بیرۆکەی دۆنادۆن(incarnation) لای ئەهلی هەق (کاکەیی)

Monday, 03/06/2024, 21:44

3088 بینراوە


نوسینی محەمەد موکری (پاریس). تەرزمانی لە فەرەنسیەوە؛ سەردار حەمەڕەش.

وتەی وەرگێڕ:

وەک ئەهلی هەق لە پێشەکی کتێبەکەیاندا دەنوسن: "ئەم کتێبە بۆ کەسانی نەزانی دەرەوەی کۆمەڵگەکەیان ڕێگەپێنەدراوە" تکایە ئەگەر نەزانیت مەیخوێنەرەوە.

***

بە بێ ئەوەی دەستبکەین بە لێکۆڵینەوەیەکی قوڵ لە پرسی دۆنادۆن (ژیانەوەی ڕۆح لە جەستەیەکی تردا. وەرگێڕ) و یەکێتی عیرفان (Mystique)، دەمانەوێت هەندێک وردەکاریی بدەین وەک پێشەکییەک بۆ لێکۆڵێنەوە لە چەمکەکانی ئەهلی هەق . پێش هەموو شتێک با ئاماژە بەوە بکەین کە چەمکی دۆنادۆن هەمان مانا و هەمان ناوەڕۆکی نیە وەک لای مەسیحیەکان. تەنانەت لای ئەو ئەهلی هەقانەی کە چەمکەکانیان لە
کۆکردنەوەی بیرۆکەی ئاینی جیاوازەوە پێكهاتووە، هەمیشە دۆنادۆن لە هەمان گۆشەنیگادا نابینرێت. هەندێک جار ئەم بیرۆکەیە لایەنێکی جەستەیی وەردەگرێت و هەندێ جار لایەنە عیرفانییەکەیەتی کە زاڵە. لە ڕوانگەیەکی دەرەکیی، نانهێنی( exoteric)ەوە واتە سەبارەت بە موسڵمانانی دەوروبەریان، ئەهلی هەق تیشک دەخاتە سەر لایەنی عیرفانی بەوەی کە مەبەستی لە دۆنادۆن چییە. بەڵام لە ڕوانگەی ڕازمەندی (نەهێنی)ەوە، لە دەقەکانی تایبەت بە ئەندامانی مەزهەبدا، دەقەکانی نوسراو بە دیالەکتی خۆیان، شوێنەواری نەک تەنها گۆڕینی عیرفانیی بەڵکو جەستەییش دەبینین. بۆیە دۆنادۆن دۆگماێکی بنەڕەتییە لای ئەهلی هەق. بۆ ئەوان دۆنادۆن داپۆشرێکە، ڕواڵەتێکی جەستەیی بۆ بونەوەرێکی مرۆڤ یان فریشتە دیاری دەکرێت. دیاردەی دۆنادۆن کاریگەریی لەسەر هەموو بونەوەرەکان هەنە : ئەوەش ( دۆن) ە. تەنانەت خوداش لێی بێبەری نییە. ئەمەش دوای پەیمانێک بوو، لە یەکەم ساتی ئافراندندا، کاتێک فریشتەکان داوایان لە خودا کرد کە خۆی نیشانبدات، ئەوجا خودا زنجیرەیەک دۆنادۆنی بەسەر فریشتەکان و بوونەوەرەکاندا سەپاند، هەزار و یەک، کە ماوەی تێکڕای پەنجا ساڵ بوو ( کۆی گشتیی دەکاتە پەنجا هەزار ساڵ). ئەم دۆنادۆنە یەک لە دوای یەکانە، بە باوەڕی ئەهلی هەق، دەستەبەرکردنی داداپەروەریی و پاساو بۆ جیاوازیەکانی بارودۆخی کۆمەڵایەتیی و بەختەوەری و ناخۆشی دەهێننەوە: مردنی پێشوەختەی منداڵان ڕووندەکاتەوە. لەڕاستیدا دۆنادۆن نوێنەرایەتی پاداشت یان کەفارەتی ژیانێکی پێشو دەکات. لەم دەرکەوتنە جیاوازانەدا مرۆڤ دەبێت خۆی تەواو (کامڵ) بکات؛ کاتێک گوناحێک دەکات، دەبێت توشی ئەو دۆنادۆنە سزادانە ببێتەوە کە گەشتنی بە دواهەمین قۆناغ دوادەخات : ئەو قۆناغەی کە تێێدا جێگیر دەبێت و خودا دەبینێت. بۆ پوختەکان، ئەم قۆناغە هەزار و یەکەمین دۆنادۆنە..............(چەند وشەیەک ونە).
وەدەرکەوتنی خودا (Théophanie) : لە کۆنسێپتەکانی ئەهلی هەقدا، خودا خودایەکی بەبەزەییە و ئەشکەنجە دەکێشێت بەوەی کە وەدەرناکەوێت. جیهانی ئافراندووە بۆ ئەوەی بناسرێت و خۆشەویست بێت بە پێێ ئەو پەیمانەی کە لە یەکەم جاردا کراوە. بەڵێنی بە فریشتەکان دابوو کە خۆی نیشانبدات. ئەوەش بە ڕووکەشی جیازەوە دەکات. هەمیشە وەک عیسا لە دایکێکی پاکیزە لەدایک دەبێت و لەدایکبوونی هەردەم بەشێوەیەکی سەرسەڕمێنەر ڕوودەدات.
زانایەکی ئەمەریکی دەویووت : ئەگەر سروشت مرۆڤی ئافراندووە بە مەبەسی ئەوە بووە کە چاوێک لە دەرەوەی خۆی بیبینێت (وەرگێڕ).
لە هەر تێۆفانییەکدا (وەدەرکەوتنی خودا) فریشتەیەکی لەگەڵدایە کە بۆ ماوەیەک پێش ئەو دەبێتە دۆنادۆنی. چاوەڕیی بکەن و ڕایبگەیەنن. یەکەم تێۆفانی لە کەسایەتی عەلیدا
ڕوویدا، دایکی ناوی فاتیمە بن ئەسەد بوو، بە ڕووکەش خێزانی ئەبوتالیب بوو، دووگیان بوو لەلایەن خوداوە.
یەکێکی تر لە کەسایەتییە گەورەکانی ئەهلی هەق "موبارەک شا" یە و ناونراوە "شا خۆشێن" لە لوڕستان (لە 330 کۆچیدا)، خودا لەودا دۆنادۆن بوو. دایکی شاخۆشین کچێک بوو ناوی ژەڵاڵە بوو کچی میرزا ئامانە بوو. تیرێژەیەک لە تیشکی خۆر چووە دەمیەوە و بەو شێوەیە "شا خۆشینی" بوو. خێزانی ژەڵاڵە شکیان لێێ بوو، ویستیان بیکوژین. بەڵام "شاخوشین" لە دەمیەوە هاتە دەرەوە و بەو شێوەیە هەموویان باوەڕیان پێ کرد. شاخۆشین ڕۆژێک خۆی خستە ڕوباری گەمەسەب* و ئیدی دیارنەما. دوای چەند سەردەمێک خودا خۆی نیشاندا لە جەستەی "بابە ناووس" دایکی ؛ خاتوون گوڵی، سکی پڕ بوو پێش ئەوەی بچێەتە ماڵی مێردەکەی. مێردەکەی شکی لێ کرد، بەڵام زارۆکەکەی لە دەمیەوە هاتە دنیاوە بۆیە ئەویش باوەڕی پێ کرد.
لە سەتەی هەشتەمی کۆچیدا گەورەترین وەدەرکەوتنی خودا (تێۆفانی) لە کەسایەتی سوڵتان "سەهاک" دا ڕووی دا. دامەزرێنەری ئەهلی هەق. ئەم چوار فریشتەیەی کە دۆناودۆن بوون لەو چوار کەسایەتییەدا، لەسەر لوتکەی شاهۆ کۆبوونەوە. دوای سێ شەو و سێ ڕۆژ بە بەرۆژوو بوون لە چاوەڕوانیی وەدەرکەوتنی ئێزداندا، خودا بە ڕووکەشی بازێکی شاهانەی سپی وەدەرکەوت و پێی گووتن : " ژوان لە شاری بەرزنجە. لای پیاوێکی خواپەرست بە ناوی شێخ عیسی. کچێکی بۆ بهێنن کە ناوی "دەیرەک" ە، کچی حەسەن بەگ لە خێڵی "جەڵد". فەرمانی پێدان کە بچن دار هەنارێک* بڕوێنن لە بەردەم ماڵیاندا و ڕێنمایی "ئاوات" ی کرد کە ببێت بە باخەوانی. پێی گووتن : " هەرکاتێک دار هەنارەکە وشک بوەوە و بازێکی سپی لەسەری نیشتەوە ئەوە مژدەی گەڕانەوەی منە" فریشتەکان گوێڕایەڵییان کرد. ئەو دەمەی ئەم ئەرکانەیان جێبەجێکرد و ئەم ڕوداوانە ڕویاندا، ئاوات مژدەی هاتنی خودای لە دونیادا بە هاوەڵەکانی ڕادەگەیەنێت. لە کاتێکدا کە خاتو دەیرەک دانیشتبوو لەبەردەم ماڵ، هەڵۆ سپیەکە بەرەو ڕووی چوو. لەسەر ئەژنۆکانی دانیشت؛ ئەویش لە باوەشی گرت و کتوپڕ منداڵێکی دی لە باوەشیا ؛ ناویان نا سوڵتان سەهاک.
مەزهەبە جیاوازەکانی ئەهلی هەق هەموویان لەسەر ژمارەی تێۆفانیەکانی دواتر و ئەو کەسانەی کە تێیدا ڕویان داوە، کۆکن. بەڵام بیروباوەڕە بنەڕەتیەکان سەبارەت بە تێۆفانی و دۆگمای دۆنادۆن وەک خۆیان دەمێننەوە.
فریشتەوەدەرکەوتن، شێوەفریشتە : ئەهلی هەقەکان باوەڕیان بەوە هەیە کە ناونراوە شێوەفریشتە و فریشتەوەدەرکەوتن. فریشتەکان دەتوانن خۆیان بۆ مرۆڤەکان وەدەرخەن کە لە هەموو ڕوویەکەوە هاوشێوەی مرۆڤن. بەڵام دەشتوانن بچنە جەستەی مرۆڤێکەوە لە حاڵەتێکی ڕۆشنگەرییدا یان شاگەشییەکی سپیریتوێڵدا بەهۆش خۆیدا دێتەوە کە ئەو فریشتەیەکە، پاشان ڕابوردووی فریشتەیی خۆی دێتەوە یاد و هەروەها چەند جەستەیەکی
جیاوازی مرۆڤ کە تێیدا نیشەجێ بووە وەک فریشتە. ئەمەی خوارەوەش نمونەیەکە وەرگیراوە لە نەریت و نوسراوی ئەهلی هەق:
چەند سەردەمێک پێش تێۆفانیە گەورەکە لە کەسایەتی سوڵتان "سەهاک"دا، گەورەترین و بەناوبانگترین کەسایەتی خودایی لە نێو ئەهلی هەقدا. پیر "بنیامین"، گابریەل سەرەک فریشتە، دەچێتە جەستەی جوتیارێکی هەژار بەناوی خدر، لە پاوە، شارێکی بچوکی کوردستان. لەناو جەستەی ئەو پیاوەدا، فریشتە ئاگایی گوم کردبوو بە خۆی. لە کاتێکدا ئەو جوتیارە داماوە لە گەورەترین باری هەژاریی سامانیی و دەروونیدا دەژییا، پیر مووسی، سەرەک فریشتە ڕەفاێل، فەلەکناس کە لە دیمەشقەوە هاتبوو هەروەها "روکنادین" کە لە پاوەوە هاتبوو، جوتیارەکەیان بینی. پێشبینیی بورجەکانیان بۆ کرد، پێیان گووت کە ئەو گابریەل (جوبرائیل) خۆیەتی، ئیدی بە بیستنی ئەو هەواڵە جوتیارەکە بەهۆش خۆیدا دێتەوە و بە دۆخی فریشتەیی خۆی بەئاگا دەبێتەوە و شاگەشکە دەبێت. ئێزدان لە تێۆفانی پێشودا مژدەی هاتنەوەی خۆی دابوو لە جەستەی بابە "ناووس" دا. فریشتەکان دوای گەڕانێکی زۆر بە دوایدا، شوێنپێیان لە لوتکەی شاهۆ (زنجیرە چیای زاگرۆس) دا دۆزییەوە لە تەنیشت کانییەکەوە، سێ شەو و سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بوون لە چاوەڕوانی ئێزداندا و ئەویش هات وەک بڕیاری پێ دابوون.
نیشتەجێبوونی کاتیی ئێزدان و فریشتە : هەروەها ئەهلی هەق باوەڕیان بە جۆرێکی تری دۆنادۆن هەیە کە ئەویش نیشتەجێبوونی کاتییە. واتە سەردانی ئێزدان یان فریشتە بۆ لای کەسێکی باش و ڕێزی لێ دەگرێت و دەروونی ڕۆشن دەکاتەوە. ئێزدان یان فریشتە لەو کەسەدا نیشتەجێ دەبێت؛ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو تێیدا دەمێنێتەوە.کاتێک ئێزدان لە ژیواری بوونی کەسێکدا دەژی، ئەو کەسە دەبێت بە "شا میهمان" یان "خودا-میهمان" بە مانای ئەوەی کە " پێشوازی لە شا دەکات"، " پێشوازی لە خودا دەکات". کاتێک بریتییە لە سەردانی فریشتەیەک ئەو پیاوە بە "بەنی یامین" بانگ دەکرێت یان "پیر موسی میهمان"...تاد.
حاجی نور ئەلی ئیلاهی لە کتێبەکەیدا ( کە چاپنەکراوە لە بەشی پێنجدا) کە پرسیار و وەڵام سەبارەت بە باوەڕی مەزهەبەکە لە خۆ دەگرێت، هەندێک زانیاری پەیوەست بە نیشەجێبوون ( تێپەڕبوون یان نیشتەجێبوونی ڕۆحێک لە جەستەیەکدا. وەرگێڕ). ئەمەش سەرەکی ترینیانە : دوو جۆری مرۆڤ هەنە. دەتبەشەر (Dat-bashar) واتە ئەو کەسەی هەرگیز زیارەتی نەکراوە کەواتە پێکهاتەیەکی تەنها مرۆڤییە. دەت – میهمان کە زیاد لە پێکهاتەی مرۆڤیی خۆی پێکهاتەی میوانداری سەردانی دەکات کە ڕۆشناییەکەی یەکسانە یان زێدە ترە لە خۆی. جیاوازی لە نێوان سێ حاڵەتدا دەکات:
1- سەردانکەر خاوەنی پێکهاتەیەکەی بەرزترە، بەڵام ڕۆشناییەکەی یەکسانە، وەک چۆن ڕوودەدات لە نیشتەجێبوونی فریشتەیەک لەلایەن فریشتەیەکەوە لە ماوەی دۆنادۆنی مرۆڤێکدا.
2- سەردانکەر خاوەنی پێکهاتەیەک و ڕوناکیەکی بەرزترە.
3- پێکهاتەی سەردانکە یەکسانە بەوەی سەردانکراو.
هەرچۆنێک بێت، لە داوی ڕۆیشتنی میوان (سەردانکەر)ەکە ئەو ڕوناکییەی کە بۆتە هۆی بوونی، نیشتەجێبوونەکەی، نامێنێت و سەردانکراوەکە تەنها ئەوەی کە هی خۆیەتی بۆی دەمێنێتەوە.
هەمان ئەم چەمکە لە نیشتەجێبوون لە دەقی پەهلەڤیدا دەدۆزینەوە کە باس لە ئایینی مەزدایسم دەکات. دەستەواژەی میهمان ی تێدا دەبینین. کاتێک ڤاهمان، ئاکومان، سرویش، خیشم، سەپندەرمەند، دروشترومەد، میهمانن، سەردانکەرن، سیفەتەکانیان ڕەنگ دەدەدەنەوە لە سەردانکراوەکاندا.

تێبینی وەرگێڕ:

*وێنەکەی سەرەوە، فۆتۆگرافی نور ئەلی ئیلاهیە(1895-1974)، کوڕی حاجی نیعمەتوڵا، یەکێک بوو لە گەورەپیاوانی ئەهلی هەق، کاری دادوەریی بوو لە ئێران. نورئەلی، تەمبور ژەنێکی بێهاوتا بووە و لە گۆرانیەکانیدا زۆربەی جار گوێمان لێیە بە ناوهێنانی عەلی، دەگری.
* لە هەندێک نوسینی ئەهلی هەقدا، "دار توو" نوسراوە و لەهەندێکی تریاندا "دار هەنار".
*ڕوباری گەمەسەب (Gàmàsàb) : لەهەندێک سەرچاوەدا بە ڕوباری "سیروان" هاتووە
*ئەهلی هەق کە لە کوردستان پێیان ئێژن کاکەییەکان، لە کودستانی ئێران زیاتر بە ئەهلی هەق ناسراون، ئەگەر هەندێک کەس ناویان لێ ناون "عەلیوڵا " ییەکان، واتە ئەوانەی کە عەلی بە خودا دەزانن، ئەوا هەندێک لە کەسایەتیەکانی ئەهلی هەق باسی عەلی ناکەن و کۆکن لەسەری، بەڵام کەسایەتی نور ئەلی ئیلاهی و باوکیشی حاجی نیعمەتوڵا، پێداگری تێدا دەکەن، لەبەر ئەوەی عەلی بەوە ناسراوە کە کەسێکی ئاشتی خواز بووە و هەروەها بۆ خۆ پاراستنیان لە تەنگژە لە ئێرانێکی مەزهەب شێعەدا، بۆیەکا کەسایەتی عەلییان کردووە بە یەکێک لە دۆنادۆنەکانی خودا، بەڵام سەرنج دەدەین ئەوانەی کە زیاتر لە ناوچەکانی فارسدا دەژین وەک نور ئەلی خۆی، بە هۆکاری خۆپاراستن و ڕەخساندنی دۆخی ئاشتی، نەوەکا وەک مەترسیەک بۆ سەر دینی شێعە ببینڕین و بەو بۆنەیەوە توشی ئاژاوە و جینۆساید ببن.

کۆتایی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە