ئیسلامی سیاسی ، گۆپاڵیك بۆ چەواشەکردنی شۆرشی خەڵک - نموونە میسر

Tuesday, 05/02/2013, 12:00

2044 بینراوە







ڕەنگە زۆر کەس بەم گوتەیەم باوەڕ نەکەن کاتێک دەڵێم تەواوی لایەنە ئیسلامیەکان دروستکراوی "سی‌ئای‌ئەی" ئەمریکی و موسادی ئیسرائیلین ، خۆ ئەگەر سەرنجێک بدەین ئەوا زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت کە لە دوای شێخە بەکرێگیراوەکانی کەنداوەوە هیچ لایەنێکی دیکە هێندەی لایەنە ئیسلامیەکان خزمەتی بە هێزە ئیمپریالیستیەکان و لە سەروی هەمووشیانەوە بە ئەمریکا نەکردووە ، هەموو کردەوەی لایەنە ئیسلامیەکان پڕکردنی گیرفانی ئەمریکا و ماڵوێرانی گەلان بووە ، تاکو ئێستا لایەنە ئیسلامیەکان نەک هیچ دەستکەوتێکیان بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەدەست نەهێناوە بەڵکو ڕوویان لە هەر شوێنێک کردبێت ئەو شوێنەیان لە پێشکەوتن خستووە و لایەنە پێشکەوتنخوازەکانیان لاواز کردووە و دانیشتوانەکەشیان دووچاری ئاوارەیی و ماڵوێرانی کردووە ، لە کۆتایشدا بە بیانوی "شەڕ لە دژی تیرۆر" ئەمریکا و ئەوروپیەکانیان کێشاوەتە شوێنەکە . نموونە زۆرن لەو بارەیەوە هەر لە ئەفغانستانەوە تا لوبنان ، هەر لە کوردستانەوە تا سۆماڵ ، هەر لە بۆرماوە تا مالی ، خۆ دەبێت فاتیحە لەسەر دواڕۆژی میسر و لیبیا و یەمەنیش بخوێنین . ئەمە جگە لەوەی کە لایەنە ئیسلامیەکان خاوەنی قێزەونترین کردەوەن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ، ئەو کردەوەیەش دیاردەی لەناوبردنی فەرهەنگ و کەلەپوری گەلانە وەک تەقاندنەوەی پەیکەرەکانی بودا لە ئەفغانستان و سوتاندنی مێژووی هەزاران ساڵەی مالییەکان ، واتا کتێبی دەسنووسی کۆن و لەمێژینەی کتێبخانەکانی شارەکانی ژێردەسەڵاتیان .

سەرهەڵدانی لایەنە ئیسلامیەکان لە دوو جێگە پەرەی سەندووە :-
1- ئەو شوێنانەی کە لەلایەن دەسەلاتدارانەوە هەوڵی خۆ دەربازکردن دەدەن لە کۆت و بەندی ئیمپریالیزم ، وەک لیبیا و مالی .
بۆ نموونە کەسێک نییە کە لیبیای سەردەمی موعەمەر قەزافی لە بیر نەبێت ، هەموو هەوڵی قەزافی ئەوە بوو کە لیبیا لە کۆتی هێزە ئیمپریالیستیەکان ڕزگار بکات و تەنانەت هاواری بۆ گەلە چەوساوەکانیش دەکرد کە خۆیان لە پیلانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی بپارێزن و زۆرترین هاوکاریشی بە گەلانی ئەفریقا دەکرد تاکو ناچاری ئەوروپیەکان نەبن ، لەو باوەڕەدام تا سەد ساڵی دیکەش لە نێو عەرەب‌دا کەسایەتییەکی ئازادیخوازی وەک قەزافی پەیدا نابێتەوە ، ئەگەرچی لە درێژەی دەسەڵاتداریدا تووشی لەخۆ بایبوون هات و لە ناوخۆدا بووە دیکتاتۆر بەسەر خەڵکەکەیدا.
ئەوروپیەکان هەمیشە کەسانی وەک قەزافیان بە مەترسی دەزانی بۆسەر بەرژەوەندیەکانیان ، هەر بۆیەش ئاسانترین ڕێگە و هەرزانترین خەرجی بۆ ئەوروپیەکان سازکردنی هێزی ئیسلامی بەکرێگیراو بوو تاکو بیانکەنە ئاستەنگی لەبەر دەم قەزافی‌دا و لەو ڕێگەیەوە جڵەوی لیبیا بخەنە دەستی خۆیان .
لیبیەکان لە سەدەی ڕابردوودا خوێنێکی زۆریان پێشکەشکرد تا ئەوروپیەکانیان لە وڵاتیان وەدەرنا ، بەڵام لە سەدەی نوێ‌ و لە ڕێگەی چەند هێزێکی ئیسلامی داردەستەوە بە ئاسانترین شێوە دێنەوە وڵاتی لیبیا و هەر لە ڕێگەی ئەو داردەستە بێ بەهایانەوە قەزافی و دارودەستەکەی بە دڕندانەترین شێوە کۆمەڵکوژ کران بە پێش چاوی کامێراکانەوە .
وڵاتی مالیش یەک لەو نمونانەی دیکەیە کە لە خۆرئاوای ئەفریقادا کەمێک ئارامی بە خۆیەوە بینیبوو و بیریان لە بەرژەوەندی نیشتمانیان دەکردەوە ، بەڵام لە بەدبەختی مالیەکاندا ئیسلامیە ئامادەکراوەکان لە کاردا دەبن تاکو وڵات لە قەیران وەربدەن و دەوڵەت ناچار بکەن هەموو بەرژەوەندی نیشتمانی وەلاوە بنێت لە پێناوی پاراستنی ملی ژن و منداڵیان لە شمشێری ژەنگاوی و بە دەستی خۆیان ئەوروپیەکان بێننەوە ناو ئەو وڵاتەی کە ژمارەیەکی زۆریان وەکو کۆیلە بەکارهێنرا بوون لە ڕابردوودا.
2- ئەو شوێنانەی کە لایەنە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازەکان گەشەی تێدا دەکەن ، وەک کوردستان و میسر.
لە کۆتایی سەدەی ڕابردوودا حیزبی بەعس لاوازکرا و کوردان بە ڕاپەڕینی سەرتاسەری هەنگاوێک بەرەوپێش چوون ، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کورداندا هەم حوکمی بنەماڵەیی زیندو کرایەوە و هەم ئیسلامیە ڤایرۆسەکان قوت کرانەوە ، ئەو کەسانەی سەرپەرشتی ئیسلامیەکانیان دەکرد دەموچاوێکی نامۆ نەبوون و لە گەرمەی ئەنفال و کیمیاباراندا "لبیک یا سەدام"یان دەچڕی و نیوەی گوتاری ڕۆژانی هەینییان بۆ پیاهەڵگوتن بە سەدامی پاڵەوانی ئەنفال‌دا تەرخان دەکرد ، نموونەی ئەو دەموچاوانەش شێخ زاناکان و شێخ عەلی قەرەداخیەکان بوون .
ئیمڕۆش لە ڕۆژئاوای کوردستان‌ کوردان هەنگاو دەنێن بۆ پێشەوە ، کەچی ڕێک لە کاتێکی وەهادا "کە گەرمەی دەسەڵاتی بەعسیەکانە" چاوی لایەنە ئیسلامیەکان دەچێتە سەر کوردان و ئەوەی مەبەستی ئەمریکا و تورکیایە ئەم ڤایرۆسانە هەوڵی بە ئەنجام گەیاندنی دەدەن ، ئەو ئەنجامەش ڕێگرتن لە پێشکەوتنەکان و دزینی سەر و ماڵی کوردان و قەیراناویکردنی ناوچەکەیە ، خۆ ئەگەر خەلیفە ئەردۆغان بەو هەموو ئیمکانیاتەی لەبەر دەستیدایە هیچ ئەنجامێکی بە دەست نەهێنابێت لە باکووری کوردستاندا ئەوا دەستوپێوەندەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا لە مایەپوچ ڕیسواتر دەبن .
بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەم باسەیە وڵاتی میسرە ، چونکە لە مێژووی عەرەب‌دا بۆ یەکەم جار بووە کە شۆڕشێکی سەردەمیانە لە جێگەیەکی عەرەبنشینەوە سەری هەڵدابێت و ڕۆڵی شمشێری نەهێشتبێت ، ئەو شۆڕشەش سەرهەڵدانی دوو ساڵ بەر لە ئێستا بوو کە بە وێنەی شۆڕشگێڕانی وەک "چ . گیڤارا"وە ڕوویان لە مەیدانەکان کرد ، شۆڕشەکە هێندە سەردەمیانە بوو سەرنجی هەموو لایەکی بەلای خۆی‌دا ڕاکێشا و نازناوی "بەهاری عەرەبی" بەسەردا بڕا ، هەڵبەت ئەو ناوەش پڕ بە پێستی بوو ، چونکە بۆ یەکەمین جار بوو کە عەرەب سەردەمیانە بیر بکەنەوە و شمشێری ژەنگاوی نەگەیەننە سەر ئێسک ، یەکەم جار بوو عەرەب بگەنە ئەو بڕوایەی کە "چ . گیڤارا" هێمای شۆڕشگێڕی‌یە نەک ئەو شمشێرەی کە هێمای لەناوبردنی گەلان و مرۆڤ سەربڕینە . لێ مەخابن هێشتا شۆڕشی میسریەکان لە چەکەرەکردندا بوو کە هێزە ئیمپریالیستیەکان لە ڕێگەی داردەستی ئامادەکراو "ئیخوان‌الموسلمین"وە ئەو چەکەرەیەی لە ڕەگەوە وشک کرد .




بۆچ وەها بە زوویی بیر لە تێکدانی شۆڕشی میسر کرایەوە :-
میسر یەک لەو وڵاتانەیە کە لە ڕووی جوگرافی و دیموگرافی و کۆمەڵایەتیەوە زۆرترین گرنگی هەیە لای ئەمریکی و ئەوروپیەکان ، بەشێک لەو گرنگیانە بریتین لە :-
1- تەنها وڵاتێکە لە خۆرئاوای ئیسرائیل هەڵکەوتووە . خۆ ئەگەر جڵەوی ئەو وڵاتە بکەوێتە دەست شۆڕشگێڕان ئەوا مەجالی ئیسرائیل نامێنێت هێندە یاری بە چارەنووسی گەلان بکات لە ناوچەکەدا. هەڵبەت مەبەستی ئەم خاڵە دەسەڵاتی ئیسرائیلە نەک جولەکە و گەلی عیبری کە کۆنترین خەڵکی ئەو ناوچەیەن کە لە سەری دەژین .
2- میسر تەنها وڵاتێکە کە ئەفریقا و ئاسیا لە لایەک و ئەوروپا و کەنداو لە لایەکی دیکەوە لە ڕێی "کەناڵی سوەیس"ەوە گرێ دەدات . بە هاتنە پێشەوەی لایەنە شۆڕشگێرەکان ئاستەنگیەکی زۆر بۆ ئەمریکا و ئەوروپیەکان ساز دەبێت و ناتوانن چی دیکە هێندە بە ئاسانی گەلانی ناوچەکە دادۆشن .
3- ئەگەر وڵاتی میسر بکەوتایە دەست شۆڕشگێڕان ئەوا جێگەی شێخە بەکرێگیراوەکانی کەنداویش بەو گەرمیە نەدەمایەوە و گڕی ئازادیخوازی تەخت و پای دەسوتاندن .
4- میسر زۆرترین قورسایی هەیە لە نێو عەرەبدا . عەرەبیش زۆرترین خاک و گرنگترین ناوچەیان بە دەستەوەیە ، ئەگەر جڵەوی عەرەب بکەوێتە دەست کەسە شۆڕشگێڕەکان ئەوا هێزە ئیمپریالیستیەکان ناتوانن هێندە بە ئاسانی گەلانی بە ئیسلامکراو کۆیلە بکەن لە ڕێگەی نەزانی عەرەبەوە . چونکە لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا هەموو هێزە ئیمپریالیستیەکان بە سەر پشتی عەرەب‌دا هەنگاو دەنێن بۆ کۆیلەکردنی گەلانی ناوچەکە .
5- عەرەب خاوەنی ئایدۆلۆژیای ئیسلامە . ئەو ئایدۆلۆژیایە هەم ڕێ لە پێشکەوتنی گەلان دەگرێت و هەم لە ڕێی ئەو ئایدۆلۆژیایەوە عەقڵیەتی کۆنەپەرستی عەرەبی لە نێو گەلە بە مسوڵمانکراوەکاندا دەچەسپێت . بە هاتنە سەر دەسەڵاتی کەسە پێشکەوتنخوازەکان ئایدۆلۆژیای ئیسلامی ڕۆڵی خۆی لە دەست دەدات ، ئەو کات هەم عەرەب هەنگاو بەرەو ڕزگاری دەنێن و هەم ئەو عەقڵیەتە کۆنەپەرستیەش لە نێو گەلە بە ئیسلامکراوەکاندا ئەو پیرۆزییەی نامێنێت . بە پێشکەوتن و ڕزگاربوونی گەلانیش بەرژەوەندی ئیمپریالیزم نامێنێت لە ناوچەکەدا.
6- بە هاتنە پێشەوەی ئیخوان‌الموسلمین سەقامگیری میسر تێک دەچێت و ڕێگەی دەستێوەردانی ئیمپریالیزم ئاسانتر دەبێت لە ناوچەکە . چونکە لایەنە ئیسلامیەکان لە پێناوی بە دەسەڵاتگەیشتندا هەموو تاوانێک ئەنجام دەدەن و هەموو کردەوەیەکی نەشیاویش قبوڵ دەکەن و مل بۆ هەر سازانێک دەدەن ، ئەم پەلەقاژەکردنەش بۆ بە دەسەڵاتگەیشتن وا دەکات کە خەڵکی میسر ئیمپریالیزم لە بیر بکەن و زیاتر لە هەوڵی ڕزگاربووندا بن لە دەست ڤایرۆسی ئیسلامی .




بەو هیوایەی زەحمەتکێشانی میسر لە ڕاپەڕین و شۆڕشکردندا بەردەوام بن تا ئەو کاتەی ئیخوان‌الموسلمین و ئیسلامیە ڤایرۆسەکان دەخەنە زبڵدانی مێژووەوە ، بێگومان تێکشکاندنی ئیسلامی سیاسی لە میسر سەرچاوە و نوێنگەیەک دەبێ بۆ درێژەی شۆڕشی دەوڵەتانی دیکەی عەرەبی و ناوچە و دامرکاندنەوەی ئەو کوڵ و کەفە درۆزنە ئیسلامی‌یەی کە بە پارەی سعوودی و قەتەر و پشتیوانیی ئیمپریالیستەکان وەرێ خراوە .
بۆ زانیاری زیاتر لە ناوەڕۆکی دیموکراتیانەی ئیخوان‌الموسلمین کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە :-
http://so.firatnews.com/news/jyhn/mwrsy-boe-mwh-y-mngykh-bry-ny-syy-lh-mysr-rgh-ynd.htm


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە