كابینەى ئەمجارەى حكومەت ئاڵۆزترین كابینەیە ڕەنگە چەند مانگێك بخایەنێ

Thursday, 03/10/2013, 12:00

1497 بینراوە






ڕۆژی چوارشەممە 2/10/2013 لەدواڕاگەیاندراوى خۆیدا كۆمیسیۆنى باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامى دوماهی هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستانى جاڕدا بە بردنەوەى پارتى دیموكراتى كوردستان بە38كورسی و بزوتنەوەى گۆڕان24كورسی و یەكێتى نیشتیمانى كوردستان 18كورسی و یەكگرتووی ئیسلامى كوردستان10كورسی و كۆمەڵی ئیسلامى كوردستان6كورسی و حزب و لایەنەكانى تر لە (حزبی سوسیالیستی كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامى و ئاڕاستەى سێیەم و ئازادی(حزبی شیوعی)) یەكەو كورسیەك، لەگەڵ 11كورسی كۆتای كەمە نەتەوەییەكان لە توركمان و كلدو ئاشور و ئەرمەن.
ئەوەى جێی هەڵوەستە لەسەركردنبێ نەخشەى سیاسی هەرێمى كوردستان دوای ئەو دەرەنجامەی بڵاوكرایەوە هاوكێشەكان بەئاقارێكى دیكە دەبەن كە بە تێڕوانین و ڕاڤە و شرۆڤەى چاودێرانى سیاسی پێكهاتەى حكومەتی داهاتووی هەرێم لەبەردەم كێشمە كێشی ململانێیەكى سەخت و دژوار لەدایك دەبێ و ئەگەرەكانی پێكهاتەى حكومەت خۆیان لەبەردەم چەند خاڵێكدا چڕ دەكەنەوە، ئەویش:
خاڵی یەكەم: پارتى بەپێی دەرەنجامەكان ئەگەر یەكێتى هاوپەیمانى لەگەڵ نەبەستێ و وەكو ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمان بمێنێتەوە لەكاتێكدا یەكێتى لەژێر فشاری ئەندامانى كە وای لێك دەدەنەوە ئەگەر واز لەو هاوپەیمانیەتیە لەگەڵ پارتى بێنێ بەخت و شانسی بردنەوەى لەهەڵبژاردنەكانى داهاتوو زیاتر و بەهێزتر دەبێ و بەو بەشداربوونەیشی ئەگەر ئەمجارە بەشداربێ ئەوا دۆست و ئەندام و لایەنگرانى بەیەكجار لەدەست دەدات و ڕەنگە لە داهاتوودا لەو ڕیزبەندیە ئێستای پتر بچێتە خوارەوە لەكاتێكدا پارتى ئەو هەقە بەخۆی نادات و مەنتیق نیە و ناكرێ بەو قورساییەى هەیەتى لەسەر بنەمای پشت بەستن بەڕێكەوتننامەى ستراتیژی وەزارەتەكانى لەگەڵ بكاتە برابەش، لەكاتێكدا یەكێتى بەپێی ئیستحقاقاتى ئینتیخابی ژمارەیەكى كەمى وەزارەتەكانى بەر دەكەوێ و ئەو قورساییەى جاری پێشووى نابێ بێ لەگەڵ پارتیدا دوو ساڵ بەدووساڵ دەستاودەستى سەرۆكایەتى حكومەت و پەرلەمانى لەگەڵدا گرێ بدات، بەمەیش ئەو پێگەیەى پێشتر هەیبوو لەم كابینەیە بەیەكجاری لەدەستى دەدات و بەمانەوەیشی وەكو ئۆپۆزسیۆن نفوسی خۆی لەسلێمانى لەدام و دەزگا ئیداریەكان لە ئاسایش و پۆلیس و دایەرەكانى دیكە وابەئاسانى ڕادەست ناكات و ئەوەش دەبێتە لەمپەڕ لەبەردەم پرۆسەكە و پێشكەشكردنى خزمەتگوزاری و سەروەری یاسا لەكاتێكدا ئەگەر پارتى هاوپەیمانى لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو بەست، هەمدیس پەراوێزخستنى ڕۆڵی یەكێتى لەو هاوكێشەیە هەمان شت دووبارە دەبێتەوە.
خاڵی دووەم: ئەگەر پارتى نەیتوانى بەپشت بەستن بەو 11كوسیەى كۆتای كەمە نەتەوەكان و ئەو حزبانەى سەرو كورسیەكیان بەدەست هێناوە و ڕێژەكە بۆ پێكهێنانى كابینەى تازە تەواو نابێ و بەناچاری دەبێ بەهەر شێوەیەكبێ پەنا بباتە بەر ئۆپۆزسیۆنەكانى پێشوویى و هاوپەیمانى لەگەڵ یەك لەوان ببەستێ و ئەگەر هیچ كامێ لەوان ڕازى نەبوون، یان بەو مەرجە ئامادەییان دەربڕی كە دەبێ لەگەڵ هەرسێكیان هاوپەیمانى ببەستێ، ئەوەش زەحمەتیەكى زۆر دەخاتە بەردەم ئەو حوكمەتەى دەچێتە قالبی حكومەتى بنكەفراوان لەوەشدا ئایا پارتى بەوە ڕازى دەبێ وەك سەركردەیەكى گۆڕان ڕایگەیاند: بەقەبارەى خۆیان ئەگەر بەشدارببن ئەوە دەبێ جێگری سەرۆكى حوكومەت و سەرۆكى پەرلەمان و چەند وەزارەتێكى سیادیان پێ بدرێ، ئەمەش بۆ پارتى تەواو قورسە بتوانێ هەزمى ئەو بابەتە بكات نەخاسمە بەرامبەر بزوتنەوەى گۆڕان كە تا بەم ئان و ساتە ڕادەگات هەر لەسەنگەری بەرەنگاری دژ بەپارتى وەستاوە و وائامادەیی خۆیان دەردەبڕی كە بچنە ناو حكومەتەوە ئەوە مانای ئەوە نییە لە پەرلەماندا مەعارەزەنەبن و چاوپۆشی لە ئەداكانى حكومەت بكەن ئەوەش دیسان كارێكى قورسە و ململانێكان بەجۆرێ چڕ دەكاتەوە دوو ڕەنگە ڕۆژیتر لەبەر كێشە و ئاریشە بۆ یەك ڕسكاندن ئاگایان لە خەڵك نەمێنێ و هاوڵاتى سڤیل باجەكەى بدات.
خاڵی سێ یەم: ئەگەر تەواوى حزبەكان لەو حوكمەتە بەشدارببن هەمدیس گرفت لەبەردەم پرۆژە یاساكان دروست دەبێ كە پرۆژەكان وابەئاسانى تێنەپەڕن لەكاتێكدا زۆرینە هەست بكات بەكورسیەكى زۆرە پەراوێزخراوە بەتایبەت یەكێتى كە لەو هاوكێشەیەدا بەشداربوونى ئەوە ناگەیەنێ داوای زیاتر لە گۆڕان بكات و هەر قەبووڵیش ناكرێ ئەمەش وەختێكى زۆری دەوێ تا ئەو حزبە هاوپەیمان و ئەو حزبانەى ئۆپۆزسیۆنن هەموویان پێكەوە بتوانن لەسەر مێزى گفتوگۆكان بگەنە ئاكامێك بەكڵۆجێ نە شیش بسووتێ و نەكەباب، هەر یەكە مافی خۆی پێ بدرێ.
خاڵی چوارەم: ئەگەرێكى نە زۆر لاواز و نەزۆریش قەبە ئەویش هاوپەیمانی زۆرینەیە بۆ پێكهێنانى حكومەت لەلایەن گۆڕان و یەكێتى و یەكگرتوو و كۆمەڵ بێ بەشداری پارتى وەكو ئەوەى مالیكى لە هەڵبژاردنەكان كەمتر دەنگى لەچاو لیستى ئەیاد عەلاوی هێنا و بە بەستنى هاوپەیمانیەتێكى زۆرینە حكومەتى پێكهێنا و تا ئێستایش نائارامیەكان لەو ڕوانگەوە سەرچاوە دەگرن كە لایەنى بەرامبەر هەماهەنگ و هاوكار نییە، بەدیوێكى دیكە پارتى زەحمەتە وابەئاسانى كە خۆی بەبراوەى یەكەم و زۆرینەى كورسیەكان دەزانێ وابەئاسانى هەولێر و دهۆكیان تەسلیم بكات ئەمەش وادەكات كێشەكان هێندەى دیكە ئاڵۆز و قوڵ ببنەوە.
لەكۆی ئەم چوار خاڵەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەى پێكهێنانى حكومەتى تازە بەبارودۆخێكى ناهەموار تێدەپەڕێ و ڕازیكردن و بەشداری پێكردن و ئەو بنكەفراوانەى باسی لێوە دەكرێ لەڕووى پۆلینكارییەوە بەپێی ڕێژەى كورسیەكان ئەو هەویرەیە ئاوێكى زۆری دەوێ، بەئومێدى گردبوونەوەى هەمووان لەسەر یەك مێز و هەرچی زووە حكومەت پێكبێ و بەرژەوەندی گشتى لەسەرووى بەرژەوەندیە تایبەتیەكان دابنێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە