ئەفسەر و كارمەندەكانى وەزارەتى ناوخۆ .. یەكگرن .. مانگرن .. لەرسوایى و هەژارى زیاتر چیتان هەیە بیدۆڕێنن ... !!؟؟

Saturday, 08/05/2010, 12:00

1061 بینراوە


سەرەتا بەناوى هەموو ئەفسەر و كارمەندە بەشەرەفەكانى ئاسایشى ناوخۆوە ئەوانەى ىتاكو ئیستا نەبونەتە ئەڵقە لەگوێى دەسەڵاتى گەندەڵ و لەسەنگەرى میللەتە رەش و رووتەكەى خۆیاندان ..تاوانى شەهید كردنى كاكە زەردەشت عوسمان تەواو مەحكووم وئیدانە دەكەین و ئەم تیرۆركردنەش دەخەینە خانەى هەوڵە نەزۆكەكانى دەسەڵاتەوە بۆ لاڵكردنى پێنووس و دەنگە بوێرەكان ، ئەم كارە قێزەونانە بەڵگەى تەواوى نزیكبوونەوەى كۆتایى ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و جەردەیەیە ، كە بەدڵنیاییەوە ئێمە كارمەند و ئەفسەرانى وەزارەتى ناوخۆ بەشێك ئەبین لەوانەى هاوشانى برا و خوشكەكانمان بە رم و چەكووش قەڵاى باستیلى زۆردارى ئەوان پێكەوە ئەروخێنین .

سەرفرازى و نەمرى بۆ كاكە زەردەشت و سۆران و هاوڕێكانیان ...لەنگى و رەشى و شۆڕى بۆ تەویڵى پڕ شورەیى دەڵاتدارانى گەندەڵ و دەست و داوێن پیس .

دیارە ئەفسەر و كارمەندەكانى وەزارەتى ناوخۆ لەهەموو بارودۆخە دژوارەكاندا سووتەمەنى راستەقینەى پاراستنى سەر و گیانى هاوڵاتیانى هەرێمى كوردستان بوون و زۆرجار لەو پێناوەشدا شەهیدیان داوە و كەم ئەندابوون .

هەموو دام و دەزگا باڵا حیزبى و حكومیەكانیش بە بەرپرسە دەست و داوێنپیسەكان و خاوەن فایلەكانیشەوە لاف و گەزافیان بەم دەستكەوتانەوە لێداوە و لەسایەیى ماندبوونى ئێمەى ئەفسەر و كارمەندى وەزارەتى ناوخۆدا بەنـــاشەرعى گیرفانیان زیاتر پڕكردووە و ڤـیلاكانیان زیاتر بەرزكردۆتەوە و پرۆژە بازرگانیەكانیە ڕەشەكانیان زۆرتر پەرەى سەندووە .

لــەبەرامبەریشدا ئێمەى ئەفسەر و كــارمەندى وەزارەتى ناوخۆ زیاتر ماندووبووین و زۆرتر رسواو هەژار و كەم دەرامەت بووین ، دوو بانگەشەى هەڵبژاردنە پەیمانى درۆ و ساختە بەئێمە دەدرێت كــــە گـــوایا مووچەكانمان بۆ زیاد دەكرێت بۆ ئەوەى چەواشەمان بكەن و دەنگ بەلیست و كاندیدە پۆشتەو پەرداخەكانیان بدەین بۆ بردنەوە ، بــەڵـــێ ئێمە مووچەكەمان بەشى كرێى هۆدە و هەیوانێكى ناو گەڕەكە قوڕاویەكانى كانى كووردە و كانى سپیلكەى بێ خزمەتگوزارى ناكات كە زۆربەمان كرێچین .. هەروەك چۆن ئێمە وامانلێهاتووە كە چەژناوچەژن پۆشاكى نوێ و گۆشتى حەیوان بۆ ماڵ و منداڵە رەش و رووتەكانمان بكڕین و ئــــەوانیش واتە بەرپرسەكانمان بەڕێوبەرى پارێزگا و بەڕێوبەرە گشتییەكانمان بۆ سەرەوە .. موستەفیدە ماستاوچیەكان .. كاسەلێسە بێ ئابرووەكان .. ژنەكانیان بۆ قژبڕینێك ئەچن بۆ بیروت و پاریس ، مووچەى شەش مانگى ئێمە لەخوانە دەعوەتێكى باخەكانیانا ئەدرێت بە بیرە و ویسكى و گۆشتى برژاو و كرێى ئافرەتە لەفرۆشەكانى سەمایان بۆدەكەن . منداڵەكانیان لە جامیعەى ئەمریكى ساڵى بەچەندین دەفتەر دۆلار دەخوێنن یان خەریكى مقاولات و بازرگانى ئەمسەر و ئەوسەرن .

ئەفسەران .. كارمەندە بەڕێزەكان .. تەماشایەكى دەوربەرى خۆتان بكەن و تۆزێ بیربكەنەوە و تێڕوانن .. بزانن و دڵنیابن لەوەى كە بەرپرسەكانتان لە پارەى حــەرام تێرن و تێریش ئاگاى لەبرسى و هەژارى وەك ئێوە نیە ، بپرسن باخ و ڤیلاكانى ئەوان چەند دۆنمە و ئوتمبیلەكانیان چەند دەفتەریە ، بزانن تێچوونى مەڕمەڕى حەوشى دەرەوەى دیوارێكى ئەوان بەمووچەى كەمى چەند ساڵى ئێوە تەواو دەكرێت .. بزانن تەنها پارەى بانزینى موحەسەنى هەفتەیەكى ئوتومبیلە شەش دەفتەریەكانیان بەنرخى هەڕاج فرۆشكردنى هەموو سامان و موڵكى شڕوشاتاڵى ئێوە ئەبێت !!!؟؟؟؟ . پاشتر سوور بزانن ئێوە بەدەوامكردنتان بەو مووچە كەمەوە نهۆمى ڤیلاكانى ئەوان بەرزتردەكەن و گیرفانیان پڕتردەكەن.

ئەفسەران .. كارمەندە بەڕێزەكانى هێزەكانى ئاسایشى ناوخۆ ..بەسە ئیتر كاتى ئەوەهاتووە پەردەى بێدەنگى بدڕێنن و چیتر لەوە زیاتر رسوایى قبوڵ نەكەین ، ئەوان ئەیانەوێ بەو مووچە كەمەوە فێرى سواڵى بەرقاپى خۆیانمان بكەن .. ئەیانەوێ پەیڕەوى ئەو پەندە بكەن كەدەڵێ [ سەگەكەت برسى بكە تا دوات بكەوێ ] ، ئەیانەوێ وەك خۆیان فێرى دزى و بەرتیلخواردنمان بكەن ، بەڵام ئێوە ئەوە قبوڵ مەكەن و رابردووى خۆتان وەك پاشەڵى ئەوان گڵاو مەكەن .

وڵات وڵاتــى خۆتانە ، كـــە ئەوان خەمخۆرتان نین و بەهەرزان فرۆشتویانن كەواتە ئێوە خاوەن ماڵن و ئەوان بێگانە ، تكــــایە .. تكــــایە لەنزیكەوە دوو ..دوو , سێ .. سێ گـــروپ و شانە دروست بكەن و خۆتان رێكبخەن چونكە رۆژى حسابى گەندەڵكاران زۆر نزیكە ، بەسە ئیتر با سەرانى ئەم دەسەڵاتە گەنە نەتانكەن بەئامرازى سەركووتكردنى برا و خوشك و كەس و كارتان كە ئەوانیش جامى غەزەبیان لێوا و لێوە و لێى ئەڕژێ .

دڵنیابن لەوەى ئەو سەرە گەندەڵانە زۆر لەوە لاوازترن كە بەرگەى نەفەسێكى توڕەیى و ناڕەزایى ئێوەبگرن ، چونكە ئێوە خاوەن مافن و ئەوان مافخۆرتانن .. بەداواكارییە رەواكانتان بۆ زیادكردنى مووچەكانتان ئێوە شوورەى پۆڵاینن و ئەوان كەپرەبرنجــى .. ئێوە لەلووتكەى هێزدان و ئەوان لە شیو و دۆڵى تەرقى و سەرشۆڕى .

خوشكان .. برایانى هێزەكانى ئاسایشى ناوخۆ .. بزانن چۆن خوشك و برا خوێنكارەكانى ئێوە كۆڵیان نەدا لەخۆنیشاندان دژ بە بڕیارێكى وەزارەتى پەروەردە تاكو بە وورەى ئەستوریان سەر و گەردنى ملهووڕەكانى پەروەردەیان شۆڕكرد و دواجار ناچاریان كردن كە لەبڕیارەكەیان پاشگەزببنەوە ، بەڵێ كـــورد زۆر دەمێكــە وتویەتى [ شەق ئەزانى قــۆناغ لەكوێیە] ، خۆ بینیتان چۆن مدیر و مدیر عامەكانى پەروەردە زەندەقیان چبوو و ئەژنۆیان شكابوو و دەمیان تەتەڵــەى دەكرد لەئاست توڕەیى ئاپورەى خوێنكاراندا .... خۆ ئەو خوێنكارە بەڕێزانە هەموویان تەمەنیان لەنێوان [15 بــۆ 18] ساڵدا بوو ، لەگەڵ ئەوەش بە سووربونیان لەسەر داواكارییە رەواكانیان چۆكیان بەسەرانى دەسەڵات دادا و لووتى بەرزیانیان تەپوتۆزاوى كرد .

ئەفسەر و كارمەندە بەڕێزەكانى وەزارەتى ناوخـــۆ .. ئەى ئێوەى خاوەن ئەزموونى ماندووبوون كە مێژویەكە ئاسایشى وڵاتێك لەئەستۆتاندایە چارەك و نیوەى ئەو هەرزەكارە بەڕێزانەتان پێ ناكرێ !؟؟ ، یان ئەبێ تا ماوین هەر چاوبەرەوژوورى خۆمان و ماڵ و منداڵمان بین و سەركزى دابین نەكردنى بچوكترین پێداویستیەكانیان بین ؟؟؟؟ ئەى هاتا ماوین ئەبێ هەر چاوەڕێى ئەوەبین بەرپرسە گەندەڵەكانمان نانەوردە و ئێسقانمان لەراى خودا و مەولودى پێغمەمبەر بۆ تووڕ بدەن ؟؟؟؟ ،

بۆیە داواكارین كە هەموو یەك دەنگ و یەك هەڵوێست هەڵسنە سەرپێ و عەرشى ستەمكاران بهێننە لەرزە ، بودجەى گشتى بودجەى خۆتانە ئەوان خێرتان پێناكەن ئەگەر مووچەتان بۆ زیادبكەن چونكە ئەوە پارەى حەوشى ماڵى بابى كەس نیە و موڵكى ئەم میللەتەیە كەئێوەش بەشێكن لێى .

دڵنیا بن ... دڵنیابن ... دڵنیابن .. ئەوان لەترسى توڕەیى ئێوە رەنگیان پێنەماوە و هەناسەیان سواربووە و تف لەدەمیانا وشك بووە ، ئەوان لە سامان و موڵك و دۆلار و دینارەكانى خۆیان ئەترسن ، ئەترسن لەبەرئەوەى ئەزانن ئێوە خاوەن مافن .

تكایە بەسە ئیتر بۆ رسوایى و سەرشۆڕى ئەو مووچە كەمەى بۆمان تووڕدەدرێ .. ئەگەر رۆژێ پۆلیس مانبگرێ و دەوام نەكات ئەوان بەیەكجارى ئەروخێن و خۆیان دێن بەسەر پێڵاوەكانتانا ئەكەون ، ئەوان ئەڵێن مانگرتنى پۆلیس تەمەرود و یاخیبوونە و سزاى قوورسى هەیە ، ئەى دزین و بەتاڵانبردنى مووچەكانمان ئەم هەموو ساڵە لەپرۆسەى ئازادى عێراقەوە مەزنترین یاخیبوون و تەمەرودكردن نیە لە شەرعیەتى مافەكانى ئێمە كە قووتى دەمى ماڵ و منداڵە برسیەكانمانە ؟؟؟.

ئەگەر ئێمە یەك هەڵوێستى خۆمان بنوێنین ئەوان زۆر لەوە بچوكترن لەپەڕەى گوڵ كاڵتر بەهیچ كامان بڵێن .. بۆیە پێویستە بەزووترین كات خۆمان رێكبخەین و پەیوەندى بە یەكتریەوە بكەین و سات و شوێنى تەقینەوەى بوركانى مافە رەواكانمان دەستنیشان بكەین ، ئەمجارەش دڵنیابن لەوەى ئەوان زۆر لەوە بێدەسەڵاتتر و ترسنۆكترن كاردانەوەیان هەبێت .

ئەگەر نـــــا تاماوین ئەبێ هەركرێچى و رسوا و هەژار بین و ئەوانیش هەر خاوەن پۆست و ڤیلا و باخ و سەروەت و سامان بن كە ئەوە قووتى دەمى ئێوە و ماڵ و منداڵى رەش و رووتتانە كە پێوەى رادەبوێرن ، بۆیە هەستنە سەرپێى و بجوڵێن توخوا لەو بەدبەختى و هەژارى و رسوایەیى هەمانە چیمان هەیە بیدۆڕێنین ؟؟؟ .

***/ تێبینى : تكا لەسەرجەم ئەفسەر و كارمەندە بەڕێزەكان دەكەین ئەوەى ئەم بانگەوازى بەدەست دەكەوێت .. كۆپى بكات و بڵاویبكاتەوە و دابەشیبكات ، تا لەنزیكترین دەرفەتتدا راى گشتى تێماندا كۆبێتەوە خۆمان رێبخەین و رق و ناڕەزایمان بكەینە چەكوشەكەى كاوە و عەرشى ستەمكارانى پێبڕوخێنین .






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە