هۆشیاری ته‌ندروستی بۆ تاکی کورد به‌شی (18) نەخۆشی شەکرە (Diabetes mellitus)

Wednesday, 02/01/2013, 12:00

9188 بینراوە


نەخۆشی شەکرە واتە شێوانی ئاڵوگۆڕ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکر لە ناو سوڕی خوێندا، ئەمەش بەستراوە بە ڕێژەی کەمی و زۆریی یان بەرزیی ونزمی هۆرمۆنی ئینزولین، یاخۆت کەمبوونەوەی کاریگەریی ئەم هۆرمۆنە کە لە ئەندامێکی لەشدا پێی دەڵێن پەنکریاس دروست دەبێت و کەوتۆتە لای گەدەوە واتە ماعیدە.
ماعیدە و کۆئەندامی هەرس هەموو ئەو شتانەی وەک دانەوێلە و بەرهەمی میوەکان، پەتاتە، برنج، گەنمەشامی و شیرینییه‌کان کە دەیخۆین دەگۆڕن بۆ جۆرێک لە شەکر، شەکرەکەش لە دیواری ڕیخۆڵەوە دەمژرێ بۆ ناو سووڕی خوێن و بەهەموو لەشدا بڵاو دەبێتەوە.
هۆرمۆنی ئینزولین شەکرە دروستبۆکە دەگوێزێتەوە بۆ ناوەوەی خانەکانی لەش و خانەکانی لەشیش شەکرەکە بەکار ده‌هێنێت بۆبەرهەم هێنانی ووزە.
هەروەها هۆرمۆنی ئنزولین شەکرەکەش لە جگەرو ماسولکەکان کۆدەکاتەوە.
ئینزولین تاکە هۆرمۆنە، کە چەوری لەش لەجێی خویدا دەپارێزێت، هەربۆیەش کە ئینزولین کەمبوویه‌وه‌ کێشی لەشیش دادەبەزێت.
ڕێژەی شەکری نۆرماڵ لە لەشدا بە هەمیشەیی لە نێوان 4,5-6,7 دا دەمێنێتەوە کە هیچ زیانێکی بۆ مرۆڤ و نەخۆش کەوتن نییە، بەلام ئەگەر هۆرمۆنی ئینزولین کەم بۆوە و چالاکی نەما یان هەر نەما ئەوکاتە شەکر بۆ ناو خانەکانی لەش ناگوێزرێتەوەو ڕێژەکەی لە خوێندا بەرزدەبێتەوە.



نەخۆشی شەکرە دەکرێت بە دوو بەشەوە

بەشی یەکەم: Typ-1
بەهۆی تێكچوونی خانە بەرهەمهێنەرەکانی هۆرمۆنی ئینزولین لە پەنکریاسدا وکەمبوونەوەی تەواویی یان نەمانی ئینزولین بە یەکجاری ئەمیان زیاتر لە منداڵیی وگەنجی دا هه‌یە، که‌وا ڕێژەی شەکر بەرزدەبێتەوە و ڕێژەی ئاو و مادە بەسوودە کان لە شدا کەم دەبنەوە
ئەوکاتە خوێن ترش تر دەبێت و کیلۆی لەش کەم دەبێتەوە، لە هەندێ حاڵەتدا دەگاتە ڕادەی کێتۆئەسیدۆزێ و دروستبوونی حالەتی کۆما واتە بێ هۆش بوون.
نێشانەکانی جۆری یەکەم:Typ-1
کەمبوونەوەی کێشی لەش بە شێوەێکی دیارلە نێوان چەن ڕۆژێک یان تا چەند هەفتەیەكدا، کەمبوونەوەی رێژەی ئاو لە لەشدا و زۆر میزکردن لەگەڵ بەردەوامی تینوێتی، کرژبوون واتە تەشەنوج لە لینگدا و سک ئێشە. چەند نیشانەیەکی تری وەک ماندووبوون، بێ تاقەتی، شێوانی بینینی چاو کەمبوونەوەی ئاگاهی (ترکز)، بەدەگمەنیش سەرئێشە.
چارەسەریشی تەنها پێدانی هۆرمۆنی ئینزولینە بە درێژایی تەمەنی ئەو کەسە تاکوو کۆتایی ژیانی.

بەشی دووەم: Typ-2
کەمبونەوەی کاریگەری ئینزولین هەرچەندە ئینزولینیش لەش دەردەدات ئه‌مه‌ش ویراسییه‌ و رێژەی کەمی ئینزولین وکەمبونەوی لەگەڵ زیادبوونی تەمەن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکر لە لەشدا. ئەم جۆرەیان لە دنیادا زۆر بەربڵاوە و بۆتە ئافاتێک لە نەخۆشیه‌کان و بارگرانێکی ئابووری بۆ هەمووسیستەمی تەندوستی ووڵاتانی جیهان.
یاخۆت بەهۆی نەخۆش کەوتنی پەنکریاسەوە و وابەستە بەهەندی نەخۆشی تری لەشەوە کە لێرەدا ناتوانری باسی بکەین بۆ ئەوەی تێگەیشتنمان لە نەخۆشی شەکرە ئالۆزتر نەبێت.

١.هۆکاری سەرەکی بۆ تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەکرە قەڵەوییە.

٢.کەمبوونەوەی کاریگەری هۆرمۆنی ئینزولین بە هۆکاری بۆ ماوە واتە ویراسی، بە تایبەتیش شەکری ناو جگەر و ماسولکەکان بەرامبەر هۆرمۆنی ئینزولین کاردانەوەیان نابێت.

٣.بەرزبوونەوەی ڕادەی دروسبوونی شەکر لە جگەردا ئەویش بە هۆکاری ویراسی.
نیشانەکانی ئەم جۆری دوەمی شەکرە.

بۆ ماوەی چەندین ساڵ تووش بووه‌کە هەست بەم نەخۆشی ناکات، تەنها ئەگەرهاتوو ڕادەی شەکری زۆر بەرزبۆوە ئەوا زۆرتر میزدەکات وبەبەردەوام تینووی دەبێت. هەندێ جار هەست بەماندووبوون و شیوانی بینن وزیاتر لە خەڵکی تر تووشی ئیلتهاباتی وەک میزڵدان و زیپکە لە پیڵۆکانی چاو. بەهۆی نادیاری نیشانەکانی بە ڕێکەوت(سودفە) لای دکتۆر تەشخیس دەدرێت. هەربۆیەش داوا لە هاووڵاتیانی کوردستان دەکەم هەرکاتێک فەحسی خوێنیان کرد لای دکتۆر جا لە هەر تەمەنێکدا بن داوای پێوانی ڕێژەی شەکر، کۆلێستەرین و پاڵەپەستۆی خوێن بکەن.

چارەسەر

دابەزاندنی کێش و کیلۆی کەسەکە لەگەڵ زیادکرنی جووڵە و وەرزش یاخۆت ڕۆژی نیو تا سەعاتێک بە پێ رۆیشتن، وازهێنان لە جگەرەکێشان. ئەگەر هاتوو لە دوای ئەمانە شەکر بەئەندازەی پێویست دانەبەزی ئەکاتە دەست دەکری بە خواردنی حەپی شەکرە (مێتۆفۆرمین) و لەهەمان کاتدا شێوەی ژیانێکی نۆێ لە خواردن و هەڵسوکەوت قبووڵ بکات لە بەرامبەر نەخۆشییه‌کەی. چەند جار لە سالێکدا دەبێت بچێت بۆلای دکتۆر بۆئەوی بزانرێ کە تەنها ئەمە بەسە یان پێویستی بە دەرمانی زیاتر و بگرە تالێدانی دەرزی ئینزولینی ڕۆژانە یان بە چەند رۆژێک. هەروەها کۆنترۆڵی سالانە لای دکتۆری چاو.
هەر دایک و باوکێک ئەم جۆرە شەکرەی هەبێت، دەبێت چاوه‌ڕێی ئەوە بکات بە نزیکەی 33% تاکوو نزیکەی 50% ئەگەری تووشبوونی یەکێک لە منداڵەکانی هەیە بە نەخۆشی شەکرە لە گەڵ بەرزبوونەوی تەمەنیان.
هەروەها نەخۆشەکە دەبێت ڕەچاوی پلانی نۆێی خواردن بکات، کە دکتۆرەکەی بۆ دادەنێت وهەروەک دوورکەوتنەوه‌ لە خواردنەوەی ئەلکهۆل و زیاتر خواردنی سەوزە و میوە.


پێوانی ڕێژەی شەکر و دیاریکردنی نەخۆشی شەکرە

بە برسێتی لە ڕێگای خوێن وەرگرتنەوە دەکریت و ڕێژەی شەکر دەپیوڕیت لەگەڵ پێوانی
HbA 1c واتە ئەو هیمۆگلپبینەی کە بە شکرەوە بەستراوە لە لەشدا دەبێت ڕێژەکەی لە ژێر (7,5) بێت. واتە چەند شەکر لە خوێندا بێت ئەوەندەش ئەم جۆرە هیمۆگڵۆبینەش زیاتر شەکراوی دەبێت.
یاخۆت لە ڕێگای پێوانی ڕێژەی هۆرمۆنی ئینزولینەوە. یا پێوانی ڕێژەی شەکر لە ناو میزدا.

هەندێک جاریش هەندێک دەرمان و ئیلتهاباتی وەک سوورێژە و ڤایرۆسی زیتۆمێگاڵی ونەخۆشی تری لەشیش دەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی شەکرلە سوڕی خوێندا، کە بەڕاستی لێرەدا جێی باس کردنیان نابێتەوە لەبەر درێژبوونەوی بابەتەکە.
هەندێ جار ژنان لەگەڵ دووگیانیدا (حمل) تووشی بەرزبونەوەی شەکر و نەخۆشی شەکرە دەبن، دەبێت لەم کاتەدا زۆر باش چاودێری کۆرپەکە بکرێت بۆ ئه‌وەی تووشی نەخۆشی ترنەبێت بە هۆی بەرزبوونەوەی شەکری دایکییه‌وه‌، کۆنترۆڵی شەکری دایک بکرێت و بە نۆرماڵی ڕابگیرێت.هەروەها کۆنترۆڵی پاڵەپەستۆی خوێنیشی بکرێت.
ئەگەر دایکەکە هەر خۆی نەخۆشی شەکرەشی هەبووبێت پێش حەمل بوون واتە دووگیانی ئەوا دەبێت پێشتر بە پیلانەوە لەگەڵ دکتۆرەکەیدا پرس و ڕاو ڕاوێژ بکرێتن.
دەبێت ڕێژەی شەکری هەمیشە لە ژێر 6,2 mmol بێت بۆ ئەوەی زیان بە ئەندام و کۆئەندامەکانی کۆرپەکە نەگات.

ئەوئاڵۆزیانەی نەخۆشی شەکرە بەدوا خۆیدا دەی هێنێت بەسەر تووش بووەکەدا:

١.حاڵەتی بێ هۆشبوون (Koma)

لەم کاتەدا لە جۆری یەکەمدا TyP-2 ڕێژەی شەکر لە خوێندا بەرزدەبێتەوە بۆ ئاستی 56.0mmol)) و لە جۆری دووەمیشدا Typ-1 دەگاتە نزیکەی) 23.0 mmol),
واتە زیاتر ترشبوونی خوێن((Acidose
ئەمیش بە تایبەتی کاتی تووشبوونی نەخۆشەکە بە نەخۆشی ئیلتهاباتی تر بەکتریایی وڤایرۆسی و شتی تری یاخۆت گۆڕانی پلەی گەرمای دەرزی ئنزولینەکەی بۆ ژێر سفر یاخۆت ۆ سەروی 40 پلەوە.

٢. حالەتی دابەزینی ڕێژەی شەکر بۆ ژێر نۆرماڵەوە(Hypoglycamie)

ئەمە کاتێک روودەدات کە حەپەکە یان ئینزولینەکەی زیاد لە پێویست خواردبێت یاخۆت خواردنی زۆرکەم خواردبێت.لەم حالەتانەشدا هەر دەبێتە هۆی بێهۆشبوون.
لەم کاتانەدا واتە بەرز و نزمبونەوەی شەکر نەخۆشەکە ووڕو تووڕە و لابەڵادا دەڕوات وزمانی قسەکردنیشی دەشێوێ.
زۆر جار نه‌خۆشه‌که‌ هەست بە دابەزینی زیادی شەکر ناکات، بە تایبەت لە خەودا، بەڵام ئەوانەی کە خاوەنی سەگن، سەگەکەیان بە بۆنکردن هه‌ستی پێده‌کات  و بەدوایدا ده‌ست به‌ وەڕین ده‌کات، خاوەنەکه‌یان خەبەر دەکاتەوە، ئه‌وسا نه‌خۆشه‌که‌، یان ده‌ورو به‌ره‌که‌ی دەزانن شەکریان دابەزیوە. کەواتە سەگ زۆر بەوەفاترە لە مەسعود و جەلال و هەموو مەسینە هەڵگر و قەڵەمفرۆشەکانی دەوروبەریان.
بۆیە دەڵێم بژی سەگ، مردن بۆ سەرکردە و قەڵەمفرۆشه‌ بێ وەفا و خائین و خۆفرۆشه‌کانی کورد.
جگە لەمەش نەخۆشی شەکرە ئەگەر بە باشی کۆنترۆڵ و پارێزی نەکرا ئەوا چەندین نەخۆشی تر بەدوای خۆیدا ده‌هێنێت وەک:
زیان گەیاندن بە خوێنبەرە بچوکەکانی ئەندامەکانی تری لەش وەک چاو(تووش بوون بە کەمبینی و کوێربوون)، گورچیلە (بەرزبونەوەی زەختی خوێن) و دەمارە هەستیارەکانی لەش واتە (Retinopathie, Nephropathie and Neuropathie) ونەخۆش خستنیان. هەروەها زیانیش دەگەێنێت بە خوێنبەرە گەورەکانیشی وەک هی دڵ وقاچەکانمان وەک گەچ گرتن و تەسک بونەوە و ڕەقبوونیان لە کۆتاییدا شێوانی سووڕی خوێن لەوێ دروستبوونی ئازارلە پێ ولینگ (تا ڕادەی بڕینەوەیان لە لەش) بە دواشیدا سەکتەی دڵ و دەماغ.


هەروەها ئیلتهاب وبرینداربوونی ناو دەم و پووکی ددانەکان.
خەتەری تووشبوونی سەرەتان لە کەسانی تووش بوو بە شەکرەش زیاترە لەوانەی کە شەکرەیان نییە.
لە کۆتاییدا داوا لە تووشبوان بە نەخۆشی شەکرە دەکەم کە ئیهمال نەبن لە رێنمایی دکتۆرەکانیان و ئەو پارێزیانەی بۆیان دانراوە.


دکتۆر ناسر سۆرانی
ستافی کوردستانپۆست
و
پزیشکی گشتی وپزیشکی تایبەتمەندی چاو
ئەندامی یەکێتی دکتۆران لە سویسرا FMH
www.augenarzt-birsfelden.ch

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە