شۆڕشى دیموكراتى چارەسەرە..... سڵاو بۆ خۆپیشاندەرانى ئازادیخوازى كوردستان

Monday, 18/04/2011, 12:00

1011 بینراوە









درود بۆ گشت مرۆڤە خۆڕاگرەكانى سەراى ئازادى سلێمانى

ئازیزان خوشكان و برایان........ ئەوا بیست ساڵ زیاترە مرۆڤى كورد لە باشورى كوردستاندا ئارامى گرتووە و , لە چاوەڕوانى هاتنەدى هەموو ئەو خەونانەدایە كە لە شۆڕشدا دەركەوتن , بەڵام زەمینەى جێبەجێبوونیان هەمیشە ئاراستەى كاتێك و سەردەمێك دەكرا كە شۆڕش بتوانێت خاوەنداریەتى و فەرمانڕەوایەتى ووڵات بكات , ئەوەبوو ئەو زەمینەیە لە پاش سەركەوتنى ڕاپەڕینى مەزن هاتەبوون , بەڵام ئەوەى لەتەك سەركەوتنى ڕاپەڕیندا لە دایك بوو , بە داخەوە , مەرگى خەونەگەورەكانى كورد بوو , هێزە دەسەڵاتدارەكانى كوردستان
لە برى ئیشكردنێكى جدى بۆ ئاوەدانكردنەوەى كوردستان , دەستیانكرد بە فرۆشتن و تاڵانكردنى وڵات لە هەركەرەستە و شتێكى بەبایەخ
كە دەكرا بیناى ژیانێكى باشترى پێ بكرێت , ئەوەى كە گرنگییەكى ژیانیى بۆ نەتەوەكەمان هەبوو ئاشتى و تەبایى كورد و پاراستنى دەستكەوتەكان و پەرەپێدانیان بوو , بەڵام دیسان بە ئەسەفێكى گەورەوە نەك هەر نەیانتوانى وەها كارێك ئەنجام بدەن , بەڵكو تەواو بە پێچەوانەوە شەڕێكى نەخوازراوى ناوخۆییان هەڵگیرساند كە تەنها ئامانج لەم شەڕە بەرژەوەندى حیزبى و بنەماڵەیبوو , سەرەڕاى زەرەروزیانێكى گەورەى مرۆیى و وێرانكارییەكى بێئەندازەى ووڵات , بەقوڵى كەسایەتى مرۆڤى كوردیان ئالودەى دەردى حیزبپەرستى و
سەرۆك پەرستى كرد , وە حیزبیان وەك بوونەوەرێكى سیاسى موقەدەس بەسەر خەڵكى كوردستاندا سەپاند و , سەرۆكەكانیان وەك كۆمەڵێك دیاردەى ڕەها و پیرۆز كردە مۆتەكەى سەر ئەقڵى مرۆڤى كورد ... ......
ئازیزان ... بەم شێوەیە بەتەواوى بوونە كۆسپ لەبەردەم گەشەكردنى كۆمەڵى كوردەواریدا بۆ كۆمەڵێكى دیموكراتى پڕ لە عەداڵەتى كۆمەڵایەتى , ئەوان ڕێگرى موتڵەقبوون لەبەردەم لەدایكبوونى سەروەرى یاسادا كە مەرجێكى بنەڕەتییە بۆ بوونى سیستەمێكى دیموكراتى ڕاستەقینە و , كۆمەڵێكى مەدەنى هۆشیار , ئەوان بەدرێژایى حوكمیان زەمینەخۆشكەربوون بۆ سەرهەڵدانەوە و تەشەنەكردنى ئەو بەها كەلتورى و نەریتیانەى كە بەردەوام زیانى بە پرۆسەى دیمكراتیزەكردنى كۆمەڵى كوردەوارى گەیاندووە و تا ئەم چركەساتەش زیانى پێدەگەیەنێت .
هاوڕێیان و دۆستانى ئازادیخواز .....
لەبەرئەوەى هیچ ئومێدیك و تروسكاییەك لە دەسەڵاتدارانى ئەم ووڵاتەدا بەدیناكرێت ,ئەوا جگە لە ڕێگەى شۆڕشێكى دیموكراتى ڕاستەقینە , كە بەردەوامى و كۆڵنەدان شوناسیەتى , هیچ ڕێگەیەكى دیكەمان لەبەردەمدا نییە , بۆیە لەم سۆنگەیەوە بەرپرسیاریتییەكى
مەزنى ئینسانى و نەتەوەیى لە ئەستۆى هەر تاكێكى كورددایە , كە ئەم شێوازە نوێیەى تێكۆشان درێژە پێبدات تا دەگەینە وەدیهێنانى ئامانج و خەونە ئینسانى و نەتەوەییەكانمان .....
ڕۆڵى پێشەنگانەى سەراى ئازادى دەبێت پارێزگارى لێبكرێت , شاروشارۆچكەكانیش لەو ڕوانگەوە هەمیشە و بەردەوام لە خۆپیشاندانەكانیاندا پشتیوانیان بۆ ئەم سەرا ئازادە دەربڕیوە , كە ئەشێ تێیدا ئازادى و نەتەوەیەكى ئازاد لەدایك بێت , لەسەردەمى شۆڕشدا چۆڵنەكردنى چیاكان چەند گرنگبوو بە نیسبەت بوونى كوردەوە , سەراى ئازادیش لەم چركەساتە مێژووییەدا ئەگەر بایەخى زیاترى نەبێت ناتوانین بڵێین كەمترە... لەبەرئەوە مرۆڤى كورد جا لەهەرشوێنێكى ئەم جیهانەبێت پێویستە پڕبەگەروو دەنگى خۆى بخاتە پاڵ دەنگى زووڵاڵى ئێوە دژ بە نابەرابەرى و ستەمكارى , وە هەوڵدان بۆ بیناكردنى كۆمەڵێكى كوردەوارى مۆدێرن و دیموكرات كە تێیدا ڕێز لە تەواوى ئازادییەكانى ئینسان بگیرێت .....

نابۆ گەندەڵى و ستەمكارى
بەڵێ بۆ ئازادى و دیموكراسى
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە