هەڵبژاردنەکانی خۆجەیی لە تورکیا

Saturday, 06/04/2024, 14:02

485 بینراوە


هەڵبژرادن شێوەیەکی دێموکراسی و گەلیە. لە رێی هەڵبژرادنی پاک و بێ گەرد گەل دەتوانی بڕیار بدات کە چی جۆرە ئایدەلۆژی و رێبازی سیاسی دەوێ. حیزب یان کەسایەتیەکانی سەربەخۆ کە براوەن لە  هەڵبژاردنەکاند دەتوانن بە شێوەی یاسایی دەسەڵاتی سیاسی بەرێوەبەرن. هەروەها لایەنەکانی براوە نابێ ویست و خواستی دەنگدەران لە بیر بکەن و پاشگوێ بخەن. ئەگەر ئەو لایەنە براوانە داوخوازیەکانی دەنگدەران پێشێل بکەن و جێ بە جێ نەکەن، ئەو دەنگدەرانە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا دەنگیان پێنادەن و بەو شێوەیە متمانەیان لێدەستێنەوە و سزایان دەدەن. لە وڵاتانی ئۆروپا و ئەمریکا هەڵبژارنەکان بە باشی و بە گوێرەی یاسای وڵاتەکەیان و بە چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکان بە ڕیوە دەچن. بەڵام بە داخەوە لە وڵاتە دیکتاتۆر و خۆسەریەکان زۆر دەستکاری لە بەرێوەبردنی هەڵبژارنەکاندا دەکەن، هەتا حیزب و لایەنی دڵخوازی خۆیان براوە بن. لە زۆربەی وڵاتان هەڵبژاردن هەر چوار ساڵ جارێک بەرێوە دەچیت. بەڵام لە هێندێک وڵاتدا هەر پێنج ساڵ جارێک هەڵبژاردن بەڕیوە دەچیت، وەک وڵاتی تورکیا.  . زۆر گرینگە کە نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان چاودێری هەڵبژاردنەکان بکەن.
رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ٣١/٣/٢٠٢٤ ی زاینی لە باکوری کوردستان و تورکیا هەڵبژاردنی پارێزگا، شارەوانییەکان، قەزا و ناحیەکان بەڕێوە چوو. لەو هەڵبژاردنەدا ٣٤ پارتی سیاسی  بەشداری هەڵبژارنەکان بوون. تورکیا ٨١ پارێزگای هەیە. لەو ٨١ پارێزگایە ٢٤ پارێزگای لە ناو خاکی باکوری کوردستان دایە. سەرجەم مافی دەنگدەران لە تورکیا ٦١ ملیۆن بوو.
پارتی داد و گەشە پێدان (ئاکەپە)  و رەجەب تەیب ئەوردۆغان زۆر بە هیوای دەسەڵاتداری لە ئانکارا و ئیستەنبول بوون. زۆر بە ئاواتەوە بوو کە دەسەڵات لە چەنگ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەر بێنی و لە ئیستەنبول براوە بن. بەڵام بە پێچەوانەی ویستی ئەردۆغان دووبارە (جەهەپە) لە ئیستەنبول براوەی یەکەم بوو. هەروەها (ئاکەپە) لە ئانکاراش دوای ١٦ ساڵ دەسەڵارداری، دەسەڵاتی لە دەست دا و ( جەهەپە) بڕاوە بوو و دەسەڵاتی بە دەستەوە دەگریت.
دۆراندنی( ئاکەپە) لە هەڵبژاردنەکاندا گەلێک هۆی هەن. یەكێک لە هۆیەکانی سەرەکی قەیرانی ئابوریە.  سودی قەرزی بانک زۆر چۆتە سەرێ. نرخی کەل و پەل و پێداویستی ژیانی رۆژانەی خەڵک زۆر بەرز بۆتەوە. کرێی خانو زۆر گران بووە. بێکاری و هەژاری زیادی کردووە.  ئەردۆغان لە جیاتی چارەسەر کرنی ئەو کێشانە، بودجەیەکی زۆری تەرخان کرد بوو، بۆ هێرش کردنە سەر پارتی کرێکاران لە قەندیل و داگیرکردنی بەشێک لە رۆژئاویی کوردستان. هەروەها هێرشی درۆن بۆ سەر باشوری کوردستان و دانانی بنکەی سەربازی. ئەردۆغان دەیتوانی ئەو بودجە زەبەلاحە لە نەهێشتنی قەیرانی ئابوری و ئاوەدان کردنەوە بە کار بێنێ.
دەنگدەران سزای ئەردۆغان و (ئاکەپە) یان داو و لە هەڵبژاردنەکاندا رێژەی دەنگدەرانیان کەم بۆوە. بە گوێرەی ئەنجامی ئەو هه‌ڵبژاردنانە ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی داهاتوی سەرۆککۆماریشدا دەدۆرێت  (جەهەپە) براوە دەبێت.
ئەردوغان دانی بە شکانی (ئاکەپە) دا‌هێنا و گوتی، کە ئەنجامی هەڵبژرادنەکان بە دڵخوازی ئێمە نەبوون و دەبێ بە خۆماندا بچینەوە. بە پێی ئاژانسی ئانادۆلی ٤٨ ملیۆن کەس دەنگیان داوە.  

شۆرشی دەنگدان وهەڵبژاردنی سیاسی لە باکوری کوردستان

پارتی یەکسانی و دێموکراسی گەلان (دەم پارتی) سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەڵبژاردنەکاندا بە دەست هێنا. بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژارنەکان (دەم پارتی) لەو شارە گەورانەی باکوری کوردستان زۆربەی دەنگی بە دەست هێناوە.
ـ ئاگری ٥٠،٩٨ %
ـ جۆلەمێرگ ٤٤،٦٣ %
ـ ئیدیر ٤٧،٠٥ %
ـ موش ٣٨،٥٤ %
ـ سێرت ٤٨،٩٢ %
ـ دێرسیم ٣٩،٨٨ %
ـ ئامەد ٦٤،٤٦ %
ـ ماردین ٥٥،٧٨ %
ـ باتمان ٦٦،٦٢ %
ـ بەتلیس ٣٨،٣٢ %
ـ وان ٥٥،١٦ %
هەروەها دەم پارتی لە ٦٥ قەزا و ناحیەی باکوری کوردستان براوە بووەو سەرکەوتووە. سەرکەوتنی (دەم پارتی) بۆ وەدی ‌هێنانی مافەکانی گەلی کورد لە باکوری کوردستان زۆر کاریگه‌ر و گرینگە. هەروەها لە مێژووی هەڵبژاردن لە باکوری کوردستان، یەکەم جارە کە حیزبێکی سیاسی کوردی سەرکەوتنێکی گەورەی بە دەست هێناوە. پاش هەڵبژاردن کاتی ئەوەیە کە چەندین حیزب لە ئەنجومەنی شارەوانیەکان، پارێزگا، قەزا و ناحیە پێکەوە هاوپەیمانیەک دروست بکەن و لە بڕیارداندا پشتی یەکتر بگرن. ئەوە زۆر گرنیگ و کاریگەرە کە (دەم پارتی) لە گەڵ ئەو حیزب و لایەنانە یەک بگرێ، کە دەیانهەوێت دواخوازیەکانی گەلی کورد جێ بە جێ بکەن. هەروەها پەرە بە ئاوەدان کردنەو و پێشکەوتنی باکوری کوردستان بدەن و گەشە بە ئابوری بدەن. ئەگەر (دەم پارتی)  لە گەڵ هاوپەیمانەکانیان داوخوازەکانی دەنگدەران جێ بە جێ بکەن، ئەوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا دەنگی زیاتر بە دەست دێنن.
ئەندامان و لایەنگرانی (دەم پارتی) بە بۆنەی سەركەوتنی گەورە لە هەڵبژاردنەکاندا رژانە سەر شەقامەکان و دەستیان بە شایی و هەڵپەرکێ کرد.
من لە گانگای دڵی پڕ لە ئاوات و ئامانجی کوردایەتیم پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی مێژووی  (دەم پارتی) دەکەم. هیوادارم کە ببێتە نموونەیەک بۆ هه‌ڵبژاردن لە باشور و رۆژهەڵات و رؤژئاوایی کوردستان. تەنیا چارەسەری کێشەی کورد یەکگرتن و یەک دەنگی و یەک رێزیە.

یەکگرتن

منیش ده‌ڵێم ئه‌م چه‌ند دێره
کورده بزانه و گوێ رادێره
ڕێگای چاره یه‌کگرتنه
هه‌ر خه‌بات و سه‌رکه‌وتنه
به یه‌ک بوونمان سه‌رده‌که‌وین
له ژێر ده‌ستی ده‌رده‌که‌وین
ئاڵای جوانمان هه‌ڵده‌که‌ین
داگیرکه‌ران ده‌رده‌که‌ین
کوردستان ئازاد ده‌که‌ین
دڵی کوردمان شاد ده‌که‌ین

تێبینی: 

ئەم هۆنرواەم لە رێکەوتی ٢١/١/٢٠١٧ ی زاینی لە شاری هامار لە وڵاتی نۆرویژ نووسیووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە