فاروق رەفیق هێرش دەکاتە سەر خەڵکی سلێمانی و ماڵی دەگوێزێتەوە بۆ هەولێر

Thursday, 15/02/2024, 18:14

8549 بینراوە


سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە نێو دەزگای پاراستن لە هەولێر، ئەو چەند زانیارییانەی خوارەوەی بۆ کوردستانپۆست ئاشکراکرد.

فاروق رەفیق، ئەو کەسەی کە لە دوای 17 شوبات، خۆی وەکو کەسێکی ئۆپۆزیسیۆن ناساند و دژی گەندەڵیی و پیسخۆریی لە زۆربەی کەناڵی تیڤێکانەوە دەردەکەوت، هەر رۆژەی لەسەر پەتێکیش یاری لەگەڵدا دەکردن و قسەی بەرز و نزمی بە هەندێک لە بەرپرس و کەسایەتییەکان دەگوت، لە دوایین گەمەیدا بە بۆنەی 31ی ئابەوە ساڵی پاریش (2023) لە هەولێر بەناوی (ئیسلامی سیاسی و بەدگومانی لەسەر ناسنامە و كلتوور)، سیمینارێکیان بۆ رێکخست، لەگەڵ چەند ئەندامێکی پارتیی و دەزگای پاراستندا دەرکەوت.(کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکە)دوای ئەوە بۆ جارێکی دیکە پاراستن توانی فاروق راکێشێتە نێو تەڵەی دەزگا سیخوڕییەکەی خۆیەوە، ئەمیش بەم شێوەیەی خوارەوە:
1- لە نێوان مانگی 5-6/ 2023 بە رێکەوت لەگەڵ چەند کەسێک لە ئەندامانی پاراستن لە لقی 4ی پارتی لە شەوەخواردنەوەیەکدا لە یەکێک لە باخەکانی ناسیاوێکیاندا دادەنیشن، فاروق باس لەوە دەکات، کە تەندروستی باش نییە، نەخۆشی شەکرە تەنگی پێهەڵچنیوە و جارێکیش جەڵتە لێی داوە، هەروەها خێزانەکەی لێی جیابۆتەوە و جێی هێشتووە، سلێمانییەکانیش دژایەتی زۆری دەکەن و کەس ئاوڕی لێناداتەوە تا کارێکی بدەنێ، ئیستا لە بارێکی دەروونی سەختدا ژیان بەڕێ دەکات. ئەم قسانەی کە دەیکات، بەس دەبێت بۆ ئەوەی پاراستن خاڵی لاوازی بدۆزنەوە و لەو رێگایەوە پەیوەندیی پێوە بکەن، سەرەتا پێشنیاری ئەوەی لێدەکەن، تا بچێتە هەولێر و لەسەر ئیسلامی فاشی کۆڕ و سیمیناری بۆ بکەن. ئەویش بەمە رازی دەبێت.
سەرچاوەکەی نێو دەزگای پاراستن دەڵێت: وەک ئەزمونی خۆم تێچوونی هاتووچۆکەی بۆ هەولێر و خواردن و گەڕانەوەی لەگەڵیدا رەنگە نزیکەی سێ - چوار ملیۆن دیناری تێچووبێت، یان پێیان دابێت. واتا دەمیان بەو بڕە پارەیە چەور کردووە. هەروەها لە تۆڵەی 17ی شوباتدا ئەو گروپەی کە کاتی خۆی فاروق بۆی دەیشیڕاندن و گەنجەکانیان هان دەدا تا هێرش بکەنە سەر لقی 4ی پارتی لە سلێمانی، ئەوەتا ئیستا لەبەر دەستیاندایە بۆ ئەوەی تۆڵەی لێبکەنەوە و سوکایەتی پێبکەن، بۆیە لەو ماوەیەدا فاروقیان بردە لای کۆمەڵێک بەرپرسانی پارتی و پاراستن، وێنەیان لەگەڵدا دەگرت، لەوانە هیوا ئەحمەد مستەفای بەرپرس و بکوژی گەنجانی 17ی شوبات بوو.
2- ماوەی ئەو چەند رۆژەی کە لە هەولێر بوو، تا رۆژی گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، پاراستن توانیویانە زیاتر لێی نزیک ببنەوە و کۆنتڕۆڵی بکەن، رێزێکی زۆریان گرتووە، وەک دکتۆر و مامۆستای زانکۆ و پرۆفیسۆر ناویان هێناوە، لە کاتێکدا دکتۆراشی نەبووە، فاروق بەمە فووی تێکرابوو، لە خۆی بایی بووبوو، فاروق خۆشی واقی لەم لە شێوازی ئەم رێزگرتنە سووڕماوە، بۆیە کاتێک گەڕایەوە بۆ سلێمانی هەر کەسێک قسەیەکی لەگەڵدا بکردایە بە تەوسەوە دەیگوت، لە ئاست منا رەخنە مەگرە، تۆ دەبێت دەست بەرزبکەیتەوە.
جگە لەوە بەبێ ئەوەی خۆی هەستی پێ بکات، پسپۆڕەکانی نێو دەزگای پاراستن لە بواری تەکنیک و هاککردندا توانییویان هاکی موبایلەکەی فاروق بکەن و بیخەنە ژێرچاودێرییەوە، تا بزانن لەگەڵ کێدا پەیوەندیی و کۆنتاکتی هەیە، بەتایبەتی هەندێک نهێنی دیکە، کە بە کەڵکی ئەوە بێت پاراستن کەڵکی لێوەربگرێت.
3- دوای گەڕانەوەی فاروق رەفیق بۆ سلێمانی، بەردەوام لە پەیوەندییدا بوون، تا دواجار پێشنیاریی ئەوەیان بۆ کرد، کە کارێکیان بۆی دۆزیوەتەوە، ئەگەر سلێمانی جێبهێڵێت و بچێتە هەولێر، ئەوا موچەی مانگانە (چوار هەزار دۆلار) وەردەگرێت، کارەکەش کاری راگەیاندنە کە پاشکۆی باسنیوزە. باسنیوز وەک ئاشکرایە سەر بە دەزگای پاراستنە. دەزگای پاراستنیش بۆ کاری راگەیاندن چەند پاشکۆیەکی هەیە، یەکێک لەوانە رۆژنامەیەکە لە ئەنقەرە دەردەچێت بە زمانی کرمانجی، بەڵام تا ئیستا نازانرێت، ئایا ئەمەی کە بۆ فاروق رەفیقی دەکەنەوە، راستەوخۆ سەر بە دەزگای پاراستن دەبێت، یان پاشکۆی باسنیوز دەبێت، چونکە زۆربەی هەواڵ و چالاکییەکان لەسەر بارەگای بارزانی دەبێت، گوایا سایتێکە ئاڕاستەی کوردانی هەندەران دەکرێت، تا زۆربەی خوێنەر و نووسەرانی دەرەوەی کوردستان بۆ لای خۆیان رابکێشن، بەمەش بە جۆرێک لە جۆرەکان بە ئامانجی ئەوەی دژایەتی دەنگی نارازی و ئەو سایتانە بکات کە لە دەرەوەی وڵات ناوبانگیان هەیە، هەر کەسێک لەم سایتە نوێی پاراستن بنووسێت وەکو نووسەرەکانی باسنیوز بڕێک پارە بۆ ئەرکی نووسینەکانیان پێێان دەدرێت. تایبەتمەندییەکی ئەم سایتە ئەوەش دەبێت، کە پەیوەندیی بە بارەگای بارزانییەوە دەبێت، هەرچی هەواڵ و ریکلام و نووسینێکە زۆربەی لەسەر بارەگای بارزانی دەبێت، بە رووکەش دژی ئیسلام قسە دەکات، چونکە لە دەرەوەی وڵات، کوردانێکی زۆر هەن و ژمارەیان کەم نییە کە دژی ئیسلامی سیاسیی قسە دەکەن و لەپەرەسەندندان.
4- سەرەتا ئەو پێشنیارەی، کە برادەرانی پاراستن دەیکەن، فاروق رەفیق پێی رازی دەبێت، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ ئەوەشی بە گوێدا دەدەن، کە دەبێت بۆ ئەوەی متمانە لە نێوانیاندا دروست ببێت، پێویستە بەرامبەر بەو کەسانەی نەیار و دژی پارتیین، هەڵوێست بنوێنێت، نمونە وەک ئەو نووسەر و سایت و راگەیاندنانە، هەروەها هێرشەکانی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کە بەردەوام جنێو و قسە بە دەسەڵات دەڵێن، دەبێت ئەگەر ئەم پەیوەندیی لەگەڵیاندا هەبێت لێێان دوور بکەوێتەوە.
دوایی ئەو کەسەی نێو دەزگای پاراستن وەکو دەگێڕێتەوە دەڵێت هەرچییەکمان پێ دەگوت بەبێ بیرکردنەوە رازی دەبوو، چونکە فاروق لەبارێکی دەروونی زۆر خراپدا بوو، لەو کاتەوە کە باسی 4 هەزار دۆلارمان بۆی کرد، ئەو کابرایە وەکو سەرخۆشی لێهات، بەو بڕە پارە زۆرەی مانگانە وەریدەگرێت، کە بڕیارمان دا بۆی ببڕینەوە، ئیتر کۆنترٶڵی خۆی لەدەست دابوو.
5- لە پەیوندییەکەدا کوردستاپۆست ئەو پرسیارەی کرد، کە تۆ دەڵێیت موبایلەکەی هاککرابوو، هەموو نهێنیی و پەیوەندییەکانی کەوتبووە دەستیان، ئەمە مانای چی دەگەیەنێت؟ ئایا ئاگاداری ئەوە بوون، کە کاتێک ئەو دەنگە تۆمارکراوە پڕ لە جنێوانەی بۆ کوردستانپۆستی ناردبوو، دەست پاراستن کەوتبێت؟
لە وەڵامدا وتی: نازانم ئایا پێشتر خۆی دەنگەکەی بۆ ناردبن، یان ئەوان لە پەیوەندییەکەدا چووبنە ناو موبایلەکەیەوە و ئاگایان لێ بووبێت، ئەوەندە دەزانم ئەو دەنگە لە لای پاراستن هەیە، دەنگی فاروق رەفیقە دیارە بە سەرخۆشی و توڕەبوونەوە، هەرچی قسەی ناشرینە لە دەمی دێتە دەرێ، من گوێم لێگرتووە، زۆر بە شان و باڵی خۆشیدا هەڵدەدات، دەڵێت من نووسەرم، من روناکبیرم، من باحیسم، من بیرمەندم من فەیلەسوفم، من زیاتر لە 20 کتێبم هەیە، ئەی ئێوە چین و چیتان هەیە؟ ئێوە هیچتان نییە، بڕۆن خۆتان بکوژن! هەروەها هەندێک جنێو و قسەی بازاڕیانەی لە دەم هاتۆتە دەرێ، کە من بەش بە حاڵی خۆم پێم خۆش نییە هەر کەسێک تەمەنی لە خوار 18 ساڵانەوە بێت گوێی لەو دەنگە بێت، بەتایبەت منداڵەکانی خۆی.

 فاروق رەفیق خەڵکی سلێمانی بە جنێوفرۆش ناو دەبات، دەڵێت سلێمانییەکان جنێو بە من ئەدەن، دوایی ماڵ دەگوێزێتەوە بۆ هەولێر

6- دوای ئەوەی کە پاراستن یەکەم مووچەی پێدەدات، ئیتر لە سلێمانی کۆمەڵێک لە کەلوپەلی ناوماڵی خۆشی دەفرۆشێت، لە یەکەم لێدوانیدا پێش ئەوەی سلێمانی جێ بهێڵێت، بە دڵی پارتیی هێرش دەکاتە سەر سلێمانی و قسەیان پێ دەڵیت، تا وا لە خەڵک بگەیەنێت، لەبەر ئەم هۆیە سلێمانی جێدەهێڵێت و دەچێتە هەولێر.
7- فاروق رەفیق نزیکەی دوو سێ هەفتە دەبێت، کە هاتۆتە هەولێر. پاراستن لە یەکێک لە پڕۆژەکانی ئیمپایەر شوقەیەکیان بۆ کڕیوە، کە نرخی هەر شوقەیەک نزیکەی 20 دەفتەر دۆلارە.
ئەو شوێنەش تەنیا شوقەی کچە مۆدێل و ئەو ژنانەیە، کە لە وڵاتانی ترەوە روو دەکەنە هەولێر بۆ کاری مۆدێلیی و شەوانی مەلهاکان. ئێمپایەر ناوبانگێکی باشی نییە، جگە لەمە زۆربەی دانیشتوانی ئەم شوقانەش بازرگان و بەرپرسەکانن لەگەڵ کچە لەشفرۆش و قەلەمفرۆش و ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەن کە خۆیان فرۆشتووە، دەبرێنە ئەم شوقانەوە.
ئەو بەرپرسانەش کە بە دزیی ژنەکانیانەوە دێنە ئەوێ بۆ رابواردن، یان ئەوانەی بە دزی ژنەکانیانەوە، ژنی دیکەیان هێناوەتەوە، بەیناو بەین دێن و خۆیان لەوێ بەتاڵ دەکەنەوە.
فاروق رەفیق لەگەڵ شاسوار عەبدولواحیدی کۆنە نەخێری ریفراندۆم
فاروق رەفیق فاتیحا لەسەر گۆڕی نەوشیروان دادەدات

فاروق رەفیق وەک خۆی بە: (فاشستی ئیسلامیی) ناویان دەهێنێت، ئەوەتا سەردانی مزگەوتەکانیان دەکات

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە