خەباتی ناتوندوتیژی، نەک دەستەمۆکردن

Sunday, 27/03/2011, 12:00

1671 بینراوە



خەباتی ناتوندوتیژیی ئەو جۆرە خەباتەیە کە توندوتیژی لەلایەن شۆڕشگێرەکانەوە تیا پەیڕەو ناکرێت نەکو لەلایەن دەسەڵاتەوە.
دەسەڵات لە هەموو کات زیاتر ئامادەیی بەکارهێنانی توندوتیژیی هەیە.
داینەمۆ و ئاڕاستەکەری خەباتی ناتوندوتیژیی سەرکردەیە نەک شۆڕشگێڕەکان. تاکەکانی شۆڕش لە هەموو ئان و ساتێکدا ئامادەیی پەنا بردنە بەر توندوتیژییان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی توندوتیژی دەسەڵات و بۆ وەڵامدانەوەیی وەڵامنەدانەوەیان لەلایەن دەسەڵاتەوە. ئەرکی ڕاهێنان و بە خاوەن دیسیپلینکردنی تاکەکان لە ئەستۆی سەرکردەی خاوەن باوەڕی ناتوندوتیژدایە. ئەو بە دیسیپلینکردنەش نابێت دەستەمۆکردن بێت!
بۆچی و لە چ باوەڕێکەوە سەرکردە پەنا دەباتە بەر ئەو جۆرە خەباتە بابەتی ئەم نوسینە نییە، ئەوەی لێرەدا گرنگە پەنجە خستنە سەر خاڵێکی زۆر گرنگی ئەو خەباتەیە کە لێرەدا ئاماژەی پێ دەکەم.
شۆڕش یان ڕاپەڕین هەندێک ئامانجی ستراتیژیی هەیە کە بەهیچ جۆرێک نابێت وەلا بنرێن یان تەماویی بکرێن، بۆ هیچ مەبەستێکی زانراو یان نەزانراو. ڕاپەڕین و شۆڕش هەموو ماناکانی خۆیان لەدەست دەدەن کاتێک کە ئامانجە هەرە سەرەکیەکەیان لەدەست بدەن. ئامانجی هەرە سەرەکی شۆڕش لابردن و تەفروتوناکردنی سەرۆک و بەرپرسی دەسەڵاتە. ئەم ئامانجە نابێت بە هیچ جۆرێک سازشی لەسەر بکرێت.

شۆڕشی حەڤدەی شوبات یان نێرگز سەرەتا بە توندوتیژی دەستی پێکرد. باسکردن لە بەرەوپێشچونی ئەو شۆڕشە تا ئەم ساتە وەختە تێڕامانی وردی دەوێت. ناشمەوێت ئەوە بکەم بۆ ئەوەی هەندێک خاڵی لاوازی شۆڕشەکە هەیە نەیاندەمە دەست دەسەڵات و بەکاریان بێنێت لە دژی خودی شۆڕشەکە. ئەم شۆڕشە دواتر لەبەر ئەوەی ئاڕاستەکەی بە مەبەست یان بەبێ مەبەست گۆڕدرا بۆ کۆبونەوە لە مەیدانەکانی ئازادی شارەکان، بوو بە شۆڕشێکی ناتوندوتیژ، بەو مانایەی کە گەنجەکان خۆیان لە بەکارهێنانی توندوتیژی پاراست. هەرچی دەسەڵاتیشە لەلای خۆیەوە بە هەموو شێوازێک توندوتیژی بەکارهێناوەو سوکایەتی بە خەڵک کردووە.

هەموو بکەرەکانی ناو ئەم شۆڕشە بەردەوام لە دڵەڕاوکێدابوون. لە هەمویان زیاتر دەسەڵات و سەرانی دەسەڵات.

حاڵ کە گەیشتووە بەم ساتە وەختە و هەمومان لەبەردەم پرسیارێکی هەمیشەییدا بوین، ئەویش ئەوەیە ئەم شۆڕشە بەرەو کوێ دەڕوات و داواکارییە سەرەکیەکانی بە چی دەکرێن!

چاوی هەمومان لە دەمی ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادی بووە. ئاواز و دەنگی جیاجیامان بەرگوێ کەوتووە، ئەوەی کە لە هەمووی گرنگترە ئەوەیە کە تا ئێستا ئەم ئەنجومەنە، لە گەڵ خۆشەویستی زۆرم بۆیان، داوای لەسەرکار لاچونی مەسعود بارزانیان بەرزنەکردۆتەوە. ئەمە کرۆکی هەموو کیشەکانە کە بەزوترین کات دەبێت ئەنجومەن خۆی ساغ بکاتەوەو خۆی یەکلایی بکاتەوە لە بارەیەوە، ئەگینا ئیتر خەباتی ناتوندوتیژی هیچ مانایەکی نامێنێت!
مەسعود بارزانیش تەنیا وەکو شەخس و تاک نا، بەڵکو وەکو دامەزراوەی بنەماڵەیی. ئەوان دەبێت ناچاربکرێن دەستبەرداری هەموو دەسەڵات و کورسیەکی ئەم وڵاتە ببن بۆ هەتاهەتایە. نابێت تەنانەت یەک ئەندامی خێزانەکەیان بۆی هەبێت تا سەدساڵی تریش زاتی ئەوە بکات داوای بون بە ئەندام لە ئەنجومەنی شارەوانی بچوکترین شاری کوردستانیشدا بکات.
ئەم داوایە دەبێت بەهەمان شێوە بنەماڵەی تاڵەبانیش بگرێتەوە.
گەر ئەم داخوازیانە بەرزنەکرێنەوە ئەوە باشترە ئاشبەتاڵ بە شۆڕشەکە بکرێت و خەڵکی بڕۆنەوە ماڵی خۆیان، چونکە گەر هەموداواکانی تر بخرێنە جێبەجێکردن تامی ئەوە نادەن کە موسەبیبی ئەم هەلومەرجە هەر لەبەر چاومان بن. ئەمە مەحاڵە. ئەوان بە هیچ جۆرێک ڕووی مەجلیسیان نەماوە. دەڵێم مەجلیس، چونکە ئەوان بە سروشتی بیرکردنەوەی خێڵەکیانەیان لە وشەی مەجلیس باش تێدەگەن. ئەوان وڵاتیان کردووە بە مەجلیسێک.

سەرکردایەتی ئەم خەباتە کە ئێستا ئەنجومەنی کاتی مەیدانە ئازادەکان گرتویانەتە ئەستۆ و ئاڕاستەکەی بە لای ناتوندوتیژیدا دەبەن دەبێت باش لەوە تێبگەن کە، خەباتی ناتوندوتیژی سازشکردن نیە لەمەڕ داوا هەرە گرنگەکان، کە لەپێش هەمویانەوە دەرکردن و شاربەدەرکردنی تاوانبارە هەرە سەرەکیەکانە، ئەوانیش کە مەسعود و جەلال و دەستودایەرەکەیانن.

داوای گاندی سەربەخۆیی بوو هیچی تر، ڕۆیشتنی بەریتانیای عوزما بوو، ئیتر ئەم قەزەمانە چین تا شەرمیان لێبکەین!

من کە گوێم لە هەندێک لەو بەڕێزانە دەبێت کە ئەندامن لەو ئەنجومەنە لەخۆم دەپرسم شۆڕش بەرەو کوێ دەڕوات!

زۆر گرنگە لەبیرمان نەچێتەوە کە کاتێک قسە بۆ میللەت دەکەین، لە هەمان کاتدا ئەو قسەکردنەمان پەیام و ئیشارەیە بۆ دەسەڵات و بۆ خودی مەسعود و جەلال.
ئەوانە دەبێت پێیان بوترێت تەواو، ئیتر دەبێت بڕۆن. ئەوان بەهیچ جۆرێک شەرعی نین و میللەت ئەوانی ناوێت. لە ڕوی یاساییەوەو بەپێی هەموو پرنسیپ و بەها مرۆیی و پەیمانە کۆمەڵایەتیەکان شەرعیەتیان نیەو کۆسپن. نەک ئەوەندە بەڵکو تاوانباریشن و دەبێت بدرێنە دادگا. بە پێچەوانەی ئەوەوە ئەوا شۆڕشە ناتوندوتیژەکەمان دەبێتە کەروێشکێکی دەستەمۆ و بە ئارەزوی خۆیان لە شیشی دەدەن و دەیبرژێنن.

خوشکان و برایانی خۆشەویستم، تکاتان لێدەکەم کە باسی ئەو دو دەعبایە دەکەن بە بەڕێز ناویان مەبەن! ئەوانە هەرچیەک بن بەڕێز نین.
بڵێن مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، ئیتر ئێمە تێدەگەین کە ئێوە باسی کێ دەکەن!
ئەوانە دیکتاتۆرن، دیکتاتۆریش هەرچی بێت بەڕێز نیە!
خەباتی ناتوندوتیژیەکەمان شۆڕشە، شۆڕشیش بە دیکتاتۆر ناڵێت بەڕێز.
دیکتاتۆر بێڕێزترین مەخلوقی سەر ئەم زەمینەیە و هیچی تر. بێڕیزترین مەخلوقە چونکە لەڕێگەی بێڕێزیکردن بە هاوڵاتیانەوە هەناسە دەدات.
ئەم خەباتی ناتوندوتیژیەمان ددان کول مەکەن! تۆ چۆن داوای گۆشتی برژاو دەکەیت کاتێک ددانەکانت کول بن!
داوای بەهەشت دەکەیت و بە شەیتان دەڵێیت بەڕێز!

میراودەلی کاتی خۆی بەم دەعبایانەی وت بۆ داوای ئۆتۆنۆمی دەکەن، وا دەزانن ئیتر لە بری گوللەی مێتاڵ لاسیکتان پێوە دەنێن؟

جەوهەر نامیق بە مەسعودی دەووت بەڕێز، بزانە چ بیڕێزیەکیان بەرامبەری کرد!
وادەزانن کە وتتان بەڕێز لێتان خۆش دەبن؟ ئێمە هەمومان لە فەرهەنگی ئەواندا مەحکومین بە بێڕێزی پێکردن و بە کوشتن.

ئێمە چۆن بەم بزاوتە بڵێین ڕاپەڕین و لە هەمان کاتدا بڵێین هیوادارین حکومەت یان بەڕێز سەرۆکی هەرێم ئاوڕێکمان لێبداتەوە!

ئیتر هەر خۆش و سەرفراز بن!
هەر بژین!
هەر بژی ئەنجومەنە ئازادەکانی کوردستان و،
داوا ڕەواکانمان بۆ بە دادگایی گەیاندنی تاوانبارانی سەری ڕەش و قەڵاچوالان.
تکایە مرۆڤە ئازادەکانی مەیدانی ئازادی دەستەمۆ مەکەن!

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە