ئەگەر بە قسەی کۆمۆنیستەکان بکرێت چی ڕوودەدات ؟

Saturday, 30/03/2013, 12:00

1799 بینراوە









بەر لەوەی بێمە سەر ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ، پێویستە بڵێم ڕێزێکی زۆرم هەیە بۆ تەواوی هێزە چەپەکان بە گشتی و کۆمۆنیستە جیهانیەکان بە تایبەتی کە خاوەنی زۆر دەستکەوتی گرنگن و گەورەترین ئاستەنگیش بوون لە بەردەم پیلانی هێزە ئیمپریالی و سەرمایەدارە دژە گەلیەکان ، بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەم بابەتەیە حیکمەتیستەکان و بەشێک لە پێنوس بە دەستەکانی حیزبی شیوعی عێراقە کە باشترین پێناسە بۆیان "ئەسحاب الکەهف"ە . بۆ ئەو مەبەستەش لە جیاتی ناوهێنانی ئەو ژمارە پێنوس بەدەستەی حیزبی شیوعی سود لە دەستەواژەی "ئەسحاب الکەهف" وەردەگرم .
ئەسحاب الکەهف و حیکمەتیستەکان بە بەراوردکردن بە لایەنە ئیسلامیە کوردیەکان تەنها لە ناودا جیاوازن ، دەنا لە مەسەلەی نەتەوایەتی‌دا هەمان دید و تێڕوانینیان هەیە بەرامبەر بە کورد . ئیسلامیەکان ئەرکیان تەعریبکردنی مێشکی کورد و کوشتنی هەستی نەتەوایەتیە ، هەندێک جار ددان بە هەڵەی خۆیاندا دەنێن و تا ڕادەیەک ڕێز لەو کوردانەش دەگرن کە وەک خۆیان بیر دەکەنەوە بەڵام ئەسحاب‌الکهف و حیکمەتیستەکان نەک هەر ددان بە هەڵەی خۆیاندا نانێن بەڵکو لە ناشیرینکردنی کورددا بۆڕی داگیرکەرانیشیان داوەتەوە .
لەو باوەڕەدام لە نێو کۆمەڵگای کوردەواریدا تەنها دوو کەس پێناسەی دروستیان بۆ ئەسحاب‌الکەهفەکان کردووە ، ئەو دوو کەسەش مەلا مستەفا و نەوشیروان مستەفان . هەرچی مەلا مستەفایە "بە حوکمی نەخوێندەواریەکەی" لە ڕێی هەژار موکریانیەوە و لە کتێبی چێشتی مجێوردا ئەوەی لە بن بەڕەدایە خستییە سەر بەڕە ، نەوشیروان مستەفاش بە کورتترین لێدوان گوتی "ئەوانە بۆیان نییە دەم لە مەسەلەی کورد وەربدەن" .
حیکمەتیستەکانیش لە چەواشەکاریدا گەیشتوونەتە ئاستێک کە بە هەزار ساڵی دیکەش ئەسحاب‌ الکەهفەکان نەتوانن تۆزیان لە دوا بکەن . باوەڕ ناکەم یەک کەس لە کورددا هەبێت و ناوی "کۆمەڵە"ی نەبیستبێت ، ئەو کۆمەڵەیەکی کە تێکۆشەرانی وەک کاک فوئاد بناغەیان داڕشت و لە برەودان بە هەستی شۆڕشگێری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مێژوویەکی پڕشنگداری تۆمار کرد ، خۆ ئەگەر مەنسوری حیکمەت و دارودەستەکەی نەبوونایە ئەوا "کۆمەڵە" دووچاری ئەم ڕۆژە نەدەهات و ئێستا ڕۆڵی پێشەنگایەتی دەگێڕا لە ڕۆژهەڵاتدا . حیکمەتیستەکان نەک هەر لە کردەوەکانی خۆیان پاشگەز نابنەوە بەڵکو دەڵێی لە جێگەیەکەوە بەرنامەیان بۆ دادەڕێژرێت بۆ شێواندن و ناشیرینکردنی کۆمەڵگای کوردەواری .
لە کوردستاندا پ‌ک‌ک گەورەترین هێزی جەماوەری لە پشتە ، ئەو هێزە جەماوەریە تەنها لە پارچەیەکی کوردستاندا نەوەستاوە و لە هەموو بەشەکانی کوردستان و ئەوروپاش لە هەڵکشاندایە ، هەروەها خاوەنی بەهێزترین و تۆکمەترین هێزی چەکداریشە کە لە سەرتاسەری کوردستانی مەزندا بڵاو بۆتەوە بەبێ بوونی دەستەباندی و گرفتی ناوخۆیی . ئەم حیزبە تەنها لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا لە ململانێدا نییە بەڵکو تەواوی داگیرکەران و لایەنە کوردیەکان و ئەمریکا و ئەوروپا و زۆر وڵاتی دیکەش وەک دوژمن لێی دەڕوانن و زۆرترین پیلانگێڕیشیان لە دژی پیادە کردووە "چەواشەکاری ئەسحاب الکەهف و حیکمەتیستەکانیش لەولاوە بوەستێت" . باشترین نموونەش لێدوانی سەرۆککۆماری بەهێزترین وڵاتی جیهان"جۆرچ بوش" بوو کاتێک گوتی پ‌ک‌ک دوژمنی ئەمریکا و تورکیا و عێراقە . بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو پیلانگێڕیەشدا هەمیشە ئەو حیزبە یەکگرتوتر و بەهێزتر بووە . ئەگەر هەندێک کەس وا بزانن ئەو گەورەبوون و یەکگرتووییە تەنها بەرهەمی کادرانی پ‌ک‌ک و دروشمی جۆراوجۆرە ئەوا من دەڵێم "نەخێر وانییە" ، چونکە پارتە کوردیەکانی دیکەش لە کادری پێشکەوتوو کەمیان نەبووە و لە دروشمی هەمەجۆریشدا کورتیان نەهێناوە بەڵام هەمیشەش لە لاوازبوون و لێکدابڕاندا بوون .
ئەی دەبێت چ حیکمەتێک لە یەکگرتووی و گەورەبوونی پەکەکەدا هەبێت ! ؟
هۆکاری گەورەبوون و یەکگرتووی پ‌ک‌ک بوونی یەک خاڵی هاوبەشە و هیچ کەسێکش گومانی لەو خاڵە هاوبەشە نییە . لە کادرێکی سەر چیاوە تا هەوادارێکی گوندی لە سەرکردەیەکی مەیدانیەوە تا گەریلایەکی بەرەی شەڕ لە سیاسەتمەدار و پەڕلەمانتارێکەوە تا خۆپیشاندەرێکی سەر شەقامەکان هەر هەمووی لەو خاڵە هاوبەشەدا یەکدەگرنەوە ، ئەو خاڵە هاوبەشەش گرێدراویانە بە بەڕێز "عەبدوڵا ئۆجالان" و ئایدۆلۆژیاکەیەوە ، کە بە ڕێنماییە دروستەکانی ئەم هێزەی بە تۆکمەیی و یەکگرتووی هێشتۆتەوە ، باشترین کاری بەرپرس و کادرانی پەکەکەش پەیڕەوکردنی ڕێنماییەکانی بەڕێز ئۆجالان بووە ، ئەم پەیڕەوکردنەش پرسی کوردی زۆر پێش خستووە و لە چارەسەری نزیکی کردۆتەوە .
ئەنجامی ڕێنماییەکان بوو کە لە هەموو جیهاندا بستێک خاک نەما جێی ئۆجالانی تێدا ببێتەوە ، ئەنجامی ڕێنماییەکان بوو کە 14 ساڵە لە لە ژورێکی تاکە کەسیدا قایم کراوە . خۆ ئەگەر ئەو ڕێنماییانە نەبووایە ئەوا نەک هەر بە تیرۆریست نە دەناسرا بەڵکو هەم فەڕشی سووری بۆ ڕادەخرا و هەم هاوشێوەی کەمال بورقای لە ئامێز دەگیرا .
تا پ‌ک‌ک زیاتر گرێدراوی ئەو خاڵە هاوبەشە بێت زیاتریش تۆکمە و یەکگرتوو دەبێت ، تا ڕێنماییەکانی ئاپۆ زیاتر لەبەر چاو بگیرێت پەکەکەش زیاتر بە هەیبەت دەبێت . خۆ ئەگەر هەر بەرپرسێکی پ‌ک‌ک ئەو خاڵە هاوبەشە نەپارێزێت ئەوا هەم پ‌ک‌ک ئەو هەیبەتەی نامێنێت و هەم ئەو بەرپرسەش لە میلەت دادەبڕێت ، باشترین نموونەش عوسمان ئۆجەلانی برای ئاپۆیە کە دوای گیرانی بەڕێز ئاپۆ بوویە کەسی یەکەمی پ‌ک‌ک و گەیشتە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی ، بەڵام بەهۆی فەرامۆشکردنی ئەو خاڵە هاوبەشە و بە هەند نەگرتنی ڕێنماییەکان هەم پەکەکەی گەیاندە لێواری "هات و نەهات"و هەم خۆیشی وەک کەسێکی بێ ناو و نیشان گۆڕی بزر کرد .
تەنها شتێک کە بۆتە بنێشتە خۆشەی سەر زاری دەوڵەتی تورک و هەمیشە دەیڵێتەوە ، گوتەی (با هیچ کەس گوێ لە ئاپۆ نەگرێت)، سەرسوڕمان ئەوەیە ئەسحاب الکەهف و حیکمەتیستەکانیش دەڵێی لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بە یەک سک بەرهەم هاتوون و هەمان قاوان لێ دەدەنەوە و دەڵێن "با کەس گوێ لە ئاپۆ نەگرێت" ، تەنانەت لێدوانی ئەم بە ناوکۆمۆنیستانە گەیشتۆتە ئاستی بڕیاردان لەسەر پ‌ک‌ک و زمان درێژکردن بۆ گیانی شەهیدان و بێ حورمەتیکردن بە هەموو نەتەوەی کورد .
خۆ ئەگەر لێدوانی ئەو کۆمۆنیستانە لە ئاستی ڕەخنە و پێشنیاردا بوایە ئەوا جێگەی ڕێز دەبوو ، بەڵام کاتێک دەگاتە ئاستی بڕیاردان و دەڵێن "با هیچ کەس گوێ لە ئاپۆ نەگرێت" و شەهیدێکی وەک پێشەوا قازی محەمەد بە "خیانەتکار" پێناسەی دەکەن و زمان درێژی دەکەنە سەر هەموو نەتەوەی کورد و بە "نەتەوەی بێ عەقڵ و مێگەل" ناوی دەبەن ئەوا هەم لێدوانەکانیان جێگە بڕوا نییە و هەم خۆشیان دەچنە خانەی گومانەوە . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-
http://www.emrro.com/ashbetalekidike.htm
تەنانەت یەکێک لەو زڕ کۆمۆنیستانەی کە ئێستا لە هەموو کەس زیاتر هاواری لێ بەرز بۆتەوە (گوایە لە پەرۆشییەتی بۆ پ‌ک‌ک و نایەوێت ئەو هێزە لەسەر قسەی ئۆجالان ئاشبەتاڵ بکات و خوێنی ئەو هەموو شەهیدە بە فیڕۆ بڕوات) ، لە کاتی ئازادکردنی شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا زۆر بێ شەرمانە داوای لە بارزانی دەکرد و دەیگوت (بۆ ئەوەی هاوسەنگی هێز تێک نەچێت و پ‌ک‌ک نەبێتە حاکم لە کوردستاندا ، پێویستە حکومەتی هەرێم ببێتە هاوکاری دەوڵەتی تورک و پەلاماری پ‌ک‌ک بدەن و نەهێڵن ڕۆژئاوای کوردستان بخاتە ژێر دەستی خۆی) . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-
http://www.beyan.info/Direje.aspx?C=Witar&J=878
لە ساڵی 2009دا ، ئەمریکا فریوی تورکیای خوارد و بڕیاریدا هێرش بکاتە سەر پ‌ک‌ک لە قەندیل ، بەڕێز ئۆجالان لە زیندانەوە هەستی بەو مەترسییە کرد و بانگەوازی بۆ پ‌ک‌ک کرد کە ئاگربەستی یەکلایەنە ڕابگەیەنێت لەگەڵ دەوڵەتی تورک و دوو گروپ گەریلاش وەک نیاز پاکی بنێرێتەوە بۆ تورکیا ، بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-
http://pcdk.org/kurdi/page.php?sid=5800
هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەدا ئەسحاب الکەهف و حیکمەتیستەکان "کە لە هیچ بێ ڕێزییەک دەم ناگرنەوە" هێرشێکی بێ وێنەیان کردە سەر بەڕێز ئۆجەلان و وەک کەسێکی تەسلیمکار و ئاشبەتاڵکەر پێناسەیان کرد و گوتیان (لە پێناوی چیدا دوو گروپ گەریلا تەسلیمی تورکیا دەکات ؟ خۆ ئەو لە زینداندایە و چۆن دەبێت گوێی لێ بگیرێت ؟) .
بەڵام کاتێک یەکەم گروپ لە قەندیلەوە گەیشتە باکووری کوردستان و زیاتر لە یەک ملیۆن کورد بە پێشوازییانەوە چوون و وەک "پەیامبەرانی ئاشتی" پێناسەیان کردن ، ئەو کات هەم ئەمریکا لە بڕیاری هێرشکردن پاشگەز بوویەوە و هەم چاوی ڕەشی تورکەکانیش کاڵ بوویەوە ، بەڵام ئەسحاب الکەهف و حیکمەتیستەکان لە جیاتی ئەوەی لە تۆمەتەکانیان پاشگەز ببنەوە کەچی کەوتنە ستایشکردنی ئەردۆغانی میهرەبان بۆ ئەو دڵە فراوانەی کە هەیبوو بەرامبەر پەیامبەرانی ئاشتی و لە زیندانی نەکردوون .
ئێستاش دەنگۆی ڕێکەوتنێک لە ئارادایە لە نێوان پ‌ک‌ک و دەوڵەتی تورک‌دا و ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەش ئاشکرا نەکراوە ، لەبەرئەوە زۆر زووە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسێکی وەها گرنگ . بە باوەڕی من ئەگەر ڕێکەوتنەکە بە ئەنجام بگات پرسی کورد چەندین قۆناغ پێش دەکەوێت ، خۆ ئەگەر بە ئەنجامیش نەگات ئەوا پرسی کورد لە جاران پێشکەوتوتر دەبێت بەهۆی ئەو پێشوازیە نێودەوڵەتییەی لە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان کرا ، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە پێویستە بەرپرسانی پ‌ک‌ک دوو خاڵ لەبەر چاو بگرن :-
1- گرنگی ئەو خاڵە هاوبەشە بزانن کە هەم هەیبەت و پێشکەوتنی پەکەکەی پاراستووە و هەم یەکگرتوویی و یەکڕیزی پەکەکەی هێشتۆتەوە .
2- هەڵسەنگاندنی ئەو جۆرە پێنوس بە دەستانە و بەراوردکردنی لێدوانەکانیان بە ئاستی پێشکەوتن و خۆشەویستی ئەسحاب الکهف و حیکمەتیستەکان لە نێو کۆمەڵگای کوردەواری‌دا .
بۆ خوێندنەوەی بەشێکی دیکە لە لێدوانی ئەسحاب الکەهف و حیکمەتیستەکان کرتە لەسەر ئەم لینکانەی خوارەوە بکە :-
http://www.kurdistannet.org/2013/index.php?option=com_content&view=article&id=630:2013-03-23-07-34-20&catid=11:2012-01-01-20-11-37&Itemid=21
http://www.emrro.com/rageyandinih.htm
http://www.emrro.com/shanogeriyashtewaiy.htm
جەلال چوارتایی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە