فرۆشتنی کوردستان لەسەر دەستی جاشەکان

Saturday, 11/03/2023, 17:45

5940 بینراوە


گرفتى کورد لە جاشایەتیدا ئەوە بووە کە نەیویستوە دان بەجاشێتیەکەدا بنێت یان رونتر جاشایەتیەکەى وەک جۆرێک لە تێکۆشان بە خەڵکى کورد فرۆشتوەتەوە، نمونەى ئەو هەموو موستەشارو جاشەى دواى راپەڕین خۆیان لێکردین بە پاڵەوان و کوردى عەیارە بیست و چوار هەروەک حزبە زلەکانیش وایان نیشاندان ، رەنگە لەم نمونەیە مەترسیدار تر ئەوە بێت حزبێک لە سەنگەر دژایەتى رژێمێکدا بێت لە پارچەیەکى کوردستان و جاشایەتى بۆ دەوڵەتێکى تر بکات کە ئەویش کوردى تیا دەچەوسێتەوە ، دیاردەى جاشایەتى کوردى دیاردەیەکى تایبەتەو هیچ نەتەوەیەکى تر بەو جۆرە جاشایەتى ناکات ، ئەمە لە کاتێکا کورد نەتەوەیەکى ئازاو شەڕکەرن ، ئەگەر لە تەک ئەو ئازایەتیەدا جاشایەتى رێگر نەبوایە لە خۆخاوەنى ئێستا کوردستان بە هێزترین دەوڵەتى ئەم ناوچەیە دەبوو .
مەترسى گەورە ئەوەیە جاشایەتى جۆرێک بوە لە شانازى کوردى، یانى ئەگەر خێڵێک ، بنەماڵەیەک ، عەشرەتێک لە باکورى کوردستان یان لە هەر پارچەیەکى تر بووبنە جاش ، ئەم جاشبونەیان وانیشانداوە کە هۆیەکە بۆ مانەوەو خۆشگوزەرانى و رابواردنیان، بەو جۆرە لە برى جاشایەتى و لۆمپەنى رسوا بکرێت و ببوغزێنرێت خۆشەویست کراوەو بایەخى پێدراوە، ئەوەبۆیە هەندێک جار عەشرەتەکان کێبڕکێیان بووە لە سەر ئەوەى کامیان زیاتریان لە جاشایەتى دەستدەکەوێت، لە گلەبى نامەى یەکێک لە سەرۆک جاش و موستەشارەکانى بەعسا لە ئەنفالى یەکدا هاتوە " من یەکەم فەوج بووم گەیشتمە سەرگەڵو بەرگەڵوو مۆڵگەى خائینەکان کەچى کەمترین نیشانەى ئازایەتیان پێداوم " رستەکە ناوەڕۆکەکەى بەو جۆرەیە بڕوانە جاش بوون چەند سوکایەتى بە خۆکردنە تا ئەو رادەیەى لە سەر کوشتنى براکەت و رشتنى خوێنى ئەو داواى نیشانەى ئازایەتى و بەخشین و پاداشت و دیارى بکەیت ، سەیرى ئەو شانازى و کڕوزانەوە ناشرینە .
بنەبڕکردن و ریشە کێشکردنى جاشایەتى لە کوردستان پێویستى بە تێکۆشان و خەباتێکى لە رادە بەدەرە ، پێویستى بە پەروەردەو هەڵوەشانەوەى ئەمجۆرە لە خێڵگەریە کە جگە لە تخوبى خۆى چاوى هیچ شوێنێکى تر نابینێ، ئەمجۆە لە جاشایەتى برەو بە کوشت و بڕى یەکتر دەدات بۆ دوژمن ، چ لۆژیک و بیر کردنەوەیەکە ئاستى جاشایەتى بگاتە ئەو شوێنەى مرۆڤ بڵێت ناچارم شەڕى براکەم بکەم ، هەر ئەوەى کە لە سەت ساڵى رابردودا زۆر جار ئەوە کراوە، دیاردەى مەترسیدارى جاشایەتى هەر لەمپەر نەبووە لە بەردەم خۆخاوەنى کوردا بگرە دۆخێى باوەڕبە خۆنەبوونى لاى کورد دروستکردوە و مرۆڤێکى خولقاندوە هەرگیز بڕواى بەوە نەبێت کە دەتوانێ خۆى بەڕێوەبەرێت، مرۆڤێک هەمیشە دەسەڵاتى بێگانەى لە خۆ دەسەڵاتى لاگرنگترە، هەڵبەت هەر ئەو دیاردەیەش لەمپەرى سەرەکى بەردەم دروستبوونى نەتەوە بووە ، نەتەوە بەومانایەى تێیدا خێڵ و بنەماڵە توابێتەوە ،یان هەبوونیشى نەبێتە مەترسى بۆ سەر گشتەکە.
تا جاشایەتى لە قاو نەدرێت و وەک دیاردەیەکى پیس و بێمانا سەیر نەکرێت ، زۆر ئەستەمە نەتەوەدروست بێت ، کە نەتەوەش دروست نەبێت زۆر ئەستەمە خێڵ و بنەماڵەو تەنانەت حزبەکانیش لە یەک چوارچێوەدا کۆبکرێنەوەوبەرژەوەندى و مانەوەیان مسۆگەر بکرێت ، بەومانایەى وایان لێبکرێت لە چوار چێوەى نەتەوەدا هەستى زیاتر بە پاراستنى بوون و بەرژەوەندیەکانیان بکەن ، بوونى جاشایەتى و جۆراو جۆر کردنى دیاردەکەو رەواجپێدانى هەمیشە هۆیەکى سەرەکیە بۆ ئەوەى دەوڵەتە سەردەستەکان بە ئاسانى کەوى و دەستە مۆمان بکەن گەرچی لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ وئازادکردنی کوردستان، داواکاری هەزاران بەجێماوی قوربانیانی تاوانی ئەنفال ئەوەبوە کەسەرۆك جاشەکان بدرێنە دادگا وبەسزای تاوانی خۆیان بگەن، کەچی ئەفسوس بەپێچەوانەوە هەموو تاوانباران لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە داڵدەدران، وهاوکات وەك سەردەمی پێشوی حزبی بەعس خۆشگوزەرانتربون. زیاتر ناڕەزایەتیەکانی هاوڵاتیانی کوردستان ئەوکاتە دەستیپێکرد کەلە ساڵی ٢٠٠٧ دادگای فیدراڵی حکومەتی مەرکەزی عیراقی بۆڕادەستکردنی سەرۆك جاشە تاوانبارەکانی سەردەمی بەعسی لیستی ناوەکانی پێشکەش بەحکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بۆئەوەی بەپێی یاسای ڕوبەڕوی دادگا بکرێنەوە، کەچی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەك هەر ڕادەستیانی نەکرد بگرە پاراستیانی ووەکو جارانی سەردەمی بەعس دەسەڵاتی چەکداری پێیان بەخشیەوە. لەپاش ئەم جۆرە کردەوانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ووڵاتانی دراوسێ وهەروەها زلهێزەکانیش وەکو ئەمریکا وبەریتانیا بۆیان دەرکەوت کەهەردوو حیزبی حاکمی کوردی لەبەر ململانێی نێوانیان بەهیچ جۆری گوێڕایەڵی هاوڵاتیانی خۆیان نابن وئەوەی بەلایانەوە گرنگە چۆنیەتی پتەوکردن ودەوڵەمەند کردنی بنەماڵەکانیانە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە