مێژوویەکی ڕەش بۆ مستەفا چاوڕەش !

Thursday, 25/06/2009, 12:00

6999 بینراوە


چۆن ساڵانێکە درۆ و ناپاکی و چەواشەکردن و هزری خیانەت باڵا دەست کراو قۆرخی هەموو بەهاکانی ژیانی کرد . ئاواش دەستی ناپاکی گەیاندە ناو مێژووی واقیعی تاک و کۆمەڵ و ئەویشی سەراپا قۆرخ کرد .
بەداوای لێبووردنەوە کە بۆ نووسینی ئەم بابەتە پەنا دەبەمە بەر ناو هێنانی هەندێ کەس وە هیواداریشم بە دڵێکی فراوان لێم وەربگیرێ ، بەدڵنیایشەوە دەیڵێم کە هیچ مەبەستێکی تایبەت مەندێتی لەدواوە نیە . تەنها ئەوەندە نەبێت کە دەمەوێت سنووری ترسی گێڕانەوەی واقیع بشكێنم و ئیتر واقیعیش بتوانێ وەک خۆی بدوێ و ڕاستگۆیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ . فەرموون :
لە دوایی هەرەسە بە پەند بووەکەی ساڵی 1975 هەندێ جوڵەی بزوتنەوەی ئازادی خوازانەی تر چەکەرەی کردەوە ، بەڵام چۆن و چۆنیەتی یەکەی لای من زۆر جێ ی بایەخ نیە و وە زانیاری یەکی کامڵ بووشم لەگەڵیدا نیە تەنها هێندە نەبێت کە لەڕێ ی ئەو نوسراوانەی کە بەدەیان شێوازی جۆراو جۆر نوسراوەتەوە و سەرچاوەکانیش تا رادەیەک جێ ی باوەڕ نین چونکە بەئاشکرا هەستی پێ دەکرێت کە زۆر کەلێن و ناڕاستی پێوە دیارە و لەبەر مەنفەعەتی تاک و لایەنیش نوسراوەتەوە .. هەڵبەتە لەو ساڵانەدا من لاوێکی تازە پێگەیشتوو بووم هێندەش کاراو هزر فراوان نەبووم . ئەوە بوو لە نزیک بوونەوەی کۆتایی ساڵی 1978 کۆمەڵێ برادەر بووین لە ناکاو وەک قەدەرێک خزاینە ناو کاری ڕێکخستنەوە و هەر لە خۆشمانەوە بووین بە تۆڕێکی کارامەی ڕێکخستن بە بێ ئەوەی هیچ شارەزایی یەکی ئەو تۆمان لە کاری ڕێکخستن و سیاسیدا هەبێ ، یان بەواتایەکی تر دەتوانم بڵێم هەڵخەڵەتابووین دەشتوانم بەزمانە شەقامیە گشتیکەش بیڵێم ئێمە کۆمەڵێک لاو بووین وزیاتریش حەزمان بەخۆدەرخستن و خۆفشکردنەوە دەکرد . ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە بڵێم حەزمان لە کورد بوون نەبوە ، بەڵکو پێگەو قوتابخانەیەکی فکری وامان نەبوو تاکو لەو ڕێ یەوە پەروەردە بکرێین و بتوانین چۆنێتی کارکردن لەسەر کورد بوونێکی ڕاستەقینەو تەواو بکەین . ئیتر لەو ماوانەدا بە شێوەیەکی زۆر سادەو نا هوشیارانە کارمان دەکرد و کارەکانیشمان زیاتر نووسینی دیوار و هەڵکەندنی هەندێ ئاڕمی لاوەکی کە پێک هاتبوو لە مەشخەڵی ئاگرو داس و چەکوش و چوار خەتە بازنەییەکە لە سەر عەشیعەو دوایش لە عەمود و دیوارمان دەدا بە سپرا جار جارێکیش وێنەی جیڤاراشمان بەکار دەهێنا هەتا وای لێهات ئاشنا بووین بە ئامێرێکی کۆنی ڕۆنیۆ ، کە ئەم ڕۆنێوە هەتا ئێستا بە پەنجا شێوە باسی لێوە کرا کە من نامەوێت بچمە سەر ئەو باسە چونکە هەر پەنجاکەی وەک خۆی ئاماژەی پێنەدراوە . بە هەر حاڵ ئەوە بوو لە ماوەی ئەو کار کردنەماندا هێڵی پەیوەندیمان لەگەڵ هەندێ بەرپرسی دەرەوەدا هە بوو بە تایبەتی لە سەرەتادا لەگەڵ شەهید جەمالی عەلی باپیر و دوا جاریش لەگەڵ مستەفا چاوڕەش هێڵمان دوربەدوور کرایەوە بەڵام ئەم هێڵیەیان من نازانم بۆچی هەر زۆر زوو توند و تۆڵ و چڕو پڕ کرا و مستەفا چاوڕەش دەستێکی باڵای تەواوی هێنایە ناو تۆڕەکەوە ئێمەش هەموومان بێ ئەزمون بوین بە کورتیەکەی لە فرت و فێڵی سیاسەتمان نەدەزانی دەرکمان بەشت نەدەکرد تەنها کۆمەڵی شیعارات نەبێ لە مێشکمانا دەهات و دەچوو ئەگینا زۆر جار تور و گێزەریشمان لە پێناسەی سیاسیدا لە یەک جیا نەدەکردەوە لەبەر ئەوە پێم خۆشە ڕاستگۆیانە بدوێم . گەر چی ئێستا دەیان فەلسەفاتی ڕەنگاو ڕەنگی پێوە دەلکێ لە کاتی گێڕانەوەی ئەو بابەتانە لەلایەن هەندێ کەسەوە ئەوەش لە ئەستۆی ئەم زەمەنە شێواوەدایە دیارە خامەیەکی باشە بۆ کەسابەت و خۆ دەوڵەمەند کردن . ئەو سەردەمەش مسەفا چاو ڕەش وەکو کەسایەتی یەکی بەرچاو ناوێکی دیاری هە بوو وەک ئەوەی کە کەسێکی زۆر ئازاو قارەمانە و ئای کە خەڵکی کوشتوە و کون لە جەرگیدا نیە و تەنانە زەلامێکی لە نزیک شارۆچکەی دوکان وەک گیسک سەربڕیوە ئالەم جۆرە فشە هەواییە کاتیانەی ئەو سەردەمە . هەر لەو ماوانەشدا زانیاری ئەوەمان پێگەیشت کە ئەم زاتە هەستاوە بە کوشتنی کەمالی شێخ غەریب و ئێستاش نەزانرا کوشتنی ئەو کابرایە بۆ چ مەبەستێک بوو ، کوشتنی ئەم کەسەش زیاتر بوو بە شوهرە تایبەتیەکەی ئەم زاتە بۆ متمانە پێکردنی تەواو . لە ڕاستیشدا کەمالی شێخ غەریب تەنها ڕەئیس عورەفایەکی پۆلیسیش بوو هیچی تر . با ئەم لاپەڕانە هەڵنەدەمەوە جارێ ، دوای کوشتنی ئەم کەسە خۆی هەڵدا بوە ماڵی عەبدولقادر حسێنی هونەرمەند بەبێ ئاگادار بوونی پێش وەختی ئەو ماڵەکە . کەماڵیان لە کۆڵانە تەسکەکانی سابونکەراندا بوو . نامەوێت ئەوەش لە یاد بکەم کە هەر لەو ساڵانەدا کۆمەڵێ کەسایەتی ناوداری ئەو شارە جوانە کوژران و بەبێ هۆ ئیغتیال کران هەر لە فەتاحە قەڵەوی موهەندیس و نوری حەمە عەلی و شەفیقا ئاغاو مامۆستا کاوس و چەندینی تریش یاخود بە کورتیەکەی بڵێنن هەڵمەتێکی کورد ئیغتیالاتێکی تەواو بوو ، بۆیە ئەگەر هاتو ڕۆژێ یاسا سیمای ئەو ووڵاتەی گرتەوە دەبێت لێپچینەوەیەکیش لەو مێژوانە بکرێت و ئەو واقیعەش ڕاستگۆیانە ڕوونبکرێتەوە و ئەو کەسانەشی کە هەستاون بەوکارانە ئەگەر ماون با ڕاپێچی دادگا بکرێن ، چونکە زۆر کەس لەسەر ئەمانە بوون بەپاڵەوان و قارەمانێکی ناوداری میرات وەرگری ، بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی دەرکەوێت ئەگەر تاوان بووە با ئەو پێناسەی قارەمانێتیەیان لێبسەنرێتەوەو وەک تاوانبارێکی بەر لێبوردەی تەماشا بکرێن و تاوانبارێکیش نەبێتە برا گەورەمان خۆ ئەگەر تاوانیش نیە با خەڵکی هەر بزانێ .گەر چی لە دیدی من کوشتنی هەر کەسێک نەک تەنها تاوان بەڵکو بە بەد ترین ڕەوشتی مرۆڤایەتی دەزانم . چونکە مرۆڤ لە دیدی مندا زۆر گەورەیە هەردەم دژی کوشتن بووم و دەبم ، بەڵام ئێستا مەرجە و دەبێت خەڵکی پێوەنی کۆیلایەتی لە ئاستی درۆکردندا بشکێنێ . ناشمەوێت زۆر لەسەر ئەمانە بڕۆم چونکە ئەم باسانە چەند کتێبێکی گەورە لەخۆدەگرێ . بابێمەوە سەر مەبەستەکەی خۆم ، ئەوەبوو لە نێوەندی ساڵی 1979 زۆرینەی ئەو تۆڕە ڕێکخستنە گیرا و هەندێکیش لەو بەڕێزانە خۆشبەختانە توانیان دەربازیان بێت ، لێرەدا هێندە لەو ناوانەی کەبیرم مابێ چونکە تەمەن و ماندوو بوون زۆر لە بیرەوەریەکانی پێ لەدەست داوم . ئەو بەڕێزانە حەمەی مینا بوو کاک کرێکار بوو کاک لەتیف بوو کاک ئاسۆی تەیب بوو کاک ئازادی مەلەک بوو من بووم دواجاریش کاک عەبدول قادر حەسەن بوو داوای لێبووردن دەکەم کە هەندێ ناوم بیر نەماوە ، ئەو بەڕێزانەشی کە دەرباز بوون کاک ئاکۆی خۆشەویست بوو کاک جەمالە ڕیشە بوو جوانە مەرگی برام بوو کاک ڕێبوار هەورامی بوو چەند ئازیزێکی تریش بوون بەداخەوە کە تائێستا زانیاریم دەربارەی هەندێکیان نیە . جا لێرەدا قوڵایی مەبەستەکەم دەست پێدەکات ، ڕاستە ئەو کەسەی کە وەکو موخبیر لەسەرمان بوو ، هەر لە سجنەکەدا لەگەڵماندابوو بەڵام لە سجنەکەشدا هەر موخبیر بوو لەسەرمان . لە بەر حورمەتی کەسایەتیش بە باشی نازانم ئاماژە بەناوەکەی بدەم . بەڵام ئێستا دەتوانم بە بێ یەک و دوو بڵێم کە ئەو جۆری گرتنەی ئێمە ئاسایی نەبوو . چونکە ئەو زانیاریانەی کە دۆسیەو ماڵ بوو لەسەرمان ، بەدڵنیاییەوە دەیڵێم زۆری ئەو زانیاریانە تەنها هی موخبیرەکە نەبوو بەڵکو هی دەرەوە بوون لە ئاستی بەرپرسایەتیش بوو ، وە لە دەریشەوە مستەفا چاو ڕەش ئاگاداری تەواوی کارەکانمان بووە بەڵگەشم بۆ ئەوە جارێک من چووم بۆ لای شەهید کاک جەمالی عەلی باپیر هەندێ زانیاری و بەیاناتمان بۆ برد لە قەیوان بوو لە چایخانەکەی قەیماسە چاوپێکەوتنمان لەگەڵدا کرد براکەی خۆمم لەگەڵدا بوو بەڵام ئەو دۆسیەیە زۆر لەسەرم بە بەڵگەوە ماڵ بوو توشی ئەشکەنجەیەکی لە ڕادە بەدەری کردم تا ڕادەی چەند جارێک کارەبا لێدانیش ، لەسەدا سەدیش دڵنیا بووم کە ئەو زانیاریە لە کاک جەمالی عەلی باپیرەوەدەرنەچوە ، چونکە شەهید جەمال نمونەی پاکی و ڕاستی و دڵسۆزی بوو . لەگەڵ ئەوەشدا شەهید جەمال لە دڵپاکی خۆیەوە پەیوەندیەکی متمانەیی تەوای لەگەڵ مستەفا هەبوو دوای ئەوە موخبیرەکەشمان کەسایەتی و پەیوەندی لە گەڵ مستەفا چاوڕەش هە بوو . کە ئەو گومانە هەواڵیە بۆ مستەفا چاوڕەش دەچێ . بابێمە سەر تەوەرەیەکی تر.... لە سجن بە شەهید نامیقی حەمە چەتە ئاشنا بووین و ئەو قارەمانەش لەوێ گیرابوو هەر لەوێش ناسیمان . جارێک لە شەهید نامیقمان پرسی کاک نامیق لە چۆن بەڕێزت گیرای . ئەویش لە وەڵامدا ووتی هاتمەوە بۆ ناو شار لە گەڕەکی خانوە قوڕەکان شەو درەنگانێ لەماڵی برادەرێک لامدا کە لەوەو پێش دیاریم کردبوو ، و تادرەنگانێکیش پێکەوە بووین دوایی برادەرەکەم پێ ی ووتم نامیق حەزت لەچی یە ؟ منیش ووتم حەزم لە سەرو پێ یە ، دەمەو بەیانیەکی زۆر زوو بوو ئیتر برادەرکەم چوو سەروو پێم بۆ بهێنێ بەڵام لە باتی ئەوە قوات خاسەی بۆ هێنام و گیرام ئێستاش باوەڕ ناکەم ئەو براەرە بۆ وای کرد لەگەڵ مندا . لێمان پرسی ئەی باشە برادەرانی دەرەوە ئاگادارن کە هاتویتەوە بۆ ناو شار ووتی بەڵی کاک مستەفاو ئەوان ئاگادارن . . دواجاریش دەرکەوت برادەرەکەی شەهید نامیق سەرو پێ کەی بۆ بردبوو بەڵام کاتێ کە قوات خاسەی بینی بوو لای ماڵەکەیانەوە نەی وێرابوو بچێتەوە ماڵەوە . بەپێ ی زانیاری ئەو وەختە دراوسێکان بینی بوویان کە ئەم کوڕە مەنجەڵێ سەرو پێ ی پێ بووە . دواجاریش ئەو کوڕەشیان بردبووە دەرەوە کوشتبوویان و ئەو بەڵگانەش فریای نەکەوتبوو بەداخەوە کە نازانم کێ بوو ، پاش ئەوەی کاک نامیق بە عافوات بەر بوو هەر زوو پەیوەندی کرد بەدەرەوەو ، بەداخەوە دواجار شەهید کرا .بۆیە بۆ ئەو ئیخباریە بەپێ ی لێکدانەوەی ئێستا گومان لە مستەفا چاو ڕەشە . خوا دەزانێ چەندینی تر لە شێوە ئیخباریە ڕوویداوە و دواجاریش پەردە پۆشکراوە . ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە پاش ئازارو ئەشکەنجەدانێکی زۆر ئێمەیان گوێزایەوە بۆ هەیئە خاسەی کەرکوک ، لەوێ چەند کەسایەتی یەکی قارەمانم ناسی لە نێوەندیاندا کاک ئەیوب تاڵەبانی بوو کە برای شەهید سیروان تاڵەبانی بوو (فەیسەڵ) وە هەر لە هەمان ژووردا کە ژووری ڕەقەم یەک بوو چونکە من بەر ئەو ژوورە کەوتم ، هەروەها لەو ژوورەدا کاک شوان و کاک ئازای ڕەووف نووری لێ بوو ، با ئەوەش لە یاد نەکەم کە کاک ئەیوب و کاک غەریبی برای و کاک شوان و کاک ئازا . پێکەوە گیرابوون . کاک غەریب لە ژوورێکی تر بوو گەر هەڵەش نەبم لای شانەدەری و ئەو ناوە وە گیرابوون . ئەونیش هەر بەر عافواتەکە کەوتن و بەر بوون دوایش بیستم کە کاک شوان معاونی مامەڕیشەبوو ، ئەویش شەهید بوو . ئەوەی کە گرنگە بۆ من ئێستا ئەوەیە کە بڵێم . کاک ئەیوب باسی گرتنەکەی خۆیانی گێڕایەوە ووتی ! من و غەریبی برام بریندار بووین لەگەڵ کاک شوان و کاک ئازا دەمان وویست بپەڕێینەوە بۆبەری شارباژێر ئیخباری کرابووین بەڵام ئیخباریەکە زۆر دەقیق بوو لە ناو ماڵا گرتیانین ، ئەگەر لەناو ئەو ماڵەدا نەبووینایە نەدەگیراین وا بەئاسانی چونکە دەمان توانی مقاوەمەیەکی باش بکەین هەتا مەفرزەی پێشمەرگە فریامان دەکەوت بەتایبەتی مەفرەزەکەی کاک مستەفا چاوڕەش لەو ناوە بوون . با ئەمە کاک مستەفا ووەڵام بداتەوە چونکە ئەم گومانەش ڕووبەڕوی دەبێتەوە . وەئێستاش نامەوێت زۆر لەسەر ئەمانە بڕۆم دەمەوێت بەڕاشکاوانە ئەوە بڵێم کاک مستەفا چاو ڕەش لە تەمەنی پێشمەرگاتیدا ئەگەر لەهەر ناوچەیەک بووبێت کارەساتێک بەسەر پێشمەرگەی ئەو ناوچانەدا هاتوە بە تایبەت کەسانی دڵسۆزو دیارو بە ئەمەک ، وە بۆ مێژووش ئەمە دەڵێم کەسایەتیەکیش بووە دوور بوە لە ڕاستگۆییەوە . نمونەش لە گەرمەی شەڕەکانی ساڵی 1986 لە سەرگەڵو بەرگەڵو بوو کەچی زوو زوو نامەی دەنارد بۆ ئیزاعەکە ، کە گویا خۆی سەرپەرشتی شەڕەکانی کەڵکی قەیوان ماوەت دەکات بەڵام وا نەبوو .
تێبینی: نامه‌که‌ی کوردساتنپۆست به‌ دوای ئه‌م نووسینه‌ی کاک ڕۆشاددا دێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە