لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


ئیسرائیل و ئێران

Monday, 03/06/2024, 19:56

921 بینراوە


ئەو هۆکارە بنەڕەتیانەی کە بوونە هۆی زیاتر پەرەسەندنی بارگرژی نێوان ئیسرائیل و ئێران، دەرئەنجامی ئەو گێچەڵانە بوون کە ئیسرائیل دژ بە بوونی ئێران لە سوریا بەڕێوەی دەبرد، ئەم گێچەڵانەی ئیسرائیلیش کێشکردنی ئێرانە بۆ شەڕێکی فراوانی ناوچەیی.
دەیان ساڵە ناوچەکە توانیویەتی ژیان لەگەڵ ململانێی سێبەری نێوان هەردوو ئێران و ئیسرائیلدا بەسەر بەرێت. بەڵام هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆی، زەنگێکی هۆشداری مەترسیدار دەربارەی توندبونەوەی ئەو بارگرژیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێدەدا، ئەوەی لە ڕابردوودا وا بیردەکرایەوە مەحاڵە ئەو بارگرژیە بتەقێتەوە، بەڵام ئەو هێرشانەی بەرامبەر یەکتر نمایشیان کرد، پەیامێکی وەهای ڕاگەیاند، کە هەندێ لێکدانەوە پێیان وایە، ئەو تەقینەوەیە لە هەر ساتێکدا بێت، ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە واقیع، بەم شێوەیە ململانێی سێبەری درێژخایەنی نێوان هەردوو وڵات بەئاشکرا ڕوویدا.
ئەو باوەڕەش کە جەخت دەکات لەسەر ئەوەی ئەم ململانێیە ناتەقێتەوە، لە لایەک لەسەر بنەمای ئەو ئاراستەیەی کە ئەمریکا ڕێگە نادات شەڕی ئیسرائیل و ئێران هەڵبگیرسێت، هەروەها لە ئاستی دنیاو ناوچەکەدا بە هیچ جۆرێک لایەنگری بۆ ئەو شەڕە لە ئارادا نیە، ئێرانیش لەئێستادا بەرژەوەندی نیە بچێتە شەڕێکی گەورەی ناوچەییەوە، چونکە شەڕێکی لەو شێوەیە، ئێرانی دەکێشایە ناو ململانێەکی بێکۆتایی وێرانکارو مەترسیدار، بۆ سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.
خولقاندنی شەڕێکی فراوانی ناوچەیی گێژاوێکە تەنها ئسیرائیل بە نوێنەرایەتی ناتانیاهۆ بەدوایەوەیە، ئەوەش بۆ دەرچون لەو قەیران و بنبەستیانەی لەناو غەززەو لە ناوخۆی ئیسرائیلدا دەرگیری بووە، دەنا هیچ ووڵاتێک بە ڕەچاوکردنی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ناوچەکەدا پێشبینی دەکەن، رودانی ئەو شەڕە لە دژی بەرژەوەندی خۆیان و  دژ بە گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ دامەزراندنی سەرمایەگوزاری لە ناوچەکەدا دادەنێن. هەرچەندە وڵاتانی ناوچەکە تاڕادەیەکی گونجاو سەرکەوتوو بوون لە دابڕاندنی خۆیان لە کاردانەوەو ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەڵام لە بەردەم ئەگەری توندبوونەوەی  دەورەیەکی دیکەی ململانێدان کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دەهێنێتە ئاراوە.
لەهەرحاڵدا ئەو گۆڕانکاریەی لە ململانێی ئێران و ئیسرائیل بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بارگرژیەکی مەترسیداری نیشاندا، بەو مانایەیە کە پێویستە ئەو وڵاتانە خۆیان ئامادە بکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەگەری سیناریۆی شەڕی ئیسرائیل و ئێران، نەک بەردەوام بن لە گرەوکردن لەسەر ئەوەی کە ئەم شەڕە ڕوونادات.
لە هەمان کاتدا ترسی ئەوەش هەیە کە دەیان ساڵەی دوژمنایەتی ئیسرائیل و ئێران، بەجیا لەوەی لێکدانەوەکان و دۆخەکە ئەوە نیشان ئەدات، کە ئەگەری ڕوودانی ئەم شەڕە بە دور دەبینرێت، بەڵام لێکدانەویەکتش هەیە، ڕەتی ئەوەش ناکاتەوە کە ئەم ململانێیە لەدەست دەرچێت و بگۆڕێت بۆ شەڕێکی هەمەلایەنە، بەتایبەتی کە سوپای ئیسرائیل هێرشە دڕندانەکانی  بۆسەر غەززە بەردەوامە. 
ساڵانێکە ئیسرائیل و ئێران شەڕی بە وەکالەتیان ئەنجامداوە، تاران تۆڕێکی میلیشیای هاوپەیمانی لە سەرانسەری ناوچەکەدا دروستکردووە، کە هێرشەکانیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، لە بەرامبەریشدا گومانی کوشتنی زانایانی ئەتۆمی لە ئێراندا هەیە و سەدان هێرشی ئاسمانی دەستپێکردووە لەسەر هێزەکانی ئێران و هاوبەشە چەکدارەکانیان بەتایبەت لە سوریا، سەبارەت بەو سیناریۆیانەی کە ئیسرائیل بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بکاتە ئامانج، بەشێوەیەکی بەرچاوە.
ستراتیژی ئێران لەسەر بنەمای بەکارهێنانی تۆڕی میلیشیاکانی خۆی، هەوڵیداوە بۆ دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکە و فشارخستنە سەر ئیسرائیل، لە هەمان کاتدا دەیەوێت خۆشی لە شەڕەکە دوور بخاتەوە. تاقمەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بریتین لە حەماس و جیهادی ئیسلامی لە غەززە، حزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن و چەند گروپێکی چەکدار لە عێراق و سوریا، و وەک هێڵی پێشەوەی بەرگری ئێران کاردەکەن.
ئێران لە ڕێگەی ئەم میلیشیایانە سەرکەوتوو بووە لە کێبڕکێ لەگەڵ زلهێزە تەقلیدیە ناوچەییەکان لە ناوچەکەدا، بەو پێیەی پشتیوانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی زیاتر لە ٢٠ گروپی چەکدار دەکات، کە زۆرینەیان واشنتۆن بە تیرۆریست پۆلێنی کردون.
خالێکیش کە پێویستە بە هەند وەریگرین، ئیسرائیل توانای ئەوەی نییە بە تەنیا بچێتە ناو ئۆپەراسیۆنی شەڕێکی فراوانی ناوچەییەوە، بەڵکو پێویستی بەیارمەتی ئەو هێزەی ئەمریکا دەبێت کە لە کەنداو جێگیرکراون، بەڵام ئیدارەی ئەمریکا ئامادەیی نیشان نەداوە بەشداری هەر پرۆسەیەکی شەڕی فراوان لەوجۆرە بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل بکات.
گورزی ئێران ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە پڕۆژەی پاراستنی ئیسرائیل هێشتا پشت بەو زلهێزانە دەبەستێت کە لەڕووی سیاسی و ئەمنی و سەربازیەوە سپۆنسەریان کردووە، بەتایبەتی بە دەستێوەردانی ئەمریکا و بەریتانیا لە خستنەخوارەوەی زۆربەی ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لەلایەن ئێرانەوە هەڵدەدرێن.
دوای هێرشە موشەکیەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ناتانیاهۆ دەگەڕێتەوە بۆ گێڕانەوەی وێناکردنی ئیسرائیل وەک "قوربانی"، بۆئەوەی شەرعیەتێکی نوێ لەناو ئیسرائیل بەدەستبهێنێت و هاوسۆزی بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە، بەڵام بەگشتی وەها دێتەبەرچاو کە ناتانیاهو شەرعیەت و متمانەی خۆی لەدەستداوە بە تایبەتی دوای شکستی ستراتیژی لە غەززە.
بۆیە ئەو پرسیارە دێتەپێشەوە کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەم کاتەدا تا چەند سوودی لە لێدانی ئێران وەرگرتووە بۆ گەڕاندنەوەی وێنایەکی ئەرێنی لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا، بەتایبەت کە هەمیشە بزووتنەوەی حەماس خۆی بە ئێرانەوە گرێداوە، هەڵبەتە پاکتاوکردنی خەڵکی غەززە هەلی کردنەوەی هیچ دەرگای شۆردنەوەی ریسوایی بۆ ناتانیاهو نەکردۆتەوە، دوای وەستانی شەڕی داگیرکاری غەززە، ناتانیاهۆ وەک تاوانبارێک لە بەردەم دادگادا ڕوبەروو دەبێت.
هەروەها ڕۆژنامەی ئەمریکی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەدا کە بایدن لەبەرامبەردا متمانەی بە نەتانیاهۆ لەدەستداوە، بە شێوەیەکی تایبەت نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە هەوڵەکانی نەتانیاهۆ بۆ ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ ناو شەڕێکی فراوان.
وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشی ئێران بەپلەی یەکەم پشت بەستن بوە بە هەڵوێستی ئەمریکا و حیساباتی واشنتۆن و جۆ بایدن، بەڵکو حساباتێک بۆ دۆخەکە بکەن، ئەوەش لە هەستیاری دۆخی ناوچەکەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە حیساباتی هەڵبژاردن لە ئەمریکا، بەڵام  بایدن لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا هۆشداری داوەتە ناتانیاهۆ کە ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل بەشداری لە هێرشی پێچەوانە بۆ سەر ئێران ناکات.
لەکاتێکدا ئەمریکا لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ ئێران، لە ڕێگەی بەشی بەرژەوەندیەکانی باڵیۆزخانەی سویسرا و جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆنتڕۆڵنەکردنی ململانێکان ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی کارەساتبار لە ناوچەکەدا، بەرپرسانی ناوچەکە هۆشداری دەدەن لەوەی کە پەرەسەندنەکان ڕەنگە ببێتە هۆی جەنگێکی بەرفراوان.
 ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم دۆخەی بارگژی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەتوانین بڵێین بەجؤرێک لە هەوادا هەڵواسراوە، تا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بەردەام بێت، بەشێک لە ئیسرائیلتەکان بیر لەوە دەکەنەوە کە چ وەڵامێکی تر بۆ هێرشەکەی ئێران بکەنە ئامانج، ئەگەرەکانی دوبارەبونەوەی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکانی ئێران، ئاماژە بەوە ئەدا کە گوایە بیر لەوە دەکەنەوە، لەوانەیە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە سەربازیەکان یان بارەگاکانی حکومەت، یان هێرشکردنە سەر بارەگاکانی سوپای پاسدارانی ئێران لەخۆ بگرێت.
لە کاتێکدا ناتانیاهۆ و بەرپرسانی ئیسرائیل داوای دەستپێکردنی هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئێران دەکەن کە ڕەنگە بەرنامە ئەتۆمیەکەش لەخۆ بگرێت، بەڵام بەگشتی ئیسرائیلیەکان جۆری هێرشەکانی ئێران بۆ سەریان، بە سەرکەوتن بۆ خۆیان ئەژمار دەکەن، دوای ئەوەی نزیکەی هەموو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران خراونەتە خوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەریەکی بەرچاویان هەبێت. بەگشتی دەتوانم ئەوە بڵێم لە گەڵ هەر بارگرژی و بونی دۆخێکی دژواردا، هەڵگیرسانی شەری گەورەی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەدوور دەزانم. 
لەبەر ڕۆشنایی هەڵوێستە نێودەوڵەتیەکان و نەبوونی جۆش و خرۆشی ئەمریکا بۆ پەرەسەندنی شەڕەکە، ئیسرائیل خۆی لە دووڕیانێکدا دەبینێتەوە کە ڕاگرتنی لێدان لە ئێرانیان یان دواخستنی،  نە گونجاندنە بۆ ئەوەی کە ناتانیاهو لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا خۆی ڕێکبخات، چونکە دواتر سەختە بۆی بتوانێت شەڕێکی گەورە بخولقێنێت کە ئومێدی دەرچونیەتی لەو قەیرانەی بەرەوڕویەتی.
ئیسرائیل بە لاوازترین ساتەکانی خۆیدا تێدەپەڕێت، هاوسۆزی ڕەوتی شەڕی غەززە و بەرەی ناوخۆ هەڵوەشاوەتەوە، هەروەها هیچ کۆدەنگیەکی سەربازی و سیاسی ئیسرائیل لەسەر لێدانی کونسوڵخانەی دیمەشق نەبوو، بەڵکو وەک شکستێکی تر بۆ ناتانیاهۆ تۆمار کرا.
ئەم هێرشانە ڕوبەڕوبونەوەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلیان لە سێبەر و لە ڕێگەی بە وەکالەتەوە هێنایە دەرەوە، بە ئاشکرا ئیسرائیل هەوڵئەدات بیکاتە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لە بەرامبەر یەکتردا.
ئەو ڕێگایانەی کە ماونەتەوە بۆ ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سیناریۆیەکی کارەساتبار، لە ڕێگەی ڕێکخستنی ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوانی جیهانیەوە هەوڵدانە بۆ ڕێگرتنی تەواوی ئەگەرەکانی ڕودانی شەڕی فراوان لە ناوچەکەدا، وەستانی داگیرکاری ئیسرائیل بۆسەر فەلەستین، هەڵوەشانەوەی میلیشیاکان، دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین،...
ئەوەی لەم نێوەشدا بە گشتی بۆ ئارامی لە ناوچەکە، دەبێت حساباتی جدی لەسەر بکرێت، پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکی جدی هەیە لە پێکهاتەی هەردوو حکومەتی ئێران و ئیسرایئل، هەتا ئەگەر لە ڕێگای چاکسازیشەوە بێت لە گۆڕانی ئارایشی پێکهاتەی هەر دوو ئەو حکومەتەدا، ئەتوانێ ڕێگایەک بێت بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخی جەنگ و ناسەقامگیر کە دوو دەیە زیاترە ناوچەکە تیا غەرق بووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە