دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر، ئۆپۆزسیۆنێکی هەلپەرست، شەقامێکی خامۆش

Friday, 27/05/2011, 12:00

1355 بینراوە


مەسعود بەرزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ١٧/٥/٢٠١١ بۆ جاری دووەم پەیامێکی ئاڕاستەی (گۆڕان، کۆمەڵ،یەکگرتوو) کرد، بەرزانی لە پەیامەکەیدا داوای گفتوگۆ و دیالۆگی کرد بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکان، ڕاستەوخۆ لەدوای پەیامەکەی مەسعود بەرزانی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی پشتیوانی خۆیان ڕاگەیاند، پاشان هەر سێ لایەنی (گۆڕان، کۆمەڵ،یەکگرتوو) وەڵامی پەیامەکەیاندایەوەو بە ئیجابیان وەسفکرد.
لە ١٧شوباتەوە لەو کاتەی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی داواکاریەکانیان ڕژانە سەر شەقامەکان و عەرشی دەسەڵاتیان لەرزاند، ئیتر دەسەڵاتدارانی کوردستان تێگەشتن کە لەبەرانبەر نەفرەت و بێزاری فراوانی جەماوەردان، بۆ یەکەم جاربوو یەکێتی و پارتی بەم شێوە ڕوبەڕوی ناڕەزایەتی و توڕەی خەڵکببنەوە، یەکێک لە تایبەتمەندیە گرنگەکانی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە دوای ١٧ شوبات وەستانەوەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بوو لەلایەک و خەڵکی ناڕازیش لەلایەکیترەوە، ئەم واقیعەتە یەکێتی و پارتی خستە بەردەم دوو هەڵبژاردن، یەکەم: وەڵامدانەوە بە داخوازیەکانی خەڵک، دووەم: سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکان و لە خوێنهەڵکێشانی جەماوەر، یەکێتی و پارتی وەک سروشتی هەمیشەیان خاڵی دووەم واتە سەرکوتکردنیان هەڵبژارد.
یەکێتی و پارتی ئەوەی لە هەگبەی دیکتاتۆرترین دەسەڵاتەکاندا هەیە لە جیهاندا بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی خەڵک دەریانهێناو تاقیانکردەوە.
کوشتن، زیندان، لێدان و سوکایەتی، ڕفاندن، سوتاندن، هەڕەشە، نانبڕین، دەرکردن، پەلاماردان، شکاندنی کەسایەتی، لەشکرکێشی، چوونە سەماڵان و ترساندن، بەکارهێنانی دەزگای نهێنی و دەمامک بەسەر، داگیرکردن، بەکارهێنانی وەزیر و پەرلەمان و زێرەڤانی بۆ چاوسورکردنەوە، ئەم دەسەڵاتە گەورەترین داهێنانی کرد بۆ فریوودان و ترساندن و سەرکوتکردنی جەماوەری ناڕازی.
لەناو ئەم واقیعە سیاسیەی کە نزیک بە چوار مانگێکە کۆمەلگای کوردستان گوزەری پێدا دەکات، هێزێک کە لەژیر ناوی (ئۆپۆزسیۆن) خۆی ڕیکخستووە، هەر لە ١٧ شوباتەوە تاکو ئێستا زۆر لاستیکی و زیکزاکی خەریکە لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکان و پێشهاتەکان یاری دەکات، ناڕەزایەتی و پربوونی جامی نەفرەتی خەڵکی ناڕێکخراو لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، بۆ (گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو) بوویە ئەو گاڵۆکە سیحریەی کە بواری بۆ کردنەوە سواری ناڕەزایەتی و هاتنە سەرشەقامی خەڵکبن بۆ مەرام و ئامانجەسیاسیەکانی خۆیان، هەموو بینیمان و بیستمان کە هەر لەسەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیوی بە گێرەشێوەن لەقەڵەمدا، یەکگرتوو دوای ئەوەی کە ترسیان شکاو جەماوەرێکی فراوانیان لەبەردەرکی سەرای ئازادی بینی، ژمارەیەک لە خویندکارانی خۆیان ناردە ناو جەماوەرەوە، کۆمەڵ دوای ئەوەی کە تێگەشت شەپۆلی ناڕەزایەتی دەڕواو دواتر فریای مەلە ناکەون چەند مەلایەکیان ناردە ناو ئاپورای لاوان و ژنان و چین و توێژە ناڕازیەکانەوە.
ئۆپۆزسیۆن لەناو کایەیەکی تەواو هەلپەرستانەدا خەریکی لەقاڵبدانی داواکاریەکانی خەڵکدابوو بەو جۆرەی کە خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی ئەوان دەکات، لەکاتێکدا بەڕوونی و بائاشکرا خەڵک هاواریان دەکرد و داواکاریەکانیان بەرز دەکردەوە، ئۆپۆزسیۆن دەیان کۆبونەوەی نهێنی و دوور لە چاوی جەماوەر و بەبێ ئاگاداری خەڵکی ئەنجام دەدا، کەسێک دەتوانێت بڵێت کۆبونەوەی نەوشیروان مستەفا و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەردوو لایەن چ پەیام و چ مەغزایەکی سیاسی هەبوو، ئەم ئۆپۆزسیۆنە بە جۆریک ئالودەی بەش و حکومەتی شەراکەت و هاوسەنگیە، هەر کە سەرۆکی هەرێم بانگهێشتی کردنەوە بۆ کۆبونەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ، هیچ لایەکیان نەیانووت خۆ ئێمە تاکو دوێنی کودەتاچی بووین، ئەوە چۆنە ئێستا لەسەر دەستی ئێمە ئارامی دەگەڕیتەوە بۆ کوردستان قەیرانەکان چارەسەر دەکرێن، هیچ لایەکیان نەیانپرسی ئەرێ خەڵکینە خۆ ئێمە مقاشی دەستی دەوڵەتانین ئەوە چۆنە ئێستا هێزی نیشتمانی و حیزبی ڕەسەنین، کەس نەیووت خۆ ئیمە ئەنجامدەری کارەساتی خێلی حەمەو هاوسەنگەری تیرۆریستەکانین،ململانێی ئەم هێزانە ئەوەندە نامۆیە بە پڕنسیبی و مۆڕاڵی مەدەنی ئەو هێزەی کە لەڕوانگەی ئۆپۆزسیۆنەوە کارەسات و تاوانی ئەنجامداوە، ئێستا بانگهێشتەکەی دەیان لێکدانەوەی سەرسوڕهێنەری بۆ دەکرێت و ئومێدی گەورەی پێوەدەبەسرێت، پەیامی مەسعود بەرزانی لۆتۆیەکی گەورەبوو بۆ ئۆپۆزسیۆنێک کە لەسەر پشتی جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕیوی کوردستان خەریکە بەشی خۆی مسۆگەر دەکات، لەکاتێکدا هیچ کەسێک ئاگاداری بەندوبەستی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن نیە، تەواوی سەرانی هەردوولا دەڵێن ئێمە دەنگی شەقامین و پشتیوانی داخوازیەکانیانین، کاتێک ئۆپۆزسیۆن دەچێتە سەرمێزی گفتوگۆ بکوژانی خۆپیشاندانەکان پلەومەقامیان بەرزدەکرێتەوە، دەسەڵات بە ئاشکرا دەڵێت ئەم دۆسیەیە دەبێت لەبیربکرێت، خەڵکی کوردستان بۆ ئەوە نەهاتوونەتە سەر شەقام تا دەسەڵات بیانکوژێت و دواتر ئۆپۆزسیۆن بڵێت یەکەم داوامان ئەوەیە کە دەبێت بکوژەکان تەسلیم بە دادگا و یاسا بکرێن، ناڕەزایەتی و قوربانیەکانی دوای ١٧ شوبات کەرەستەی بەدەستهێنانی دەسکەوتن بۆ ئۆپۆزسیۆن لەخەزێنەکەی دەسەڵات، بەرئەنجامی کۆبونەوەی دەسەڵات و (گۆڕان،کۆمەڵ،یەکگرتوو) هەرچیەک بێت گورزێکی کاریگەر لەئیرادەی خەڵکی کوردستان دەوەشێنیت.
شەقامی کوردستان ئێستا خامۆشە، ئەم خامۆشیە بەرئەنجامی(سەرکوتی خۆپیشاندانەکانە بەهێزی سەربازی، نەبوونی سەرکردایەتیەکی ڕاوەستاوی یەک هەڵوێست، نەبوونی نەخشەڕێگای گونجاو هاوئاهەنگ لەگەڵ ئامادەی خەڵکی ناڕازی، ناڕێکخراوبوونی جەماوەرە)، خامۆشی ئێستای شەقام جۆری ناڕەزایەتی و بێزاری خەڵکی لە شێوەیەکی ستونی گۆڕی بۆ شێوەیەکی شاقوڵی، بەمەعنایەک هەر گردبونەوەیەک لە ناو ماڵ و فەرمانگە و خوێندنگا و کارگەکاندا هەمان فەزای سەرای ئازادی بەرهەمدەهێنێتەوە بەڵام بەشێوەیەکی بچوکتر، لە ئێستادا هەر هەوڵێک بۆ سەردەرهێنانەوەی ناڕەزایەتیەکانی کوردستان، ئەگەر بەشێکی پەیوەست بێت بە پڕکردنەوەی کەموکوڕیەکانی ڕابوردوو، ئەوا بە بڕوای من خاڵی جەوهەری کە هەلومەرجێکی تازە دەبەخشێتەوە بە دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتیەکان بە شێوە فراوانەکەی، ڕوخاندنی حکومەتی (بەشار ئەسەدە) لە سوریا لە لایەن خەڵکەوە، ڕوخانی دەسەڵاتی سەرکوتگەری حکومەتەکەی (بەشار ئەسەد) لە لایەن خەڵکی ناڕازی سوریاوە دەتوانێت کاریگەری گەورەی هەبێت لەسەر ڕاپەڕین و ئامادەبونەوەی جەماوەر لەسەر شەقامەکان لە کوردستان.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە