كەمئەندامانى سلێمانى لە هەولێر بێڕێزیان پێكرا..

Thursday, 20/12/2012, 12:00

1739 بینراوە






كوردستان هەرێمێكە بە دونیایەك ئازار و دەربەدەرى و ئەشكەنجەو خوێنڕشتنى لاوەكانى و برینداركردن و لەسێدارەدان و ئەنفالكردنى سەدان هەزرا لە خەڵكانیدا تێپەڕ بووە، بۆیە پاش ئەوەى كە هەر ئەو خەڵكە خۆیان راپەڕین و ئەم ئازادییەیان بۆ هەموو لایەك فەراهەم كرد. هەربۆیەشە دەبوایە نموونەى هەرە جوانى لە حوكمڕانى پێشكەش بەو خەڵكەى خۆى بكردایەو ببوایەتە نموونەى ئایدیاڵى و بێهاوتا لە هەموو رۆژهەڵاتى ناڤینەوە، چونكە خەڵك و حزبەكانى ئەم كوردستانە تامو چێژى هەموو نەهامەتیەكیان كردووەو دەبوایە دادوەرى و ئازادى و شەفافییەت و دیموكراسیى راستەقینە تەنیا لە حوكمڕانى ئەم كوردستانەدا هەبوایەو لە توركیاو یۆنانیش پێشكەوتووتر بوایە لەڕووى سیاسییەوە، خەڵكى كوردستانیش بە گەنج و پیریەوە .. بە پیاو و ئافرەتیەوە هەر بۆ ئەو ئامانج و دەرئەنجامانەش خۆى جەنفیدا كرد و دەستیان دایە چەك و چوونە شاخ و ژیانى ئاسوودەو رەفاهییەت و رابواردنى شاریان نەفرەت كرد.
بەڵام داخیگرانم ئەوەى كە خەڵكى هەژارى زۆرینەى دانیشتوانى كوردستان رۆژانەو بە بەردەوامى هەستى پێدەكەن و دەست و پەنجەیان لەگەڵدا نەرمكردووە، ئەوەیە كە ئەم هەرێمە سیخناخە لە قەیران و تەنگژەو بەردەوامیش قەیرانى دیكەیان دەچنە سەر و كەڵەكە دەبن و وەكو دەووترێت: قەیران بە قەیران چارەسەر دەكرێت.. ئەوەى كە لە گوزەرانى رۆژانەدا هاووڵاتیان هەستى پێدەكەن، ئەوەیە كە چینى هەژاران رۆژ دواى رۆژ زۆرتر دەبن و زیاتر دەچنە ژێر بارى قورسى ژیانەوە بە جۆرێك خێزانگەلێك هەن لەم هەرێمە زۆر دەوڵەمەندەدا كە دواى وەرگرتنى مووچەكانیان و تەخشانكردنى خەرجییەكانیان بۆ كرێنشینى و پارەى كارەباى رەئیسى و موەلیدەو نەوت و خەرجى منداڵان و خۆراكى رۆژانە ئیدى هیچى تریان بۆ نامێنێتەوە كە وەكو هاوڵاتییەكى ئاسایى شتى خۆشى دڵخۆشكەرە یان میوەو شیرەمەنیەكى بەتام و گرانبەها نۆش بكەن.
خێزانگەلێكیش هەن كە هەر لەم هەرێمەدا دەژین كە لەژێر هێڵى سفردا دەژین و نە مووچەیان هەیەو نە كاسپییەكى وەها دەكەن كە بتوانن وەكو خێزانى ئاسایى بژین، ئەمجۆرە خێزانانە بە نەمرەو نەژى ژیانى كولەمەرگى دەبەنە سەر كە ئەمەش دەچێتە ئاستى كفرەوە چونكە داهاتى هەرێمى كوردستان و بودجەى مانگانەو ساڵانەى ئەم هەرێمە لە بودجەى وڵاتێكى وەكو سوریاو ئوردون گەلێك زیاترە.. بەڵام مەخابن ئەوەندە ناشەفافیەت و نادادوەریى كۆمەڵایەتى لەئارادایە كە رۆژانە چینى هەژار بەرەو تەشەنەسەندن دەچن، رۆژانە رێژەى سواڵكەران و بێنەواو هەتیوو و بێوەژنان و كەمئەندامان و نەخۆش و بەساڵاچووان روو لە زیادبوونەو بودجەكەش هەر بەهەمان شێوە روو لە زیادبوونە، تەنكەرەكانى نەوتى قاچاخ بردن، بەرەو دەرەوەى هەرێم روو لە زیادبوونە، داهاتى گومرگەكان زیاترن لە ساڵانى پێشوو، داهاتى بەڕێوەبەرایەتیەكانى وەكو كارەبا و ئا و سووتەمەنى و هاتووچۆ و تاپۆ و ........تاد. دەیات قاتى جاران زیادیان كردووە..
با ئەو داهاتانە دەیان و سەدان قاتى جاران زیاد بكەن، كە بە عادیلانەو شەفافانەو بە ویژدانەوە دابەش نەكرێت بەسەر هاونیشتمانى ئەم هەرێمەدا، كە یاسا سەروەر نەبێت و یاسا لە بەرپرسە زۆرەكانمان بەرزتر و باڵاتر نەبێت، كە پەرلەمان ملكەچى یاسا و دەستوورێكى مەدەنییانەى بە ئینساف و دیمۆكراسى نەبێت، كە هاوڵاتى و بەرپرسێكى حزبى هاوتاو یەكسان نەبن لە ماف و ئەركدا، هەرگیزاو هەرگیز ئەم هەرێمە ئاسوودەو نیشتمانێكى دڵگەرم و نەرمونیان نابێت بۆ هاونیشتمانیەكانى جاى بۆ كەمئەندام و نەخۆش پەككەوتەكانى.
بەڵام ئەوەى لەم چەند رۆژانەدا روویدا ، بێجگە لە خۆپیشاندان و مانگرتن و گردبوونەوەى رۆژانەى كارمەند و خانەنشینان و مامۆستایان و خوێندكاران و مامۆستایانى زانكۆ و دانەمەزراوانى ئەم هەرێمە، كە بەتایبەتى لە رۆژگارى ئەم كابینە نایابەدا دەگوزەرێت، بریتى بوو لە مانگرتن و گردبوونەوەى كەمئەندامان بوو بە درێژایى بیستو حەوت رۆژ لە شارى سلێمانى ، كە بەرپرسانى ئەم كابیەنەیە خۆیان لێنەبان كردو لەشێوەى كەڕەى شەربەت كەڕ و لاڵ و دەستەویەخە وەستان و كەسیان نەیانتوانى نتق بكەن چونكە بڕیار تەنیا لاى سەرۆكى حكومەتەكەیان بوو.. هیچ بەرپرسێك نەیتوانى بۆ چەند خولەكێكیش یان تەنیا جگەرەخۆرێكیش لاى ئەم بوونەوەرە بێدەرەتانانە دابنیشن و فرمێسكى تیمساحییان بۆ هەڵرێژن.. بێجگە لە هەندێك لە ئەندامانى رێكخراوە راستەقینەكان و چەند ئەندام پەرلەمانێكى زۆر كەم نەبێت، كەس نەچووە لایان و دڵى ئەوانى نەدایەوە، كەس نەیتوانى ئومێدیشیان بداتێ ، چونكە عەرەب دەڵێن (فاقد شەى لا یەعتى..!!)..
مووچە یان بیمە یان یارمەتى مانگانەى كەمئەندامەكانى كوردستان زۆر زۆر كەمە، بریتییە لە سەدو پەنجا هەزار دینار كە پێشتر تەنیا پەنجا هەزار بوو كە بە دوو مانگیش پێیان دەدرا.. ئەوان بیستو حەوت رۆژ داخوازى ئەوەن كە بۆیان زیاتر بكرێت.. وەكو كەمئەندامى وڵاتانى دەرودراوسێ هەندێك ئیمتیازاتیان هەبێت، وەكو بارمتەیى ئەوان لە بوارى تەندروستیدا.. پێدانى شوێنى نیشتەجێ.. پێدانى داوودەرمانیان بەبێ بەرامبەر.. دابینكردنى ئامرازەكانى گواستنەوەیان لەناو شاردا.. بەڵام ئەوان تەنیا چەند داخوازییەكى كەمیان پێشكەش بە وەزارەتى مەعنى كردبوو، باسیان لەو هەموو ئیمتیازاتانەش نەكردووە كەچى بۆیان هەڵناسوورێت.
دواجار كەمئەندامان، بەرەو هەولێر بەڕێكەوتن و تەنیا رۆژێك لەبەردەم بیناى ئەنجوومەنى وەزیران چادریان هەڵداو گردبوونەوە، ئیدى لەجیاتى بەهاناوەچوون، لەجیاتى دەستگیرۆیى، لەجیاتى باوەش و ئامێز بۆ گرتنەوە، لەجیاتى پێدانى مافەكانیان كە هەق و رەوایە، لەجیاتى ئاوڕدانەوە لە توێژ و چینێك كە هەژارترین و بێدەرامەترین بوونەوەرێك لەسەر رووى زەوى، پۆلیسى پڕ لە ماسوولكەو چەك و دار حەیزەرانیان بۆ ناردن، ریسوا كردن و زەلیلكردنیان پێشكەش كردن.
ئەوەى لە شاشەى تیڤیەكانەوە بە چاوى خۆمان بینیمان و هیچ مۆنتاژێك نەكرابوو، بێڕێزى كردن بوو بەو بوونەوەرە هەست ناسك و جەستە ناسكانە بوو، كە پێیان دەوترێت: كەمئەندام، كە من خۆم بەچاوى خۆم لە هۆڵەندا بینیومن كە چۆن دوو یان كەسێكى ساغ و تەندروست لە خزمەتى ئەواندان، بە باوەش بۆ نەخۆشخانەو باخچەو پاركەكانى ناو شارو سینەمایان دەبەن، لە ماڵەوە خواردنیان بۆ ساز دەكەن، دەیانشۆرن.. دەیانخەوێنن.. دەیانبەن بۆ سەر ئاو.. پاكیان دەكەنەوە.. بەڵام خۆش لەوەدایە ئەوان بە قەولى ئێمەى دیندار ئەوان: غەیرە دینن و كافرن.. كەچى دڵى ئەوان نەرمترو گەرمترە بۆ رۆڵەكانیان.. ئەوانى غەیرە دین باوەش بە كەمئەندامەكاندا دەكەن و لە ئامێزى گەرمیان دەگرن.. كێ دەتوانێت بیسەلمێنێ كە یەك كەمئەندام لە هەندەراندا شوقە یان خانووى نییە، ئەوا من قۆڵى خۆمى بۆ لێدەكەمەوە..
ئەوەى لە سەرەنجامدا گرنگە كە لێرەدا ئاماژەى پێبدەم ئەوەیە كە مافى تاكى كورد نەپارێزراوەو نە ماف و نە ئەركیش بەشێوەیەكى عادیلانە دابەش نەكراوە، هەموو شتێكى ئەم هەرێمە لەگەڵ جاڕى گەردوونى مافى مرۆڤدا نایەتەوە.. سەرجەم وەزارەتەكان، پەرلەمانتارەكان، بەرپرسەكان تەنانەت ئەگەر بەڕێوەبەریش بن ، بەرپرسن لەو هەموو پێشێلكارییانەى كە روویان داوەو روودەدەن!!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە