لۆژیكی موبارەك و بن عەلی و قەزافی لەگوتارو كرداری بارزانیدا

Saturday, 05/03/2011, 12:00

1476 بینراوە



هەموو دەسەڵاتە تۆتالیتارییەكان یەك ماهیەتیان هەیە ئەگەر ناوی جۆراو جۆریان هەبێت و لە ڕوبەری جیاوازدا حوكم بكەن، هەموو ئەو سەركردانەی كەڕەنگدانەوەی حوكمەكەیان سەركوت و تۆقاندنی بەرهەمهێناوە یەكێك لەو سیما دیارانەی كە بۆتە ناسنامەی ئەم سەركردەو حكومەتانە بریتییە لە بانگەشەی دیموكراسی و ئازادی بیروڕا! لەسایەی ئەم جۆرە سیستەمانەدا تاكڕەوی لەحوكمدا پەیڕەو دەكرێ ئەگەرچی بەشكڵ پەرلەمان و حكومەت هەیە، بەڵام ئەوەی هەموو شتەكان یەكلایی دەكاتەوەو بڕیاری یەكەم و كۆتای لایە سەرۆكە، ئەو سەرۆكانە كە كوڕەكانیان بەرپرسی دەزگای ئەمنی سەركوتكەرن و پاوانی سەرجەم داهاتی وڵاتیان بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەكەیان كردووە، یەكێكی تر لەسیما دیارەكانی ئەم جۆرە دەسەڵاتانە ئەوەیە كاتێك هەڵبژاردن دەكرێ زۆرینەی دەنگەكان بۆ سەرۆك و حزبەكەی سەرۆكە، هەندێك جار ژمارەی دەنگەكان كە بۆ سەرۆك دراوە یەكسانە بەژمارەی كەسە زیندوو مردووەكانی وڵات! وەك ڕۆژنامەنوسێك گێڕایەوە بۆ چاودێری یەكێك لەهەڵبژاردنەكانی وڵاتی میێر لەسەردەمی موبارەكدا چۆتە قاهیرە، بەیانی زوو چۆتە بەردەم یەكێك لەبنكەكانی دەنگدان و ویستویەتی وێنەی ئەو هاوڵاتییە میێرییە بگرێ كە دەبێتە یەكەم دەنگدەر لەو بنكەدا، بەڵام كاتێك ئەو دەنگدەرە دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان و دەیەوێ دەنگ بدات بەڵام هەرچی هەولأ دەدات سندوقەكە كاغەزی دەنگدانەكەی تێناچێت كاتێك هەڵیدەبچڕن تەماشا دەكەن شەو سندوقەكە پڕكراوەو جێی یەك دەنگی نەماوە!!
ئەم دەسەڵاتە دیكتاتۆرانە یەكێكی تر لەو هۆكارانەی كەبەردەوام دەیكەنە دەستكەوت و برەو بەمانەوەو بەردەوامی خۆیان دەدەن بریتییە لە ژیان لەڕابردوودا، ئەو ڕابردووەی كەپێیان وایە ئەوان تێیدا شۆڕشیان كردووە!!
جگە لەوە دیارترین سیمای ئەم دەسەڵاتانە ئەوەیە كە بەرپرسانێكی زۆر لەسایەیاندا دەبن بەگەندەڵترین بەرپرسەكانی وڵات كە بەكەمترین ماوە لە هیچەوە دەبن بەملیاردێر!!
بەڵام لەسەروی هەموو ئەمانەوە ئەو دەستكەوتەی كە ئەم جۆرە دەسەڵاتانە هەیانە بۆ جەماوەرەكەیان بریتییە لە بەخشینەوەی درۆ، درۆ لەبەڕێوەبردنی وڵاتدان درۆ لەبۆنەو یادە پیرۆزەكاندا، درۆ لەهەموو دەركەوتنەكانیاندا، درۆ لەبەردەم هەموو میدیادا، درۆ لەبەردەم سیستەمی نوێی جیهانی و هەموو ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤدا.
واتە ئەوكاتەی كە دزی لەداهاتی میلەت دەكەن بەبیانوی شۆڕشگێڕییەوە دەبنە دزی گەورە، ئەوكاتەی قوتابخانەیەك شەقامێك نۆژەن دەكەنەوە دەیكەنە دەستكەوت و وابەخەڵكی دەفرۆشنەوە كەئەگەر ئەوان نەبن ئەوە ژیان و دەستكەوتەكان لەدەستی هاوڵاتیان دەچێ! وەك چۆن دەبینی ئەوكاتەی دەیانوێ میلەت مەست بكەن بۆ ئەوەی نەزانن ئەوان چی دەكەن خەڵكی بەوتنەوەو پێفرۆشتنەوەی سەروەرییە دەستكەوتووەكان و هەستی نەتەوایەتی و دەعباكەی دوژمنی نەتەوەو خاكەكەیان دەخەڵەتێنن! شەڕی ناوخۆ دەكەن و كاتێك بەرژەوەندییەكانیان یەكدەكەوێ و شەڕەكە ڕادەگرن ئەوە دەكەن بەدەستكەوت و بەگەلەكەیان دەفرۆشنەوە بەوەی ئەوان ئاشتی بەرقەرار دەكەن!
ئەمە بەشێكی كەمە لە سیما هاوبەشەكانی دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست! بەعێراق و كوردستانی خۆشمانەوە! بەڵام ئەم دەسەڵاتانە كاتێك دەكەونە بەر ناڕەزایەتی گەلەكانیان دێنەوە سەر گوتارە سواوەكانیان و خەڵكی بەوە دەترسێنن كە ئەگەر ئەوان شتێكیان لێبێت ئەوە میلەت دەمرێت لەبرساو دەعباكە لەناویان دەبات!!
وەك بینیمان كاتێك گەل لە زەین عابدین و موبارەك و قەزافی ڕاپەڕی ئەم دیكتاتۆرانە چییان وت! زەین عابدین كە بەدزی شۆڕشی نانی تونسیەكان ناسراوە سەرەتا لەشۆڕشی87دا وەك شۆڕشگێڕ هاتە پێش! بەڵام وەك دیكتاتۆری وەدەرنراو لەوڵاتەكەی هەڵهات و ئێستە لەغەیبوبەدا لەنەخۆشخانەیەكی سعودیە وەك داڵدەدراو دەژی، ئەوەی لەگەڵ خۆی بردی ئەو خشڵانە بوو كەلەداهاتی وڵات دزیبوی، ئەوەی پێكییەوە نابوو هەمووی لەسویسرا بلۆك كراو باقییەكەی لەوڵاتەكەی خۆیدا میلەت دەستی بەسەردا گرت، ئەم دیكتاتۆرە كاتێك بینی خەڵك لەنەبوونی ئازادی و نان لێی ڕاپەڕی بەڵێنیدا ئازادی زیاتر فەراهەم بكات و چاكسازی لەسیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتدا بكات و گوزەرانی بێكاران و خەڵكی باشتر بكات! تەنانەت چووە سەردانی محەمەد بوعەزیزیش لەنەخۆشخانەو بانگی خانەوادەكەشی كردو دیار پێشكەش كردن، بەڵام كە ناڕەزایەتییەكان زیادی كرد و وڵاتی نەنییەوە بینیمان لەخۆپیشاندەرە توڕەكانی تونس زیاتر لە 70 گەنجیان شەهید كردو سەدانیان بریندار كرد، وەك چۆن بینیمان كاتێك گەنجانی سلێمانی دەستیان بەخۆپیشاندان كردو پەلاماری ئەو بارەگایاندا كەپێیان وایە سەرۆك و مەكتەب سیاسیەكەی ئەو حزبەیە وڵاتی كردووە بەگەندەڵستان و بۆ بنەماڵەكەشیان بۆتە بەهەشتی سەر زەوی و مافی بونیش بەمان ڕەوان نابینن، بۆیە چەكدارو بەرپرسەكانی ئەو حزبە لە لقی چوارەوە گەنجانیان گولەباران كردو خوێنی چەندانیان ڕشت! لەبەرامبەردا چونە ماڵی ڕێژوان و دەستی باوكیان ماچ كردو وتیان خوێنی ڕێژوان بەفیڕۆ ناڕوات، سەرۆك بۆخۆی پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ باوكی جەرگ سوتاوی ڕێژوان كرد!!
كاتێك هەموو گەنجانی وڵات لەمەیدانی تەحریر داوای ڕۆشتنی موبارەكیان دەكرد ئەوكاتە موبارەك دەردەكەوت و دەستكەوتەكانی 30 ساڵەی حوكمڕانیەكەی بەخەڵكی دەفرۆشتەوە! هەر لەوكاتەدا كە پێڵاو دەگیرایە دیمەنەكانی دەركەوتنی ئەو دەیوت من لەهەموو كەس زیاتر ئەم وڵاتەم خۆشەوێ و شانازی بەوەوە دەكەم كە گەنجانی وڵاتەكەم ئەوەندە هۆشیارن داوای چاكسازی دەكەن! لەوكاتەدا موبارەك بڕیاری دەدا جێگر بۆخۆی دابنێ و سەرۆك حكومەت بگۆڕێ لەكاتێكدا كە گەل داوای لاچونی موبارەكیان دەكرد، موبارەك ئامادە نەبوو پلەیەك لەسەرۆكایەتی 30 ساڵەی خۆی بێتە خوارەوەو سەرەخۆشی لەكەسوكاری قوربانییەكان دەكردو داوای لێدەكردن خۆپیشاندانەكانیان بەئارامی بەڕێوەبەرن چونكە هیچ شتێكی لا گرنگتر نییە لەئارامی وڵات و شانازی بەوەوە دەكرد كەسەرۆكی هەڵبژێراوی خەڵكە و بەدەنگی زۆرینەی گەل بووە بەسەرۆك كۆمار!!
ئەمە لەكاتێكدا بوو كە بەڵتەجییەكانی خۆی دەناردە سەر خەڵكی ڕاپەڕیو، هەزارانی لێ زیندانی كردبوون و هەڕەشەی كوشتن و لەوانە دەكرا كەبەشداری خۆپیشاندانەكانی مەیدانی تەحریر دەكەن!
سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش پاش 14 ڕۆژ كاتێك گەڕایەوە كوردستان لەیەكەم دەركەوتنیدا كەتە بەخشینەوەی سەروەرییەكانی! وەك وتی شانازی بەوەوە دەكات كەدەستی هەبووە لەبەدیموكراتیی كردنی كوردستانداو ئازادی هێناوەتە وڵات و پشتیوانی هەڵبژاردنی كردووەو بەدەنگی زۆرینەی گەلی كوردستان بووە بەسەرۆك! جگە لەوە سەرەخۆشی لەكەسوكاری قوربانییەكان كردو وتی هیچ شتێك هێندەی دڵۆپە خوێنی گەنجێكی ئەم وڵاتە لام بەنرختر نییە!! ئەمە لەكاتێكدایە كە خوێنی چەندین گەنج بەدەستی چەكدارەكانی حزبەكەی ئەو ڕێژراوەو چەندانی تر ڕفێنراون و لەژێر ئەشكەنجەو هەڕەشەدان تەنها لەبەر ئەوەی نیازی خۆپیشاندانیان هەبووە! ئەمە وتاری ئەو سەرۆكەیە كەلەبەرامبەر بەردباران كردنی بارەگا جام ڕەشەكەیاندا خوێنی چەندان گەنجیان لەسەر شەقامی سالم ڕشتووە! لەوكاتەدا كە ئەم سەرۆكە شانازی بەدیموكراسیەتی وڵاتەوە دەكات هەزاران چەكداری هێناوەتە سەر شارو شارۆكەكانی سلێمانی بۆ ئەوەی بەر بەخۆپیشاندان بگرن! ئەو گەنجانەی كەئەو وتی لەهەموو كەس خۆشترم دەوێن ڕۆژانەو بەرەدەوامی ڕوبەڕووی ئیهانەو هەڕەشەو تۆقاندن و ڕفاندن دەبنەوە، ئەو وڵاتەی كەئەم سەرۆكە شانازی پێوە دەكات ڕۆژنامەنوس لێی دەدرێ و تیرۆر دەكرێ و كەناڵی ئاسمانی دەسوتێنرێ وەك ئەوەی لەوڵاتەكەی موبارەك و زەین عابدیندا كردیان بەرامبەر كەناڵی ئەلجەزیرە ئەمان بەرامبەر كەناڵی نالیا كردیان!
لەوكاتەدا كە موعەمەر قەزافی دەڵێ من سەرۆكی وڵات نیم و لیبیا بێسەرۆكە و گەل حوكم دەكات هەر لەوكاتەدا بەبۆردومانی فڕۆكە گەل قەتڵوعام دەكات، لەوكاتەدا كە بارزانی دەڵێ حزبی هەمیشەیی و سەرۆك هەمیشەیی و حكومەتی هەمیشەیی نییە، ئەوكاتەیە كە بۆخۆی لەدوای مردنی باوكییەوە سەرۆكە تاكو ئێستە كە دەكاتە نزیكەی 35 ساڵ!! ئەو كاتەی كەدەڵێ حزبی هەمیشەیی نییە بونی ئۆپۆزسیۆن دەخرێتە ژێر هەڕەشەو بارەگاكانی دەسوتێنرێ و كوردستان پڕدەكرێ لەچەكدار بەچەكی قورسەوە بەدەمامك و ئامرازی ئەشكەنجەوە!
وەك چۆن قەزافی لەوكاتەدا كە خەڵكی بنغازی بەفڕۆكە دەكوشت لەتەرابلوس ئاهەنگ و خۆشی دەگێڕا بەهەمان شێوە حزبەكەی بارزانیش لەوكاتەدا كەخوێنی گەنجی لەسلێمانی دەڕشت لەهەولێر ئاهەنگ و سەمای دەكرد، ئەم دەسەڵاتانە هەموویان لەپێشترو لەمكاتەدا بەردەوام لەشكرێكی درۆیان هەیە بەناوی میدیاوە كەئیشیان بەخشینەوەی تۆمەتە بەسەر شۆڕشێڕان و گەنجانی توڕەدا بەهەمان شێوە خەریكی بڵاوكردنەوەی درۆن لەسەر دۆخی وڵات وەك كەناڵەكانی كوردستان تیڤی و جەماهیریەو كەناڵی یەكی میێر، لەوكاتەدا كە ژیان پڕ بووە لەناڕەزایەتی ئەوان خەڵكی خۆیان دێنن و دەیاندوێنن دەڵێن وڵات ئارامەو ئەوەی هەیە كۆمەڵێك گێرە شێوێنە كەچاویان بەئاسایشی وڵاتدا هەڵنایەت! ئەوكاتەی لولەی تفەنگەكانیان وڵاتی كردووە بەوێرانەو ئاسایشی لێبڕیوە ئەوان ڤێلا خۆش و شەقامە پڕ لەترسە بێدەنگەكانی پایتەخت نیشان دەدەن و دەڵێن ببینن وڵات چەند ئارامە، وەك چۆن هێندە بەخەمخۆر خۆیان نیشاندەدەن پێیان وایە وڵات ڕوو لەقەیرانی ئابووری دەكات و بژێوی ڕۆژانەی خەڵك توشی مەترسی دەبێت!! بەڵام ئەوە بەمەترسی نازانن كە داهاتی ئەو میلەتە بنەماڵەیەك بۆخۆی چەندین ساڵە دەیخوات و میلەتیش وا لەبرسا دەمرێ!!! زۆرن ئەو لێكچونانەی كە هەموو دیكتاتۆرەكان یەكدەخات، بەڵام هەرچەند لێكچونەكان زۆربن یەك جیاوازی دەبینرێ لەهەموویاندا ئەویش چارەنوسی كۆتایی ئەم دیكتاتۆرانەیە! هەیانە هەڵدێ هەیانە ڕاودەنرێ، هەیان لەوڵاتەكەدا دەگیرێ و دادگایی دەكرێ هەیانە تاماوە بەنادیاری دەژی تا دەمرێ بەڵام گرنگ ئەوەیە سەرەنجامی دیكتاتۆر هەر لەناوچونە!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە