وەڵامێکی پێویست لەلایەن نەوزاد زاهیر، برای شەهیدی سەرکردە شەفیق زاهیر

Tuesday, 19/10/2010, 12:00

1382 بینراوە


نەم دەویست وەڵامی ئەو هەڤال و خزمە نزیکەی تاوانبار قاسم اغا بدەمەوە، بەلام بێ دەنگیش ناخمان دەخواتەوە ناتوانین لەئاست ئەو کەسانەش بێ دەنگ بین کە دیفاع لە خوێن رێژ و خائینان دەکەن.
دەبوو ئەو هەڤال و خزمەی سەرۆک جاش قاسم اغا ، لەبەر دەمی دادگا ئەو قسانەی بکردبا ،یان لەجیاتی ئەو قاسم اغا خۆی دەنگی هاتبا ، بەلام ئەگەر خۆیان حەزیان بەوە کردوە خەلک راستیەکان بزانێت با ئێمەش قسەی خۆمان بکەین:

هەموو خەلکی بەشەرەفی شاری کۆیە ئەو راستیە دەزانن ، کە سەرەتای جاشایەتی و خۆفرۆشی لە شارەکەمان لەپاش هەرەسی ئەیلول، لەسەر دەستی ئەو خۆفرۆشە داکەوت،سەرەتای جاشایەتی لەپاش ٧٥ ەوە ئەو کابرایە هێنایە شارەکەمان،هەموو خەڵکی شاریش ئەو راستیە دەزانێت.
سەرەتای شەری پارتیزانی و مەفرەزە سەرەتایەکانی شۆرشی نوێ، لەدەشتی کۆیە لەسەر دەستی کۆمەڵیک پێشمەرگە دەستی پێکرد، کە شەهید شەفیق زاهیر ئەو کاتە فەرماندەی هەرێمی کۆیە بوو، قاسماغا لەو رۆژگارە کون نەبوو خۆی تێدا بشارێتەوە، تەنانەت شەوانە لەماڵەکەی خۆشی نەدەخەوت،لە ترسی پێشمەرگە چ جای پەیوەندی هەبووبێت لەگەڵ شەهید شەفیق!
سەیرە نازانم بە چ چاو رویەک کۆنە هەڤالێکی ئەو سەرۆک جاشە دەتوانی دیفاع لە کەسێک بکات تا سەر ئێسقان دەستی سوورە بەخوێنی رۆلەکانی کورد، هەر بۆ زانیاری ئەو کۆنە هەڤالە، ئەو رۆژەی شەرەکەی قورەبەرازە ڕووی داو قاسم اغا پێش لەشکری داگیرکەر کەوتبوو، بەشاهێدی هەموو خەلکی کۆیە ،شەوێک پێشتر لە ناو کۆیە لە دائیرەی ئەمنی دابوو کە ماڵی ئەو خۆفرۆشەش نزیک لەو دائیرەیە بوو، بۆ بەیانیش کە تووشی شەرەکە بوون لە گوندی قورەبەرازە، فیشەک و جبەخانەیان زۆر کەم پێمابوو، بۆیە تووشی ئەو کارەساتە بوون، نۆزدە پێشمەرگە بەیەک رۆژ شەهید بوون،کە دەستی سەرەکی ئەوی تێدا بووە، ئەو هەڤاڵە یان ئەو خزمەی قاسم اغا ئیدعای ئەوە دەکات کە پێشمەرگەکان هەموویان بە فیشەکی دۆشکا شەهید بوون،زۆر راسته چونكە جاشەكان بە مردوویى نەیان ئەتوانى نزیك تەرمەكان ببنەوە ئەمەش هەموو خەڵكى كۆیە شاهیدە بەڵێ یەك لەمانە لەناویاندا شەهید شەفیق بوو.
ئەو پێشمەرگانەی رزگاریان بوو لەو داستانە (کەریمی برام کە دواتر شەهید بوو، شەهریار کە دواتر شەهیدبوو ،خدر خۆشناو کە بە برینداری رزگاری ببوو ، ئەحمەد بڕنەو کە دواتر شەهید بوو، سەربەستی باب سەردار، کامەرانی خەلفە عەبدلرەحمان کە دواتر کۆچی دوایی کرد) هەموویان شاهید حالی ئەو داستانەو دەوری قیزەونی وخۆفرۆشی قاسم اغایان چاک دەزانی ،زۆربەیان هەتا لەژیاندا مابوون ئاواتی ئەوەیان دەخواست رۆژێک ئەو خۆفرۆشە بکەوێتە دەستیان یان خەویان بە رۆژێکی واوە دەبینی کە دادگایی بکرێت بەڵام مخابن زۆربەیان ئەوەیان نەدیت،ئەوە ڕاست نییە کە تەنیا عەلی فارس و نەسرینی براژنم رزگاریان بووە،چوار لە و پێشمەرگانەیان بە برینداری هێنایەوە کۆیەو هەر ئەو شەوە ڕەممیان کردن ، دواتر ئاشکرا بوو کە عەلی فارس پەیوەندی بە استخبارات کردوە ،بۆیە بەڕەڵا کرا ،بەڵام دواتر ئەویش بە سزای خۆی گەیشت، ئەوەی جیگای تێبینی بوو ئەو کۆمەلە پێشمەرگەیە پێش شەهید بوونیان چەندان وێنەو نامەو شتی گرنگیان لە گوندەکە شاردبووە، کە دواتر خۆم لەگەل نەسرین چووم بۆ قورە بەرازەو هێنامنەوە.
سەیرەکە لەوە دابوو جاشەکانی قاسم اغا لەگەڵ سەربازەکان، لەناو زیلە سەربازیەکان، هوتافیان لێدەدا و هاواریان دەکرد بەعەرەبی (مات شەفیق ، کاک شەفیق مات).
ئەو رۆژە زۆر کۆن نییە لە بیرەوری من، وا دەزانم دوێنێیە، کە هەموو خەڵکی شاری کۆیەی بەشەرەف دوکان و بازاڕیان داخست و بە هوتاف کێشان و خۆپیشاندان رژانە سەر جادەو کۆڵانەکان. هەر ئەو رۆژە هەموو خەلک دەیزانی کێ لەپشت ئەو کارەوە بووە تاوانباری سەرەکی قاسماغاو جاشەکانی بوون ئەوەش بە بەڵگەوە هەیە.
ئێمە وەک کەس و کاری ئەو شەهیدانە و هەموو کەس وکاری ئەو شەهیدانەی کە بەدەستی قاسم اغا شەهید و بێ سەرو شوێن بوون چەند رۆژێک لەمەو بەر نارەزایمان دەربڕی و نزیکەی ٦٠٠ کارتمان دابەش کرد بۆ ئەو نارەزایەتیە، لە بەردەم پارکی شەهیدانی قورە بەرازە، نزیکەی ٥٥٠ کەس ئامادەبوون، هەموومان ئیمزامان کۆ کردۆتەوە ئەرشیف کراوە، هیچ حیزب و کەسێک و لایەنێک هاوکاری نەکردووین بگرە یەکیەتی نیشتمانی کوردستان پێشی ناخۆش بوو ئەو کارە بکەین، هەر بۆیە اجازەی خۆپیشاندانیان پێ نەداین، ئەوەی کراوە لە ناخی خۆمانەوە کردوومانە و دوایەکی ڕەوای خۆمانە، بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت و ئەو تاوانبارە بدەینە دەست عەدالەت،
قاسم اغا هەر بەوەندەوە نەوەستاوە، لەدوای ئەو مێژووەوە چەندان کاری خیانەتکارانەی تری کردوە کە قابیلی قبوڵ نییە، چەندان پێشمەرگەی تری شەهید کردوە، کەس نەماوە لەکۆیە ئەو خۆفرۆشە سوکایەتی پێ نەکردبێت و ئازاری نەدابێت، ماڵە پێشمەرگە نەماوە لە شاری کۆیە ،لەدەست ئەو خۆفرۆشە هەناسەی ئارامیان چەشتبێت. ئەنفالی یەک شاهیدە، قاسماغا لە سەرگەڵوو بەرگەڵوو لەسەر دۆشکا ڕاوەستابوو لە سەر تەلەفزیۆن قسەی دەکرد دەیگووت: ئەوە چەکی مخەریبەکان بووە من گرتوومە!! ئەی ئێستا بۆ نایەتە بەردەم عەدالەت و وەڵام بداتەوە. ئەنفالی دەشتی کۆیە شاهیدە کە ئەو خۆفرۆشە چ دەورێکی هەبووە، لە بەگرتن دانی ئەو خەڵکە سیڤیلە، خەڵک شاهیدە لە ڕاپەرێنەکەی خەلكی کۆیە دەیان کەسی شەهید و بریندار کردووە. لەپاش لێبوردنەکەی بەرەی کوردستانیش هەر لەباوەشی رژێم مایەوە ، وەک کاسە لێس و خزمەتکار، هەتا ئەو رۆژەی بەغدا گیرا، دواتر هەڵات بۆ سوریا. ئیستاش دەیەوێت بە بەرچاوی ئێمەوە بێتەوە و بە ئارەزووی خۆی بسوڕێتەوە و ئێمە قسە نەکەین؟!،یان ئەوانەی خۆیان بەخزم و کەسی ئەو دەزانن دەیانەوێت دیفاعی لێبکەن و ئێمە بەتاوانبار بزانن؟!
سەیرە ئێمە دوای حەقی خۆمان دەکەین کەچی بەناوی خزمایەتی و هەڤاڵایەتی دیفاع لە خائین و خۆفرۆشەکان دەکەن، ئەوانەی ئیدعای ئەوە دەکەن کە امر قەبزی نەبووە، بۆیە نەمانگرتووە! دەبوو بیانزانیبا کە ئەو تاوانبارە لە دادگای باڵای عیراقی داواکراوە دەیان دەعوای لەسەرە لەلایەن خەلکی شاری کۆیە و یەکێکە لە تاوانبارەکانی جەنگ  ئەوانە چاک دەیانزانی کە خەلکی کۆیە دەعوایان لەسەر هەیە و لەدادگا داواکراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە