• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ووتارەکەی مایکل ڕۆبن هیچی تازەی تێدا نەبوو

Sunday, 12/03/2023, 22:41

927 بینراوە


لەم ڕۆژانەدا "مایکل ڕۆبن " ووتارێکی بە ناونیشانی: (کاتێک مەسعوود بارزانی کۆچی دوایی دەکات چی بەسەر کوردستانی عێراقدا دێت؟) نووسیوە، بەخێرایی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پڕکرا لەم ووتارە و "کوردستانپۆست"یش وەریگێڕاوەتە سەر کوردی، دیارە پێشتریش لەچەند جێگەیەکەوە هەمان ووتار وەرگێڕاون و تەنانەت لە یوتبیشەوە بەدەنگ خوێنراوەتەوە.
پرسیارەکەی من لەوەدایە بۆچی ئێمە هێندە خۆمان بە بچوک دەزانین، لەکاتێکدا بێگانەیەک دێت باسێکی وەها کە هەموومان پێشتر دەیزانین، بەڵام کاتێك یەکێکی غەیری کورد دەینووسیت گرنگی پێ دەدەین، تەنانەت لە نووسین و باسەکانی خۆماندا ئاماژەی پێدەدەین و دەیکەینە سەرچاوە، کەچی ئەگەر کوردێک هەمان بابەت پێشتر نووسیبێتی فەرامۆۆشی دەکەین.ئەوەی مایکل رۆبن کە نووسیونێتی، کە ئاماژە بەهەواڵێک دەدات، پێشتر لەدەیان جێگاوە نووسەری کورد بەتایبەتی "کوردستانپۆست" سەدان جار لەو زانیارییە و هەواڵانەی بە چری و زیاتر بڵاو کردۆتەوە، بەڵام نەبۆتە جێگەی باس و خواس و قسەشی لەسەر نەکراوە، لەکاتێکدا لەسەرچاوەی زۆر نزیک تر لەسەرچاوەی مایکل رۆبن ئەمانەی پشتڕاست کردۆتەوە.
هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن، کە ئێمە لە بچوکی خۆماندا هەمیشە هەوڵدەدەین خۆمان لە رێگای بێگانەوە بناسین و لەوانەوە لەسەر خۆمان زانیاریی وەربگرین.
ئێمە گەلێکین نە وانەیەکمان لەو سوکایەتییە و بچوکی خۆمانەوە فێربووین، نەخۆمان کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بڕوا بە خۆمان و بە تاکی گەلەکەمان بهێنین، ئەمەش شێوەیەکە لەئیرەیی و نەخۆشی و خۆبەکەم زانین.ڕووسەکان کۆماری مهابادیان لەناوبرد، شای ئێران ئاشبەتاڵی بە مەلا مستەفا کرد، ئەمەریکێکان لەدەیان ڕووداودا ئێمەیان وەک سەربازی شەترنج فڕێداوەتە ناوشەڕەوە و تەنها جێیان هێشتووین، کاتێکیش تاک تاک و وەک نوێنەر ی مەینەتێکان دەچینە ژوورە داخراوەکانەوە بیرمان دەچێت کە بۆچی چوین، دەست دەکەین بەملشکاندنی براکانی خۆمان.
ئەرێ بەڕاست ئەمە چارەنوسە، یان کەلتورێکی قێزەوندە و ناتوانین لێی قوتاربین ؟
لەماوەی ئەم سێ دەیەی کە کورد دەسەڵاتی هەیە لەوهەرێمەدا سەدان بگرە هەزاران هەواڵی ڕاست لە کوردستانپۆست و لەسەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە بۆ ئاگادارکردنی خەڵکی بەو مەینەتیانە بڵاو کراوەتەوە، بەڵام کەس ئازایەتی ئەوەی نەبووە باسی بکات لەناو ئەو هەمووڕاگەیاندن وتۆڕە مێدیا سەقەتانەی کورددا.بەڵام کاتێک مایکل ڕۆبنێک دێت شتێکی سواو جوێنراو دەڵێت : ئیتر کورد دەڵێ "هەنگوینیان لەکونە دیواردا دۆزیوەتەوە" 
سەردەمانێک "ویکلیکس " کۆمەڵێ نامەی سەران و بەرپرسانی کوردی لەژوورە داخراوەکاندا بڵاودەکردەوە، کە پێشتریش هەر هەمان بابەت لە کوردستانپۆست ئەو نهێنیانەی بڵاو دەکردەوە و ووردترو پڕزانیاری تر، ئەمە هەر وەکو ئەوەی، کورد وەک خۆراکی ناوخۆ ڕێز لەتەماتەی تورکی و ماستی تورکی دەگرێت، کە هەمووی زەهرە بەڵام تەماتەی پێنجوێن و ماستی قەراج بە هیچ نازانێت. 

هەربەڕاست ئێمە چ گەلێکین ؟

ئێمە لەسەر لێواری دۆڕانێکی سەیرداین، ئەو ووتارەی مایکل رۆبن نمونەیەکی هێندە زیندوە کەئێمە ناتوانین خۆمان بیربکەینەوە لە کاتێکدا ئێمە کێشەکان لە پەناماندایە و نایبینین، یان نامانەوێت بیبینین، چونکە لەبەرپرسیارێتی دەترسین.
کورد زۆر خۆی بەبچوک دەزانێت بەداخەوەم کەئەوە دەڵێم.خۆشم تاکێکی ئەو نەتەوەیەم، بەڵام وەرن با ئێمە سەوڵەکە بەپێچەوانەوە لێدەین.هەمیشە دەرفەتەکان لەکاتی قەیرانەکاندا دەردەکەون.هەموومان دەزانین سەیرکردنی ئاگرێکی لەدەست دەرچوو چ سودێکی هەیە ؟ جگە لەچاوەڕوانی خۆڵەمێش.ڤێتنامێکان دەڵێن: کاتێک یەکێک ئازارت دەدات، پێویستە گازی لێبگریت نەک دەست بکەیت بەگریان.
ئەگەروابڕوات ئێمە بەمردنێکی لەناکاو دەمرین، دوای ئەوەی بەژیانێکی ئاست نزمدا ژیاوین، کە نەمان توانیوە خۆمان خاوەنی خۆمان بین و هەمیشە چاومان لەوەیە کە ئایندەمان کەسێکی دیکە بۆمان باش بکات.ئایندە ئەوشتە نییە کە چاوەڕێ دەکەیت، ئایندە ئەوەیە کە هەوڵی بۆ دەدەیت.ئێمە هەموومان هەست بەگوناهێکی لەدەست چوو دەکەین.بۆیە ووتاری پیاوێکی بێگانە بە ڕێگە چارەی خۆمان دەزانین.

پەیامی ڕۆژ لەلایەن "رزگار رانگور"ەوە نوسراوە