ئەمریكا سەركردەى عەرەبى بۆچییە؟

Wednesday, 08/02/2012, 12:00

953 بینراوە


 

پاش ئەوەى شۆرشە ئازادی خوازییەكان لە وڵاتانى عەرەب سەرى هەڵدا، مەسیرى سەرۆكى هەریەك لەو وڵاتانە بەجۆرێك بوو كە ئەو شۆرشانەى تێدا گەشتە كۆتایی، بابەتى سەرەكى حاڵى ئێستاى سوریایەو زۆرترین قوربانى مەدەنیش لەسەرەتاى ئەو بەهارەوە هەر لە شۆرشی سوریادا بووە، بەڵام بەبڕواى چاودێران سوریا خاڵى حەسمى شۆرشەكانە، چونكە وەك دەڵێن هیلالى شیعى لەناوچەى عەرەب دەشكێنێ، ئێستا رەوشى سوریا بەوتەى شایەتحاڵەكان وراپۆرتى رێكخراوەكانى بوارى مافى مرۆڤ لەخراپترین دۆخدایە و رۆژنییە زیاتر لە 20 هاوڵاتى نەبێتە قوربانى، ئالەم كاتەدا كەسەرجەم وڵاتانى دونیا باسى رەفتارە نامرڤایەتییەكانى كوڕەكەى ئەسەد دەكەن، سەركردەیەكى پلەباڵاى وڵاتى ئەمریكا دەڵێت، گرەنتى دانى حەسانەى یاسایی بە بەشارئەسەد لەلایەن ئەمریكاوە دوور نییەو ئەگەرێكى لاوازنییە، پێشتریش پاش ئەوەى سەركردەى 41 ساڵ فەرمانڕەواى یەمەن عەلى عەبدوڵڵا ساڵح دوواى ئەوەى لەهیچ وڵاتێكى عەرەبى شوێنى نەبوییەوە پەناى بۆ ئەمریكا بردوو ئێستا لە هۆتێلە پێج ئەستێرەكانى ئەو وڵاتە ژیان بەسەر دەبات.
باشە ئەم سەركردە عەرەبانە بۆچى هیچ وڵاتێكى ئەوروپى پەنایان نادات، بۆچى براعەرەبەكانیان پەنایان نادەن، لەكاتێكدا ئەم سەرۆك وڵاتانە پێشتر زۆرترین كارى بازرگانى نەوت و بەرژەوەندییەكانى دیكەیان لەگەڵ ئەواندابوە،
دەبێت ئەمریكا ئەم سەركردانەى بۆچیبێت لەكاتێكدا لەوڵاتى خۆیان لەیاسا هەڵدێن ، لەوڵاتى خۆیان لەترسی تۆڵەسەندنەوەى هاوڵاتیان وئەوتاوانانە هەڵدێن كەلەسەردەمى تولانى دەسەڵاتى خۆیاندا بەراست وچەپ ئەنجامیان داوە.
بەشار ئەسەد نزیكترین دۆستى خۆى ئێرانە تائێستا بەرپرسێكى ئەو وڵاتە بەزاریدا نەهاتووە بڵێت میواندارى لە ئەسەد دەكەین، كەچى هنرى ئینشەر باڵوێزى ئەمریكا لە جەزائیر لە چاوپێكەوتنێكى رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبووە گرەنتیدان بەسەلامەتى و دوورستنەوەى ئەسەد لەبەرامبەر نەهێشتنى توندوو تیژى و رودانى جەنگى ناوخۆیی شتێكى چاوەڕوان كراوەو بەلاى ئەمریكاوە گرنگ پاراستنى هاوڵاتیانى مەدەنییە"
خۆدەبێت ئەوە بپرسین ئایا لەبەر خاتر هاوڵاتیانى مەدەنییە ئەمریكا ئێستا ئەم كارەدەكات و پەناى ئەم گەرەورە تاوانبارانە دەدات و حەسانەى یاساییان بۆ دەبرێتەوە، ئایا ئەم سەرۆك وڵاتانە لەساڵى پارەوە تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى ئەنجام دەدەن؟، ئایا پێشتر ئەم مۆتەكانە لەلایەن رێكخراوەكانى مافى مرۆڤەوە تاوانبارنەكرابون بە پێشێلكارى دژبە مافى مرۆڤ؟، بۆ ئەم كردەوە نامرۆڤانەى ئەسەدى باوك لەساڵى 80 كاندا جارێكى تر لەهەمان شارى حەما روى نەدا؟. ئەى بۆ ئەو كاتە ئەمریكا نەهاتە وەڵام؟، بڵێى ئێستا لەبەر خاترى برا كوردەكانبێ، كە دەیان ساڵە وەك مرۆڤ لە سوریادا مامەڵەیان لەگەڵ ناكرێت وتەنانەت لەبەرامبەر لەبەركردنى جلى كوردیدا كەمتر لە ساڵێك زیندانى ناكرێن؟، ئەمە سەرەراى ئەوەى هەزاران هاوڵاتى كورد لەو وڵاتە رەگەزنامەیان پێنادرێت و بێبەشن لە خوێندن وچونەسەركار، ئەى بۆ ئەمریكا ئەو ماوە درێژەى رابردوو نەهاتۆتە وەڵام؟. كەواتە پەنادانى سەركردە هەڵهاتووەكانى عەرەب لەوڵاتى خۆۆیان لەلایەن ئەمریكاوە مویەك دەخاتە ناو ئەو شیرەى خەریكە لەوڵاتانى عەرەبى دەبێتە ماست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە