هەرێمێکی بە ناو پڕ ئازادی وئاسایش

Wednesday, 19/05/2010, 12:00

1240 بینراوە



کام شێوە ئازادی لە کوردستاندا بەرقەرارە یان کام یاسا پڕ سەروەریەی کە ڕۆژانە باسی لێوە دەکرێت ئەو شێوە مافیایانە کە بە ئاشکرا ڕۆژنامەنوسێکی خوێندکار کە موڵکی ئەو گەل وهەرێمەیە بەبەرچاوی خوێندکارانەوە لە خوێندنگای خۆی دەڕفێنریت و لە پاشان تیرۆر دەکرێت ئایا ئێوە چۆن وەڵامی ئەو خوێندکارانە ئەدەنەوە نازانن ئەوانە بەردی بناغەی بینای ئەم وڵاتەن چۆن ئێوە ڕێ ئەدەن بەردی ئەساسی ئەو بینایە تیرۆر بکەن کە خۆتان ئیدیعای بنیات نانەوەی دەکەن ئای لەو سەر لێ شێواوی وئای لەو ئازادی یانەی کە بە کوشتن و بڕین وەڵامی قەڵەمی تیا بدرێتەوە .ئای لەو ئازادی و ئاسایشە تۆقێنەرەی کە لەم هەرێمە بەرقەرارە بۆ تەئمین کردنی گیانی گەلەکەمان .
ئەوە ئێوەن کە ترس وتۆقێنەر بڵاو دەکەنەوەو ئێمەی گەلیش دەیانچنینەوە ئەوە ئێوەن خۆش گوزەرانی بۆ خۆتان ئەچننەوەو هیچ ژیانێکیش بۆ ئێمەی گەل بەڕەوا نابینن ئەوە ئێوەن دارای و سەروەتی کوردستان بۆ خۆتان ئەچننەوەو گەلەکەشمان بێ ئیمکانی ودەردو نەخۆشی و نەهامەتی یەکان بۆ خۆیان کۆ دەکەنەوە ئەوە ئێوەن بە کوشتن وتۆقاندنی قەڵەم و ئازادی یەکان شاگەشکە دەبن و نازانن کە ترس و تۆقاندن بەسەر چووەو ڕۆژێك دێت هەڵەی ئەو تاوانانەی ئەمڕۆ دەیکەن سبەی دەبێت هەر هەمووی بە زیادەوە بۆ خۆتانی بچننەوە چونکە کوشتنی قەڵەم و ڕەخنە گران ڕەخنەکانتان زیاتر دەکات و کوشتنی هەق و ئازادی پەروەران ئازادییەکانتان کەمتر دەکاتەوە .
ئیوە دەتانەوێت کەس نەتوانێ ڕەخنەتان لێ بگرێت و هەمو گەل وەك جسمێکی بێ هەست هیچ نەڵێ و هیچ نەبیسێ تەنها قسەی ئێوە ببیستێت و بە دەنکە قوتێك چاو لە خوارو سەر شۆڕتان بن و ڕاستی یەکان ئاوەژو بکەنەوە .
تەنها ئەوە نوسەرو ڕوناکبیرە ئەوەی پێ قبوڵ ناکرێت و بۆیە ئێوەش بە چاوی دوژمنکارانەوە ئەڕواننە ئەو هەستە پیرۆزانە بابزانن ئەوانە تەنها ڕۆژنامە نوسان و ڕەخنە گرانن کەلە بەرەی گەل جیا نەبونەتەوەو بەرامبەرتان ئەوەستن و بوون بەدادوەرو پستیوانی خەڵکی هەژارو داوای مافی ئەو خەڵکەتان لێ دەکەن و خۆیان بەخت دەکەن وتیرۆر دەکرێن تەنها ئەوانەن کە سەر بۆ پارە شۆڕ ناکەن و بەرەی گەل بەجێ ناهیڵن ئەوانە نیشتیمان پەروەرن نەك پارە پەروەر لێرەدا دەڵێم ئیتر بەسە کۆیلایەتی با هەموو فەردێك خاوەنی خۆی بێت خەڵك بە خاوەنی خۆیان نەزانن وخۆیشیان بە کەم نەزانن با لە بیرو ڕای ئازادی دەربڕین دا چاو نەترسانە هەڵوێستی ڕاستەقینەی خۆیان وەرگرن و خۆیان بدۆزنەوە. بەسە ئیتر دوای قەرەباڵغی کەوتن بائیتر کەس نەترسێ لە سزای پاداشتێکی کەم . ئێوەش هەموو دوای ڕاستی بکەون و هەق و ناهەق لە یەك جیا بکەنەوە چونکە ئەگەر ئێوە نەبن بەپرد ئەوا سەرانی ئێوە ناتوانن بە سەرتانا بپەڕنەوە و خۆتان حوکمی خۆتان دەکەن ئێوە کەم نین ئەگەر بڕواتان بە خۆتان هەبێت. چونکە لە هەموو وڵاتە پێشکەوتوەکانی جیهان کەس پیاوی کەس نی یە کەسیش بەگەورەو ئاغای خۆی نازانێ ئیتر بەسە ئاغاو ژێر دەستەیی باهەمومان وەك یەك بین بۆ ئەوەی یاسا بەرقەرار بێت . ئیتر بە هیوای زاڵ بونی ئینتیمای دڵسۆزی نیشتیمانی بەسەر ئینتیمای تەسکی ئاغایەتی و حیزبایەتی . چونکە ئێمەی کورد هەتا ئیستا لە حیزبایەتیش تێ نەگەیشتوین لەبەر ئەوەی چونکە کەس ناتوانێت ڕەخنە لە حیزبەکەی خۆی بگریت. نا بۆ بەرەی ترس و تۆقاندن بەڵێ بۆ بەرەی حوکمی ڕاستەقینەی گەل...
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە