ئەم گۆڕانەش ئیفلیج بوو !

Tuesday, 02/06/2009, 12:00

2589 بینراوە


حاجی حەمەی ماست فرۆش وەتەنی .(ئەگەر قازانێکی ژەنگەڵ و پیس بەقازانێکی ژەنگەڵ و پیسی تر بگۆڕی ئەمیش هەر ماستەکەی ترش دەبێت) . ماوەیەکە دوا ووشەی نوێ و فەلسەفیە زاتیەکانی هەندێ نوسەری بە‌هەڵوێست وجەربەزە بەلێزمەیەکی داستانیانە دژ بە واقیعێکی ڕەش بەبێ ماندوو بوون بۆ گۆڕانکاری دەجەنگێن . دەنوسرێت .. دەپەیڤێت تەنانەت کاریکاتێرە ئەکادمیە فیکریەکانیش لەگەڵیاندا باڵە فڕێیانە دوور لەبەرژەوەندیەکانی خۆیان وقبوڵکردنی دوا قوربانی دانیش ، تەنیاو تەنیا ئەم جەنگەشیان لەپێناوی بە قودسیەت کردن و کاراکردنی ئیرادەکانی جەماوەرو ئازاد کردنیان لەو قۆرخکردنە نامرۆییانەیە کە لەلایەن دوو خێزانی دەسەڵاتی مافیایی وە سات بەسات ئەتک و بە پەنگ دەکرێ . وە بەو هیمەتەشە توانرا کە ئەو بەستەڵەکە دەماخیە شەق بکرێت و تروسکاییەک بەرەو ڕێچکەی گۆڕانکاری دیاری بکرێت ، بەڵام نەک بۆ گۆڕانکاریەک کە لە ژەنگێکەوە بۆ ژەنگەڵێکی تر بگرە پیس تر و قێزەوەنێکی تر سەر قافڵە بگرێت . بەڵام بامن لەسەر ئەمە نەڕۆم جارێ چونکە هەست دەکرێت کە ئێستا کاتیەتی و هەندێ پرسیار بکرێت و لە کۆتایشدا هەر خۆم بەوەکالەت ئەو وەڵامانە بدەمەوە و هەندێکیش کورتە نمونەی گۆڕانکاری بهێنمەوە چونکە پێشبینی ئەوە دەکرێت چەقەڵ و کەمتیاری بەشی دوو بۆ دزینی ڕابەرایەتی لە چەپەردا بێت ، یاخود بەرداشی دوو بۆ هاڕینی ئیرادەی مللی جارێکی تر لە چاوەڕێدا بێت . بۆیە لە ئێستاوە بۆ جەنگی دوو ئامادەبین کە جەنگێکی تەنها سەربان و بن بانێکە و هیچی تر ... پرسیار ...!
سەرەتا :
(1) ئایا : گۆڕانکاری سستەمی دەسەڵاتێکی توند بە کەسانی ترسنۆک دەکرێت ؟
(2) ئایا : گۆڕانکاری بە کەسانی هەلپەرست و بوردەڵەو خۆ بەرە پێشەوە دەکرێت ؟
(3) ئایا : گۆڕانکاری دزێکی دیاری بێ شەرم بە دزێکی شاراوەیی بێحورمەتی تر دەکرێت ؟
(4) ئایا : گۆڕانکاری بە درۆزنەکان و ئەهلی فرت و فێڵی ژێر بە ژێری دەکرێت ؟
(5) ئایا : گۆڕانکاری بە جاسوسەکانی دەسەڵات لەسەر دەنگی ئازا و داکۆکیکار لە ویژدان و سەروەری یاسا دەکرێت . کە لەشەو ڕۆژێکدا ببێتە ئەولیائێکی ئۆپۆزسیۆن .
(6) ئایا : گۆڕانکاری بە کەسێکی یەقەوە بوی ناو گەندەڵی ، کەسستەمی گەندەڵی بەهەموو گەندەڵی خۆیەوە پێ ی ڕازی نەبووبێت ، دەکرێت. ئەمەیان کەمێک زەردەخەنەی ئەوێت . چونکە ئەمەیان ئێستا کوڕانی مینبەرن .
(7) ئایا گۆڕانکاری بەکەسێک دەکرێت کە بەهۆی دڵزویری شەخسی لە دەسەڵات ترازابێت .
با لێرەدا پێش وەڵام دانەوەی پرسیارەکان ئەم ڕوونکردنەوە بچوکە بۆ کاک نەوشیروان بکەم چونکە دیارە ئەویش ڕاپێچکراوەتە نێوەند پڕۆژەی دووبارەکردنەوەی گۆڕانکاریە کلاسیکیە تەقلیدیەکەی دێر زەمانی ، ئاغا بە ئاغا و کوێخا بە کوێخایەکی تر لە سایەی کۆمەڵێک قوت قوتەی مۆراڵی ئەم نا ئەو .
(ڤیکتۆر یوشینکۆ) ی ئۆکرانیا پاش ئەوەی دەرکی بەوە کرد کە میللەتەکەی گۆڕانکاری دەوێت . ئەم کەسە دڵسۆزە لەماوەی یەک هەفتەدا توانی هەموو گەلی ئۆکرانی بهێنێتە سەرجادە و ئەو شۆڕشە پرتەقاڵیەی بەرپا بکات بەبێ ئەوەی بیەڵێت تەنها فیشەکێ بتەقێ .. هەموو دنیای سەرسام کرد بەڵام کاک نەوشیروان دەیەوێت گۆڕانکاریەک بێت خوازیاری خۆی بێت نەک خوازیاری میللەت . هەروەک تاڵەبانی و بارزانی . (ڤۆیسلاڤ کۆستو نیتشای) یوگۆسلاڤیا ، مامۆستایەکی زانکۆ بوو تەنها هەستی بەوە کرد کە میللەتەکەی لە قۆناغێکی مەترسیدایە و گۆڕانکاری دەوێت ، بەماوەیەکی زۆر کەم هاتە گۆڕەپانی مل ملانێ ی سیاسیەوە بۆ ئەوەی بە ئەرکی ئەو گۆڕانکاری هەڵبستێ . توانی سەرکەوتوش بێت و چۆک بە سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ دابدات .. لە بەردەم پرۆسەی دیموکراسیەتدا لاوازی بکات . کە خۆی وەتەنی ئەوەی ویستی گۆڕانکاری بکات دەبێت خۆی لەدەرگای ماڵ بەماڵ بدات .. کە دەیان جار شوشەی بەتاڵ و میوەی ڕزیوو و تەماتەیان تێگرتوە هەر کۆڵی نەداوە لە گەڕانی ماڵ بە ماڵ. بەڵام کاک نەوشیروان دەیەوێت خەڵکی بە سوغرە گۆڕانکاری بۆ بکات ، ئەمیش وەک خولەفاکانی ڕاشدین و . هەمان تەقیلید کردنی تاڵەبانی و بارزانی .(ڤاوێنسا) ی سەرۆکی پۆلۆنا تەنها سەرۆکی سەندیکایەک بوو هیچ شوهرەیەکی سیاسی و دەسەڵاتی ئەو تۆی نەبوو بەڵام بەئیرادەیەکی پۆڵاینەوە ویستی گۆڕانکاری لەسەر سستەمی دەسەڵاتی بکات ، بەیەک بانگێشە کردن هەموو گەلی پۆڵۆنی بۆ مانگرتن ڕاپێچ کردو توانی ڕەگ و ڕیشەی شیوعیەت لەووڵاتدا هەڵبتەکێنێ و گۆڕانکاری بکات . وەکو خۆی دەڵێ هەموو شتێک دەگۆڕم لە پۆڵۆنیا تەنها شوقە بچکۆلەکە خۆم ناگۆڕم و نەشی گۆڕی . گۆڕانکاری دەبێت ئیرادەی لەگەڵ بێت . نەک وەک کاک نەوشیروان پاش دەیان ساڵ ناسراو لە بواری سیاسی و خەباتیدا ، کەچی تازە گۆڕانکاری بخاتە ژێر مەرحەمەتی چاوەڕوانکردنی هەڵبژاردنێکی پەڕلەمانی کارتۆنی دوو دەسەڵاتی عیفریتی .
ئەوە سەرۆکی زیمبابۆیش کە بە پاڵەوانی گۆڕانکاری بۆ دیموکراسیەتێکی پاک دەناسرێ توانی ڕۆبەرت مۆگابی تەسلیم بە ئیرادەی پۆڵاینی خۆی بکات ، پاش دەیان لێدان و گرتن و لە پەنجەرە فڕێدانەوە و چەقۆ لێدان هەر کۆڵی نەدا گۆڕانکاری کرد .با بێمەوە سەر وەڵامی پرسیارەکانم: ! بێگومان گۆڕانکاری بە خامەی ئەو حەوت خاڵە ناکرێ ، ئەگەر کراش گۆڕانکاریەکی ئیفلیج و سەقەت دەبێ .. ئاخر دەبینین چەندین کەس لە مۆڵگەی گۆڕانکاریدا لە هێڵەکانی پێشەوە عەنتەری خۆ بەکوڕی مینبەر دەزانن . کاتێ تێروانینیشیان بۆ دەکەیت . تەنیا ڕاگرتنی هاوکێشە قێزەوەنەکەی خۆی نەبێ زیاتر هیچی تری تیا بەدی ناکەیت . زۆر سەیرە هەر ئەمەشە ئیجازەی پسۆڵەی متمانەی پێ یە . بەڵام دیارە ئەمە وەڵامێکی زۆر قەبە تری دەوێت بۆ زنجیرەی دوو پێش جەنگی دوو .
ڕۆشار 01 \ 06 \ 2009


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە