تاڵەبانى تەكلیفى لە ئەحەمد نەژاد و گوڵ كردووە بوردومانى قەندیل نوێبكرێتەوە

Thursday, 12/03/2009, 12:00

1691 بینراوە


دووسال َزیاتر دەبێت، فرۆكەكانى سوپاى تورك و توپخانەكانى سوپاى پاسدارانى ئێران بە بیانووى سەركوتكردن و راوەدونانى شۆرشگێرانى باكور و رۆژهەڵاتى كوردستان،بۆ بێ ئیرادەكردنى گەلى كورد درێژە بە دەستدرێژیە سەربازیەكانى سەر هەرێمى كوردستان ئەدەن،ماوەی چەند مانگێك دەبوو گەریلاكانى (پ ك ك) و (پەژاك) هێرشیان نەكردبووە سەر هێزەكانى سوپاى توركیاو ئێران وماوەى نزیكەى مانگێكیش دەبوو توپخانەكانى ئێران و فڕۆكەكانى توركیا هێرشى قەندیل و خواكورك و خنێرەیان راگرتبوو.
رۆژى 10-3-2009جەلال تاڵەبانى سەرۆك كۆمارى عراقى زۆڵە كورد،بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەى هاوكارى ئابورى (ECO) سەردانى تارانى كرد و لە كۆنگرەكەدا وتارێكى خوێندەوە وهەر لەوێ لەگەڵ سەرۆك كۆمارى توركیا و ئێران كۆبوەوە،هەر لە كاتى ئەو كۆبونەوانەدا رۆژى 11-3-2009 بوردومانى توپخانەكانى ئێران دەستپێكردەوە و لە گوندێكى بنارى قەندیل مناڵێكى تەمەن دووساڵە شەهید بوو دووكەسى تریش لە هەمان خێزان برینداربوون و خانوەكەشیان بەسەردا رووخا،ئەمرۆش 12-3-2009 فرۆكەكانى سوپاى توركیا بوردومانى قەندیلیان دەستپێكردەوە.
نوێبوونەوەى ئەم بوردومانە لە كاتێكدابوو كە سەرۆك كۆمارى عراق لە ماوەى دە رۆژدا دووجار سەردانى ئێرانى كرد،ئەمجارەیان سەرۆك كۆمار هێشتا لە تاران بوو و خەریكى پیاهەڵدانى حكومەتى وئێران توركیا بوو كە بوردومانى قەندیل دەستپێكردەوە،نوێبوونەوەى هێرشە سەربازیەكانى سەر قەندیل لە كاتێكدایە كە مانگێك لەمەوبەر وەفدێكى پایەبەرزى كۆمارى ئیسلامى ئێران سەردانى عراق و هەرێمى كوردستانیان كرد وپەیمانیان بە حوكمەتى هەرێمى كوردستان دا كە توپبارانى سنورەكانى هەرێمى كوردستان راگرن،نوێبوونەوەى ئەم بوردومانە لە كاتێكدا بوو كە دوو رۆژ لەمەوبەر عەبدولا گوڵى سەرەك كۆمارى توركیا لە كاتى سەردانەكەیدا بۆ ئێران لە فرۆكەخانەدا بە رۆژنامەنوسانى راگەیاند: نابێت چاوەروانى ئەوە بین كە لە دەرەوەى سنورەكان كێشەی كوردى توركیا چارەسەر بكرێت.
ئەگەر (پ ك ك) و (پەژاك) لەبەر بەرژەوەندى خەڵكى سڤیلى ناوچە سنوریەكانى هەرێمى كوردستان و بۆ رازیكردنى حكومەتى هەرێم و بۆ زەمینە خۆشكردنى بە ئاشتى ودیموكراتی چارەسەركردنى كێشەى كورد ماوەى شەش مانگێك زیاتر بوبێت بە كردار شەریان لە دژى هێزەكانى توركیاو ئێران راگرتبێت،ئەگەر ئێران و توركیا لە ماوەى مانگى رابوردوودا بوردومانى ناوچە سنوریەكانى هەرێمى كوردستانیان كەم كردبێتەوە و لێدوانى پۆزەتیڤیان دابێت،ئاخۆ ئەم دەستدرێژیەى ئەم چەند رۆژەى دوایى ئێران و توركیا بۆ سەر خاكى هەرێمى كوردستان و شەهید و برینداركردنى خەڵكى سڤیل، سوكایەتێكردنە بە جەلال تاڵەبانى سەرۆك كۆمارى عراق لەبەر ئەوەى كوردە؟ یان هەوڵدانە بۆ بى ئێرادە كردنى سەرۆك كۆمارى عراق بۆ ئەوەى لەوە زیاتر خۆی بدات بە دەستى ئێران و توركیاوە،ئەى ئەگەر وابێت كوا هەڵوێستى سەرۆك كۆمارە كوردەكەى عراق كە جارێك وەك عراقى و جارێك وەك كورد سوك و بێ ئیرادە دەكرێت؟.
هەركەس تاڵەبانى بناسێت دەزانێت هێند سووكە هەر شتێكى پێبكرێت لەوەزیاتر سووك نابێت،كەسێتى ئەو خۆفرۆشە بۆ ئاستێكى هێند سووك دابەزیوە نزمترین پلەى سوكایەتى وەرگرتوە و هەر چى لەگەڵ بكەیت لەوەزیاتر سووك نابێت.هەر كەسێك تاڵەبانى بناسێت دەزانێت هێندە كۆیلە و خۆ بەدەستەوەدەرە هەموو شتێكى تەسلیمى داگیركەران كردووە و بە توپباران و بوردومانى فرۆكە هیچ نەماوە تەسلیمى بكات.
كاتێك بە شوێن لێدوانەكانى تارانى تاڵەبانیدا ئەگەرام ،بۆ ئەوەى پێوەندیەك لە نێوان بوردومانەگانى قەندیل ولێدوانەكانی تاڵەبانیدا بدۆزمەوە،لە سایتى پەیامنێرى رۆژى 12-3-2009دا،كورتەى لێدوانەكانیم خوێندەوە بینیم لە كۆتایى وتارى گۆنگرەى ئیكۆدا دەڵێت : خەبات دژى تیرۆر پێویستى بە هاوكارى هەموو ولاتانى ئەندامى ئیكۆ هەیە.ئەبێت ئەوەمان لە بیر نەچێت كەبە فشارى تاڵەبانى و هوشیار زێبارى (پ ك ك) لە لایەن حكومەتى عراقەوە وەك رێكخراوێكى تیرۆریستى ناسراوە،مەبەستى تاڵەبانیش لە خەباتى دژى تیرۆر لێدانى (پ ك ك) و (پەژاكە) و بەس، بۆیە دەتوانین بڵێین تاڵەبانى تەكلیفى لە ئەحەمەد نەژاد و عەبدوڵا گوڵ كردووە بۆ خەبات دژى تیرۆر با بوردومانى قەنیدل نوێ بكەینەوە.
  12-3-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە