هەرێمى یەكلانەبوونەوە!

Friday, 10/05/2013, 12:00

926 بینراوە


نا سح عوسمان




ئەم هەرێمەى خۆمان كە مەبەستم (هه‌رێمی کوردستانه‌)، بۆئەوەى هەڵوێستەكەم یەكلابێت و هیچ گومانێكى تیانەمێنێتەوە، پڕە لە رووداوى سەیروسەمەرەو سەیرترینیشیان ئەوەیە ئەو رووداوانە هیچیان بەتەواوى یەكلا نابنەوەو هەموومانیان تووشى قەلەقى كردووە، ئەگەر باوەریش ناكەن ئەوە بەڵگە:

سەرۆكى هەرێم خۆى كاندید دەكاتەوەو كاندیدیش ناكاتەوە، درێژى دەكاتەوەو درێژیشى ناكاتەوە، ئەگەر نەیكەنەوە بە سەرۆك دەستور ئەخاتە راپرسیەوە، چونكە ئەو شێتى پلەو پۆست نیە.
رەخنەكانى فەیسبووك و بڵاوكراوەكان دراماى گەردەلوولیان لوول كردو لەبەر زۆرى رەخنەكان ماوەیەك راگیرا، كەچى لەبەر رەخنەش رانەگیراو بەهۆى خەلەلى سەوتەوە بووە، تائێستا نەمانزانى كامیان راستە.
جگە لە كەمال كەركووكى هەموو كورد ئەڵێت دەستور بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و هێڵى سورمان نیە بۆ گەڕانەوەى، كەچى ناشگەڕێتەوە، ئێستا ئەگەڕێتەوە یان نا؟
سى هاوڵاتى بەهۆى دەرزى لێدانەوە كوێربوون كەچى ئەڵێن خەتاى دەرزیەكەش نیەو خەتاى دكتۆرەكەش نیەو خەتاى خەستەخانەو وەزیرەكەش نیە، ئەى خەتاى (نورى مالیكى)یە؟
بەحساب هەرێم دەستى بە پرۆسەى چاكسازى كردووە كەچى هیچیش نابینین، نازانین ئەكرێت یان نا، .
نرخى تابلۆى سەیارە لەبەینى گرانبوون و گران نەبوونایە، دە گرانیكەن و ببڕێتەوە، چونكە ئێستا زۆر هەرزانە.
ئەڵێن مام جەلال كۆچى دوایی كردووە و لێبۆتەوە، لەولاوە یەكێتى ئەلێت مام جەلال رۆژنامەى كوردستانى نوێ ئەخوێنێتەوە، ئێستا مردووە یان نا تكایە یەكلامان بكەنەوە.
حكومەتى هەرێم ئەڵێت دژى دیپۆرتكردنەوەى كوردانى ئەوروپاین، لەولاشەوە پێشوازى لەهاتنەوەیان ئەكەن و لەئەوروپاش ئەوترێت رێكەوتن هەیە لەگەڵ هەرێم بۆ دیپۆرتكردنەوەتان.
دەوڵەتى كوردى رادەگەیەنێت و یەكێك لەعیراق هەڵدەدات، بەڵام بارودۆخى ئیقلیمیش وەك خۆى ئەڵێت هیچ لەبارنیە بۆ راگەیاندنى دەوڵەتى كوردى، باوەڕیان بەمافى چارەى خۆنووسین هەیەو كەچى خەونى شاعیرانەشە، دە یەك جار بڵێن نامانەوێت و ببڕێتەوە.
مالیكى ئەوەندە دیكتاتۆرە بەكەڵكى ئەوە نایەت قسەى لەگەڵ بكرێت، لەولاشەوە ئەوەندە سنگ فراوانە بە دانیشتنێك حەوت داخوازى بۆ كورد جێبەجێكرد، تەنانەت بڕیاریشى داوە كۆبوونەوەیەكى حكومەتەكەى بێنێتە هەولێر، باشە ئەگەر نەیهێنێت ئیتر هەولێر لافاو ئەیبات؟!
زۆر شتى تریش لەبەینى بوون و نەبووندایە، خێرى ئەوە بنوسێت یەكلایان دەكاتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە