیاسییەکەی بەڕووتی کەوتەبەر خۆر و هەموو ئەو پەڵە و درزانەی کە لەجەستەکەیدا هەبوون، دەرکەوتن.
یەکێک لەو پەڵە و درزانە ئەوەیە لەکۆنگرەی جوڵانەوەی نەوەی نوێدا، ئەندامانی کۆنگرە بەبێ هەڵبژاردن، لەلایەن شاسوارەوە دانراون، هەروەها لیستێکی پانزە کەسی دیاریکراوه و دراوە بەئەندامان کە دەبێت ئەمانە دەربچن..!!
یەکێکی تر لەپەڵەکان ئەوەیە کە دەبوو پرۆژەی چاڤیلاند بەموساتەحە بدرایە بەشاسوار، واتە زەوییەکە پاش بیست ساڵ یان زیاتر، ببوایەوە موڵکی حکومەت، کەچی زەوییەکە بەموڵکی دراوەتە شاسوار...!!  ئەمە جگە لەوەی لەعەقدی خاوەن پشکەکانی چاڤیلاندا غەدری لەو خەڵکە کردووە و فریوی داون، پارەکانیانی بەهەدەر داوە. کاتێکیش بۆ داواکردنی مافەکانیان خوپیشاندان دەکەن، شاسوار چەند بلیتێکی یارییەکانی چاڤیلاندیان دەداتی تابچن سواری جۆلانێ بن.
دیارە دوای دەست پێکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان، زۆرترین چاوەکان لەسەر ئەم هێزە نوێیە بوون، لەپێشکەشکردنی پڕۆژەیاسا و پێشنیار و درووستکردنی کۆدەنگی بۆ تێپەڕاندنی یاساکان. بەڵام ئەوەی بینرا وانەبوو، ئەندامەکانیان لە ناچالاکەکان بوون، هەر خەریکی موزایەدە و قسەی بێ ئەرزش و جنێو بوون، پەرلەمانیان لەشوێنێک کە شوێنی دەنگی خەڵکە، کردە حەمامی ژنان و شوێنێک بۆ گاڵتەجاڕی و چەلەحانێ کردن. بەڕاستی پێگەی ئۆپۆزسیۆنیان لاواز کرد، هیچ نرخ و بەهایەکیان بۆ دەنگی ناڕازی نەهێشتەوە.
هەروەها لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ئەمجارەشدا ئاشکرابوونی ڕێکەوتنی نەوەی نوێ و پارتی دیموکراتی کوردستان  بۆ ئاڵوگۆڕکردنی کاندیدەکانیان لەبازنەی یەک و دووی هەولێر، پەڵەیەکی تری خستەسەر جەستە سیاسییەکەی نەوەی نوێ و هیچ گومانێکی نەهێشتەوە کە دەرهێنەری ئەم موعارەزە ساختەیە، دەسەڵاتە.
سەرەڕای ئەوانە ڕێکەوتنە حەڤدە خاڵییەکەیان کە بەپەرلەمانتارێکی سەدر و سوننەکان ئیمزایان کردبوو (کە لەڕێکەوتنەکانی سلێمان هەڵشۆیی دەچوو)، لەبەرامبەر چوونە ژوورەوەی ئەندامەکانیان بۆ تەواوکردنی نیساب و دەنگدانیان بەدەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هیچ گومانێکی نەهێشت کە لەبەرەی پارتی و هاوپەیمانەکانین.
یەکێکی تر لەو پەڵە ڕەشانەی کە ڕووی سەرۆکە پۆپۆلیستیەکەی داپۆشیوە ئەوەیە کە شاسوار ‌‌بێشەرمانە دەڵێت: ئێمە بۆ یەکسانی و دادپەروەری، دژی گەندەڵی درووست بووین، کەچی لەولاوە (71) ملیار دیناری حکومەت (کەموڵکی گشتییە) قەرزارە، نایگەڕێنێتەوە..!! دیارە پێیوایە حیزبەکانی دەسەڵات موڵکی گشتی زۆریان خواردووە، ئەمیش ئەوەندەی بەردەکەوێت. ئەوەی سەیرە دەسەڵاتیش هیچ ئیجرائاتێکی بەرامبەر ناگرێتەبەر. دیارە سامان و موڵکی ئەم پیاوە، هاوشێوەی بەرپرسەکانی دەسەڵات، بەو شێوەیە کەڵەکە بووە. ئەمیش بەرهەمی ئەو سیستەمە گەندەڵەیە، بورغی ئەو ماشێنە ڕزیو و داتەپیوەیە، دەستکردی دەسەڵاتە بۆ چەواشەکردن و گەمژاندن و بەکەرکردنی (استحمار) گەنج و لاوی کورد.
 لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا هەموومان بینیمان سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەبێ هیچ ناونیشانێک و هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی موقتەدا سەدردا وەک لاسایکردنەوەیەک، داوای خۆنیشاندانی سەرتاسەری کرد، دیارە مەبەست و ئامانجی شاسوار ڕوونە، ئەو کار لەسەر عاتیفەی خەڵک دەکات، بۆ گەرمکردنی بازاڕی خۆی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش لەپێشە، ئەم کارەی تەنها بۆ کردنە ناوەوەی چەند کەسێکی دیاریکراوی سەربە جوڵانەوەکەی بوو، بۆناو خۆنیشاندانەکان. دەرخستن و بەگرتدانیان، پاشان بەدڵسۆز و پاڵەوان پیشاندانیان لەڕاگەیاندنەکانی نەوەی نوێوە، ئامادەکردنیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.   خولاسەی کەلام ئەم پیاوە کارتۆنییە، کار لەسەر عاتیفەی خەڵکی ناڕازی دەکات، بۆ چاوبەستکردن و هەڵخەڵەتاندنیان بۆئەوەی متمانەیان بەدەست بهێنێت و دەنگەکانیان بچنێتەوە، دواتر ئەو متمانەیە لەسەفقەیەکدا بخاتەوە خزمەتی دەسەڵات.  بۆیە داوام لەگەنجی خێر لەخۆنەدیوی نیشتیمانەکەم ئەوەیە نەکەونە داوی ئەم تەرزە لە کەسە ساختەکان کە فێری هونەری هەڵخەڵەتاندن کراون، دەزانن کە چۆن تەڵە بۆ گەنجان دابنێن و ڕازییان بکەن و بەکاریان بهێنن. گەنجی بەڕێز دەزانم بێکار و برسیت، پەست و توڕەیت، بەڵام ووریابە و مەهێڵە بەکاربهێندرێیت و بکرێیتە پەیژە بۆ سەرکەوتنی ئەوانیتر. هەرگیز پێ مەخەرە سەر ڕێگایەک کەنازانی بۆ کوێ دەڕوات و لەکوێ کۆتای دێت ؟ لەسەر هەر ڕێگایەکیش بوویت،  بزانە لەگەڵ کێدایت و بۆچی لەوێدایت ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە