بای بای مانگای بەخەندە

Monday, 05/09/2022, 14:35


خۆ هەتا ئەم ساتە وەختەش، وەک ئەوەی دوێنێ رویدابێت، زۆر بە جوانی لە بیرمە کە بۆ یەکەمین جار پەنیری مانگای بەخەندەم خواردا، وەختەکی گچکە بووم و لە کوردستان، وەهام دەزانی خواردنێکە لە بەهەشتەوە هاتۆتە خوار ؛ پاکەتێکی بازنەیی، بە شکڵی سێگۆشەیی، پەنیرەکان تێیدا ڕیزبەند کرابوون بە ڕەنگی جوان و ڕازوە، وەختەکی خستمە دەممەوە، تامەکەی ئێجگار بە چێژ بوو !!!  لەدەممدا دەتوایەوە، بەسەر زمانمدا دەخلیسکا، دەم و لوتی پڕکربووم لە بۆن و تامی ناوازە. ئەو ساتە وەختە تۆمار کراوە لە بیرەوەرییە هەڵبژێراوەکنمدا بە تام و بۆنی پەنیری مانگای بەخەندە . بەڵام ئێستاکە لە بەفرخڕەکەمدایە و هیندە نای خۆم، پەنیرێکە زیاتر بۆ منداڵانە. ئیدی بەم نزیکانەش بۆهەتایە، وێنە قشەن و پڕ لە خەندەکەی مانگای سەر پەنیری فەرەنسی جارێکی تر نابینینەوە. چونکا ڕێکخراوانی مافی ئاژەڵان ووتیان ئێوە بۆتان نییە مانگایەکی بە خەندەمان پیشان بدەن، لە کاتێکدا ماناگاکان لە جێگایەکدا ژیانیان بەسەر دەبەن، هێندەی قەبارەی جەستەیان، دابڕاو لە سروشت، لە بێچووەکانیان. دوور لە هەلبەزین و دابەزین لەناو گیایی بەهاری دەشت و دەردا. لە قەسابخانەکانیشدا بە شیوەیەکی دڕندانە سەریان دەبڕن. بۆیە بۆتان نییە وێنەی هیچ ئاژەڵیکی بە خەندە و بە سەماکردنەوە بڵاو بکەنەوە لەسەر کاڵاکانتان. وەک چۆن سەپاندیان بە دانانی فۆتۆگرافی نەخۆشییەکانی جگەرە بە ڕەنگێکی ژەهراوی بە وێنەی سییەکانی جگەرەکێشیک لەسەر پاکەتی جگەرە لەبری پاکەتی ڕەنگا و ڕەنگ و وێنەی حوشتر و کەڵەشیر و تاد.
لە ڕاستیدا، لە ڕابوردودا، ساڵانی هەشتا، کاتێک ڕێكخراوەکانی مافی ئاژەڵان خۆپیشاندانیان دەکرد، خەڵکی بۆ گاڵتەپێکردن پێیان، دەزەڕین  و دەیان باعاند، دەیان گوت ؛ ئەوە بزنەکان هاتن، دەیان گوت ؛ خەڵکی لە ئەفریقا دەمرن لە برسا بەڵام ئەمانە خەمی ئاژەڵانیانە !!  بەڵام ئێمە دەتوانین دژی سیستەمی خێڵایەتی و دیکتاتۆری و نادادپەروەریش بجەنگین بە بێ ئەوەی ئاژەڵانیش لەبیر کەین. گێلی ئێمە ئەوەیە هەر هەوڵی سەرەونوخون کردنی سیستەم دەدەین و هەموو خەباتەکانی تر هەلدەگرین بۆ پاش << شۆڕش >>، بۆیە کاتێک سیستەمێک دەڕوخێنین، دەستی خۆمان دەگەزین بۆ ڕابوردو. 
کاتێک ئێمە گاڵتەمان دەکرد بەو کەسانەی کە ساڵانی هەشتا دەستیان کرد بەم خەباتە، ئەوان بەردەوام بوون لە خەباتییان هەتا توانییان لە وڵاتی شیلی، بسەپێنن بەسەر مولتی ناسیۆنلەکاندا لۆگۆی ڕەش بە پێی ئاستی چەوری و شەکر دابنێن لەسەر کاڵاکانیان، چەندە ژمارەی لۆگۆکان زۆر بن هێندەش زییان بەخشن، بە جۆرێک کە منداڵێک بە ئاسانی دەتوانێت کاڵی زەرەرمەند بناسێتەوە، لە کاتێکدا لە ئەوروپا هێشتا بە وێنەی ڕەنگا و ڕەنگ دیاری کراون و ڕازاونەتەوە.  ئەو کەسانەی خەباتیان کرد بۆ سەپاندنی ئەم لۆگۆ ڕەشە لە شیلی، هەڕەشەی کوشتنیان لێ کراوە بە تەلەفۆن، کاتێک حکومەتی شیلی بە دوای سەرچاوەی ئەو ژمارە تەلەفۆنەدا گەڕا، بۆیان دەرکەوت کە لەلایەن ئۆرگانیزاسیۆنی جیهانی دژی تێرۆریسمەوە هەڕەشەیان لێکراوە، هەمان ئەو ئۆرگانیزاسیۆنەی پەکەکەی خستۆتە لیستی تێرۆریستەوە.
 خۆ ئەگەر هەندەک لە ئەفریقیایەکان و ڕۆژهەڵاتییەکان بێ خەندەن، چونکا وەها دەزانن کە فەرەنسییەکان هەر هەموویان وەک مانگای بەخەندەن، لە خۆشیدان، بۆیە ئەوان ئۆقرەیان لێ بڕاوە و خۆیا دەدەن بە کوشت بۆ گەشتن بە ولاتی مانگای بەخەندە. گەنجە ئەفریقاییەکان شانسییان هەیە، چونکا ئەوان نازانن تەنیایی چییە، نازانن ژیان چییە لە فلاتێکی چوار مەتر  ڕوبەردا، مانگاکانیانیشیان بە ڕاستی بەخەندەن. وادەزانن فەرەنسییەکان کار ناکەن، مانگای بەخەندەش بە خۆڕایی دەخۆن. خۆ مەبەستم نییە کە بڵێم ڕۆژائاوا جەهەنەمە، نا نەخێر، ڕۆژئاوا کەسانی بە ئاگای تێدایە کە نایانەوێت بە مانگای بەخەندە ئێمە هەلبخەڵەتێنن. ئەم هەڵوێستانە بەرهەمی ئاگایین، چونکا پێدەچێت تۆ چەندەها کتێبی فەلسەفی لەبەر کەیت، ناوی ناوداران و ساڵی لەدایکوبونیان، وەک توتی قەسەی نەستەقی ئەوان دوبارە بکەیتەوە، بەڵام باش بزانە کە یەکەم هەنگاو بەرەو ئاگایی، ئاگاییە بە ئازاری ئاژەڵان لە شارستانییەتا، ئاگاییە بەو دەمەی کە تۆ گچکە بویت و بە بێ ئاگایی ئەشکەنجەی ئەوانت دەدا، دڵنیابە و زۆریش دڵنیابە، ئەگەر تۆ ئاگاییت بەوە نەهێنابێت ئەوا تۆ هێشتا کەسێکی نائاگیت، پاڵت بە دەرگای ئاگاییەوە نەناوە. تۆ چەندها ساڵە ئەو مانگا بەخەندەیە دەینیت بە بێ ئەوەی ئەو دیمەنە وەک دیمەنێکی نەشیاو بێتە پێش چاووت، مرۆڤی بە ئاگا ئەو مرۆڤەیە کە بە ئۆتۆماتیکی سەیری دەروپشتی خۆی ناکات، هەموو شتێک دەداتە بەر پرسیار.
لیۆناردۆ داڤنچی دەیگوت ؛ ڕۆژێک دادێ کە کوشتنی ئاژەڵێک وەک کوشتنی مرۆڤێک ڕەچاوی لێ بکرێت. لەبەر ئەوەی داڤنچی کەسێکی بەئاگابوو، ئاگایی بە مانای ئاگایی دێت بە ئەشکەنجە، ئەشکەنجەش بە مانای هەقیقەت دێت. لیۆناردۆ ئاگایی بە هەقیقەتی ژییان هەبوو کە ئەشکەنجەیە. خۆ ئەگەر شەوانە کاتێک دێمەوە ماڵ و سەدەها مێرولە لە ئاشبەزخانەکەمدا دەبینم و نایان کوژم، لەبەر ئەوەی دەمەوێت بە ئاسودەیی بخەوم. کوڕەکەم بە پێچەوانەوە پاکەتێک ژەهری بۆ داناون هەتا مێرولەکان بە ژەهرەکەوە بچنە ناو هیڵانەکەیانەوە و بەو شێوەیە هێلانەکشیان لەناو دەبات، بێ گومان هێشتا گەنجێکی بێ ئاگایە و نازانێت ئەشکەنجەی دەرونی سەرچاوەی لە کوێوەیە.  وتم بە راستی ئەمە مێتۆدێکی فاشیستانەیە. من کەوچێک هەنگوین یان کڵۆ شەکرێکیان بۆ دادەنێم لەدەرەوەی مەڵکەم ئیدی هەموویان دەچنە دەرەوە.  بۆیە کاتێک بە بەردەم دوکانێکدا گوزەرم کرد، دوکانێک تایبەت بە دەرمان بۆ کوشتنی مێر و و ئاژەڵانی نەخوازراو،  تەواو توشی شۆک بووم لە دڕندەیی مرۆڤی ساپییان!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە