لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


پژاک، بەشێکی هەرەزیندووی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد

Wednesday, 08/05/2024, 20:04

1066 بینراوە


بۆ ماوەی زیاتر لە حەفتاساڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکە سەرکردەیەتییەکی بە خۆوە نەدی کە هەڵقوڵای حاڵی نەتەوەکە بێت. پاش لە ناوچوونی کۆماری کوردستان، ئێدی پەرتەوازەیی، پشێوویی سیاسی و ڕێکخراوەیی ڕووی لە نەتەوەکە کرد، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات و باشووردا، ڕۆژهەڵات وەک سەرچاوەیەکی گرنگی بیری کوردایەتی و کلتووری کوردەواری، جۆرێک خامۆشی بەخۆوە دی، ئەمە بەو مانایە نییە کە بزووتنەوەکە لەو دەڤەرەدا لە بزووتن کەوتبێ، بەڵکو شێوەی بەرخۆدان و تێکۆشانەکە گۆڕڕا، لە هەمان کاتدا کەسایەتییەکان بۆ نەتەوەکە دەرکەوتن، چ ئەوانەی لە باشوورەوە بەدەنگی کۆماری کوردستانەوە چووبوون، چ ئەو کەسایەتییانەی کە ڕۆژهەڵاتی بوون و پلەیەکیان لە ناو بەڕێوەبەرێتی کۆماری کوردستاندا هەبوو، تەماشای هەلوێستی مەلا مستەفا و ئیلخانی زادەکان لە لایەک و ئەفسەرەکانی کورد (محەمەد قودسی و هاوبیرەکانی) لەلایەکی دی بکە، پاش بەندکردنی قازی و لە سێدارەدانی، واتە لاوازبوونی هەلوێستی پێشەوا و ڕۆڵی ئەو گروپەی یەکەم لە خێراکردنی داڕمانی کۆماری کوردستاندا، یا هەڵوێستیان لە بەجێهێشتنی گەل و واژۆکردنی* لەسێدارەدانی پێشەوا چوونکە بە قسەی واژۆکەرانی ئەو مەزبەتەیەی کە بۆ شایان بەرزکردەوە، پێشەوا مەرامی لەتکردنی خاکی-شاهنشاهی ئێران بووە**.
من مێژووی ئەمڕۆ دەنووسمەوە، کە لە سبەینێی نەتەکەمدا درێژەدەبێتەوە و لە داهاتووشیدا ڕۆڵی گرنگ دەبینێ، ئەو بەردەی ئەمڕۆ بۆ هەڵنانی  دیواری سبەینێ بە خواری دابنرێت، سبەی دەبێتە فاکتەرێک بۆ ڕمانی دیوارەکە، بۆ خوێندنەوەی مێژووی دووریش سەرچاوە زۆرە کە خوێنەران بۆ ناسینی کۆمار و دامەزراندنی/ داڕمانی و ڕۆڵی ئەو گرووپانە، بیخوێننەوە و زانیاریان*** سەبارەت بە ڕوودا و کەسایەتییەکانی ئەو سەردەمە، زیاد و فراوان بکەن.
دەمەوێ باسی قۆناغێکی گرنگی بزووتنەوەکە بکەم بەتایبەت لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتدا کە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک – وەک کارەکتەرێکی سیاسی گۆڕانکارییە زەینی و حاڵەتە بەرەنگاریی و وشیارکردنەوەکە، ڕۆڵی سەرەکی و بنچینەیی دەبینێ.  لەماوەی بیست ساڵی دامەزراندنیدا، چالاکی، تێکۆشان و گۆڕانکاریی فراوانی لە خۆیی و شێوەی تێکۆشانەکەدا کردووە، تا ئەوەی سنوور و شێوازی کەسایەتی حیزبیی خۆی هێندە گەشەپێداوە و چالاک کردووە کە لە حیزبێکی سیاسییەوە بۆتە بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازیی کاریگەری خەڵکەکەی.
پژاک ڕەنگدانەوەی بزووتنەوەیەکی کوردستانیی گەشاوەیە 
لەم ڕۆژانەی ڕابووردودا کۆنگرەی حەوتەمی خۆیان بەست، کە دەکاتە ئەوەی بە شێوەیەکی تێکڕایی هەر سێ ساڵ جارێک کۆنگرەیەکیان گرتووە، کە نوێبوونەوەی ڕێکخراوەیی تێدا ئەنجامدراوە، وەک گۆڕینی هاوسەرۆکەکان، ڕەخنە لە شێواز و هەڵوێستیان بەرانبەر بە ڕووداوەکان و ......هتد. یەکەم جاریشە پارتێکی کوردستانی بەئاشکرا لە ڕاگەێندراوەکەیاندا وەک خۆیان دەڵێن: " سەرجەم ئەو ڕەخنانەی گەل، بیرمەندان، ڕووناکبیران، لایەنگران و دۆستانمان باسیان کردبوو...." ببێتە ناوەرۆکی وتووێژیی کۆنگرەی پارتییەک، ئەمە مانای ڕێزگرتن لە بڕوا و بنەما دیاریکراوەکانی ئەو پارتە و ڕێزگرتن لە سەرنج و بۆ چوونەکانی گەل و بە پراکتیک بایەخدان بە ڕای گەل و هاوبەشی کردنی گەلە لە دیاریکردنی شێوازی تێکۆشانی پارتێکی کوردستانیدا، کە نیشانەی ئەوەیە ئەو پارتە بەشێکی زیندووی نەتەوەکەیە ونەتەوەکەش چاودێرێکی لەسەرهەستە بۆبەشێکی زیندووی خۆی کە چاوەڕوانی لێی هەیە، چوونکە متمانەی پێیەتی.  
متمانەبوونی گەل بە پژاک، بنەماکەی چالاکییە فراوان و بەردەوامە کوردستانییەکانی ئەو پارتییەیە، لە کوردستانی مەزندا. ئێمە دەزانین کە نەتەوەکەی ئێمە دەیان ساڵە، باشترین و هێژاترین کچان و کوڕانی خۆی پێشکەش بە وەدیهێنانی خواستە بنەڕەتییەکەی خۆی کردووە، کە ئازادیی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یاسایی یەکسان و دادپەروەرە، کە هەموو تاکێکی کوردستانی شەرافەتمەند، بەپێی لێزانین، توانا و دڵسۆزیی خۆی هیوادار بووە هاوبەشی وەدیهێنانی ئەم تێکۆشانە مرۆیی و شارستانەتییە بکات، بەڵام ئاکامی زۆرینەی ئەو هەوڵە بەردەوام و خەباتە سەختەی نەتەوەکە، بۆتە ڕەنجێکی بێوەر و چەندین جاریش بەجێهێشتنی نەتەوەکە بۆ دوژمنانی دێرینەی لە لایەن سەرکردەیەتی دەستە و حیزبەکانەوە، کە ئاسایشی نەتەوەیی، نیشتمانی و تاکی کوردیان خستۆتە مەترسییەوە و زیانی گەورەیان لە بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی داوە!!!. نەتەوەی کورد دوژمنانی خۆی دەناسێ و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەشیان دەزانێ ولەم بوارەدا ئەزموونێکی زۆری هەیە، ئەوەی کە زیانی گەورەی لێداوە ئەو دەستە و تاقمانە بوون کە بەچەندین هۆی ناوخۆیی و لەڕادەیەکی بەرزیشدا، وابەستەبوونی ئەو هێزانە بەیەکێک لە دەسەڵاتە داگیرکارەکانی نیشتمانی کوردەوە، بۆتە هۆی ئەوەی کە لەبەرگێکی کوردی و چەندین دروشمی ڕوکەشانەی سەر بە کوردایەتیدا، هەمیشە جڵەوی کاروانی خەباتی نەتەوەکەیان بۆ قۆرغ کراوە، هۆکەشی ئەوەیە کە:
ئەوان بۆ دوژمن ناسراوون و کەسایەتیان چ لە ڕووی فیزیکی و چ لە ڕووی دەروونییەوە، ئاشکرا بوون.
خاڵە لاوازەکانی کەسایەتی سەرکردەیەتی ئەو تاقمانەیان لە دەستدا بووە و توانیویانە بە چاوپێکەوتنێک و کۆبوونەوەیەک، مەرامی خۆیان بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنن.
نەتەوەی کورد تامەزرۆی ئازادی بووە و هەر کەسێک، بەتایبەت تۆزێ ناسراو بووبێت، توانیوێیەتی ئەم سۆزە بێگەرد و خەوشەی نەتەوەکە بجوڵێنێ و گەمەی پێ بکات. لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێم کە هەرگیز نابێت ئەو خاڵە لەیاد بکەین کە گەل بەرپرسیارە لە چارەنووسی خۆیی کە بەناچاریی دەبێت ئەو بەرپرسیارێتییە وای لێ بکات بەتوندی لە سەرکردەیەتی ئەو تاقم و دەستانەی گەمەیان بە چارەنووسی کردووە، بپرسێتەوە، گەر وا نەکات دەبێت ئەو چارەنووسانەی کە سەرکردەیەتی ئەم تاقم و دەستانە بۆی دیاری دەکەن، وەک بارێکی گران و ناقۆڵا بدا بە شاندا، تا ئێستاش ئەم حاڵەتە چەند پاتە بۆتەوە لە ڕۆژهەڵات و باشوور!!! ئازادی چەندە ئامانجێکی گەورە و پڕ بایەخ و خواستراوە، خەبات بۆ بەئاکام گەیشتنی، ئەو مۆڵەتە بەکەس نادات کە بەناوی ئازادی نەتەوەکەوە، نەتەوەکە بۆ چەندین جار خۆی بەو سەرکردەیەتییانە بسپێرێ، ئێستا دیارە بەشێکی گەورە لە نەتەوەکە گەیشتوونەتە ئەو خاڵی وەرچەرخانە کە لە خۆیی و لە ئازادیخوازانی خۆیان ببنە خاوەن و چاودێریی وردی هەڵوێست و چالاکی ئازادیخوازانی خۆیان بکەن، شۆڕشی ژینا، بووە پێوەرێک بۆ تاقم و دەستەکانی کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بە تایبەتی، لە پاش کۆبانییەوە، کە وەرچەرخانێکی مێژووییە لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی و کوردستانی نەتەوەی کورددا، شۆڕشی ژیناش بووە دووەم وەرچەرخانی گرنگ لە ئاست هەڵوێستی دەستەو تاقمەکان و لە ئاست پیشاندانی ئامادەیی نەتەوەکە بۆ خۆڕێخستن و هەڵگرتنی باری قورسی ئازادبوون.
ئێمە چاودێری هەڵوێست و کاردانەوەی هەموو دەستە و تاقمەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور بووین لە ڕۆژە سەخت و گەشاوەکانی شۆڕشی ژینادا و دیارە بەڕوونیش پەیامی گەل بە پژاک گەیشتووە و ئەوان وەک هێزێکی دانەبڕاو لەگەل و بەرپرس و متمانە پێکراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، وەڵامی دڵخۆشکارانەی گەلی خۆیان دایەوە.
هەڵوێستی پژاک، لە ڕووی سیاسییەوە لە ناو بزووتنەوەی دەیانساڵەی نەتەوەکەماندا، وەرچەرخانێکی تری گەورەیە، یان سەرەتایەکی تۆکمەیە بۆ سیاسەتکردن و تێکۆشان لە کوردستاندا، ئەمە ئەو حاڵەتەیە سەبارەت بە پژاک، کە هەم بۆ پژاک وەک بزووتنەوەیەکی چالاکی متمانە پێکراو لەلایەن نەتەوەکەوە سەرنج ڕادەکێشێ و گەشاوەیان دەکات و هەم بۆ نەتەوەکەش دەبێتە سەرەتایەکی درووست کە توانای دەستنیشانکردنی لاری و خواریی و هەڵوێستە دروست و کوردستانییەکانی ڕوون دەکاتەوە.     
پاش گەشانەوەی تێکۆشانی سەخت و جدی و کوردستانیی بێووچانی خەباتگێڕانی باکووری نیشتمان و ئەو بەرخۆدانە مەزنەی لە پێناوی وشیارکردنەوە، بزواندنی زەینی تاکی کورد و هیوابەخشینەوە بەوەی کە دەشێ و دەکرێ، بە هەڵهێنجانی وانەی گرنگ لەڕابووردووی تێکۆشانی نەتەوەکە، لێکدانەوەی دروست بۆ دەرفەتەکان، تواناکانی دوژمن و تواناکانی خۆمان، ستراتیجێکی ڕوون و دروست دەستنیشان بکەین و نەتەوەکە بگوێزینەوە بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات بۆ ئازادیی نیشتمان، ئەم بنەمایەی ئەو بزووتنەوە ئازادیخوازییە کوردستانییە بە زووی لە سەرتاسەری نیشتمانی کورددا تەنییەوە. ئەمەش جارێکی تر خواستی نەتەوەکەی بۆ ئازادی نیشتمانەکەی پیشانداین و چاوەڕوانیان بۆ بزووتنەوەیەکی ڕاست و کوردستانی خاوەن بنەمایەکی پتەو کە خۆی بۆ بەئاکام گەیشتنی ئازادیی نەتەوەکە تەرخانکردبێ، ئەم خاڵانەش لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی باکووردا دەبینران. یەکێک لەو خاڵانە بەستنەوەی خەباتی نەتەوەکە بوو پێکەوە، واتە بینینی هەر چوارپارچەی دابەشکراوی نیشتمان وەک یەک نیشتمان و مەیدانی خەباتێکی کوردستانی بە ڕەچاوکردنی هەموو تایبەتمەندییەکانی سەردەمی تێکۆشانەکە، سەت ساڵ بوو کورد چاوەڕێی پەیامێکی وا بوو. زۆر گرووپ، دەستە و حیزب هاتن و درشمی بریقەدار و تەفرەدەرانەیان بەم ناوەوە بەگوێی نەتەوەکەدا چرپاند و سەرەنجام خۆیان دەربازکرد و نەتەوەکەیان بە دوژمنانی سپارد. پژاک بەرهەمێکی گەشی ئەو بیرکردنەوە کوردستانییەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی ئێمەدا متمانە پێکراو و چاوەڕوان لێکراویشە، هەم پژاک ئەو خواستەی گەلی ناسییوە و لێی تێگەیشتووە و خۆی بۆئاستی ئەو خواستە ئامادە و بەرزکردۆتەوە، هەم گەل لە دەسنیشانکردنی سیاسی خۆیدا گەشەی کردووە و چۆتە قۆناغێکی نوێوە، ئەمەش پێمان دەڵێت کە بزووتنەوەکە تەندروست و لە حاڵەتی گەشەی ئاسایی خۆیدا بۆ پێشەوە بە متمانەوە هەنگاو دەنێت.
کۆبەندیی و پێشنیازەکان
پژاک، خواستێکی گرنگی سیاسی لە بزووتنەوەی ئازادیی نەتەوەکەدا، کردە واقعێکی دیار بۆ گەلی خۆی.
پێدا چوونەوە بە ڕۆژە سەخت و گەشەکانی شۆڕشی ژینا و هەڵوێستەکانی خۆی لەو دەمەدا، بوێرییەکی چاوەڕوانکراو بوو لە پژاک، کە نیشانەی پێگەیشتن و ژیرێتی بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەیەتی.
گوێگرتن لەگەل و بەڕاشکاویی و بەدەنگی بەرز ڕاگەیاندنی، گوێم لە پەیامەکەت بوو گەلی خۆم، قۆناغێکی نوێی سیاسی پژاکە و گەلیش وەڵامی خۆیی و چاوەڕوانییەکانی لە پژاک وەرگرتنەوە. ئەوە بووە نەریتێکی نوێ لە تێکۆشانی نەتەوەکەدا، کە سەرەتایەکی گرنگە بۆ هەنگاوەکانی پێشوەچوونی بزووتنەوە گەلییەکە.
بەرپرسیاربوون بەرانبەر بە مەرامی گەل لە پلەیەکی هەرەبەرزدا، کە ئازادیی نیشتمان و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یاسایی و دادپەروەرە، هێڵە بنچینەییەکانی ڕوون و ئاشکراتر بوون.
بەکارهێنانی بەرگری ڕەوا، لەکات و شوێنی دیاریکراو و بە شێوازە زۆرەکانی تێکۆشان، دەبێت ئامڕازی پژاک بێت بۆ تێگەیاندنی دوژمن، کە ئەم گەلە بێخاوەن نییە. 
یەکێک لە ئەرکە هەر بنجییەکانی تێکۆشانی پژاک، ئامادەکردنی تاکەکانی نەتەوەکەمانە، بۆ: ١- تێگەیشتن لە نرخی بەرخۆدانەکانیان.٢- گرنگی مانەوەیان و خۆپارستنیان. ٣- فێربوونی ڕێگاکانی تێکۆشانی بە تاک و کۆمەڵ.
٤- خۆڕێکخستن بۆ هەر کردەوەیەکی بچووک و گەورە. ٥- تاکی کورد دەبێت فێربێ، کە ژیرێتی ڕێبەری کردەوەکانی بێت. نەک سۆز، دەبێت سۆزی بەتەنگەوەهاتنی نەتەوەکە بمان گەێنێتە سەر بەکارهێنانی ژیرێتیمان لە پلەیەکی هەرەبەرزدا. ٦- کارکردن بەر لە ڕاگەیاندنی مێدیاییەوە دێت، بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەی کورد پێوستی بە ٢٤ سەعات کارکردنە، ئەوکارەی پژاک تاڕادەیەکی زۆر هەوڵی بۆ دەدات و بە زۆر مێتۆدی ڕاگەیشتن بەکارەکاندا گەیشتووە. لە پاش کار بیرمەندانی دڵسۆزی شەرافەتمەندی ئازادیخوازی نەتەوەکە، دەتوانن مێدیا بۆ پێداچوونەوە بە ڕەووشی کارەکان و ئاکام و دەرهاویشتەکان بەکاربێنن، ئەمە لە دوا گۆنگرەی پژاکدا، بەڕوونی گەشەکردنی پێوە دیارە بوو.
باشووری نیشتمان، لەگەڵ هەموو تایبەتمەندییە ناسراوەکانی ئێستای دەڤەرەکەدا، پێویستی بە ڕێکخستنەوەیەکی کۆمەڵایەتی فراوانە، دەرسەکانی خەباتی تێکۆشانە ئازادیخوازییە کوردستانییەکەی پژاک، قوتابخانەیەکی گرنگی فێربوونە، کە بۆ باشوور دەتوانێ ببێتە کرۆکی بزوتنەوەیەکی کۆکراوە لە ڕێڕەوێکی دیار و ئاشکرای سەر بە خەڵکی باشووردا، ئەمەش کۆکردنەوەی توانا تاکییەکانی گەرەکە تا لە ئاکامدا دەبێتە بزووتنەوەیەکی کۆکراوەی خەڵک.
ئەو حاڵەتەی هەڵکەوتنی نیشتمانی ئێمە کە دابەشکراوە بەسەر چوار جوگرافیای مۆنتاجکراودا**** و تێکەڵییە چنراوەکەی دووپارچەی باشوورو ڕۆژهەڵاتی، واتە دەڤەری سلێمانی کە درێژدەبیتەوە بەرەو دەشتایەکانی گەرمیان، وای کردووە کە هەر ڕووداوێکی بچووک و گەورە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر یەکتر دەبێت، کە ئەم تێکەڵ بوونە تەونییە لە بەشی باشووری نووسا و بە باکووری نیشتمانەوە، کەمتر ڕێگە پێدراو بووە و هەمیشە فەرمانڕانەکانی ئەو دەڤەرە چ کورد بووبن چ دوژمنی کورد لە تێکەڵ بوونیان ترساون، ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە و ئازادیخوازانی باکوور لە قەندیل هەموو پێوانە خوارەکانیان سەروبن کردەوە، بەڵام هەر تەگەرە و بەربەست زۆر و ڕۆژانە زیاتری دەکەن. لە دەڤەری سلێمانی پێچەوانەیە و ئەم دیو و ئەو دیوو، دوو وشەی یەک ڕوانین کە باسی یەک حاڵەت دەکەن. هەر بۆیە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی پژاک کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر باشوور هەیە و دەتوانێ پێوانەکان قڵب بکاتەوە و لە جێگایان پێوانەیەکی کوردستانی نوێ بخەمڵینێ.

سەرنجەکان/

*،** ئەو كتێبە بە لەھجەی فارسییە، لەوێدا وێنەی ئەو مەزبەتەیەی تێدایە، كە دەرەبەگ و سەرۆك خێڵ وژمارەیەك، لە ھاوەڵان و وەزیرەكانی پێشەوا بۆ شای ئێرانیان ناردووە، كە داوای لە سێدارەدانی پێشەوا دەكەن، لەناویاندا ئەگەر لە یادم مابێت، یەكێك لەم ئیلخانی زادانەی تێدایە:
عەبدولڕەحمانی ئێلخانیزادە: وەزیری موشاویر (ڕاوێژکار)، یان ئیسماعیلی ئێلخانیزادە: وەزیری ڕێگاوبان نازانم كامیانە، بەڵام یەكێك لەم وەزیرانەی پێشەوایە، سیاسەتمەدارانی كورد ئاوا كاریان بۆ ڕزگاریی كورد  كردووە و دڵسۆزی ھەڤاڵانی خۆیان بوون!!...من ئەو کتێبەم بەدەستەوە گرتووە و پەڕەکانیم هەڵدانەوە و کۆپی ئەو مەزبەتەیە و ئەو ناوانە سەرنجیان ڕاکێشام، بەڵام ڕێگەیان پێنەدام کۆپی لێبگرم یان وەریگێڕمە سەر زمانی کوردی، دەیان وت بۆ باری سیاسی ئێستای کورد باش نییە، ئەوەی نووسیومە لە زەینمدا چەسپاوە، وەک خۆی گواستمەوە، ئەو کتێبە لە بنکەی {ژ....} پارێزراوە. 
*** وشەی {زانیار} وەک {پرسیار} بریتییە لە {تجرید} بە واتای { معرفة} نەک ناوی کارا بە واتای زانا. لە وشەی کڕیار کە ناوی کارایە پاشگری {یار} چۆتە سەر ڕەگی {کڕی...} و یەکێک لەو دوو {ی} ە قرتاوە/ مامۆستا مەسعوود محەمەد، کتێبی پرس و وەڵامی – پەرژینی بێدەنگی- بڵاوکراوەی کۆمەڵەی فەرهەندگی سوێد-کوردستان، کە کاک هەڵۆ بەرزنجی لە ئەڵمانیاوە، چەند پرسیاری لە مامۆستا مەسعوود کردووە، ئەویش لە بەغداوە وەڵامی پرسیارەکانی سەعات چواری پاش نیوەشەویی نێوان ٢٠-٢١-١٠-١٩٩٤ داوەتەوە، ئەم کتێبە ساڵی ١٩٩٦ لە سوێد چاپکراوە.
**** وڵاتانی مۆنتاجکراو، بریتین لەو وڵاتانەی، بەم نەخشانەی ئێستایانەوە، لە پاش دوو جەنگە جیهانییەکە هاتنە دروستکردن، لەسەر دابەشکردنی نیشتمانی کورد بەسەر ئەو وڵاتانەی وەک تورکیا، ئێران، سووریا و عیراقدا، بۆیە ئەو سنوورە سوورانەی سەر نەخشە بۆ نەتەوەی ئێمە، هیچ بایەخێکی زەینی و واقعی نییە و بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد، ئەم سنوورانەی لە زەینی نەتەوەکەدا و بەشێوەیەکی پۆراکتیکی سڕیەوە و لە ژێر پێلاوی گریللا و شۆڕشڤانانی کورددا کرانە پێخووس، ئێدی ئەو پیرۆزییەی کە شایەر و شاعیر و هونەرکار و مەلا و مامۆستای زانکۆ و سەرباز و جەندرمەی ئەو نەتەوە سەردەستانە پێیان وایە پیرۆزییەکە لە ئاسمانەوە دابەزییوە، لە ڕاستیدا دیاری دەست و بیری ئیمپریالیزمی سەرمایەداری دوای جەنگە و لە گیرفانی ئەوانەوە هاتۆتەدەر و باسکردنیان وەک پیرۆزییەک، ئەفسانەی خەڵکانێکە کە لە ڕەڕەوەی شارستانەتی مرۆڤایەتی دواکەووتوون و ژیرێتیان ڕاستییەکان دەرک ناکات، ئەگەر چەسپاندنیشی بە زۆرە! ئەوا سڕینەوەشی دەکرێ بە زۆر بێت. تێکۆشان بە گوڕوتین  بۆ ئازادیی نیشتمان بەردەوامە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە